پێغەمبەر داود

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-05-13-15:41:00 - کۆدی بابەت: 5310
پێغەمبەر داود

ناوه‌ڕۆك

پێغەمبەر داود 

داود یان داوود كە بە عیبری پێی دەوترێت دایڤید، ناوەكەی بە واتای خۆشەویست دێت، دووەم پادشای شانشینی ئیسرائیلی یەكگرتووە لە (1011ـی پێش زایین بۆ 971 پێش زایین)، ئەو یەكێكە لە پێغەمبەرەكانی خودا لە ئایینی ئیسلامدا، بەڵام لە ئایینی جولەكە تەنیا وەك پادشایەك باوەڕیان پێی هەیە كە دوای ئیشباعل، كوڕی چوارەمی شاول هاتووەتە سەر حوكم، بە پاكترین و مەزنترین پادشای ئیسرائیلییەكان دادەنرێت لە مێژوودا، هەروەها جەنگاوەرێكی مێژوویی و شاعیر بووە، و بە دانەری چەند شیعرێكی سەنا و وەسف دادەنرێت لە ئایینەكانی مەسیحی و جولەكە.

جولەكە باوەڕیان وایە مەسیحی جولەكە لە نەوەی داودە، كە كەسێكە جولەكەكان لە دەست ستەمی سەردەم ڕزگار دەكات، مەسیحییەكانیش باوەڕیان وایە مەسیح یاخود عیسای كوڕی مەریەم لە نەوەی داودە، ژیاننامەكەی كە لە تەورات نوسراوە هێشتا لەلای جولەكەكان و مەسیحییەكان جێگای باوەڕە.

لەدایكبوون 1042 پێش زایین
كۆچی دوایی 972 پێش زایین
پیرۆزە لە ئایینەكانی جولەكە و مەسیحی و ئیسلام
نیشانەكان زەبور، زەمامیر

ژیانی داود لە ئیسلامدا

داود بە یەكێك لە پێغەمبەرەكانی خودا دادەنرێت كە كتێبی زەبووری بۆ ڕەوانە كراوە لەلایەن خوداوە، لە ئایینەكانی دیكەدا داود بە زیناكار ناسێنراوە لە كاتێكدا هیچ پێغەمبەرێك ئەو سیفەتەی هەرگیز نەبووە، لە كتێبی قورئاندا ناوی جالوتیش هاتووە كە داود دەیكوژێت وەك لە سورەتی البقرة : " فَهَزَمُوهُم بِإِذْنِ اللّهِ وَقَتَلَ دَاوُدُ جَالُوتَ وَآتَاهُ اللّهُ الْمُلْكَ وَالْحِكْمَةَ وَعَلَّمَهُ مِمَّا يَشَاء وَلَوْلاَ دَفْعُ اللّهِ النَّاسَ بَعْضَهُمْ بِبَعْضٍ لَّفَسَدَتِ الأَرْضُ وَلَـكِنَّ اللّهَ ذُو فَضْلٍ عَلَى الْعَالَمِينَ ".

لە قورئاندا هاتووە كە داود سەربازێكی طالوت بووە كە لە ئایینی جولەكەدا بە شاول ناوی هێنراوە.

بنەچەی

داود كوڕی ئیشا كوڕی عوەید كوڕی عابر كوڕی سەلمۆن كوڕی نەحشۆن كوڕی عوەینادب كوڕی ئیرەم كوڕی حەسڕۆن كوڕی فەڕس كوڕی یەهوزا كوڕی یەعقوب كوڕی ئیسحاق كوڕی ئیبراهیم.

وەسفەكانی

داود كەسێكی باڵا كورتی چاو شینی قژ زەردبووە و قژی كەم بووە، دەنگێكی خۆشی هەبووە و توانیویەتی ئاسن بنوشتێنێتەوە كە ئەمەش دەسەڵاتی خودای گەورەیە و پێی بەخشیوە.

ڕۆژووگرتن و پەرستشی

ڕۆژووگرتن لەلای داود بەمشێوەیە بووە لەو مانگەی كە ڕۆژوو تێیدا فەرز بووە:

  • سەرەتای مانگ سێ ڕۆژ
  • ناوەڕاستی مانگ سێ ڕۆژ
  • كۆتایی مانگ سێ ڕۆژ

لەو ماوەشدا زەبووری بە حەفتا دەنگ خوێندۆتەوە، ئەوەندە دەنگی خۆش بووە چۆلەكەكان لەگەڵیدا خوێندویانە.

