تویتەر

له‌لایه‌ن: - محمد تاهیر - به‌روار: 2021-07-24-23:39:00 - کۆدی بابەت: 6036
تویتەر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تویتەر بریتییە لە خزمەتگوزارییەکی مایکرۆبلۆگ و سۆشیاڵ میدیا کە بەکارهێنەران دەتوانن هەر شتێک بیانەوێت لە نووسین و وێنە و ڤیدیۆ بڵاوی بکەنەوە کە لە سۆشیال میدیای تویتەردا پێیدەوترێت تویت یاخود چریکە (بە ئینگلیزی: tweet)، ئەو بەکارهێنەرانە کە لە سۆشیال میدیاکاندا ئەکاونتیان هەیە دەتوانن پۆست، لایک، کۆمێنت بۆ تویتەکان بکەن و دووبارە بڵاویبکەنەوە، بەڵام ئەو بەکارهێنەرانەی کە ئەکاونتیان نییە تەنها دەتوانن سەیری تویتەکان بکەن، بەکارهێنەران دەتوانن تویتەر بەکاربهێنن لەڕێگەی وێب سایتەکەیانەوە یاخود لەڕێگەی بەکارهێنانی نەرمەواڵەکەیان، هەروەها پێش مانگی 4ـی 2020 دەتوانرا لەڕێگەی نامەی کوورت (SMS)ـەوە سۆشیال میدیاکە بەکاربهێنرێت. سۆشیال میدیای تویتەر لەلایەن کۆمپانیای تویتەرەوە بەڕێوەدەبرێت کە بارەگاکەیان دەکەوێتە سان فرانسیسکۆ لە کالیفۆڕنیا، هەروەها زیاتر لە 25 ئۆفیسیان هەیە لەسەرانسەری جیهاندا، سەرەتا تویتەر نەیدەهێشت تویتەکان لە 140 پیت زیاتر بێت بەڵام لە مانگی 11ـی 2017 کرا بە 280 پیت، بەڵام تویتەر ڕێگەنادات تۆمارکراوە دەنگییەکان و ڤیدیۆکان لە 140 چرکە زیاتربێت.
تویتەر لە ساڵی 2006 لەلایەن جاک دۆرسی، نۆوا گڵاس، بیز ستۆنس و ئێڤان ویلیامس دامەزرێنرا و لە مانگی 7ـی هەمان ساڵدا بڵاوکرایەوە، لە ساڵی 2012ـدا زیاتر لە 100 ملیۆن بەکارهێنەر ڕۆژانە 340 ملیۆن تویتیان دەکرد، هەروەها ڕۆژانە نزیکەی 1.6 ملیار گەڕان لە وێبسایتەکەدا دەکرا، لە ساڵی 2013 یەکێک بووە لە 10 زۆرترین وێب سایتە سەردانکراوەکان و هەروەها پێیدەوترا نامە (SMS)ـی ئینتەرنێت، لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2019 تویتەر زیاتر لە 330 ملیۆن بەکارهێنەری مانگانەی هەبووە.

مێژوو

بیرۆکەی تویتەر لەلایەن قوتابییەکەوە هات بەناوی جاک دۆرسی کە لە زانکۆی نیویۆرک دەیخوێند، بیرۆکەکەی بریتیبوو لە خزمەتگوزارییەکی نامە ناردن لەنێوان چەند کۆمەڵەیەکی بچووکدا، یەکەمین ناوی پڕۆژەکە بریتیبوو لە (twttr)، یەکێک لە هۆکارەکانی ناونای بەو ناوەوە بریتیبوو لەوەی کە دۆمەینی تویتەر (twitter.com) گیرابوو، پاش شەش مانگ لە بڵاوبوونەوەی تویتەر ئەم دۆمەینە گۆڕدرا و پاشان ناوی خزمەتگوزارییەکە کرا بە تویتەر (Twitter)، کارکردن لەسەر ئەم پڕۆژەیە لە 21ـی مانگی 3ـی ساڵی 2006 دەستکرا بە کارکردن لەسەری و لە کاتژمێر (9:50 p.m. PST)ـدا یەکەم تویتی بڵاوکردەوە کە تێیدا نووسیبوو "just setting up my twttr".

یەکەمین نموونەی تویتەر کە لەلایەن جاک دۆرسی و فلۆیان وێبەرەوە دروستکرا، وەک خزمەتگوزارییەکی ناوخۆیی لە کۆمپانیای ئۆدیۆ (Odeo) بۆ فەرمانبەرەکان بەکاردەهێنرا، وەشانی کۆتایی پڕۆژەکە لە 15/7/2006 بڵاوکرایەوە، تویتەر سەر بە کۆمپانیای ئۆدیۆبوو، کۆمپانیای ئۆدیۆ لەلایەن جاک دۆرسی و بیز ستۆنس و ئێڤان ویلیامس و چەند کەسێکی ترەوە کڕدرا، لە ساڵی 2007 تویتەر بوو بە کۆمپانیایەکی سەربەخۆ.

