ناوهڕۆك
ناساندن
تایبەتمەندییەکانی توێژینەوەی زانستی (بە عەرەبی: خصائص البحث العلمي، بە ئینگلیزی: Characteristics of Scientific Research). توێژینەوەی زانستی بریتییە لە پشکنین یان لێکۆڵینەوە لە بوارێکی دیاریکراو بە ئامانجی زیادکردنی زانیاری کە دەرئەنجامەکەی لە زانینی مرۆڤایەتی یان زانینی تاکەکەس بەدیاردەکەوێت یاخود بریتییە لە لێکۆڵینەوەیەکی ڕێك و پێك کە ئامانجی زیادکردنی زانستی ھاوچەرخە، ئەمەش بە ڕێگایەك دەبێت کە دەتوانرێت بگوازرێتەوە و بڵاوبکرێتەوە و گشتاندنی بۆ ئەنجام بدرێت.
توێژەری زانستی توێژینەوە زانستییەکانی لە ڕێگای چەند ھەوڵێکەوە ئەنجام دەدات بۆ دەرخستنی مەعریفە لە ڕێگای بەکارھێنانی ڕێبازی تایبەت بە توێژینەوەکەی کە دەیگەیەنێتە کۆمەڵێك دەرئەنجامی بەڵگەدار و سەلمێنراو، دەکرێت سوودەکەی گشتگیر بکرێت و لەناو خەڵك بڵاوبکرێتەوە یاخود توێژەری زانستی کەسێکی بەرنامەداڕێژەر و ڕێکخەر و جێبەجێکارێکی لێھاتوو ھەڵدەستێت بە ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی بۆ گەیشتن بە دەرئەنجامێکی زانستی ورد و دروست. بە شێوەیەکی گشتی پاڵنەرەکانی توێژینەوەی زانستی پۆلێندەکرێن بۆ دوو جۆر کە بریتین لە:
١- پاڵنەری خۆیی
ئەم جۆرەیان لە خودی مرۆڤەوە سەرچاوەی گرتووە و لە پێناو ئامانجێکی دیاریکراو ئەنجام دەدرێت وەکوو:
- بەدەستھێنانی خەڵات
- بەرزکردنەوەی پلەی زانستی
- خۆئامادەکردن بۆ پلەیەکی زانستی
- خۆشەویستی بۆ زانین
- ناوبانگ و بە دیارکەوتن
- کاری فەرمانبەری
- بەشداریکردن لە کۆنفڕانس
٢- پاڵنەرە بابەتییەکان
خۆی لە چەند تایبەتمەندییەك دەبینێتەوە کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەوە ھەیە، وەکوو:
- بوونی گیروگرفت لە بوارێکی دیاریکراو
- زیادکردنی داھاتی نەتەوەیی
- زیادکردنی بەرھەم
- سەرھەڵدانی پێداویستی نوێ
- ئارەزوو بۆ پێشبینیکردن
زانست (Science)
بریتییە لەو ھەوڵەی یان ئەو چالاکییەی کە ئامانجی سەرەکی زیادکردنی توانای مرۆڤە بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی پێکھاتەکانی ژینگەی سروشتی یاخود بریتییە لە ڕێگایەکی ڕێکخراو بە مەبەستی گەیشتن بە زانیارییەکان.
ئامانجە زانستییەکانی زانستیش بریتین لە بەدیھێنانی سێ بنەما:
١- تێگەیشتن
٢- پێشبینیکردن
٣- کۆنتڕۆڵکردن
زانین (Knowledge)
یەکێك لە ئامانجەکانی سەرەکییەکانی توێژینەوەی زانستی بریتییە لە زانین، بە مەبەستی بەکارھێنانی بۆ لایەنی تیۆری یان پڕاکتیکی. زانین دوو جۆرە کە بریتین لە:
١- زانینی دیار: بریتییە لەو بیر و ھۆشەی کە دەتوانرێت بگوازرێتەوە.
٢- زانینی نادیار: بریتییە لەو بیر و ھۆشەی لە مێشک ئاخێنراوە و مۆرکێکی تایبەتی ھەیە، ئەستەمە بتوانرێت بۆ کەسانی تر بگوازرێتەوە.
زانیاری (Information)
بریتییە لەو زانینەی کە لە پێکھاتندا ھەیە لە ئاکامی ھەوڵدان و گەیشتن بە زانین ھاتۆتە ئاراوە.
