ناوهڕۆك
ناساندن
محەمەد غەزالی یان شێخ محەمەد غەزالی (بە عەرەبی: محمد الغزالي، بە ئینگلیزی: Mohammed al-Ghazali) بانگخواز و بیرمەندی ئیسلامی هاوچەرخ بە ڕەچەڵەک میسری، بەوە ناسراوە کە بانگخوازێکی میانڕەو و ئاسانکار بووە و دژی توندڕەوی و قورسکردنەوەی ئایین بووە، چەندان بەرهەمی تۆمارکراو و کتێب و نووسراوی هەیە و بە نووسەرێکی ناوداری جیهانی ئیسلامی ناسراوە. نازناوی (أديب الدعوة)ـی بەهۆی ڕەوانبێژی و شێواز و بەهێزی نووسینی وەرگرتووە، هەروەها نازناوی پیاوی ئوممەتی وەرگرتووە.
زانیاری گشتی
ناو | محەمەد غەزالی سەقا جبیلی |
ساڵ و شوێنی لەدایکبوون | ٢٢ـی ئەیلوولی ساڵی ١٩١٧، میسر |
ئایین | ئیسلامی پەیڕەوی ڕێبازی سوننه |
ناسنامە | میسڕی |
پیشە | بانگخواز، زانای ئایینی، نووسەر |
کۆچی دوایی | نۆی مارسی ساڵی ١٩٩٦، ڕیاز |
شوێنی ناشتنی تەرمەکەی | گۆڕستانی بەقیع لە شاری مەدینە |
ژیاننامەی
ناوی تەواوی محەمەد غەزالی سەقا جبیلییە و لە ساڵی ١٩١٧ لە گوندی نەکلا لە پارێزگای بوحەیرە لە میسر لەدایکبووە، باوکی ناوی محمەد غەزالی لە کوڕە گەورەکەی ناوە چونکە سەرسامی ئیمامی غەزالی بووە و خەونی پێوە بینیوە، ناوی کوڕەکەی لە خوشەویستی بۆ ئیمامی غەزالی ناوناوە محمەد غەزالی و بە غەزالی بچووک ناسراوە.
محەمەد غەزالی پێنج برای هەبووە و خێزانەکەی زۆر پەیوەست بوونە بە ئایین، لە تەمەنێکی کەمدا هەموو قورئانی پیرۆزی لەبەرکردووە، پاشان لەسەر داوای باوکی خوێندنی ئایینی و شەرعی و ئیسلامی خوێندووە لە پەیمانگای ئایینی لە ئەسکەندەرییە وەرگیراوە و لە ساڵی ١٩٣٧ چووەتە قاهیرە و چووەتە زانکۆی ئەزهەر و بڕوانامەی باڵای لە بنەماکانی ئایین لە ساڵی ١٩٤١ وەرگرتووە، هەروەها بڕوانامەی ماستەری لە بانگەواز و ڕێنمایی ئایینی لە ساڵی ١٩٤١ لە تەمەنی ٢٤ ساڵی بەدەست هێناوە.
ئەزموونی پیشەیی
- دوای دەرچوون و بەدەسهێنانی بڕوانامە چەند پلە و پۆستێکی ئایینی گرنگی لە میسر وەرگرت لەوانە بەڕێوبەرایەتی بەشی مزگەوتەکانی میسر، بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانگەوازی ئیسلامی لە ساڵی ١٩٧١، پۆستی جێگری وەزیری ئەوقاف بۆ کاروباری ئەوقاف لە ساڵی ١٩٨٠ و هەروەها کاری وانەوتنەوەی کردووە لە زانکۆی ئەزهەر.
- وەکوو پێشنوێژ و وتارخوێن لە چەندان مزەگەوتی میسر کاری کردووە.
- لە ساڵی ١٩٧١ لە سعوودیە لە زانکۆی ئۆم لقوڕا لە مەککه وەکوو مامۆستا و وانەبێژ کاری کردووە.
