چۆنیەتی دروستکردنی داتا بەیس لە سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان GIS

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2024-07-02-17:27:00 - کۆدی بابەت: 13423
چۆنیەتی دروستکردنی داتا بەیس لە سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان GIS

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چۆنیەتی دروستکردنی داتا بەیس لە سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان (بە عەرەبی: كيفية إنشاء قواعد البيانات في انظام المعلومات الجغرافية، بە ئینگلیزی: How to create a database in a geographic information systemداتا بەیس بریتییە لە کۆمەڵەیەکی ھاوبەش لە داتا پێکەوە نووساوەکان و داتا لێکچووەکان لەگەڵ وەسفی داتاکان (Metadata)، بە جۆرێک دیزانکراوە کە خواستی بەردەوامی لایەنێکی دیاریکراو بۆ زانیارییەکان پڕبکاتەوە، وەکوو داتا تۆمارکراوەکانی بەرگری شارستانی و داتا بەیسی ڕێبەری پەیوەندی کردن و داتا بەیسی کاروباری قوتابیان لە زانکۆ و داتا بەیسی دەنگدەران و دتا بەیسە تایبەتکراوەکانی بواری مارکێت و میدیایی و کەناڵە ناوخۆییەکان و دەزگا ھەواڵگرییەکان. بۆ بڕیاردانی گونجاو پێویستمان بە زانیارییە تۆمارکراوەکانی نێو داتا بەیسەکان دەبێت لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا.

گرنگترین تایبەتمەندییەکانی داتا بەیسە ژمارەییەکان

١- ڕێگریکردن لە دووبارە بوونەوەی داتا و زانیارییەکان.
٢- بەستنەوەی کۆمەڵێک داتای پەیوەندیدار بە یەکتری.
٣- ھاوبەشی پێکردنی داتا و زانیارییەکان لە نێوان بەکارھێنەران.
٤- نوێکردنەوەی بەردەوامی داتاکان
٥- خێرایی لە بەدەستھێنانی داتا و زانیاری لەلایەن بەکارھێنەرانەوە.
٦- سانایی چاکردنەوە
٧- کۆپی یەدەگی داتاکان
٩- چاودێریکردنی پڕۆسەکانی بەکارخستنی داتا و زانیارییەکان.
١٠- تەواوکاری نێوان چەندین جۆری داتا و زانیاری.
١١- خێرایی لە تۆمارکردن و چارەسەرکردنی داتا و زانیارییەکان.

گرنگترین پڕۆگرامەکان بۆ دروستکردنی داتا بەیس

١- مایکڕۆسۆفت ئەکسڵ Microsoft Excel
٢- مایکڕۆسۆفت ئەکسس Microsoft Access
٣- سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان GIS

پێکھاتەی داتاکان

١- داتاکان (Metadata) لە داتای ھەڵگیردراو تایبەتمەندی ئەم جۆرەیان بریتییە لە Data About Data.
٢- داتا ھەڵگیردراوەکان Stored Data
تایبەتمەندی ئەم جۆرەیان بریتییە لە خودی داتاکان بە جیاکراوەیی بۆ  دروستکردنی خێرایی بۆ پڕۆسەکانی چارەسەکردن و چاکردنەوە.
٣- سیستمی بەڕێوەبردنی داتاکان Database Management System (DBMS) بریتییە لە سیستمێک ئەرکی سەرەکی چاکردنەوە و بنیاتنان و ھەڵگرتنی داتا بەیسە ژمارەییەکان ئاسان دەکات، لە ڕێگای کۆمەڵێک پڕۆگرام کە پێشکەشی بەکارھێنەرانی دەکات، بە پردی نێوان بەکارھێنەران و داتا ژمارەییەکان دادەنرێت. (DBMS Access and Oracle) بەکاردێت لەلایەن دامەزراوە گەورەکان، چونکە ڕێگا دەدات بە ژمارەیەکی زۆر لە بەکارھێنەران کە ھەمان داتا بەکاربھێنن بۆ بەدەستھێنانی ئاستێکی بەرز و پارێزراو. بە شێوەیەکی گشتی لە سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان (GIS) سێ جۆری داتا بەیس ھەن کە بریتین لە: 

  • داتا بەیسی پەیوەندی دار (قواعد البیانات العلاقیة - Relation DBMS)
  • دتا بەیسی ئامانجدار (قواعد البیانات الهادفة - Object DBMS)
  • داتا بەیسی پەیوەندی دار - ئامانجدار
  • (قواعد البیانات العلاقیة الهادفة - Object Relation DBMS)

جۆری یەکەمیان پێکھاتووە لە چەندین خشتە بۆ تۆمارکردنی داتا ناشوێنییەکان (Non - Spatial Data)، لەبەر ئاسانی بەکارھێنانی ئەم جۆرە داتا بەیسە بە ڕێژەی ٩٥٪ بەکارھێنەرانی ھەیە لە ئێستادا کە زۆر گونجاوە بۆ پڕاکتیزەکردنی ئەرکە سووکەکان وەکوو کاری بانکەکان و بەڕێوەبردنی دەرامەتە مرۆییەکان، ھەربۆیە ناتوانێت چەندین داتای جوگرافی لە بارەی یەک ئامانج تۆماربکات وەکوو (وێنە و فایل و ڤیدیۆ).

