ناوهڕۆك
تاوانی نوێژ نەکردن چییە؟
خوای گەورە دەفەرموێت: (فَخَلَفَ مِن بَعْدِهِمْ خَلْفٌ أَضَاعُوا الصَّلَاةَ وَاتَّبَعُوا الشَّهَوَاتِ ۖ فَسَوْفَ يَلْقَوْنَ غَيًّا) واتە: لە دوای ئەوان کەسانێک لە نەوەکانیان بوونە جێنشین، کە نوێژەکانیان بە زایە دا و شوێنی ئارەزووەکانی نەفسیان کەوتن، ئەوانە تووشی گومڕاویی و سەرگەردای و سزا دەبن (لە دونیا و قیامەتدا).
(ابن عباس) دەفەرموێت: (واتای ئەوە نییە کە بە گشتی وازیان لە نوێژ هێناوە، بەڵام ئەوەیە کە لە کاتی خۆیدا دوای دەخەن).
خوای گەورە دەفەرموێت: (فَوَيْلٌ لِّلْمُصَلِّينَ الَّذِينَ هُمْ عَن صَلَاتِهِمْ سَاهُونَ) واتە: جا هاوار و واوەیلێ بۆ نوێژنەکەرانێک. ئەو نوێژنەکەرانەی گوێ نادەن بە نوێژەکانیان و کاریگەری نییە لەسەریان و دڵی نادەنی و لێی غافڵن.
وە لە ئایەتێکی تردا دەفەرموێت: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لَا تُلْهِكُمْ أَمْوَالُكُمْ وَلَا أَوْلَادُكُمْ عَن ذِكْرِ اللَّهِ ۚ وَمَن يَفْعَلْ ذَٰلِكَ فَأُولَٰئِكَ هُمُ الْخَاسِرُونَ) واتە: ئەی ئەو کەسانەی باوەڕتان هێناوە، هەوڵ بدەن نە ماڵ و سامانتان، نە ڕۆڵەکانتان، نەبنە هۆی ئەوەی کە لە یادی خوا و بەدەست هێنانی ڕەزامەندی ئەو کەمتەرخەمی و بێ ئاگاتان بکەن، جا هەر کەس لە یادی خوا کەمتەرخەمی بکات، ئا ئەوانە هەر خۆیان خەسارەت مەندوو و زەرەرمەندن.
ڕاڤەزانان دەفەرموون: وشەی (ذکر الله) لەم ئایەتە پێنج فەرزەی نوێژ دەگەیەنێت، هەر کەسێک بە هۆی ماڵ و سامان و کڕین فرۆشتن و ژیانەوە نوێژەکانی دوا بخات ئەوە لە زەرمەندانە.
خوای گەورە دەربارەی ئەهلی دۆزەخ دەفەرموێت: (مَا سَلَكَكُمْ فِي سَقَرَ (42) قَالُوا لَمْ نَكُ مِنَ الْمُصَلِّينَ (43) وَلَمْ نَكُ نُطْعِمُ الْمِسْكِينَ (44) وَكُنَّا نَخُوضُ مَعَ الْخَائِضِينَ (45) وَكُنَّا نُكَذِّبُ بِيَوْمِ الدِّينِ (46) حَتَّى أَتَانَا الْيَقِينُ (47)فَمَا تَنفَعُهُمْ شَفَاعَةُ الشَّافِعِينَ (48)) واتە: ئەوە چی بوو ئێوەی ڕاپێچی دۆزەخ کرد؟ بە کەساسیەوە دەڵێن: ئێمە لە نوێژنەکەران نەبووین .... خۆراکمان بە هەژاران نەدەبەخشی... ئێمە لەگەڵ دەم درێژ و بێ ئابڕووەکاندا قسەی خۆمان دەکرد و لە بابەتی ئەوانمان دەگوت و ڕەخنەی بێ جێمان دەگرت و لەگەڵیان ڕۆ دەچووین. ئێمە بڕوامان بە ڕۆژی پاداشت نەبوو. هەتا مردن یەخەی پێ گرتین و تەمەنمان کۆتایی هات، کەواتە ئیتر تکای تکاکاران سوودیان پێ ناگەیەنێت.
پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: (بین الرجل وبین الشرك والکفر ترك الصلاة).
واتە: نێوانی کەسێک و بێباوەڕ وازهێنانە لە نوێژ.
لە (صەحیحی) بوخاریدا هاتووە پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: (من ترك صلاة العصر حبط عمله) واتە: هەر کەسێک نوێژی عەسر واز لێبهێنێت کردەوەکەی بەتاڵ دەبێتەوە هەروەها ﷺ فەرموویەتی: (أمرت أن أقاتل الناس حتی یقولوا: أن لا إله إلا الله، وأن محمد رسول الله، ویقیموا الصلاة، ویؤتوا الزکاة، فإذا فعلوا ذلك عصموا مني دماءهم وأموالهم إلا بحق الإسلام وحسابهم علی الله).
واتە: فەرمانم پێ کراوە لەگەڵ خەڵکدا بجەنگم هەتا دەڵێن: هیچ کەس شایەنی پەرستن نییە جگە لە خوای تاقانە، محمد ﷺ پێغەمبەری خوایە، نوێژەکانیان دەکەن، زەکاتی ماڵەکانیان دەدەن، ئەگەر ئەوانەیان ئەنجامدا، ئەوە خوێن و ماڵیان لە من حەرام دەبێ ئیللا بە حەقی ئیسلام نەبی و، لێپرسینەوەیان لای خوایە.
ئیمامی (عمر) -ڕەزای خوای لێ بێت- دەڵێت: هەر کەسێک لە ئیسلامدا نوێژ نەکات هیچ مافێکی نییە.