پەرچوو

  • داود بەهۆی ئەو پەرچووەی خوا پێی بەخشیوە توانیوتی ئاسن بەبێ گەرمكردن و سووركردنەوە و ئاگر بە هەموو شێوەیەك بجوڵێنێت و شێوەی لێ دروست بكات، ئەو ئاسنگەری كردووە و یەكەمین كەس بووە كە قەڵغانی دروست كردووە.
  • بە ئەندازەیەك دەنگی خۆشبووە كە زەبووری خوێندوەتەوە چۆلەكە و شاخەكان لەگەڵیدا خوێندوویانە وەك خوا دەفەرموێت :" إِنَّا سَخَّرْنَا الْجِبَالَ مَعَهُ يُسَبِّحْنَ بِالْعَشِيِّ وَالْإِشْرَاقِ* وَالطَّيْرَ مَحْشُورَةً ۖ كُلٌّ لَهُ أَوَّابٌ "
  • كەسێكی دادپەروەر بووە و دادوەرییەكەی بە زانین زانیووە و سیفەت بووە تێیدا.
  • زمان پاراو بووە و لە قسەكردن و گەیاندنی پەیامی خوا كێشەی نەبووە.

كوشتنی جالوت

لە جەنگدا كە كەسێك بەناوی جالوت تووشی ئیسرائیلییەكان دەبێت داود دەیكوژێت و خەڵكی ئیسرائیلیش دوای ئەوە داود وەك سەرۆكی خۆیان دیاری دەكەن و دەیكەن بە پادشا، دوای خۆیشی سولەیمانی كوڕی كە پێغەمبەر بووە حوكم دەكات.

ژیانی داود لە تەوراتدا

وەسفەكانی

بە گەنجی كەسێكی لێهاتوو و بەهێز و دەنگ خۆش بووە، كەسێكی باڵا كورتی قژ زەردی چاو گەورە بووە، جەستەیەكی پتەوی هەبووە و خێرا بووە كە توانیویەتی پێشبڕكێ لەگەڵ حوشتردا بكات و بیباتەوە، هەروەها دەستەكانی ئەوەندە بەهێز بوون توانیویەتی ئاسن بنوشتێنێتەوە، هەروەها شاعیرێك بووە كە عودی ژەنیوە.

هەڵبژاردنی داود

خوای گەورە گەورەیی خۆی لە پادشا شاول دەسەنێتەوە و پێغەمبەر ساموێل دەنێرێت بۆلای یەسای باوكی داود لە ناوچەی بیت لحم، دواتریش پێی دەڵێت "لەنێو منداڵەكانیدا پادشایەكم هەڵبژاردووە"، و هەڵبژاردنەكە دەكەوێتە سەر داود، دواتر خودا دەفەرموێت: "هەستە ساموێل، مەسحی بكە ئەوە ئەو كەسەیە كە من هەڵمبژاردووە".

داود و جالوت

ئەو ئیسرائیلییانەی لە ژێر حوكمی دەسەڵاتی شاول بوون تووشی جەنگ ببوون لەگەڵ سووپای جالوت، داود كە ئەوكات بچووكترین منداڵی ماڵ بوو ڕۆژانە خواردنی بۆ براكانی دەهێنا، جالوت لە سووپاكەی هاتە دەرەوە و وتی كەسێك بنێرن زۆرانبازی بكەین و بەوە جەنگ یەكلایی دەكەینەوە، داود سوور بوو لەسەر ئەوەی بڕوات و دەتوانێت شكستی پێ بهێنێت هەر بۆیە پادشا شاول دەینێرێت سەرەڕای ئەوەی گومانی هەیە، داود بە بەردێك جالوت دەكوژێت و دەبێتە براوە و سەری جالوت لێدەكاتەوە و دەیهێنێتەوە.

كاتێكیش پادشا لێی دەپرسێت تۆ كوڕی كێیت!؟ دەڵێت: "كوڕی خزمەتكارەكەت یەسای كە لە شاری بیت لحمە.

وەسف و ستایش و پەرستن

داود لە تەورات و ئایینی جولەكە بەوە ناسراوە خاوەنی كتێبێكی ئایینی بووە و خۆی نوسیویەتی، لە دیارترین نووسینەكان:

  • تەنانەت گەر بڕۆمە دۆڵی مردنەوە ناترسم چونكە تۆم لەگەڵە، گۆچانەكەت بەهێزم دەكات.
  • خەیر و بەزەیی هەمیشە لەگەڵمە بە درێژایی ژیانم، ماڵی خوداش دەبێتە شوێنی پشوودانم بۆ چەندین ڕۆژ.

حوكمی داود

داود لە 40 ساڵییەوە دەبێتە پادشا و حەوت ساڵ لە شاری خەلیل حوكم دەكات، دواتر 33 ساڵ حوكمی ئورشەلیم دەكات و دوای ئەویش سولەیمانی كوڕی دەسەڵات دەگرێتە دەست.

هاوسەرەكانی

  • میكال
  • ماكا
  • حەجیەث
  • ئەبیتاڵ
  • عەجلە
  • بەتشەبەع


سەرچاوەکان



7222 بینین