- لە ساڵی ١٩٨١ وەکوو جێگری وەزارەتی ئەوقافی وڵاتی میسر دیاریکراوە.
- له ساڵی ١٩٨٤ لە زانکۆی ئەمیر عەبدولقادر بۆ زانستە ئیسلامییەکان لە جەزائیر بۆ ماوەی پێنج ساڵ کاری وانەبێژی کردووە و لەگەڵ چەند زانایەک پێکەوە لەو زانکۆیە مامۆستا بوون نموونەی یووسف قەرزاوی و محەمەد سەعیدی بووتی.
ئەزموونی سیاسی لەگەڵ ئیخوان موسلیمین
هەر لە تەمەنی لاوییەوە و لەو کاتەی کە لە زانکۆی ئەزهەر خوێندکار بووە محەمەد غەزالی بە کەسایەتی حەسەن بەننای دامەزرێنەری حیزبی ئیخوان موسلیمین کاریگەر بووە و بەیعەتی پێداوە و بووە بە ئەندامی حیزبەکە و هاوڕێی نزیکی بووە تەنانەت نامەگۆڕینەوەش هەبووە لەنێوانیان دەشوترێت کە حەسەن بەننا نازناوی (ئەدیبی ئوممەتی) پێبەخشیووە، محەمەد غەزالی لە گۆڤاری حیزبەکە بابەتی نووسیوە و دژایەتی جەمال عەبدولناسڕی کردووە.
لە ساڵی ١٩٤٨ دوای بڕیاری کۆتایی هێنان بە حیزبی ئیخوان موسلیمین لەگەڵ چەندان ئەندامی تری کۆمەڵەکە دەستگیر کرا و لە زیندانی تووڕ بۆ ماوەیەک دەستبەسەر کرا. لە ساڵی ١٩٥٢ بەهۆی ناکۆکی و ڕاجیایی لەگەڵ حەسەن هزێبی پێشەوای دووەمی ئەو کاتەی ئیخوان محەمەد غەزالی جیابوونەوە و بێبەری خۆی لە ئیخوان موسلیمین ڕاگەیاند. سەرباری ئەوەی لە ئیخوان موسلیمین جیاببووەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی جەمال عەبدولناسڕ داوای لێکرا لەڕێگەی نووسینەکانییەوە هێرش بکاتە سەر ئیخوانییەکان، بەڵام داواکەی ڕەتکردەوە و چەندجارێک بەوهۆیەوە بە تۆمەتی جیاجیا ڕاپێچی زیندان کرا.
ڕەخنەگرتن و ئەزموونی لەگەڵ لە دەسەڵات
محەمەد غەزالی لە ماوە و سەردەمی ژیانیدا دژی ستەم و زۆرداری دەسەڵاتداران و حکوومەتە جیاوازەکانی میسر بووە، لە سەردەمی پاشایەتی و لە سەردەمی دەسەڵاتی مەلیک فارووق لە ساڵانی کۆتایی چلەکانی سەدەی ڕابردوو دوای بڵاوکردنەوەی کتێبێکی بە ناوی (الإسلام والاستبداد السياسي) کتێبەکە قەدەغە کرا و محەمەد غەزالی درایە دادگا و دەستبەسەرکرا، بەڵام بەبێ ئەوەی هیچ تۆمەتێکی لەسەر هەبێت ناچار ئازاد کرا. کاتێک لەگەڵ ئیخوان موسلیمین بوو دژایەتی جەمال عەبدولناسڕی کردووە و بەوهۆیەوە ڕاپێچی زیندان کراوە.
لە سەردەمی دەسەڵاتی سەرۆک ئەنوەر سادات، بەهۆی ڕەخنەگرتنی لە یاسایەکی باری شارستانی کە بە یاسای جیهان (هاوسەری ئەنوەر سادات) ناسرابوو هەموو کتێب و نووسراوەکانی لە میسر قەدەغە کران و بۆ ماوەیەک لە وتاردان و هەموو کارەکانی دوورخرایەوە، بۆیە کۆچی وڵاتی سعوودیە و جەزائیری کردووە و لەو دوو وڵاتە کاری مامۆستایی و وانەبێژی لە زانکۆ ئیسلامییەکان کردووە. لە سەردەمی حوسنی موبارەکیش لەگەڵ زۆرێک لە بڕیارەکانی نەبووە و بە ئاشکرا ڕەخنەی لێگرتووە.
