دێوی دڕکاوی

دێوی دڕکاوی

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-01-15-14:17:00 - کۆدی بابەت: 7608
دێوی دڕکاوی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

دێو یان دڕندە یاخود ئەژدیهای دڕکاوی (بە ئینگلیزی: thorny devil)، گیانەوەرێکی خێزانی خشۆکەکانە و جۆرێک مارمێلکەی دڕکاوییە، پەیوەندی و پەیوەستییەکی بەهێزی هەیە لەگەڵ مارمێلکەی شاخداری ئەمریکای باکوور، هۆکاری ناونانی بە دڕندە یاخود ئەژدیها بەهۆی شێوەیەتی کە شاخ و دڕکی لەسەر سەر و جەستەی هەیە و شێوەیەکی دڕندەی پێ بەخشیوە، نشینگەکەی لە بیابانەکاندایە و بە دیاریکراویش لە ئوستوڕالیا دەژی، ئەم گیانەوەرە یەکەمجار لە ساڵی ١٨٤١ لەلایەن زانایەکی زیندەییەوە دۆزراوەتەوە و ناسراوە، دێوی دڕکاوی تاکە ئەندامی جۆرەکەیەتی کە هێشتا ماوەتەوە، بەڵام هەندێک لە زاناکان گومانی ئەوەیان هەیە کە جۆرێکی تریشیان مابێت، جووڵە و چالاکییەکانی بە گوێرەی پلەی گەرمی دەگۆڕێت، بۆ نموونە لە دوو مانگی سەرەتای ساڵدا کە پلەی گەرمی نزمە دڕندە دڕکاوییەکان چالاکییان نییە، بەڵام دواتر دەگەڕێنەوە دۆخی ئاسایی، پاشان کاتیک پلەی گەرمی زۆر بەرزدەبێتەوە چاڵ هەڵدەکۆڵن و تێیدا دەمێننەوە بۆ پاراستنی جەستەیان لە تیشکی خۆری بەتین و پلەی گەرمای بەرز، ئەم جۆرە گیانەوەرە مەترسی و هەڕەشەی لەناوچوونی لەسەر نییە، چونکە ڕێگە و شێوازی تایبەتی هەیە بۆ خۆپاراستن، هەروەها ژمارە و نشینگەکانیشیان بە پارێزراوی ماونەتەوە، واتە تاکە هەڕەشە نەمانی سەرچاوەی خۆراکییەتی، بە تایبەتی لە ئەو جێگانەی کە مرۆڤەکان مێروولەکان لەناودەبەن و وەک مێروویەکی زیانبەخشی دەزانن، هەروەها ئەم جۆرە مارمێلکەیە لە نێو ئوستوڕالیادا پەروەردەکردنی هاوشێوەی گیانەوەرێکی ماڵی و گرنگیپێدانی قەدەغەکراوە.

شێوەی دەرەوەی

درێژییەکەی بە کلکییەوە دەگاتە ٢١ سانتیمەتر، و کێشی لە نێوان ٧٠-٩٥ گرام دەبێت، بە گشتی قەبارەی نێرینەکان گەورەترە بە بەراورد بە مێینەکان، ڕەنگی جەستەی دەگۆڕێت لە نێوان ڕەنگی سێبەرەکانی بیابانەکاندایە بۆ ڕەنگی تۆختر، واتە ڕەنگی نزیکە لە قاوەیی بیابانەوە، کە دەکرێت قاوەیی و سوور و ڕەساسی بێت،  لە کەشوهەوای گەرمدا ڕەنگیان کاڵترە بەڵام لە کەشوهەوای ساردتردا تۆخدەبێتەوە، تەواوی بەشی سەرەوەی جەستەی بە دڕکی ڕەق و توند داپۆشراوە، کە هاوکارییەتی لە خۆپاراستنی دژی گیانەوەرە دڕندەکان، دێوی دڕکاوی جووڵەیەکی هێواشی هەیە لە کاتی گەڕان بەدوای خۆراک و ئاو و هاوبەشدا، کە جووڵەیەکی ئاسایی نییە و وەستان و لەرینەوە و جووڵانی هێواشی تێدایە، بەڵام ئەم گیانەوەرە لە کاتژمێرێکدا دەتوانێت نزیکەی ٦٠ کیلۆمەتر ببڕێت.

