چێژ وەرگرتن لە بوون بە دایک

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-09-07-14:04:00 - کۆدی بابەت: 6527
چێژ وەرگرتن لە بوون بە دایک

ناوه‌ڕۆك

چێژ وەرگرتن لە بوون بە دایک

باشترین چێژی ژیان بۆ خانمێک بریتییە لە بوون بە دایک، بە بوون بە دایک خانمەک لە هەموو ڕوویەکەوە دەگۆڕێت و ئەزموونێکی نوێ تاقی دەکاتەوە و چێژی لێ دەبینێت.

بەم چەند ڕێنماییە چێژ وەربگرە لە بوونت بە دایک

سەیرکردن

هەندێک کات واباشترە هەموو کارێکت وەلاوە بنێیت و تەنها سەیری منداڵەکەت بکەیت، جووڵەکانی و پێکەنین و گریان و قسەکانی، بەم شێوەیە چێژێکی زۆر دەبینیت لەوەی کە تۆ بوویت بە دایکی.

نوسینەوەی قسەکان

کاتێک منداڵەکەت تازە فێری قسەکردن دەبێت دەتوانیت قسەکانی بنووسیتەوە تاکوو لەبیرت نەچێتەوە، بەمەش کاتێک دەیخوێنیتەوە دواتر چێژی تایبەتی لێ دەبینیت.

ڤیدیۆ کردن

کاتێک منداڵەکەت شتێکی نوێ و جیاواز دەکات جووڵەیەک، یاخود قسەیەک ڤیدیۆی بکە و بهێڵە بمێنێتەوە، کاتێک دادەنیشت و سەیریان دەکەیتەوە چێژی تایبەتی هەیە.

دروستکردنی خواردن

کاتی تایبەت دابنێ بۆ دروستکردنی خواردن بۆ منداڵەکەت، کاتێک بە پێی تەمەنەکەی جۆرەها خواردنی جیاوازی بۆ دروست دەکەیت چێژ وەردەگریت لەم کارەت.

پیشاندانی دڵگرانییەکان

ژیان لە پاڵ خۆشیەکاندا ناخۆشیشی تێدایە گرنگە کە منداڵەکەت لەمە تێبگات و هەندێک جاران دڵگرانی و توڕەیی تۆ ببینێت لە بەرامبەر ئەو کارە هەڵانەی کە دەیکات.

پیشاندانی خۆشحاڵییەکان

پیشاندانی دڵخۆشی خۆت بە منداڵەکەت زۆر گرنگە، باشترین دەرمانە بۆ دەروونی منداڵەکەت و هەردوولا چێژی تایبەت دەبینن لەمە، هەوڵبدە هەمیشە منداڵەکەت دڵخۆش بکەیت، بە یاری کردن لەگەڵی و خستنە سەر کارتۆن بۆی.

گرنگیدان بە خود

گرنگە هەموو خەیاڵت تەنها لای منداڵەکەت نەبێت و کات دابنێ بۆ هەموو کارەکانی ڕۆژانەت، لە پاڵ گرنگیدان بە منداڵەکەت گرنگی بە جەستەی خۆت و حەز و خولیاکانت بدە کاتێک لە هەردوولادا سەرکەوتوو دەبیت چێژ وەردەگریت لە کارەکانت.

یاری کردن

گرنگە بەردەوام یاری بکەیت لەگەڵ منداڵەکەتدا و بە جۆرێک لە یاریەکاندا ئەو بە پاڵەوان دابنێیت و بهێڵیت کە بیباتەوە.

شیردان 

شیردان جگە لە سوودە تەندروستییەکانی گرنگە بۆ خۆت و منداڵەکەت، بەوەی لە ماوەی شیرخواردندا منداڵەکەت لە باوەش دەکەیت و سەیری چاوی یەک دەکەن، و منداڵەکەت دەنگی دڵت دەبیستێت و بەمە چێژی زیاتر وەردەگرن هەردوولا و زیاتر لەیەکتری نزیک دەبنەوە، ئەو خانمانەشی کە شیری وشک دەدەن بە منداڵەکەیان گرنگە لە کاتی پێدانیدا منداڵەکەیان لە باوەش بگرن.

مەساج کردن

کاتێک منداڵەکەت دێتە باوەشت مەساجی بۆ بکە و یاری لەگەڵ جەستەیدا بکە و یاری لەگەڵدا بکە و ختووکەی بدە.

گوێ لە لێدانی دڵی بگرە

کاتێک گوێ لە لێدانی دڵی منداڵەکەت دەگریت هەستێکی زۆر ئارامبەخشت بۆ دروست دەبێت، کاتی خەوتنی منداڵەکەت گوێ لە دەنگی دڵی بگرە.

واز لە مۆبایلەکەت بهێنە

کاتێک منداڵت هەیە ناتوانیت وەک جاران مۆبایل بەکاربهێنیت و پێویستە منداڵەکەت پێش هەمووی بخەیت.

کاتێک دەخەوێت تۆش بخەوە

کاتێک منداڵەکەت دەخەوێت لەلایدا بخەوە، ئەمە چێژێکی تایبەتت پێ دەبەخشێت.


سەرچاوەکان



1283 بینین