یارییە ئەلیکترۆنییەکان

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-02-09-20:13:00 - کۆدی بابەت: 7786
یارییە ئەلیکترۆنییەکان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا و مێژووی یارییە ئەلیکترۆنییەکان

یارییە ئەلیکترۆنییەکان (بە عەرەبی: العاب الكترونية، بە ئینگلیزی: Video Games) مێژووی یارییە ئەلیکترۆنییەکان دەگەڕێتەوە بۆ پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو، نزیکەی 70 ساڵ تێپەڕیوە بەسەر دۆزینەوەی یەکەمین یاری ڤیدیۆیی، کە لەلایەن پڕۆفیسۆرێکی ئەمریکییەوە بە ناوی "تۆماس ت.گۆلدسمێس" بە شێوازێکی سەرەتایی دروستکرا بوو، بە تێپەڕبوونی کات بواری یارییە ڤیدیۆیی و ئەلیکترۆنییەکان بەرەوپێشچوون و گەشەسەندنێکی باڵای تێدا کراوە، بە جۆرێک کە کەسانی پێگەیشتوو و منداڵان ئەم یارییانە بەکاردەهێنن بۆ بەسەربردن و پڕکردنەوەی کاتەکانیان، چێژ و خۆشییەکی لە ڕادەبەدەریان پێدەبەخشێت.
یارییە ئەلیکترۆنییەکان بریتیین لە کۆمەڵێک یاری ڤیدیۆیی ئەلیکترۆنی جۆراوجۆر کە لەسەر تابلێت و مۆبایل و کۆمپیوتەر و ئامێری هەمەجۆر بەکاردێت، یاریی ڤیدیۆییش بەشێکە لە یارییە ئەلیکترۆنییەکان.
لە ئێستادا لە نێو خەڵکیدا "پلەی ستەیشن" و "ئێکس بۆکس" زۆر باو و بڵاون، هەروەها کۆمپانیای مایکرۆسۆفت کە بەرهەمهێنەری ئامێری یاریی "ئێکس بۆکس"ـە، لەگەڵ کۆمپانیای سۆنی کە بەرهەمهێنەری ئامێری یاری "پلەی ستەیشن"ـە لە دوو هەرە کۆمپانیای ڕکابەر و ناوداری ئەم بوارەن، ساڵانە وەشانی نوێ بۆ ئامێرەکانیان دەخەنە بازاڕەکانەوە.

سوودەکانی یارییە ئەلیکترۆنییەکان

ـ هەندێک لە یارییە ئەلیکترۆنییەکان بۆ زاخاوی مێشک باشن، چونکە ڕۆڵیان هەیە لە زیادکردنی کۆبیری و سەرەنجدان، بیرکردنەوە چالاک دەکەن.
ـ بەهۆی ئەوەی بەشێک لە یارییەکان بە شێوەی ڕکابەریی و پێشبڕکێیە، بۆیە هەستی زاڵبوون و بردنەوە لە تاکدا زیاتر دەکەن.
ـ یارییە ئەلیکترۆنییەکان پەرە بە هەستی ئارامگرتن و دووبارە هەوڵدان و کۆڵنەدان دەدەن، هەروەها رووحی یارمەتی و هاریکاری بە کۆمەڵ لە تاکەکاندا زیاتر دەکەن، چونکە هەندێک لەو یارییانە بە کۆمەڵ دەکرێت.
ـ یارمەتی جووڵە و هاوڕێککردنی چەند ئەندامێکی لەش دەدات، نموونەی جووڵەی دەستەکان و چاو بەیەکەوە،  ئەم تایبەتمەندییە یارمەتیدەرە کە لە یەک کاتدا توانای ئەنجامدانی چەند کارێکت هەبێت.
ـ هەر یارییەکی ئەلیکترۆنی یاسا و ڕێسای تایبەتی خۆی هەیە و بەهیچ جۆرێک ناکرێت یاساکان تێپەڕێنرێت، ئەم تایبەتمەندییە ڕۆڵی هەیە لە جێبەجێکردن و پەیڕەوکردنی یاساکان لە جیهانی واقعدا.
ـ ژمارەیەک لە یارییە ئەلیکترۆنییەکان ڕۆڵی هەیە لە پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردنی منداڵان، بە تایبەتی ئەو یارییانەی کە پیتەکان و ژمارەکانی تێدا بەکارهێنراوە، لە ڕێگەی بەکارهێنانی سنوورداری یارییەکان، دەتوانرێت توانایی و لێهاتووییەکانی منداڵان پەرەی پێبدرێت و پڕۆسەی فێربوون و زانینی شتەکانیان بۆ ئاسانتر بکات.
ـ دەکرێت لە ڕێگەی یارییە ئەلیکترۆنییەکانەوە خوولیا و ئارەزووەکانی تاک دیاری بکرێت. 