جۆری دووەمیان بە جۆرێک دیزاینکراوە کە بتوانێت کەموکورییەکانی جۆری یەکەم واتا داتا بەیسی پەیوەندیدار پڕبکاتەوە، کە بریتییە لە نەتوانیینی بۆ تۆمارکردنی تۆمارێکی گشتی لە بارەی ئامانجەکەوە (دۆخی ئامانجەکە یان ڕەفتاری). داتابەیسیە ئامانجدارەکان لەسەر ئاستێکی فراوان لە پڕاکتیزەکردنی کاروبارە زانستییەکان بڵاو نەبۆتەوە، بە جۆرێک کە بەکارھێنەرانی داتابەیسە پەیوەندیدارەکان چەندین تایبەتمەندییان بۆ داتا بەیسە ئامانجدارەکان زیادکردووە بۆ ئەوەی جۆرێکی تری نوێ بەرھەم بێت بەناوی داتا بەیسی (پەیوەندیداری - ئامانجدار) لە گرنگترین تایبتمەندییەکانی ئەم جۆرە داتا بەیسە بریتییە لە: 

١- ڕێکخەری لێپرسینەوە Query Optimizer
ئەم جۆرەیان لە توانای دایە کە لێپرسینەوە لە تایبەتمەندی ئامانجەکان بکات، وەکوو وەڵامدانەوەی پرسیار لە بارەی ئەو خانووانانە کامانەن کە دەکەونە دووری ٣ کیلۆمەتر لە بازاڕێکی بازرگانییەوە و داھاتی خێزانەکانیان زیاترە لە (١٠.٠٠٠$)، ئەم پرسیارە زانیاری شوێنی لەخۆدەگرێت و ئاستی داھاتیش زانیاری نا شوێنی دەگرێتە خۆ.

٢- زمانی لێپرسینەوە Query Language
ئەم جۆرەیان لە تونای دایە مامەڵە لەگەڵ جۆرەھا ئامانجی جوگرافی بکات وەکوو (خاڵ و ھێڵ و ڕووبەر) و سروشتی تایبەتمەندییە شوێنییەکانیان وەکوو (لێپرسینەوە لە لاکێشە ھاوسنوورەکان) ئەم زمانەش بە زمانی لێپرسینەوە و تێکھەڵکێشکراوی دەناسرێت (Structured Standard Query) کە کوورتکراوەی (SQL).

٣- خزمەتگوزاری پێرستکردن Indexing Services
لەم جۆرەیاندا دەتوانرێت زانیارییە جوگرافییەکان پێرست بکرێن لە ئاستی دوو ڕەھەندی (Y , X) ئاستی سێ ڕەھەندی (Z , Y , X).

٤- بەڕێوەبردنی تۆمارکردن Storage Management 
قەبارەیەکی گەورە لە داتا جوگرافییەکان پێویستی بە سیستمێکی بەڕێوەبردنی باش ھەیە لە ڕێگای پێکەوەبەستنەوەیان بە کارلێکی بەرز، ئەوەی گرنگە ئاماژەی پێ بدرێت سیستمی بەڕێوەبردنی داتاکان خودی سیستمی زانیاری جوگرافی نییە، بەڵکوو پێکھاتەیەکی سەرەکییە لە سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان. سیستمی بەڕێوەبردنی داتاکان بەرپرسە لە تۆمارکردن و گێڕانەوە و بەڕێوەبردنی داتاکان، بەڵام ناتوانێت (دەسنیشان و شیکردنەوە) لە بارەی داتا جوگرافییەکان ئەنجام بدات، چونکە ئەمە ئەنجام بدات دەبێتە ڕۆڵی سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان.

٥- زمانی لێپرسینەوەی تێکھەڵکێشکراوی پێوانەیی SQL
بە زمانێکی پێوانەیی دادەنرێت و بەکاردێت لە سەرجەم پڕۆگرامەکانی سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان، ڕستەکانی ئەم زمانە لە سێ جۆری سەرەکی پێکھاتوون کە بریتین لە: 

  • زمانی دیاریکردنی داتاکان DDL Data Difinition Language
  • زمانی بەڕێوەبردنی داتاکان DDL Data Manipulation Language
  • زمانی کۆنتڕۆڵکردنی داتاکان DCL Data Control Language

ئەم زمانە لە ئێستادا پەرتووکی تایبەتی ھەیە بۆ بەکارھێنەرانی و فێربوونی ئەم زمانانە.