ئەزموون و شێوازی نووسین و بەرهەمەکانی
بەرهەمەکانی محەمەد غەزالی پەیوەستن بە ئایینەوە، لە نووسین و کتێبەکانی دەردەکەوێت کە بانگخوازێکی میانڕەو و سەردەمیانە بووە و لەگەڵ قورسکردنەوەی بنەماکانی ئایین نەبووە و هەمیشە ئاسانکاری کردووە. دژی توندڕەوی و ستەم بووە و دادپەروەر بووە، بەبێ ترس لە ڕێگەی نووسینەوە ڕەخنەی ئاشکرای لە دەسەڵاتدارەکانی سەردەمی خۆی گرتووە و بە ئاشکرا ڕاجیاییەکانی خۆی لەڕێی نووسینەکانییەوە دەربڕیوە، دژی ئەوە بووە ئیسلام لە دەقی قورس و ڕووکەشدا کۆبکرێتەوە.
بۆیە بەشێک لە کتێبەکانی کە بڵاودەبوونەوە دەنگۆ و بۆچوونی جیاوازی دروست دەکرد و تەنانەت دژیەتیش دەکرا، چ لەنێو ناوەندی ئیسلامی کە ئیسلامییە توندڕەو و لایەنگرانی سەلەف ڕەخنەی توندیان لێدەگرت و بە زانای موعتەزیلەی هاوچەرخ ناوەزەدیان دەکرد، چ لەنێو دەسەڵاتدارانی میسر کە ڕێگریان لە بڵاوبوونەوەی بەشێک لەو کتێبانە دەکرد کە لەبارەی ئایین و سیاسەتەوە دەینووسین و ڕەخنەی لە دەسەڵات دەگرت.
محەمەد غەزالی خاوەن شەست کتێبە کە بە زمانێکی عەرەبی پاراو و ڕەوانبێژییەکی تەواو ناسراون، شێوازی نووسینی قووڵ بووە و بە وردی نووسییەتی، دیوانێکی شیعری هەیە بە ناوی (الحياة الأولى)، هەروها ژیاننامەی خۆی نووسییەتەوە بە ناوی (قصة حياة).
گرنگترین بەرهەمەکانی بە زمانی عەرەبی
• السنة النبوية بين أهل الفقه وأهل الحديث
• عقيدة المسلم
• فقه السيرة
• كيف تفهم الإسلام
• هموم داعية
• سر تأخر العرب والمسلمين
• دستور الوحدة الثقافية بين المسلمين
• خلق المسلم
• معركة المصحف
• مشكلات في طريق الحياة الإسلامية
• الإسلام المفترى عليه
• الإسلام والمناهج الإشتراكية
• تأملات في الدين والحياة
• تراثنا الفكري في ميزان الشرع والعقل
• حصاد الغرور
• فن الذكر والدعاء عند خاتم الأنبياء
• كيف نتعامل مع القرآن
• الأسرة المسلمة وتحديات العصر
• قضايا المرأة
کۆچی دوایی
محەمەد غەزالی لە ڕۆژی نۆی مارسی ساڵی ١٩٩٦ لە ڕیازی پایتەختی سعوودیە، لە کاتی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسێک لەسەر ئیسلام و ئاستەنگییەکانی سەردەمی هاوچەرخ بە جەڵتەی دڵ کۆچی دوایی کردووە، تەرمەکەی لە گۆڕستانی بەقیع لە شاری مەدینە نێژرا، چونکە خۆی وەسێتی کردبوو کە دەیەوێت لە گوڕستانی بەقیع لە مەدینە بنێژرێت.