زەیتی ئاڤۆکادۆ

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-08-11-22:05:00 - کۆدی بابەت: 6259
زەیتی ئاڤۆکادۆ

ناوه‌ڕۆك

زەیتی ئاڤۆکادۆ چییە؟

زەیتی ئاڤۆکادۆ لە کرۆکی ڕووەکی ئاڤۆکادۆ دروست دەکرێت، زەیتێکی ڕەنگ زەردە ئەگەر پوختەکرابێت و سەوزێکی تۆخە ئەگەر پوختەنەکرابێت، بۆنێکی شیرین و پێکهاتەیەکی سووک و تەنکی هەیە، جۆرە پوختەنەکراوەکەی بۆنێکی خۆشی هەیە، بەڵام جۆری پوختەکراو بۆنێکی زۆر کەمی هەیە، زەیتێکە کە بۆ خواردن و لێنانی چێشت بەکاردێت، خاڵی دووکەڵکردنی بەرزە، خاڵی دووکەڵکردن بریتییە لەو خاڵەی کە تێیدا ڕۆن دەستدەکات بە سووتان و بۆنێکی ناخۆش دروست دەكات، ئەگەر ڕۆنێک گەرمکرا تاکوو لە خاڵی دووکەڵکردن تێپەڕدەبێت ئەوکات زۆربەی پێکهاتەکانی ناوی ڕەوشتیان لە دەست دەدەن، هەروەها زەیتی ئاڤۆکادۆ بۆ چەورکردن و بابەتی جوانکاری خانمان بەکاردێت.

مێژووی دۆزینەوەی زەیتی ئاڤۆکادۆ

ئاڤۆکادۆ هەزاران ساڵ لەلایەن مرۆڤەوە بۆ مەبەستی خواردن بەکارهاتووە، بەڵام زەیتی ئاڤۆکادۆ تا ڕادەیەک بەرهەمێکی نوێیە، بۆ یەکەمجار بیرۆکەی دەرهێنانی زەیتی ئاڤۆکادۆ لە ساڵی ١٩١٨ لە وڵاتی بەریتانیا سەری هەڵدا، بەڵام هیچ تۆمارێک ئاماژە بەوە نادات کە زەیتی ئاڤۆکادۆ لەم ساڵەدا بەرهەم هێنرابێت، لە ساڵی ١٩٣٤ لە ویلایەتی کالیفۆرنیا دەرهێنانی زەیتی ئاڤۆکادۆ سەری هەڵدا، ڕێگا و شێوازی دەرهێنانی زەیتی ئاڤۆکادۆ سەلمێنرا کە بریتی بوو لە وشککردنەوەی کرۆکی ئاڤۆکادۆ و گوشینی بۆ دەرهێنانی زەیتەکەی، ئەمەش پڕۆسەیەکی قورس بوو هەروەها ڕێژەی پێویستی زەیتی لێ بەرهەم نەدەهات، لە ساڵی ١٩٤٢ پیشەسازی زەیتی ئاڤۆکادۆ دامەزرا بە دۆزینەوەی پڕۆسەیەکی نوێی دەرهێنانی زەیت بە بەکارھێنانی توێنەر کە ئەم ڕێگایە بوو بە هۆی زیادبوونی بەرهەمی دەستکەوتوو، بەڵام لەهەمان کاتتدا پێویستی بە پوختەکردنی زۆر و پلەی گەرمییەکی زۆربوو کە ئەمەش دەبوو بە هۆی ئەوەی زەیتەکە هەندێک لە پێکهاتە سوودبەخشەکانی لە دەست بدات، لە ساڵی ١٩٩٠ دەرهێنانی زەیتی ئاڤۆکادۆ بوو بە پیشەسازییەکی باو لە نیوزلەندا، بەرهەمهێنانی زەیتی ئاڤۆکادۆ بە بەکارهێنانی توێنەری کیمیایی ئێستاش ڕێگایەکی باوە بە تایبەت بۆ ئەو زەیتانەی کە بۆ دروستکردنی کرێمی ڕووخسار، بەرهەمەکانی تایبەت بە قژ و بابەتەکانی تری جوانکاری بەکاردێت، ئەم زەیتە خاوێنە زۆر پوختەکراوە بۆ خواردن و لێنانی چێشت گونجاو نییە.

جۆرەکانی زەیتی ئاڤۆکادۆ

زەیت بە شێوەیەکی گشتی و زەیتی ئاڤۆکادۆ بە تایبەتی بەم پێناسانە دەناسێنرێت (پوختەنەکراو (unrefined)، پوختەکراو (refined)، ماددەی خاو (raw)، ڕەسەن (virgin)، پەستێنراوی سارد (cold pressed)).

پەستێنراوی سارد و پەستاوتنی دەرکەر (cold pressed vs.  expeller pressing)

بە شێوەیەکی بنچینەیی دووجۆری پەستاوتن هەیە، سارد و دەرکەر، لە پەستاوتنی دەرکەردا کرۆکی ئاڤۆکادۆ دەگوشرێت بە پەستان خستنەسەری و ڕۆنەکەی ڕاستەوخۆ دەردەهێنرێت بەبێ زیادکردنی گەرمی یاخود ماددەی کیمیایی، بەڵام بە هۆی لێکخشاندنەوە زەیتەکە خۆی گەرم دەبێت، لە پەستێنراوی سارددا ئەو پلە گەرمییەی کە بە هۆی لێکخشاندنەوە دروست دەبێت کۆنترۆڵ دەکرێت و لە ١٢٠ پلەی فەهرەنایت تێناپەڕێت، پەستێنراوی سارد بە مانای ئەوە دێت کە بە نزیکەیی هەموو تام، ڕەنگ و پێکهاتەکانی ناو ئاڤۆکادۆ وەک خۆی دەمێنێتەوە بۆیە بە باشترین پڕۆسەی بەرهەمهێنانی زەیت دادەنرێت.