فرمانەکانی DBMS

١- تۆمارکردنی داتاکان Storage
٢- پیشاندانی داتاکان Output
٣- گێڕانەوەی داتاکان Query and Retrieve Data
٤- گەڕان لە نێو داتا تۆمارکراوەکان Find and Select
٥- چارەسەرکردنی داتاکان بۆ بەدەستخستنی زانیاری Data Processing

دیزاینی داتا بەیسە جوگرافییەکان (Geodatabase)

بریتییە لە فایلێکی تۆمارکراوی کۆمەڵێک داتا و زانیاری کە پۆڵێک لە ئامانجی لە خۆگرتووە (Feature Classes) کە بە ھەیکەلی سەرەکی دادەنرێت لە سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان GIS، بەکاردەھێنرێت بۆ ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی داتاکان ھەروەھا دەکرێت فایلەکانی Geodatabase سەرجەم ئەو حاویانە لە خۆبگرێت بۆ کۆکردنەوەی فایلی داتاکان، ئەم کردارە ئالیەتێکی سەرەکییە بۆ ڕێکخستنی داتاکان لە پڕۆگرامی (Arc Gis) دا.

گرنگترین فایلەکانی (Geodatabase)

بە شێوەیەکی گشتی بنیات نان و دیزاینکردنی فایلی Geodatabase بە ھەنگاوێکی سەرەتایی دادەنرێت بۆ بنیات نانی ھەر پڕۆژەیەک لە (GIS) سێ جۆری سەرەکی ھەیە کە بریتین لە: 

  • File Geodatabase: لەسەر شێوەی Folder تۆماردەکرێت لە چوارچێوەی پڕۆژەکەدا، ھەر Feature Dataset ێک نزیکەی (١) تێڕابایتی تیادا خەزندەکرێت و ھەرفایلێکی Geodatabase دەتوانێت زیاتر لە Feature Dataset تێکی تیادا تۆمار بکرێت، ھەریەک لەم فایلانەش دەتوانرێت بە سەدان ملیۆن داتای ھێڵی Vectore Data تیادا خەزن بکرێت، ئەم جۆرە فایلە دەتوانرێت بەکاربھێنرێت بۆ پڕۆژە گەورەکان.
  • Personal Geodatabase: ئەم جۆرە فایلە تونای تۆمارکردنی سنووردارە کە (٢) گێگا بایتە و ھەر فایلێکی Feature Class تیادا دەتوانرێت (٢٥٠ بۆ ٥٠٠) گێگا بایتی تیادا تۆماربکرێت، ئەم جۆرە فایلە دەتوانرێت بخوێنرێتەوە لەلایەن زیاتر لە بەکارھێنەرێک، بەڵام ناتوانرێت گۆڕانکاری بەسەردا بھێنرێت تەنھا لەلایەن یەک کەسەوە نەبێت کە کاری پێدەکات. ئەم جۆرە فایلە گونجاوە بە شێوەیەکی بەرچاو لەگەڵ سیستمی Microsoft Windows لە توانای داھەیە کە مامەڵە لەگەڵ فایلەکانی Microsoft Access بکات بە شێوەیەکی کارا و خێرا.
  • Arc Sed Geodatabase: ئەم جۆرە فایلە بەکاردەھێنرێت بۆ تۆمارکردنە پەیوەستەکانی Oracle , SQL , IBM کە تونای تۆمارکردنێکی بەرزی ھەیە و دەتوانرێت بەکاربھێنرێت لەلایەن زیاتر لە کەسێکەوە.

ھەریەک لە فایلەکانی Geodatabase و Personal Geodatabase بەردەستن و دەتوانرێت بەکاربھێنرێن لە چوارچێوەی پڕۆگرامەکانی Arc View و Arc Editor و Arc Info بە جۆرێک دیزاینکراوە کە سەرجەمی نموونەی داتا بەکارھاتووەکان لە Geodatabase وەبگرێت وەکوو: 

  • Topology
  • Raster Catalog
  • Network Dataset
  • Terrain Dataset
  • Address Location

بە شێوەیەکی گشتی زۆربەی پڕۆژەکانی سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان GIS کار لەگەڵ فایلی شێوەکان دەکات Shape File و Geodatabase، چونکە جیاوازن لە ڕووی تایبەتمەندی و شێوازی کارپێکردنیان. یەکێک لە ھۆکارە سەرەکییەکانی جۆراوجۆری فایلەکانی داتا شوێنییەکان ئەو گۆڕانکارییە خێرایەیە کە بەسەر تەکنیکی سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان داھاتووە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، لەگەڵ جۆروجۆری ئەم فایلانە بەڵام خاڵی ھاوبەشیان ھەیە لە نێوانیاندا، تەنانەت دەتوانرێت شێوەکانیان بگۆڕدرێت لە شێوەیەکەوە بۆ شێوەیەکی تر.

