ڕێنمایی وەرگرتنی خوێندکاران لە زانکۆکانی هەرێم

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-08-17-20:21:00 - کۆدی بابەت: 6327
ڕێنمایی وەرگرتنی خوێندکاران لە زانکۆکانی هەرێم

ناوه‌ڕۆك

ڕێنمایی وەرگرتنی خوێندکاران لە زانکۆکانی هەرێم

هەموو ساڵێك کێشەی پڕکردنەوەی فۆڕمی زانکۆ و پەیمانگاکان قوتابیانی تازە دەرچووی پۆلی دوانزە تووشی دوو دڵی و دڵەڕاوکێ و ترسێکی زۆر ئەکات، ناچار خوێندکاری تازە دەرچوو پەنا ئەباتە بەر کەسێکی تر کە لە جێی ئەو بڕیار بدات و داهاتووی دیاری بکات و فۆڕمەکەی بۆ پڕ بکاتەوە، گوومان لەوەدا نییە پێویستە پرس و ڕا بە کەسی ئەزمووندار و شارەزا بکەیت لەو بوارەدا بەڵام دواجار بڕیاری سەرەکی دەبێت بەدەستی خۆت بێت و ڕاستە کۆنمرەی وانەکانت بەش و پسپۆڕییەکەت دیاری ئەکات، بەڵام پێویستە حەز و خولیای خۆشت ڕەچاو بکەیت بۆ هەڵبژاردنی داهاتووت، پێش ئەوەی بڕیاری هەر کۆلێژ و بەشێك بدەیت پێویستە خوێندنەوەی تەواو بۆ ئەو بەشە بکەیت کە دەتەوێت، زۆر بە وردی و ئاگاییەوە فۆڕم پڕبکەیتەوە تا دووچاری هەڵە و پەشیمانی نەبیت. 

سیستەمی وەرگرتنی قوتابیان لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان 

سیستەمی زانکۆلاین

سیستمێکە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دایناوە بۆ پێشکەشکردنی فۆڕمی وەرگرتنی زانکۆ و پەیمانگاکان لەو ڕێگەیەوە، لە زانکۆلاین خوێندکار لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە داواکاری پێشکەش دەکات بۆ ئەو زانکۆیانەی کە خوێندکاران بە سیستمى زانکۆلاین وەردەگرن وەکوو بەشە پزیشکییەکان، پاشان کۆدی زانکۆلاین وەردەگرن کە بریتییە لە ناو و کۆدی تایبەت بە خوێندکارەکە و هەر خوێندکارێك کۆدی تایبەت بە خۆی دەبێت و لە کاتی کاراکردنی زانکۆلاین لە ڕێگای ناو کۆدەکەت بە پێی نمرەکەت داواکاری بۆ وەرگرتن پێشکەش دەکەیت. 

سیستەمی کریدت (وحدات) 

ئەم سیستمە ئۆنلاینە و چەند ساڵێکە لە هەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکرێت، بە هەمان شێوە دەبێت خوێندکار داواکاری وەرگرتن پێشکەش بکات بە شێوەی ئەلیکترۆنی دەبێتە خاوەن ناو و کۆدی تایبەت بە خۆی لە ڕێگەی بەکارهێنانیان داواکاری پێشکەش دەکات بۆ ئەو سیستەمە.

لە سیستمى کریدت 70% کۆنمرەکانی لەسەر کۆنمرەی وانەکانی پۆلی دوانزەیە، 30% لەسەر وانە پەیوەندیدارەکان بەو بەشەی هەڵتبژاردووە بە شێوەیەکی خۆکار دێتەوە. 

ڕاستەوخۆ (مباشر) 

ڕاستەوخۆ لە زانکۆ فۆڕم پڕدەکرێتەوە 70% نمرەی وەرگرتن لەسەر کۆنمرەی وانەکانی بەگشتی و 30% نمرەی وەرگرتن تاقیکردنەوەیە لەسەر ئەو بەشە پێش وەرگیران لێی. 

پاڕالێل

پێشکەش کردن بۆ پارالێل بە شێوازی ئەلیکترۆنی دەبێت، لە هەمان لاپەڕەی پێشکەش کردنی (زانکۆلاین، پارالێل).

کۆنمرە پێشبڕکێ بەم شێوەیە دەبێت:

- لە کۆلێژەکانی پزیشکی، پزیشکی ددان، دەرمانسازی ڕەچاوی 30 نمرە کەمتر لە کۆنمرەی وەرگیراو لەو ساڵەی خوێندندا دەکرێت.

- لە کۆلێژەکانی ئەندازیاری و یاسا ڕەچاوی 35 نمرە کەمتر لە کۆنمرەی وەرگیراو لەو ساڵە خوێندندا دەکرێت.

- بۆ کۆلێژەکانى زانستە تەندروستییەکان و هەر بوارێکی تر ڕەچاوی 45 نمرە کەمتر لە کۆنمرەی وەرگیراو لەو ساڵە خوێندندا دەکرێت.

- کرێی خوێندنی پارالێل لە لایەن ئەنجوومەنی زانکۆوە دەستنیشان دەکرێت بە پێی تێچووی بەشەکە و پێداویستییەکانى لە لایەن وەزارەتەوە پەسند دەکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش زانکۆکان دەبێت کرێى خوێندن لە هەر بەش و کۆلێژێک رەوانە وەزارەت بکەن.

- بە مەبەستى هاندانى خوێندن ئەگەر خوێندکار کە بە سیستمى پارالێل وەرگیراوە لە هەر ساڵێک یەکەم بوو لە سەر هەموو خوێندکارانى بەشەکە ئەوا لە 75 % کرێى خوێندن دەبوردرێوت و ئەگەر دووەم بوو لە 50 % و ئەگەر سێیەم بوو لە 25% کرێى خوێندن دەبوردرێت. 

ئێواران

خوێندنی ئێواران بەشە زانستییەکانی کۆلێژەکانی زانکۆ حکومییەکان و کۆلێژی یاسا ناگرێتەوە، تەنها بەشە مرۆڤایەتییەکان خوێندکار وەردەگرن، بەڵام پەیمانگا حکومییەکان مافی پێشکەش کردنی بۆ هەردوو بەشی زانستی و بەشە مرۆڤایەتییەکان هەیە، پێشکەش کردن بۆ پارالێل بە شێوازی ئەلیکترۆنی دەبێت، لە هەمان لاپەڕەی پێشکەش کردنی (زانکۆلاین، پارالێل).

- ئەو خوێندکارە کە دەرناچێت لە خوێندنى ئێواران ئەوا بە میوانداری دەچێتە خوێندنى بەیانیان بە سیستمى پارالێل بە تەواو کرێی خوێندنى پارالێل بڕوانامەکە بە ئێواران دەبێت.

- گواستنەوە بۆ وەرگیراوان لە خوێندنى ئێواران بۆ بەشى هاوشێوە بەیانیان ناکرێت لە بەر جیوازی کۆنمرە.

- بە مەبەستى هاندانى خوێندن ئەگەر خوێندکار کە بە سیستمى ئێواران وەرگیراوە لە هەر ساڵێک یەکەم بوو لە سەر هەموو خوێندکارانى بەشەکە ئەوا لە 75 % کرێى خوێندن دەبوردرێوت و ئەگەر دووەم بوو لە 50 % و ئەگەر سێیەم بوو لە 25% کرێى خوێندن دەبوردرێت. 


سەرچاوەکان



3310 بینین