کەمخوێنی پاقلەیی 

له‌لایه‌ن: - ئەنەس جومعە - به‌روار: 2021-07-06-22:23:00 - کۆدی بابەت: 5764
کەمخوێنی پاقلەیی 

ناوه‌ڕۆك

کەمخوێنی پاقلەیی چییە؟ 

کەمخوێنی پاقلەیی یان کەمی ئەنزیمی گلوکۆزی شەش فۆسفاتی هایدرۆجین لابەرە (G6PD)، بە جۆرێک لە خوێنەهەڵوەشانە کەمخوێنییە بۆماوەییەکان دادەنرێت، کە جۆرێکە لە کەمخوێنی کە ڕوودەدات کاتێک کە خڕۆکە سوورەکانی خوێن خێراتر لەوە تێکدەشکێن کە دەکرێت لەش جێیان بگرێتەوە لە ئەنجامی کەمی G6PD کە خڕۆکە سوورەکان لە تێکشکان دەپارێزێت، خۆشبەختانە زۆربەی ئەو کەسانەی تووشی کەمخوێنی پاقلەیی بوون هیچ کێشە و نیشانەیەک دەرناکەوێت تێیاندا، بەڵام هەندێک خۆراک و دەرمان هەیە کە تێکڕای تێکشکانی خڕۆکە سوورەکان زیاتر دەکات بۆیە پێویستە لەسەر نەخۆش کە خۆی بەدوور بگرێت لێیان. 

نیشانەکانی کەمخوێنی پاقلەیی 

زۆربەی توشبووان بە کەمخوێنی پاقلەیی هیچ نیشانەیەکیان تێدا دەرناکەوێت، بەڵام ڕەنگە توشی نیشانەکان بن کاتێک کە هەندێک خۆراک و دەرمان دەخوات یان توشی هەوکردنێک دەبێت کە دەبنە هۆی خێرا تێکشکانی خڕۆکە سوورەکان، وە تەنها بە نەهێشتنی هۆکارەکە نیشانەکانی کەمخوێنی پاقلەییش لە چەند  هەفتەیەکدا دیار نامێنن، لە نیشانەکانی توشبوون بە کەمخوێنی پاقلەییش: 

  • خێرابوونی لێدانەکانی دڵ
  • هەناسەتەنگی 
  • میزێکی ڕەنگ تاریک، یان زەردێکی مەیلەو پرتەقاڵی. 
  • تا 
  • شەکەتی
  • سەرەسوڕکێ.
  • کەم ڕەنگی دەموچاو.
  • زەردووی، یان زەردبوونەوەی ڕەنگی پێست و سپێنەی چاو.

هۆکارەکانی کەمخوێنی پاقلەیی و ئەو کارتێکەرانەی ئەگەری توشبوون زیاد دەکەن

نەخۆشی کەمخوێنی پاقلەیی نەخۆشییەکی بۆماوەییە شێوازی مانەوەی توخمی بەزیوە، دەکەوێتە سەر کڕۆمۆسۆمی X، ئەم حاڵەتەش لە یەکێک لە باوانەوە یان لە هەردووکیانەوە دەگوازرێتەوە بۆ منداڵەکە، ئەو جینەشی کە دەبێتە هۆی ئەم نەخۆشییە دەکەوێتە سەر کڕۆمۆسۆمی X کە یەکێکە لە دوو توخمە کڕۆمۆسۆمەکە، لەبەر ئەوەی نێر یەک کڕۆمۆسۆمی X ی هەیە و مێ دوو کڕۆمۆسۆمی X ی هەیە بۆیە پیاوان ئەگەری توشبوونیان بە کەمخوێنی پاقلەیی زیاترە، چونکە لە مێدا پێویستە جینە تێکچووەکە لەسەر هەردوو کڕۆمۆسۆمەکە هەبێت، وە لەبەر ئەوەی ئەگەری زۆر نییە کە مێیەک هەردوو کرۆمۆسۆمەکەی ئەو جینەی لەسەر بێت کە کێشەی تێدایە بۆیە نێر زیاتر توشی کەمی G6PD ئەبێت بە بەراورد بە مێ، لە گرنگترین ئەو کارتێکەرانەی دەبنە هۆی دەرکەوتنی خوێنەهەڵوەشانە کەمخوێنی بریتین لە: 

