ئیبراهیم ئەلسەکران

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-07-16-13:59:00 - کۆدی بابەت: 13544
ئیبراهیم ئەلسەکران

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شێخ ئیبراهیم ئەلسەکران (بە عەرەبی: إبراهيم السكران، بە ئینگلیزی: Ibrahim al-Sakran) زانا و بیرمەند و بانگخوازی ئیسلامی و سعودییە، گرنگی بە بواری فیقهی ئیسلامی و پرسە عەقائیدی و فیکرییەکان و ڕێبازەکانی ئیسلام داوە، چەندان بەرهەم و نووسین و کتێبی ناوداری هەیە.

زانیاری گشتی

ناو  ئیبراهیم عومەر ئەلسەکران
لەدایکبوون  چواری نیسانی ساڵی ١٩٧٦
ناسنامە سعودی
ئایین موسڵمانی پەیڕەوی ڕێبازی سوننە
پیشە پارێزەر، نووسەر، بیرمەند، توێژەر، زانای ئایینی

ژیاننامەی

ئیبراهیم عومەر ئەلسەکران لە چواری نیسانی ساڵی ١٩٧٦ لە سعودیە لەدایکبووە، لە زانکۆی مەلیک فەهد بۆ نەوت و کانزاکان بۆ ماوەی ساڵێک خوێندوویەتی، پاشان جێی هێشتووە و پسپۆڕییەکەی گۆڕییە بۆ ئەوەی بچێتە کۆلێژی شەریعەت لە زانکۆی ئیسلامی ئیمام محەمەد بن سعود لە ڕیاز و لەو کۆلێژە بڕوانامەی بەکالۆریۆسی بەدەستهێناوە، پاشان پلەی ماستەری لە پەیمانگای باڵای دادوەری لە سیاسەتی شەریعەت بەدەستهێناوە لە زانکۆی ئیسلامی ئیمام محەمەد بن سعود لە ڕیاز، دواتر لە وڵاتی بەریتانیا بڕوانامەی ماستەری لە یاسای بازرگانی نێودەوڵەتی لە زانکۆی ئێسێکس بەدەستهێناوە.

ئەزموون و بۆچوونی هزری

لە سەرەتای ئەزموونیدا ئیبراهیم ئەلسەکران لەسەر ڕەوتە لیبڕاڵی و ئازادیخوازە میانڕەوەکانی سعودیە دەخوێنرایەوە، لە سەرەتای ٢٠٠٠٣ ڕەخنەی لە پەروەردە و شێوازی خوێندنی سعودیە گرتووە، بانگەشەی ئەوەی کردووە کە میناڕەوی پەیڕەو بکرێت.

لە ساڵی ٢٠٠٧ لە دوای بڵاوکردنەوەی توێژینەوەیەک بە ناوی (مآلات الخِطاب المدني) کە دواتر وەکوو کتێبیش بڵاوی کردەوە شێوازی بیرکردنەوەی گۆڕا بۆ ئیسلامییەکی پەیوەست بە دەق و ڕەخنەرێکی بوێر، لەو بڵاوکراوەیە تیشکی زیاتر خستە سەر پێوەری پەیوەندی نێوان وتاری شارستانییەت بە بنەماکانی وەحی و ئایینەوە. لەلایەن لیبڕالی و ڕەوتە میانڕەو و ئازادیخوازەکانەوە بەهۆی ئەم وتارەوە ڕەخنەی زۆری لێگیرا، لەو کاتەوە دەستی کرد بە بەشداریکردن و ڕەخنەکرتن لە بابەتەکانی کاروباری گشتی وڵات، جگە لە ئەنجامدانی چەندان توێژینەوە و لێکۆڵینەوە بەتایبەتی لە بوارەکانی پەیوەست بە کولتووری ئیسلامی و بابەتەکانی سەردەمی مۆدێرن و لێکدانەوە و شیکردنەوەی کولتووری ئیسلامی لە سەردەمی نوێی مۆدێرندا.  