تایبەتمەندییەکانی توێژەری زانستی
١- ئارەزوومەندی
حەزکردن بە ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی و خۆشەویستی توێژەر بۆ بابەتەکە وادەکات کە توێژەر ھەموو ھێز و توانایەکی بۆ توێژینەوەکەی تەرخان بکات بۆ ئەوەی بە کەمترین کات و باشترین شێوە توێژینەوەکەی بە دەرئەنجام بگەیەنێت، بۆیە نەبوونی حەزوو خولیا و خۆشەویستی توێژەر بۆ کارەکەی توێژینەوەکە بە دەرئەنجامێکی باش ناگەیەنێت، بە جۆرێک ئەگەر ھەوڵی ئەنجامدانیش بدات بێگومان بە دەرئەنجامێکی زانستی باش کۆتایی نایەت.
٢- ئارامگرتن
توێژەری زانستی پێویستە لە ماوەی ئەنجامدانی توێژینەوەکەی لەوپەڕی ھێمنی و ئارامگرتندابێت، بە جۆرێك کە خۆی ڕابھێنێت لەسەر ناڕحەتییەکان و چەشتنی ناخۆشی و گەشتکردن بە مەبەستی گەڕان بەدوای سەرچاوە و دوورکەوتنەوە لە ماڵ و خێزان، زۆبەی کات توێژەر ئەو ھەوڵ و تێکۆشانەی دەیکات لە پێناو بە ئەنجام گەیاندنی توێژینەوەکەی لەسەر حسابی تەندروستی و لەش ساغی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و خێزانییەکان دەبێت، بۆیە پێویستە بەرامبەر بە ھەموو ئەو ڕووداوانە خۆڕاگربێت.
٣- ڕۆشنبیرییەکی فراوان
ھەرچەند توێژەر ئاستی ڕۆشنبیری بەرزتر بێت ئەوەندە توانای سەرکەوتنی لە کارەکەی زیاتر دەبێت، پێویستە ئەو ئاستی ڕۆشنبیرییە ھەموو بوارە جیاوازەکانی مەعریفەی مرۆیی بگرێتەوە. وە زۆر گرنگە توێژەر جگە لە زمانی دایك زمانێك یان چەند زمانێکی بیانی بزانێت وەکوو زمانی (ئینگلیزی و عەرەبی) بۆ ئەوەی بتوانێت بە ئاسانی زانیارییەکان لە سەرچاوە زانستییەکانی تر وەربگێڕێتە سەر ئەو زمانەی توێژینەوەکەی پێ دەنووسێت، پێویستە توێژەر خوێنەرێکی باش بێت بۆ ئەوەی بتوانێت زانیاری زیاتر کۆبکاتەوە و زمانی ئاخاوتن و نووسینی پاڕاوبێت.
٤- بەھرەی ڕەخنەگرتن
یەکێك لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی توێژەری زانستی ئەوەیە کە بەھرەی ڕەخنەگرتنی ھەبێت و بتوانێت ئەو نووسینانەی کە پێشتر نووسراون بیانخاتە ژێر ڕەخنەی زانستییەوە، بۆ ئەوەی دروستی دەقی نووسینەکە دوور لە ساختە دەربکەوێت، ئەمەش پشت بە بەھرەی ھۆشیاری و ڕەخنەگرانەی خۆی دەبەستێت بە جۆرێك ھەموو دەقێکی نووسین گوومان لێکراوە تاکوو ئەو کاتەی ڕاستی دەقەکە وەکوو خۆی دەسەلمێنرێت. بۆیە قوڵی ڕەسەنێتی زانیارییەکان لەو ھێزە ڕەخنەگرییەوە سەرچاوە دەگرێت کە توێژەر بەکاری دەھێنێت.
٥- ڕاستگۆیی و دەستپاکی
پێویستە توێژەری زانستی ڕاستگۆ و دەست پاك بێت لەگەڵ خۆی و خەڵکدا، بە تایبەتی لە گواستنەوەی بیر و ھزری توێژەرانی تر و وەرگرتنی داتا و زانیارییەکان لێیان، ئەمەش بە جۆرێك دەبێت کە وردبین بێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو سەرچاوانەی بەکاریاندێنێت. دەبێت بۆچوونەکان بە خاوەنەکانیان ببەستێتەوە لە ڕێگای ئاماژەدان بە (ناوی سیانی توێژەر و ساڵی توێژینەوەکەی و ناونیشانی توێژینەوەکەی).