  • هەبوونی نەخۆشییەکی میکرۆبی، وەکو توشبوون بە میکرۆب یان ڤایرۆس
  • وەرگرتنی هەندێک دەرمان کە دەبنە هۆی کاردانەوەی خراپ، کە هاوکاری خێرابوونی تێکشکانی خڕۆکە سوورەکانی خوێن دەکات، وەکوو: کوینۆلۆنەکان و کلۆرامفینیکۆڵ و پەنسیلین و سیفالۆسپۆرینەکان. 
  • خواردنی هەندێک خۆراک وەکو پاقلە، چونکە هەندێک خۆراک توانای هەیە ببێتە هۆی کاردانەوەی نەرێنی لای ئەو کەسانەی کێشەی کەمی G6PD یان هەیە، بەڵام مەرج نییە هەموو کەسێک کە کەمخوێنی پاقلەیی هەبێت ئەم کاردانەوانەی تێدا دەربکەوێت. 

دەستنیشانکردنی کەمخوێنی پاقلەیی 

پزیشک دەتوانێت دەستنیشانی کەمخوێنی پاقلەیی بکات بە ئەنجامدانی پشنینی خوێنێکی سادە بۆ زانینی ئاستی ئەنزیمی G6PD، ئەو پشکنینە دەستنیشانکارانەی تر کە دەکرێت ئەنجامی بدات خۆیان دەبیننەوە لە: پێوانەی کۆی خانەکانی خوێن، پشنینی هیمۆگڵۆبین لە خوێندا، ژمارەی تۆڕەخانەکان، هەموو ئەم پشکنینانە زانیاری دەبەخشن دەربارەی خڕۆکە سوورەکانی خوێن لە لەشدا بۆ یارمەتیدانی دەستنیشانکردنی خوێنەهەڵوەشانە کەمخوێنی، وە گرنگە پزیشکەکە ڕژێمی خۆراکی نەخۆش و ئەو دەرمانانە بزانێت کە نەخۆش وەریدەگرێت بۆ ئاسانکاری کردەی دەستنیشانکردن.

چارەسەری کەمخوێنی پاقلەیی 

چارەسەری کەمخوێنی پاقلەیی لەڕێگەی چارەسەری هۆکاری نیشانەکانەوە دەبێت، ئەگەر هۆکارەکە میکرۆب بێت ئەوە وەکو میکرۆبە سەرەکییەکان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، هەروەها پێویستە ئەو دەرمانانە بوەستێنرێت کە دەبنە هۆی تێکشکانی خڕۆکە سوورەکان، لەم حاڵەتانەشدا چارەسەرەکە تەنها بریتی دەبێت لە چارەسەری هۆکارەکان، هەروەها تەنها بەوەی کە کەمی ئەزیمی G6PD گەشە بکات و بگاتە حاڵەتی خوێنەهەڵوەشانە کەمخوێنی ڕەنگە پێویستی بە چارەسەرێکی بەهێزتر بێت و لەو چارەسەرانەش بە نموونە ئۆکسجین و گواستنەوەی خوێن بۆ نوێکردنەوەی ئۆکسجین و زیادکردنی ئاستی خڕۆکە سوورەکان لە خوێندا، نەخۆشەکە لەکاتی وەرگرتنی چارەسەرەکان لە نەخۆشخانە دەمێنێتەوە، چونکە چاودێری کردنی ورد بۆ  خوێنەهەڵوەشانە کەمخوێنی زۆر کردارێکی زۆر گرنگە بۆ گرەنتی چاکبوونەوەی تەواو بەبێ لێکەوتەی خراپ، هەروەها ڕێنمایی دەدرێت بەخواردنی ترشی فۆلیک بە بڕی ١ ملگم/ڕۆژ، کە ڕەنگە ڕێگر بێت لە زیاتر لەدەستچوونی خوێن بەهۆی کەمی ترشی فۆلیکەوە لەم نەخۆشانەدا.

