مارک توین

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-10-27-12:44:00 - کۆدی بابەت: 7005
مارک توین

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و قۆناغەکانی ژیانی

مارک توین (بە ئینگلیزی: Mark Twain) نووسەری ئەمریکی لە ساڵی 1835 لە فلۆریدای ویلایەتی میزۆلای لەدایکبووە، لە تەمەنی 11 ساڵی باوکی بەهۆی نەخۆشی هەوکردنی سییەکانەوە کۆچی دوایی کردووە، مارک ناچار بوو کار بکات بۆ دابینکردنی بژێوی خێزانەکەی کە دووچاری هەژاری بووبوونەوە و باری داراییان لاواز ببوو هەر بەو هۆیەشەوە وازی لە خوێندن هێنا، لە پیشەی چاپکردن دەستبەکار بوو، تاکوو تەمەنی 17 ساڵی لەو بوارە کاری کردووە پاشان چووەتە شاری نیویۆرک، لەو شارە گرنگی زۆری بە ڕۆشنبیر کردنی خۆی داوە هەمیشە سەردانی کتێبخانەکانی کردووە و کاتێکی زۆری بۆ خوێندنەوەی کتێب تەرخان کردووە، لە ساڵی 1858 بە فەرمی بووەتە کەشتیوان پیشەکەی زۆر خۆشویستووە داهاتێکی باشی هەبووە، بەڵام لە پاش هەڵگیرسانی جەنگی ناوخۆی ئەمریکا لە ساڵی 1861 پیشەکەی لەدەستداوە وەکوو کرێکاری کانە غەڵووزەکان کاری کردووە، پاشان دەستیکردووە بە نووسینی وتار و بابەت بۆ ڕۆژنامەکان، بەهۆی ناخۆشی و ئازارەکانی ژیانییەوە هەمیشە دڵسۆز و بە بەزەیی بووە بەرامبەر چینی هەژاران و کرێکاران، تێڕوانینی مارک توین لەسەر ئاین و ئیمبڕیاڵی و دەسەڵات و کۆمەڵگە هەمیشە گاڵتەجارێکی و ڕەخنەگر بووە و نووسینەکانیشی هەر لەو بوارە بووە. 

ژیانی نووسینی

ـ لە ساڵی 1865 یەکەمین چیرۆکی گاڵتەجاری نووسینی بە ناوی "بۆقی بازدانی بەناوبانگ لە ناوچەی کالاڤراس" لە ڕۆژنامەی هەفتانەی نیویۆرک بڵاوکردەوە، ئەم چیرۆکە بووە بنچینە بۆ سەرکەوتنەکانی لە بواری نووسین و زۆر ناودار بوو.
ـ شێوازی نووسینی ڕەخنەگرانە و گاڵتەئامێز بووە و دژی ڕەگەزپەرستی و ئیمبڕیاڵی بووە.
ـ لە ساڵی 1876 یەکێک لە مەزنترین کارەکانی نووسیوە بە ناوی "سەرکێشییەکانی تۆم سوێر" ڕۆمانێکی ناوازەی کۆمیدییە لەبارەی سەرکێشییەکانی مێردمنداڵێکە لە ناوچەی "مسیسیبی" دەژێت، ئەم ڕۆمانەی کراوەتە فیلم کارتۆن و ناوبانگێکی زۆری پەیدا کردووە تاکوو ئێستاش ئەو ڕۆمانە لە پاش سەدە و نیوێک، هەر بە زیندوویی ماوەتەوە و نوێدەکرێتەوە.
ـ لە ساڵی 1881 ڕۆمانی "شازادە و هەژارەکان"ـی بڵاوکردەوە وەکوو یەکەم ئەزموونی لە تێکەڵکردنی خەیاڵ و مێژوو.
ـ لە ساڵی 1884 ڕۆمانی "سەرکێشییەکانی هاکلبێری فێن"ـی بڵاوکردەوە، ئەم کتێبە لەسەر ئاستی هەموو ئەمریکا ناوداری کرد.
ـ مارک توین لەبەرامبەر کتێبەکانی داهات و قازانجی زۆری بەدەستهێناوە.
ـ لە ساڵی 1907 زانکۆی بێڵ وزانکۆی ئۆکسفۆرد دکتۆرای ڕێزلێنانیان بەخشیە مارک توین. 

باری خێزانی 

مارک توین لە خۆشەویستیدا بوو لەگەڵ خوشکی خاوەن کارەکەی بە ناوی "ئۆلیڤیا لانگدۆن"، داوای هاوسەرگیری لێکردووە، بەڵام باوکی کچەکە دژی هاوسەرگیرییەکەیان بووە، پاشان لە ساڵی 1870 بڕیاری هاوسەرگیرییان داوە و بوونەتە خاوەن چوار منداڵ، لە ساڵی 1904 پاش 34 ساڵ لە هاوسەرگیرییەکەیان ئۆلیڤیا کۆچی دوایی کردووە و هەروەها دوو لە منداڵەکانی لەدەستداوە، ئەم ڕووداوانە کاریگەری زۆر لەسەر مارک توین بەجێدەهێڵن و دووچاری خەمۆکی دەبێتەوە. 

کۆچی دوایی

ساڵانی کۆتایی تەمەنی قورسترین کاتەکانی ژیانی بووە، بەهۆی لەدەستدانی هاوسەر و دوو منداڵەکەی دووچاری خەمۆکییەکی تووند ببوو، لە ساڵی 1910 لە تەمەنی 74 ساڵی بەهۆی جەڵتەی دڵ کۆچی دوایی کردووە. 


سەرچاوەکان



484 بینین