٦- دادوەری و بێلایەنی
یەکێکی ترە لە تایبەتمەندییەکانی توێژەری زانستی کە پێویستە خۆی لە ھەواداری کەسی و ئارەزوو و بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی بەدوور بگرێت، وە پێویستە خۆی لە پەیوەندییە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکانی و پاڵنەرە ئایدیۆلۆژییە حیزبییەکان دوور بخاتەوە و ڕۆڵی کەسێکی بێلایەن بگێرێت. ئەگەر توێژەر توانی ئەم تایبەتمەندییە وەکوو خۆی بەرجەستە بکات، ئەوا سیفەت و تایبەتمەندی دادپەروەری تیادا ڕەنگدەداتەوە و ناوبانگی توێژەر بە پاکی و بێلایەنی دەبرێت، ئەمەش لە پێناو دەرخستنی ڕاستی و دروستی زانیارییەکان و بڵاوکردنەوەیان وەکوو خۆی. بێگومان کارێکی ئەستەمە ئەم تایبەتمەندییە بە تەواوەتی لە توێژەردا بەرجەستە ببێت، بە تایبەتی لە توێژینەوەکانی زانستە مرۆییەکان و توێژینەوە مێژووییەکان بە تایبەتی، بەڵام لە توێژینەوە (فیزیاییەکان و کیمیاییەکان و پزیشکی و ئەندازیاری) بەدیھێنانی ئەم تاییبەتمەندییە زۆر ئاسانە.
٧- خاکیبوون
یەکێکە لە تایبەتمەندییە ھەرە گرنگەکانی توێژەری زانستی کە بەھۆی ئەم تایبەتمەندییەوە ڕێزی خۆی دەزانێت و لە سنووری خۆی دەرناچێت و ڕێز لە بیر و بۆچوونی ھاوپیشەکانی تر دەگرێت و لە ئاستی خۆی و ھاوپیشەکانی کەم ناکاتەوە و ناوبانگیان لەکەدار ناکات. توێژەری سادە و خاکی ھەوڵ بۆ ناوبانگ و خۆدەرخستن نادات، ئەگەر شتێکی نوێشی دۆزیەوە و سەرکەوتنێکی بەدەستھێنا و داھێنانێکی نوێی کرد لە بوارێک لە بوارەکان دووچای لەخۆبایبوون و خۆھەڵکێشان نابێت. بۆ ئەم جۆرە توێژەرانە نازناوێکی وەکوو (توێژەر یان لێکۆڵەر) باشترین و بەرزترین نازناو و ناوبانگە کە بە بەردەوامی ئەو نازناو و ناوبانگەی وەکوو (توێژەر یان لێکۆڵەر) لە زانکۆ یان لە تاقیگەیەک دەمێنێتەوە و دەبێت بە باشترین و بەنرخترین پلە و پایە بۆ خودی توێژەرەکە.
٨- خۆشەویستی بۆ زانین
ئەگەر توێژەری زانستی ھەستی خۆشەویستی بەرامبەر بە زانین نەبێت کارناکات بۆ دۆزینەوەی کێشە و گرفتەکان لە بوارێك لە بوارەکانی ژیان، بەڵکوو ھەوڵی شاردنەوەی ڕاستییەکان و کپکردنی گرفتەکە دەدات، چونکە توێژینەوەی زانستی (بریتییە لە بوونی گرفتێك یان کێشەیەك لە بوارێك لە بوارەکانی ژیان کە بە شێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پەیوەندی بە داھاتوو و ئێستای تاکەکانی کۆمەڵگاوە ھەیە) بۆیە توێژەر لە دوای کۆکردنەوەی داتا و زانیاری و شیکردنەوەیان و دەستنیشانکردنی گرفتەکە ھەوڵی دۆزینەوەی باشترین ڕێگا چارەسەری دەدات لە ئێستا و داھاتوودا بە کەمترین کات و تێچوو لە ڕێگای خستنەڕووی دەرئەنجام و ڕاسپارەدەکان.
٩- ئەندێشە (خەیاڵ)
ئەگەر چی توێژینەوەی زانستی بە وشکی ناسراوە بەھۆی مامەڵەکردن لەگەڵ ڕاستییەکان وەکوو خۆیان، بەڵام لە ڕاستییدا ئەگەر لێکۆڵینەوە خاوەن ئەندێشەیەکی جوان بێت ئەوا جوانییەکی تایبەت دەبەخشێتە لێکۆڵینەوەکە بە جۆرێك وادەکات نزیك بێت لە دەروونی مرۆڤەوە. جگە لەمەش زۆرێك لە ڕاستییەکان لە ئەندێشەوە سەرچاوەیانگرتووە، بۆ نموونە زۆرێك لەو داھێنان و دۆزینەوە زانستییانە پێشتر ئەندێشەیەك بوون لە بیر و ھزی زاناکاندا ھاتوونەتەکایەوە و پەرەیان پێدراوە، بۆیە ئەندێشە بە یەکێك لە تایبەتمەندییەکانی توێژەری زانستی دادەنرێت.