لێکەوتە خراپەکانی کەمخوێنی پاقلەیی

وەکو ئەوەی باسکرا، نیشانەکانی خوێنەهەڵوەشانە کەمخوێنی بریتین لە هەناسەتەنگی و خێرابوونی لێدانەکانی دڵ و پێستی بێڕەنگ و میزی تاریک، بە تێپەڕبوونی کاتیش ڕەنگە توشبووانی کەمخوێنی پاقلەیی بناڵێنن بەدەست گەورەبوونی سپڵ و زەردوویی و برینی پێستەوە ئەگەر جێ بهێڵرێت بەبێ چارەسەر و بە بەردەوامبوونی بەرکەوتن بە هاندەرەکانی نەخۆشییەکە، هەروەها دەکرێت کەمخوێنی کاریگەری هەبێت لەسەر دڵ و لولەکانی خوێن بەهۆی کەمبوونەوەی ژمارەی خرۆکە سوورەکانی خوێن.

خۆپارێزی لە کەمخوێنی پاقلەیی 

خۆشبەختانە زۆربەی ئەوانەی کێشەی کەمی ئینزیمی G6PD یان هەیە هیچ کێشەیەکی ڕۆژانەیان بۆ دروست نابێ، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک دەرمان و خۆراک هەن کە تێکشکاندنی خڕۆکە سوورەکانی خوێن زیاتر دەکەن، لە بڵاوترین ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی کەمخوێنی پاقلەیی بریتین لە:

  • دژە زیندەییەکان: پێویستە دوور بکەونەوە لە دژە زیندەییەکان وەکوو ئەوانەی کە ماددەی سەلفا لەخۆدەگرن وەکو سەلفامیسوکسازۆڵ.
  • میسۆپریم: پێویستە خۆیان بەدوور بگرن لە ئەو دژە زیندەییانەی لە خێرانی کوینۆلۆنن، لە بڵاوترینیان سیپرۆفلۆکساسین و لیڤۆفلۆکساسین ئەو دژە زیندەییانەی تریش کە دەبێت خۆیانی لێ بەدوور بگرن بریتین لە depsoneg nitrofurantion، خۆشبەختانە دژە زیندەییەکی زۆر هەن کە دەکرێت بەشێوەیەکی سەلامەت بەکاربهێنرێن بۆ ئەو کەسانەی کێشەی کەمی ئینزیمی G6PD یان هەیە. 
  • دەرمانەکانی چارەسەری مەلاریا وەکوو primaquine: ئەوویش دەرمانێکە بەکاردێت بۆ چارەسەر و خۆپارێزی لە مەلاریا، کە دەکرێت ببێتە هۆی کێشەی وەکو خوێنەهەڵوەشان لەو کەسانەی کەمی ئینزیمی G6PD یان هەیە، بۆیە پێویستە تاقی بکرێنەوە لەسەر کەسەکان پێش پێدانیان.
  • هەندێک دەرمان کە لە چارەسەری شێرپەنجە بەکاردێن: وەکوو doxorubicing Rasburicase. 
  • ئەسپرین: کە وەکو ئازارشکێن و  دژە هەوکردن بەکاردەهێنرێت، بەڵام دەرمانی جێگرەوەی زۆرە. 
  • خەنە: چەند لێکۆڵینەوەیەک هەیە کە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە دەکرێت خەنە ببێتە هۆی کێشەی خوێنەهەڵوەشان لەو کەسانەی کێشەی کەمخوێنی پاقلەییان هەیە، وا دیارە کە منداڵانی تازە لەدایک بوو کە تەمەنیان لە ٢ مانگ کەمترە ئەگەری ڕوودانی ئەم کارلێکە تیایاندا زیاترە. 
  • پەقلەمەنییەکان: پەقلەمەنییەکان بەتایبەتیش خودی پاقلە کەمی ئینزیمی G6PD بە کەمخوێنی پاقلەیی ناسراوە، ئەویش بەهۆی ئەوەی خواردنی پاقلە یان بۆنکردنی گوڵەکانی ڕەنگە ببێتە هۆی ڕوودانی خوێنەهەڵوەشان لەو نەخۆشانەی بەهۆی کەمییەوە دەناڵێنن، هەندێک ڕێنمایی دەدەن بە دوورکەوتنەوە لە هەموو پاقلەمەنییەکان وەکوو: پۆلکە و نیسک و پاقلەی سودانی. 


سەرچاوەکان



607 بینین