زیانەکانی یارییە ئەلیکترۆنییەکان

ـ زۆر بەکارهێنانی لە ڕادەبەدەر و بێسنووری یارییە ئەلیکترۆنییەکان دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشەی تەندروستی، نموونەی کێشە و نەخۆشییەکانی چاو، قەڵەوی و تەمەڵی، هەروەها کەمخەوی و ماندووبوونی جەستەیی و گەشەنگبوونی ماسولکەکان لە لێکەوتەکانی ئەم دیاردەیەن.
ـ بەکارهێنانی هەڕەمەکی و تەرخان نەکردنی کاتی دیاریکراو بۆ ئەم یارییانە، دەبێتە هۆی بەفیڕۆدانی کات و ئەنجام نەدانی ئەرکەکانی ڕۆژانە. 
ـ هەندێک لە یارییە ئەلیکترۆنییەکان بە تایبەتی یارییە توندوتیژەکان، کاریگەری دەکاتە سەر دەروون و هزری کەسەکان و بە دیاریکراوی منداڵان، هەندێک کات منداڵان لە ژیانی ڕاستەقینەدا هەوڵی دووبارە ئەنجامدانەوەی ئەو شتانە دەدەن کە بینیویانە و لە یارییەکان ئەنجامیان داوە شەڕانگێز دەبن.
ـ ئەو کەسانەی کە زۆر یارییە ئەلیکترۆنییەکان دەکەن، لە خێزان و کۆمەڵگا و دادەبڕێن، زۆربەی کات گۆشەگیرن و تێکەڵ نابن.
ـ هەندێک لە یارییەکان بەهۆی جیاوازی کولتوور و دابوونەریتەکان، چەندین بنەما و بیروباوەڕی هەڵە لەنێو گەنجان و هەرزەکاران بڵاودەکەنەوە. 

هۆکاری ئالوودەبوون و زۆر بەکارهێنانی یارییە ئەلیکترۆنییەکان

ـ هەڵهاتن لە ڕووبەڕووبوونەوە و چارەسەرکردنی کێشە و ڕاڕایی و نیگەرانییەکانی ژیان، لە گرنگترین هۆکارەکانی زۆر بەکارهێنانی یارییە ئەلیکترۆنییەکانن.

ـ بوونی بۆشایی سۆزداری و ماددی، زۆرێک لە کەسەکان هەوڵ دەدەن بۆشاییەکانی ناخیان لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئەو یارییانەوە پڕ بکەنەوە.

ـ بوونی هەستی هێز و زاڵبوون، چێژ بینین لە بردنەوە و سەرکەوتن لەو یارییانە، یارمەتیدەرە کە کەسەکان بە زۆری بەکاریان بهێنن، بە تایبەت ئەوانەی کە لە ژیانی ڕاستیدا کەسایەتییەکی لاوازیان هەیە یاخود دووچاری شکست بوونە، ئەو یارییانە چێژ و هەستێکی تایبەتیان پێدەبەخشێت و شکستەکەیان بۆ ماوەیەکی کاتی بیردەچێتەوە.

ـ یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانی ئالوودەبوونی یاری ئەلیکترۆنی بریتییە لە شکست و لێکدابڕانی خێزانەکان لە دروستکردنی پەیوەندی ئەرێنی و کاریگەر لەگەڵ منداڵەکانیان. 

چارەسەری زۆر بەکارهێنانی یارییە ئەلیکترۆنییەکان

ـ  دیاریکردن و سنووردارکردنی کاتەکانی ڕۆژ بۆ بەکارهێنانی یارییەکان.
ـ پڕکردنەوەی کاتەکانی ڕۆژ بە چالاکی هەمەجۆری ترەوە نموونەی وەرزش کردن و خوێندنەوە و چوونە دەرەوە لەگەڵ هاوڕێ و خێزان.
ـ کەم کردنەوەی ماوەی بەکارهێنان پلە بە پلە و هۆشیارکردن و ڕۆشنبیر کردنی خود لە بارەی ئەم کێشەیەوە، چونکە کاتی پێویستی دەوێت تاکوو لە ئالوودەبون ڕزگارت دەبێت.
ـ چاودێری کردنی منداڵان و هەرزەکاران، گفتوگۆکردن و تاوتوێکردنی کێشەی بەکارهێنانی یارییەکان، بەبێ توڕەبوون و بەکارهێنانی توندوتیژی.
ـ تابلێت و ئامێری یاری ئەلیکترۆنی بۆ منداڵی خوار تەمەن شەش ساڵ مەکڕن.
ـ ئەگەر بارودۆخی کەسی ئالوودەبوو بە جۆرێک بوو کە کۆنتڕۆڵ نەکرێت و  ئارەزوویەکی بێ سنووری هەبوو بۆ ئەنجامدانی یارییەکان، هەروەها ڕۆژانە کاتێکی زۆری لە ئەنجامدانی ئەو یارییانە بەکاردەهێنا، بە جۆرێک کە ئەرک و کارە ڕۆتینییەکانی ڕۆژانەی پشتگوێ بخات، پێویستە سەردانی پسپۆڕی دەروونی بکرێت و چارەسەری دەروونی بکرێت.


سەرچاوەکان



1311 بینین