١٠- بیرێکی ڕێکخراو
پێویستە توێژەری زانستی خاوەن بیر و ھزرێکی ھوشیار و ڕێکخراو بێت، بە جۆرێك کە بە ڕێکوپێکی و یاسا و پلەبەندی لۆژیکی کاربکات و ھەوڵبدات لەو ماوەیەی کە بۆی دیاریکراوە بە کاتێکی کەم و کورت خایەن توێژینەوەکەی بە ئەنجام بگەیەنێت، لە کاتێکدا ئاڵۆزی بیکردنەوە و پەرتەوازەیی ھزری دەبێتە ھۆی سەرنەکەوتنی توێژەر یان ئەنجامدانی ئەرکێکی زۆر. جگە لە ھەموو ئەمانەی ئاماژەیان پێدرا چەند تایبەتمەندییەکی تر ھەن کە پێویستە ڕەنگدانەوەیان ھەبێت لە توێژەری زانستی، بە تایبەتی لە ماوەی ئەنجامدانی توێژەینەوەکەی نموونەی ئەم تایبەتمەندییانەش وەکوو:
- پێویستە توێژەر توانای بەکارھێنانی پڕۆگرامە کۆمپیوتەرییەکانی ھەبێت بە شێوەیەکی زۆر باش، بە تایبەتی پڕۆگرامەکانی (Microsoft Word Microsoft Excel, SPSS, GIS, RS).
- لێھاتووی لە بەکارھێنانی ئامێر و ئامرازەکانی لێکۆڵینەوەی زانستی وەکوو ھەندێك لە ئامێرەکانی تاقیگە و GPS.
- توانای مامەڵەکردنێکی باشی ھەبێت لەگەڵ دام و دەزگا حکوومی و ناحکوومییەکان.
- توانای توێژەر بۆ تەواوکردنی توێژینەوەکەی.
- بێویستە توێژەر توانای ڕێکخستن و داڕشتنی پەیکەری توێژینەوەی ھەبێت.
توێژینەوەی زانستی لە ڕووی تایبەتمەندی و سیفاتەوە
١- بابەتی
تایبەتمەندی بابەتیانە لە توێژینەوەی زانستی و پیشاندانی دەرئەنجامی زانستیانە یەکێکە لە ھەنگاوە زانستییە نوێیەکان کە دەبێتە ھۆی دەرخستن زانیارییەکان بە شێوەیەکی بابەتیانە، تایبەتمەندی بابەتیانە لە توێژینەوەی زانستی پشت دەبەستێت بە جێبەجێکردنی ئامرازی زانستی لە توێژینەوەکان بە بەکارھێنانی ماددە و چارەسەرکردن و شیکردنەوەی ھاوسەنگیانە بۆ بابەتەکە.
٢- ناونیشانی ڕوون و ئاشکرا
یەکێك لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی توێژینەوەی زانستی بریتییە لە ھەڵبژاردنی ناونیشانێکی ڕوون و ئاشکرا و گشتگیر تاکوو بتوانرێت گشتاندنی پێبکرێت.
٣- دەرخستنی زانیاری نوێ
یەکێك لە تایبەتمەندییەکانی توێژینەوەی زانستی بریتییە لە زیادکردنی زانیاری نوێ لە زانستدا.
٤- ئامانجی توێژینەوە ڕوون و دیاریکراوبێت
یەکێکی تر لە تایبەتەمەندییەکانی توێژینەوەی زانستی بریتییە لە بوونی ئامانجی ڕوون و دیاریکراو تاکوو بتوانرێت ئامانجەکانی بە وردی و ئاسانی جێبەجێبکرێن.
٥- پاکی لە زانست
توێینەوەی زانستی ڕاستگۆیی لە زانستدا (الامانة العلمیة) جێبەجێدەکات، بە جۆرێك کە بیرۆکەی کەسانی تر بە خاوەنەکانیان دەبەستێتەوە.
٦- شێوە (شکل)
لە تایبەتمەندییەکانی توێژینەوەی زانستی لە ڕووی شێوە (شکل) پێکدێت لە:
- ھەڵبژاردن و دیاریکردنی کێشەیەك
- ھۆکاری ھەڵبژاردنی بابەتەکە
- گرنگی توێژینەوە
- ئامانجی توێژینەوە
- گریمانەی توێژینەوە
- ڕێبازی توێژینەوە
- پلانی توێژینەوە
- توێژینەوەکانی پێشوو
- دەرئەنجام
- ڕاسپاردە (پێشنیار)
- لیستی سەرچاوەکان
٧- زمان (الغة)
توێژینەوەی زانستی لە ڕووی زمانەوە دوو تایبەتمەندی سەرەکی لە خۆدەگرێت کە بریتین لە:
- زمانی بەکارھاتوو بۆ نووسینی توێژینەوەی زانستی لە ڕووی ڕێزمانییەوە بێ کەم و کوری بێت.