ڕەسەن و تەواو ڕەسەن (Virgin vs. Extra Virgin)

جیاوازی لە نێوان زەیتی ڕەسەن و تەواو ڕەسەن بە تەواوی ڕوونە چونکە، زەیتی تەواو ڕەسەن بە یەکەم پەستان خستنەسەر سەرچاوەی زەیتەکە بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام زەیتی ڕەسەن بە پەستان خستنەسەر سەرچاوەی زەیتەکە بەرهەم دەهێنرێت، هەردوو جۆرەکە هیچ ماددەیەکی کیمیاییی و گەرمییەکیان بۆ زیاد ناکرێت.

پوختەکراو و پوختەنەکراو (Unrefined vs. Refined Oils) 

زەیتی پوختەکراو بەو زەیتانە دەوترێت کە دوای دەرهێنانیان پاککراونەتەوە لە ڕەنگ و بۆنی سروشتییان، بۆیە ئەو زەیتانەی بەم شێوەیە بەرهەم دەهێنرێن بەشێکی گرنگ لە تام و بۆنەکەیان لە دەست دەدەن، چونکە ماددەی کیمیاییان تێدەکرێت لە کاتی پوختەکردن و دوای پوختەکردن دەبێت ئەو ماددە کیمیاییانەیان لێ دەربهێنرێت کەواتە لەگەڵ ماددە کیمییایەکاندا هەندێک لە پێکهاتە باشەکانی ناو زەیتەکە، تام، بۆن و ڕەنگیش دەردێن، هەندێک جاریش دوای پوختەکردن کەمێک تام و بۆنیان تێدەکرێتەوە، لەبەر ئەوەی زەیتێک پوختەکراوە مانای خراپی زەیتەکە ناگەیەنێت، بەڵام وای لێناکات کە باشتریش بێت لە پێش پوختەکردنی، بۆ نموونە هەندێک کەس حەزیان لە تام و بۆنی ئاڤۆکادۆ نییە کەواتە زەیتی پوختەکراو باشترین هەڵبژاردەیە بۆ ئەوان بۆ زەڵاتە و چێشت لێنان، چونکە تامێکی کەمی ئاڤۆکادۆی هەیە و کەمێک لە پێکهاتە باشەکانی ناوی وەک خۆیان ماونەتەوە، لە نوێترین داهێناندا زەیتی ئاڤۆکادۆ بە شێوەیەکی سروشتی پوختەدەکرێت و ماددەی کیمیایی بۆ زیاد ناکرێت، لە ئەنجامی ئەم پڕۆسەیەوە زەیتێکی جێگیر و خۆڕاگر بەرامبەر پلەی گەرمی بەرز بەرهەم دێت، کە ئەم زەیتە چەندین جار باشترە لەو زەیتەی کە لە کاتی پوختەکردندا ماددەی کیمیایی تێدەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوندەی زەیتی پوختەنەکراو باش و بە سوود نییە، زەیتی پوختەنەکراو ڕاستەوخۆش لە سەرچاوەی زەیتەکەوە بەرهەم دەهێنرێت بە بێ زیادکردنی هیچ گەرمی و ماددەیەکی کیمیایی، بە تەواوی تام و بۆن و ڕەنگی ئاڤۆکادۆ دەدات، هەموو پێکهاتەکانی ناوی وەک خۆیان دەمێننەوە، هەندێک جار بە شێوەی میکانیکی دەپاڵێورێت بۆ لابردنی پێکهاتەی زیادە تێیدا.

سوودەکانی زەیتی ئاڤۆکادۆ

- دەوڵەمەندە بە ترشی ئۆلیک،٧٠٪ زەیتی ئاڤۆکادۆ پێکدێت لە ترشی ئۆلیک، ئەم جۆرە چەورییە بۆ تەندروستی دڵ بەسوودە و چەورییەکی زۆر سودبەخشە، هەروەها دەوڵەمەندە بە چەوری ناتێر، کۆلیسترۆڵ و چەوری زیان بەخش کەم دەکاتەوە، بەسوودە بۆ تەندروستی و مەترسی نەخۆشییەکانی دڵ و مێشک کەم دەکاتەوە.

- تەندروستی پێست دەپارێزێت و یارمەتی زوو چاک بوونەوەی برین دەدات، سەرچاوەیەکی باشە بۆ ڤیتامین A و ڤیتامین E کە گرنگن بۆ تەندروستی پێست، باشترە کە زەیتی ئاڤۆکادۆ ڕاستەوخۆ نەدرێت لە برینی نوێ، بەڵکوو باشترە بەرهەمێکی باوەڕ پێکراو بەکاربێت کە زەیتی ئاڤۆکادۆی تێدابێت.

- پڕە لە دژەئۆکسانەکان، دژەئۆکسان یارمەتی پاراستنی لەش دەدات دژی تێکشکانی خانەکان بەهۆی تەنۆلکەی سەربەستەوە، تەنۆلکەی سەربەست بەو تەنۆلکانە دەوترێت کە ئۆکسجینی تێدایە بە ژمارەی تاکی ئەلیکترۆن، ژمارەی تاکی ئەلیکترۆن وا لە ئۆکسجین دەکات بە ئاسانی کارلێک بکات لەگەڵ گەردەکانی تردا، تەنۆلکەی سەربەست دەبێتە هۆی ڕوودانی چەند کارلکێکی کیمیاییی لە لەشدا و ئەم کارلێکانە ئەگەری هەیە سوودبەخش یاخود زیانبەخش بن.


سەرچاوەکان



713 بینین