ناوهڕۆك
ناساندن و قۆناغەکانی ژیانی
یەکێکە لە گرنگترین شاعیرەکانی فەڵەستین و عەرەب و هەموو جیهان، ناوی پەیوەستە بە شۆڕش و نیشتمان و وڵات، شاعیرێکی شۆڕشگێڕ بووە، لەو شاعیرانەیە کە نوێگەری زۆری لە شیعری عەرەبی کردووە و بەرەوپێشی بردووە.
مەحموود دەروێش لە ساڵی 1941 لە گوندی بەروە لە فەڵەستین لەدایکبووە، سەرەتای ژیانی هەر کۆچکردن و ئاوارەیی بووە لەگەڵ خێزانەکەی لە ساڵی 1947 بەهۆی تۆپباران و جەنگی ئیسڕائیلەوە بەرەو باشوری لوبنان کۆچیان کردووە، پاشان دوای دوو ساڵ خێزانەکەی بە نهێنی گەڕاونەتەوە بۆ لادێکەیان بەڵام خاپوور کراوە و ناچار ئاوارەی ناوچەی دێر ئەسەد بوونە، لەو ناوچەیە ڕووبەڕووی کێشەی یاسایی و نەبوونی ڕەگەزنامە بونەتەوە لە لایەن ئیسرائیلەوە بە ئاوارەی نایاسایی دەناسران.
خوێندن و فێربوونی
مەحموود دەروێش لە خوێندنگە زیرەك و بەتوانا بووە هەر لە سەردەمی لاوی خولیای ئەدەب و خوێندنەوە بووە، حەزی لە وێنەکێشان بووە، بەڵام بەهۆی هەژاری و دەستنەکەوتنی پێداویستییەکانی وێنەکێشان دەستی لە وێنەکێشان هەڵگرتووە و خووی داوەتە شیعر نووسین، خوێندنی ئامادەیی لە "حێفا" تەواو کرد، و نەیتوانی بەردەوامی بە خوێندنی زانکۆ بدات، بۆیە لە دوای تەواوکردنی خوێندنی دواناوەندی بووە ئەندامی حیزبی شوعی ئیسڕائیلی، وەکوو وەرگێڕ و نووسەر لە ڕۆژنامەکەیان ڕۆژنامەی "ئیتیحاد" دەستبەکار بوو، هەروەها لە گۆڤاری "ئەلجەدید" کە سەر بە هەمان حیزب بوو بە هەمان شێوە وەکوو سەرنووسەرکاری دەکرد.
بەهۆی ئەوەی دژایەتی و بەرهەڵستی ئیسڕائیلی کردووە چەندان جار ڕاپێچی زیندان کراوە لە نێوان ساڵانی 1961 بۆ 1969، هەتاکوو ساڵی 1970 ناچارکراوە بۆ ماوەی دە ساڵ لە شاری حێفا لەژێر چاودێری بێت و بە زۆرەملێ لەوێ ژیاوە.
لە ساڵی 1970 بۆ تەواوکردنی خوێندن چووەتە شاری مۆسکۆ لە وڵاتی ڕووسیا نیشتەجێ بووە، پاشان بۆ چەندان وڵاتی ئەوروپی و عەرەبی کۆچی کردووە و چەندین پلە و پۆستی وەرگرتووە.
بەرهەمە شیعرییەکانی
بەرهەمە شیعرییەکانی زۆر ناسراون و تایبەتمەندی خۆیان هەیە، خۆێنەر و هەوادارانی شیعر زۆر گرنگی پێدەدەن.
دیوانی شیعر
باڵندە بێ باڵەکان، گەڵای زەیتوون، عاشقێک لە فەڵەستینەوە، کۆتایی شەو، ڕۆژانەی ئازاری فەڵەستینیەك، خۆشەویستەکەم لەخەو ڕادێت، بارانێکی نەرم لە پاییزێکی دوور، خۆشم دەوێیت و خۆشم ناوێت، هەوڵدانی ژمارە 7، داوای لێبوردن مەکە لە سەر ئەوەی کە کردت، شوێنەواری پەپوولە، نامەوێت ئەم شیعرە کۆتایی بێت، چەندان بەرهەمی تر.
بەرهەمی نوسین و پەخشان
شتێك سەبارەت بە نیشتمان، ڕۆژانەی خەمێکی ئاسایی، یادەوەری لەبیرکردن، دوودڵی، شوێنەواری پەپوولە و چەندانی تر.
شێوازی نوسین و تایبەتمەندی بەرهەمەکانی
مەحموود دەروێش لە نوسینەکانی هەمیشە لێکچوواندن و وشەسازیی بەکارهێناوە، نوێگەری کردووە لە شیعری عەرەبیدا، شیعرەکانی مۆرکی نیشتمان پەروەری و شۆڕشی پێوە دیارە، هەروەها زۆر بەقوڵی نوسیویەتی و واتای شیعرەکانی قوڵن.
باری سۆزداری
هەمیشە شیعرە ڕۆمانسی و سۆزدارییەکانی مەحموود دەروێش کچێک بە ناوی ڕیتا ڕۆڵی سەرەکی هەبووە، ڕیتا یاخود ناوی ڕاستەقینەی تەمارە کچێکی سەماکەری جولەکەی ئیسڕائیلی بووە لەدایکبووی 1943 شاری حێفا، لە ئاهەنگێکدا بە ڕێکەوت ئاشنا بووە لەگەڵ مەحموود دەروێش، چیرۆک و پەیوەندی خۆشەویستیان بە نهێنی دەستیپێکردووە، لە ساڵی 1967 بەهۆی جەنگی عەرەب و ئیسڕائیل کۆتایی بە خۆشەویستی نێوانیان هاتووە، ڕیتا وەکوو شۆڕشگێڕێکی جولەکە دژی هاوڵاتیانی فەڵەستین شەڕی کردووە، ئەم بارودۆخە زۆر قورس بووە بۆ مەحموود دەروێش بۆیە بڕیاری جیابوونەوەی داوە.
لە ساڵی 1995 شاعیری گەورەی فەڵەستینی مەحموود دەروێش بۆ یەکەم جار دانی بەوەدا نا لە سەرەتای لاویدا پەیوەندیی خۆشەویستی لەگەڵ کچێکی جولەکە هەبووە بە ناوی ڕیتـا، بەبێ ئەوەی باسی کەسایەتی ڕاستەقینەی ئەم کچە بکات.
کۆچی دوایی
لە ساڵؽ 2008 لە ئەمریکا کۆچی دوایی کرد، دواتر لە کۆشکی ڕۆشنبیری لە (ڕامەڵا) لە فەڵەستین نێژراوە، هۆکاری مردنەکەی لەپاش کردنی نەشتەرگەری دڵ بە ئاگا نەهاتەوە و چووە حاڵەتی کۆماوە، و خۆیشی وەسێتی کردبوو کە ئامێرەکانی لەسەر لابەن ئەگەر بە ئاگا نەهاتەوە.