- ئەو دەستەواژانەی بەکاردەھێنرێن ڕوون و ئاشکرابن و خوێنەر بە ئاسانی لێیات تێبگات.
- زاراوەی تایبەت بە توێژینەوەکە بەکاربھێنرێت.
- بەکارنەھێنانی دەستەواژەی (من - ئێمە) چونکە ڕاستەوخۆی توێژینەوەکە دەکاتە موڵکی توێژەر، بەڵکوو لە جیاتی ئەم دوو دەستەواژەیە دەبێت دەستەواژەی (توێژەر یان توێژەران) بەکاربێت.
- بەکارنەھێنانی دەستەواژە بێ سنوورەکان وەکوو (ھەرگیز، ھتد، ھەندێك، بڕێك، تۆزێك، لەوانەیە)، چونکە سنووری ئەم دەستەواژانە دیاریکراو نییە.
لە توێژینەوەی زانستی تایبەتمەندییەکی تری ئەوەیە کە توێژینەوە وەرگێڕدراوەکانی لەسەر زمانی بێگانە (عەرەبی و ئینگلیزی و فارسی یان تورکی) بە شێوەیەکی ورد و زانستی وەرگێڕدراوبن و سوودیان لێوەربگیردرێت، بەو مەجەی ئاماژە بە ناوی توێژینەوەکە و توێژەر و ساڵی ئەنجامدانی توێژینەوەکە بکرێت.
ئەرکەکانی توێژینەوەی زانستی
توێژینەوەی زانستی چەند ئەرێکی ھەیە لەکاتی ئەنجامدانی پێویستە ئەم ئەرکانە بە وردی لەبەر چاو بگیردرێن:
١- گەشەکردن و زیادکردنی ئاستی زانستی بۆ ئەو بوارەی توێژینەوەکەی تیادا ئەنجامدەدرێت
٢- جێبەجێکردنی داواکارییەکانی کۆمەڵگا و گەشەپێدانی پسپۆڕییە جیاوازەکان
٣- دەرخستنی نھێنییە نەزانراوەکان و بوژانەوەی زانین بە ھەموو جۆرەکانییەوە
٤- پارێزگاریکردن لە کەلەپووری نەتەوەیی
٥- پێشبینیکردن بۆ داھاتوو (ئایندە)
٦- دەسنیشانکردنی ئەو گرفتانەی کە پێویستە توێژینەوەیان لە بارەوە ئەنجامبدرێت وەکوو (گرفتی نیشتەجێبوون و گرفتی گواستنەوە و کێشەی کەمی و پچڕانی ھێڵی کارەبا و ئینتەرنێت و کێشەی کەم ئاوی و لێکۆڵینەوە لە جیاوازی دەرامەتە سروشتییەکان).
جۆرەکانی توێژینەوەی زانستی
بوارەکانی توێژینەوەی زانستی فراوان و جۆراوجۆرن لەسەر ئاستی زانستیدا قەبارەی توێژینەوەکانیش جیاوازن بەپێی جیاوازی زانستەکان، بە شێوەیەکی گشتی جۆرەکانی توێژینەوەی زانستی پێکدێن لە:
١- توێژینەوەی تیۆری (وەسفی)
٢- توێژینەوەی پراکتیکی (کرداری)
٣- توێژینەوەی ھاوبەش (تیۆری + پراکتیکی)
جۆرەکانی توێژینەوەی جوگرافی
توێژینەوە جوگرافییەکان بە شێوەیەکی سەرەکی پۆلێندەکرێن بۆ دوو جۆر کە بریتین لە (جوگرافیای سروشتی و جوگرافیای مرۆیی) ھەریەك لەم بەشانەش چەند پسپۆڕییەك لە خۆ دەگرێت بەم شێوەیە:
١- توێژینەوەی جوگرافیای سروشتی پێکدێت لە (ئاو و ھەوا، جیۆمۆرفۆلۆجی، ھایدرۆلۆجی، خاک، دەرامەتی سروشتی، ژینگەی سروشتی).
٢- توێژینەوەی جوگرافیای مرۆیی پێکدێت لە (دانیشتوان، ئابووری وەکوو بازرگانی و پیشەسازی و گواستنەوە و کشتوکاڵ، گەشەپێدان، ئاوەدانی، خزمەتگوزاری، گەشت و گوزار، ژینگەی مرۆیی).