هەروەها دەستی کرد بە دەربڕینی ناڕەزایەتی و ڕەخنەگرتنی ئاشکرا بەرامبەر بە هەندێک سیاسەتی سعودیە. لە ساڵی ٢٠١٠ بابەتێکی لە ژێر ناوی (قورئان نابێتە هۆی نەمانی خەندەکان) نووسی، کە تیایدا ناڕەزایەتی دەربڕی و ڕەخنەی توندی ئاشکرای گرت بەرامبەر بە بڕیارێکی شازادە خالید فەیسەڵ ئەمیری ناوچەی مەککە، کە لە چەند شوێنێکی ناوچەی مەککە بڕیاری قەدەغەکردنی بازنەکانی لەبەرکردنی قورئانی دەرکردبوو.

لە تەمموزی ساڵی ٢٠١١ لە گرتە ڤیدیۆییەکدا بە ناوی (جگە لە ژنان ئەی خزمەتکاری دوو شوێنت پیرۆزەکە) لێدوانێکی بۆ پاشای ئەوکاتەی سعودیە شا عەبدوڵڵای کوڕی عەبدولعەزیز نارد، کە تێیدا داوای لێکرد دەستوەردان بکات بە مەبەستی چارەسەرکردنی پرسی دەستگیرکردنی چەند ژنێک، دوای ئەوەی کۆمەڵێک ژن و خێزانی چەند کەسایەتییەکی یندانیکرا گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و داوای مافی خێزانە زیندانییەکانیان دەکرد، دژی بڕیارێک بوون کە دەرکرابوو ڕێگە لە سەردانیکردنی زیندان و کەسوکارەکانیان نەدەدا، بەڵام حکوومەتی سعودی دژی گرتبوونەوەکە بوو و ژنەکانیان لە شوێنێکی نادیار دەستگیرکرد.

بەرهەمەکانی

شێخ ئیبراهیم بەهەمی نووسینی چاپکراو و ئامادەی زۆرە، شێوازی نووسینی کەمێک ئاڵۆز و قورس و وردە چونکە کتێبەکانی زیاتر فیکرییە، بە زمانی عەرەبی و ڕێزمانی پاراو نووسینەکانی بڵاوکردووەتەوە، بابەتی نووسینەکانی پەیوەستە بە شیکردنەوەی دیاردەکانی سەردەمی مۆدێرن بە پشتبەستن و گەڕانەوە بۆ قورئان و ئیسلام، زمانی نووسینی بەرانبەر بە دەسەڵات و بڕیاری ناڕەوا و ناهەق زبر و ڕەق بووە و ڕەخنەگرێکی بوێر بووە. هاوکات چەندین توێژینەوە زانستی لەسەر داعش کردووە و بڵاوی کردووەتەوە. دوای زیندانیکردنی حکوومەتی سعودیە سەرباری ئەوەی کتێبەکانی سیاسی نین بەڵام قەدەغەی کردووە. گرنگترین بەرهەمەکانی بریتین لە: 

  • الطريق إلى القرآن
  • رقائق القرآن
  • مسلكيات
  • الماجريات
  • مآلات الخطاب المدني
  • سُلطة الثقافة الغالِبة
  • التأويل الحداثي للتراث
  • الأسهم المُختلطة

پرسی زیندانیکردنی

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٦ لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی سعودیەوە دەزگیرکرا، حکوومەت بە پاساوی هاندانی دژی دەوڵەت و پشتیوانی لە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان دەستگیری کرد، چالاکوانان پشتڕاستیان کردەوە کە بەهۆی دژایەتیکردنی بوو لەگەڵ حکوومەت و بەهوی ڕەخنەگرتنی ئاشکرای لە دەسەڵات دەستگیرکرا، پێش دەستگیرکردنی لە تویتێک لە تویتەر بڵاویکردبووەوە کە "حکوومەتەکانی وڵات ی ئێمە ئازادیخوازان و مافپەروەران دەکات بە خۆکوژ و تیرۆریست.

بە تۆمەتی دژایەتیکردنی حکوومەت سزای پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا. لە ٣٠ـی نیسانی ساڵی٢٠٢٠ دوای مانەوەی چوار ساڵ لە زیندان ئازاد کرا، بەڵام دوای دوو مانگ پاشان دەسەڵاتدارانی سعودیە لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی هەمان ساڵدا بە هۆکارێکی نادیار دەستگیریان کردەوە و لەو کاتەوە بەبێ بوونی هیچ تۆمەتێک ئازاد نەکراوە.


سەرچاوەکان



107 بینین