داتا سەنتەر

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-05-13-16:56:00 - کۆدی بابەت: 5312
داتا سەنتەر

ناوه‌ڕۆك

داتا سەنتەر

داتا سەنتەر بریتییە لە دامەزراوەیەك یان بینایەكی دیاریكراو كە ڕێخراو و كۆمپانیاكان بەكاریدەهێنن بۆ هەڵگرتن (خەزنكردن)ـی بەرنامە و داتا گرنگەكانیان، دیزاینی داتاسەنتەر بەندە لەسەر نێتۆركی ژمێریاری و بیرگە (storage) كە یارمەتی بڵاوكردنەوەی بەرنامە و داتاكان دەدات.

پێكهاتەكانی داتاسەنتەر

پێكهاتە سەرەكییەكانی داتا سەنتەر بریتییە لە:

  • ڕاوتەر (router)
  • سویچ (switch)
  • سێرڤەر (server)
  • سیستمی بیرگەیی (storage system)
  • فایەرواڵ (firewall)
  • application-delivery controllers

بۆچی داتا سەنتەرەكان بۆ بازرگانی گرنگن؟

لە جیهانی تەكنەلۆژیادا داتا سەنتەرەكان دروستكراون بۆ پاڵپشتیكردنی ئەو كارانەی كە پەیوەندییان بەم بوارانەی خوارەوە هەیە:

  • ئیمەیڵ و بڵاوكردنەوەی داتا و زانیاری
  • بەرنامەكانی بەرهەمهێنان
  • بەڕێوەبردنی پەیوەندییەكانی كڕیارەكان (CRM)
  • داتابەیس و پلاندانانی سەرچاوەكان (ERP)
  • هەڵگرتی داتا زۆر گەورەكان، زیرەكی دەستكرد، هەروەها فێركردنی ئامێرەكان (machine learning)
  • كۆمپیوتەرە خەیاڵییەكان، هەروەها پەیوەندی و خزمەتگوزارییە هاوبەشەكان

پێكهاتەكانی داتا سەنتەر

وەك پێشتر ئاماژەمان پێدا داتاسەنتەر چەندین پێكهاتەی گرنگی هەیە، چونكە ئەم پێكهاتانە داتا و زانیاری گرنگ لەخۆدەگرن بۆیە پێویستە پارێزگارییەكی بەهێزی هەبێت بۆ پاراستنی هەموو ئەو زانیارییانە، داتا سەنتەر پێكدێت لە:

  • ژێرخانی نێتۆرك (Network infrastructure): ئەم بەشە هەڵدەستێت بە بەستنەوەی سێرڤەرەكان (فیزیكی و خەیاڵی)، خزمەتگوزارییەكانی داتا سەنتەرەكە، هەروەها بیرگەكان (storage) بە بەكارهێنەرانەوە.
  • ژێرخانی بیرگەیی (Storage infrastructure): لەم بەشەدا هەموو داتا و زانیارییەكانی كۆمپانیا و بەكارهێنەرەكان هەڵدەگیردێت.
  • سەرچاوە كۆمپیوتەرییەكان (Computing resources): پڕۆگرام بە بزوێنەری داتا سەنتەرەكان دادەنرێت چونكە هەڵدەستن بە ڕێكخستن و شیكاركردنی هەموو ئەو داتا و زانیاریانەی كە لە داتاسەنتەرەكەدا هەیە، هەروەها لەگەڵ ڕێخستنی پەیوەندییە نێتۆركییەكان كە لە نێوان ئامێرەكاندا هەیە.

لە ناو بینای داتا سەنتەردا چی هەیە؟

داتا سەنتەرەكان پڕن لە كەرەستەی گرانبەها و زانیاری گرنگ، كە زۆر كات پێویستە بەبەردەوامی بەردەست بن بۆ بەكارهێنەران، بۆیە چەندین كەرەستە پێویستە پاڵپشتیكردنی هاردوێر و سۆفتوێرەكانی داتا سەنتەرەكە، كە ئەو كەرەستە و پێكهاتانە بریتین لە:

  • سەرچاوەی كارەبایی
  • پاوەر سەپڵای (UPS)
  • هەواگۆڕكێ (ventilation)
  • سیستمی فێنككەرەوە
  • ئاگر كوژێنەوە
  • مۆلیدە

هەروەها دەبێت داتا سەنتەرەكە پەیوەندی هەبێت بە نێتۆركی دەرەكییەوە.

جۆرەكانی داتا سەنتەر

چەندین جۆری جیاوازی داتا سەنتەر هەیە كە بە پێی پێكهاتە و شێوازی بەكارهێنانی لەلایەن كۆمپانیاكانەوە پۆلێن دەكرێن، بەلام بەگشتی دەكرێن بە چوار بەشی سەرەكییەوە:

  • Enterprise data centers: ئەم جۆرە داتا سەنتەرانە دروستدەكرێن و بەڕێوەدەبرێن لەلایەن خودی كۆمپانیاكانەوە كە بەكاریدەهێنن بۆ بەكارهێنەر یان كڕیارەكانیان.
  • Managed services data centers: ئەم جۆرە داتا سەنتەرانە لەلایەن كەسی سێهەمەوە دروستدەكرێت و بەڕێوەدەبرێت، كە دواتر كۆمپانیایەكان ئەم داتا سەنتەرانە دەكڕنەوە.
  • Colocation data centers: لەم جۆرەدا كۆمپانیایەك هەڵدەستێت بە بەكرێگرتنی بەشێك لە داتا سەنتەرێك كە لەلایەن كۆمپانیایەكی ترەوە بەڕێوەدەبرێت، كۆمپانیی خاوەنی داتا سەنتەرەكە هەڵدەستێت بە دابینكردنی بینا و ئامێری فێنككەرەوە و پارێزگاری بۆ داتا سەنتەرەكە، بەڵام ئەو كۆمپانیایەی كە بە كرێی دەگرێت هەڵدەستێت بە دابینكردنی بەشەكانی تری وەك سێرڤەر و بیرگە و فایەرواڵ.
  • Cloud data centers: ئەم جۆرە داتا سەنتەرە فیزیكی نییە و لەڕێگەی هەورەوە (cloud) پێشكەش دەكرێت، وەك: Amazon Web Services (AWS)، Microsoft (Azure)، IBM Cloud.


سەرچاوەکان



2365 بینین