خۆراک

دێوی دڕکاوی لە هەمان کاتدا گۆشتخۆر و ڕووەکخۆریشە، بەڵام بە شێوەیەکی سەرەکی مێروولە و مێروولەی سپی دەخوات، گیانەوەرێک نییە کە هەوڵی زۆربدات بۆ ئەوەی ڕاوی نێچیرەکانی بکات، بەڵکو تەنها دەوەستێت و چاوەڕێدەکات هەتاوەکوو مێروولەیەک تێ بپەڕێت بۆ ئەوەی بە زمانە درێژەکەیەوە بنوسێت و بیگرێت دواتر بیخوات، لە ڕۆژێکدا توانای خواردنی هەزاران مێروولەی هەیە، چالاکییەکانی بە ڕۆژدا ئەنجام دەدات، بۆ ئاو خواردنەوە سوود وەردەگرێت لە دڕکەکانی، چونکە ژمارەیەکی زۆر دڕکی هەیە و بەتەنها بەرکەوتنی دڵۆپەکانی ئاو بە هەر بەشێکی جەستەی بە تایبەت پەلەکانی دەتوانێت ئاو هەڵبمژێت، پاشان لە ڕێگەی پێستییەوە دەگوازرێتەوە بۆ دەمی، شێوازی هەڵمژینی ئاویش لە ڕێگەی  دڵۆپە شەونمەکانە یاخود لە کاتی بارانبارین، سەرەکیترین سەرچاوەی ئاویشی هەڵمژینی شێداری نێو خۆڵی بیابانەکانە، دێوی دڕکاوی دەبێت بە نێچیری گیانەوەری دیکە وەک باڵندە کێوییەکان و خشۆکە گەورەکانی وەک مار، یاخود دەکرێت لەلایەن مرۆڤەکانەوە ڕاوبکرێت، بەڵام بۆ خۆپاراستن دەتوانێت ڕەنگی بگۆڕێت و سوود لە دڕکەکانی ببینێت، یاخود سوود لە پشت ملی دەبینێت بۆ فریودانی نێچیرەکانی کە هاوشێوەی سەرێکی خەڵەتێنەرە.

یەکگرتن و زۆربوون

ژیانکردنی ئەم جۆرە گیانەوەرە بە تەنهایە، واتە لە نێو کۆمەڵەدا ناژی و تەنها لە وەرزی زۆربووندا لەگەڵ هاوبەشەکەیدا دەبێت، هەروەها شێوازی یەکگرتنی نێرینە و مێینەکەی بە باشی نەزانراوە و سنووردارە، بەڵام لە پاش یەکگرتنی نێرینە و مێینەکە، لە دوو مانگی کۆتایی ساڵدا مێینەی دێوی دڕکاوی لە نێوان ٣-١٠ هێلکە دەکات، پاشان لە قوڵایی ٣٠ سانتیمەتردا لە ژێر خۆڵدا دەیشارێتەوە، دوای نزیکەی ٣-٤ مانگ بێچووەکان لە هێلکەکان هەڵدێن و دێنە دەرەوە، بەڵام مەرج نییە هەموو بێچووەکان ڕزگارییان ببێت و بە گشتی تەنها ٦ دانەیان ڕزگاریان دەبێت، هەروەها ناوەندە ڕێژەی تەمەنی دێوی دڕکاوی لە سروشتدا دەگاتە ١٥-٢٠ ساڵ.


سەرچاوەکان

130 بینین