جیاوازی نێوان (Shapefile و Geodatabase)

ھەریەک لە Shapefile و Geodatabase دوو فۆڕماتی جیاوازن بۆ تۆمارکردنی داتا و زانیارییەکان بەکاردێن لە بوار و پڕۆژە جۆراوجۆرەکان، ھەربۆیە گرنگە بۆ بەکارھێنەران کە بزانن کامە جۆری فۆڕمات ھەڵبژێرن بۆ تۆمارکردنی داتا و زانیارییەکان و ئەنجامدانی کار و پڕۆژەکانیان، بۆ ئەوەی لە ھەنگاوەکانی دواتر دووچاری ئاڵوگۆڕکردنی داتا و زانیاری زۆر نەبن لە ناوەڕاستی کار و پڕۆژەکانیان.

١- لە بارەی Shapefile
فۆڕماتێکی سادەی تۆمارکردنە لە ساڵی (١٩٩٠) لە پڕۆگرامی Arc GIS بەکاردەھێنرێت، ھەر لەو ساتەوە کۆمپانیای ESRI دەستیکرد بە دروستکردنی Arc View، لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی Shapefile

  • شوێنێکی زیاتر دەگرێت لە کۆمپیوتەر بە بەراورد بە Geodatabase
  • ناتوانێت ناوێکی درێژ لە دە کاراکتەر بنووسرێت تیایدا.
  • داتای کات و بەروار لە ھەمان شوێن تۆمار ناکات.
  • ناتوانرێت Raster Data ی تیادا تۆماربکرێت.
  • پێویستە ھەموو فایلەکانی Shapefile لە یەک شوێندا تۆماربکرێن بە ھەمان ناو یان ناونیشان، ئەگەر نا Shapefile بە چالاکی کار ناکات لە ناو پڕۆگرامی Arc GIS.
  • داتای Null لە ناوخۆیدا تۆمار ناکات، کاتێک نرخی بریتی بێت لە Null، ئەو کات Shapefile ڕاستەوخۆ نرخی سفر بەکاردێنێت.
  • بەکارھێنەران دەتوانن (خاڵ و ھێڵ و ڕووبەر) لە ڕێگای Shapefile دروستبکەن، ھەربۆیە پێویستە یەک Shapefile بە لایەنی کەمەوە سێ فایلی ھەبێت، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی زۆربەیان شەش فایلیان ھەیە.
  • پێویستە Shapefile ئەم تایبەتمەندییانە لە خۆبگرێت: 

ا- جۆری یەکەم - (Shp) ئەم فایلە (Geometry of the Feature) تۆمار دەکات.
 
ب- جۆری دووەم - (Shx) ئەم فایلە (Index of Geometry) تۆمار دەکات.
 
ج- جۆری سێیەم - (Sdbf) ئەم فایلە (Attribute Information of the Feature) تۆمار دەکات

٢- لە بارەی Geodatabase
بەکارھێنەران دەتوانن لە Geodatabase داتا لە شێوەی خشتە و Raster تۆماربکەن، دوو جۆری Geodatabase ھەیە بۆ بەکارھێنەران کە بریتین لە: (Personal Geodatabase , File Geodatabase) لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی File Geodatabase بریتین لە: 

  • لە توانای دایە (١) تێڕابایت داتا تۆماربکات بۆ ھەر  داتا سێتێک.
  • سنووری توانای باشترە لە Geodatabase Personal.
  • دەتوانرێت Geodatabase بچووکتر بکرێتەوە بۆ ئەوەی جێگەی زۆر نەگرێت Can be Compressd.
  • زۆرێک لە بەکارھێنەران دەتوانن داتاکانی File Geodatabase ببینن کاتێک بەکارھێنەرێکی تر دەستکاری داتاکان دەکات، بەڵام لە بەرانبەردا Personal Geodatabase بۆ ئەوە دروستکراوە کە بتوانرێت بە ھاوبەشی بەکاربھێنرێت لەگەڵ پڕۆگرامی  Microsoft Access وە Personal Geodatabase بە شێوەی ئەکسس تۆماربکرێت، بەم جۆرەش ڕاستەوخۆ دەتوانرێت Personal Geodatabase مایکڕۆسۆفت ئەکسس جیابکرێتەوە، ئەم فایلە تەنھا توانای ھەڵگرتنی (٢) گێگابایت داتای ھەیە.


سەرچاوەکان



18 بینین