خاڵی بەناوبانگبوونی تویتەر لە ساڵی 2007ـدا بوو لە کۆنفڕانسی (SXSWi)، لەم کۆنفڕانسەدا بەکارهێنانی تویتەر لە 20 هەزار بەکارهێنەری ڕۆژانەوە بوو بە 60 هەزار بەکارهێنەری ڕۆژانە، هۆکارەکەشی ئەوەبوو کە کارمەندانی کۆمپانیای تویتەر هەستابوو بە دانانی دوو تەلەڤیزیۆنی 60 ئینچی لە هۆڵی کۆنفڕانسەکەدا، کە تێیدا نامە و تویتەکانی نیشاندەدا.
تویتەر سەرەتا گەشەکردنێکی گەورەی بەخۆوەبینی، یەکەمجار تەنها 400 هەزار تویت دەکرا لە هەر 3 مانگێکدا، بەڵام لە ساڵی 2008ـدا ئەم ژمارەیە زیادیکرد بۆ 100 ملیۆن تویت لە هەر 3 مانگێکدا، پاشان لە مانگی 2ـی 2010 ڕۆژانە 50ملیۆن تویت دەکرا، هەروەها لە مانگی 6ـی 2010 ڕۆژانە نزیکەی 65 ملیۆن تویت دەکرا کە دەکاتە 750 تویت لە هەر چرکەیەکدا، لە مانگی 3ـی 2011 نزیکەی 140 ملیۆن تویت دەکرا لە ڕۆژێکدا، هەروەها بەپێی قسەکانی وێب سایتی (Compete.com) لە ساڵی 2009ـدا تویتەر لە بیست و یەکەمینەوە بوو بە سێهەم بەناوبانگترین سۆشیال میدیا.
یەکەمین تویت کە لە دەرەوەی هەسارەی زەوی کرابێت بریتیبوو لە تویتەکەی ئاسمانگەڕ (Astronaut) تیمۆثی کریمەر کە لە وێستگەی ئاسمانی نێودەوڵەتی لە 22/1/2010 کردی.
لە 28/1/2013 کۆمپانیای تویتەر کۆمپانیای کراشلیتیکس (Crashlytics) کڕی کە کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی نەرمەواڵە بوو، بۆ ئەوەی بەرهەمی پەرەپێدەر (developer products) بۆ مۆبایلەکان دروستبکەن، لە 18/4/2013 تویتەر پڕۆگرامێکیدا ڕایگەیاند بە ناوی تویتەر موزیک (Twitter Music) بۆ ئایفۆن، لە 28/8/2013 تویتەر کۆمپانیای (Trendrr) کڕی و پاشان لە 9/9/2013 کۆمپانیای (MoPub)ـی کڕی، لە مانگی 9ـی 2013ـدا کۆمپانیای تویتەر بڵاویکردەوە کە ڕۆژانە 200 ملیۆن بەکارهێنەر زیاتر لە 400 ملیۆن تویت دەکەن، کە ٪60 ئەو تویتانە لە مۆبایلەوە پۆست دەکرا.

لە ساڵی 2020 تویتەر گەشەسەندێکی گەورەی بەخۆوەبینی کە زۆر شارەزا دەڵێن بەبۆنەی نەخۆشی کۆرۆناوە بووە، هەروەها لەو ماوەیەدا تویتەر بەکاردەهێنرا بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری نادرووست دەربارەی نەخۆشی کۆرۆنا.

لە 15/7/2020 هێرشێکی گەورە کرایە سەر تویتەر کە تێیدا 130 ئەکاونتی گەورە هاک کران، کە ئەکاونتەکانی باراک ئۆباما و ئیلۆن مەسک و بیڵ گەیتسی تێدابوو، ئەم هاکە یارمەتی هەڵخەڵەتێنەرەکانی بیتکۆینیدا کە ئەم ئەکاونتانە بەکاربهێنن بۆ ناردنی نامەی هەڵە بۆ بەکارهێنەران بەمەبەستی هەڵخەڵەتاندانیان، کە لە نامەکاندا داوایان لە بەکارهێنەران دەکرد کە ئەو بیتکۆینانەی کە هەیانە بۆیان بنێرن و بە قازانجی دووئەوەندەوە وەریبگرنەوە، بۆیە کۆمپانیای تویتەر هەستا بە لەکارخستنی تویت کردن و گەڕاندنەوەی وشەی نهێنی ئەکاونتەکان.
لە 25/2/2021 کۆمپانیای تویتەر سۆپەر فۆڵۆو (Super Follows)ـی ڕاگەیاند، کە ڕێگە دەدات بە بەرهەمهێنەران پارە پەیدابکەن لەڕێگەی بڵاوکراوەکانیانەوە.

تویت (چریکە) چییە؟

تویت بریتییە لەو بڵاوکراوانەی کە لەلایەن بەکارهێنەرانەوە بڵاودەکرێتەوە، کە دەکرێت وێنە، نووسین یان گرتەی ڤیدیۆیی بێت، بە شێوەی ئاسایی (default) تویتەکان کراوەن و هەموو بەکارهێنەرێک دەتوانێت بیبینێت، بەڵام بەکارهێنەر توانای شاردنەوەیان هەیە گەر بیانەوێت، دەتوانرێت تویت بکرێت لەڕێگەل بەکارهێنانی سایتی تویتەرەوە یان بەکارهێنانی نەرمەواڵەی دابینکراو بۆ مۆبایل و تابلێتەکان، هەروەها لە هەندێک ناوچەدا نامەی کورت (SMS) دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ تویت کردن، بەکارهێنەران دەتوانن تویتەکانی بەکارهێنەرانی لە پەڕەی سەرەکی خۆیاندا بڵاوبکەنەوە بە بەکارهێنانی دوگمەی دووبارە تویت کردن (retweet)، لە ساڵی 2015 تویتەر نووسین لەسەر تویت (quote tweet)ـی بڵاوکردەوە کە پێشتر بە دووبارە تویت کردن بە کۆمێنتەوە (retweet with comment) ناسرابوو، ئەم تایبەتمەندییە ڕێگە بە بەکارهێنەران دەدات کە تویتەکانی بەکارهێنەرانی تر بڵاوبکەنەوە و خۆیان قسەی لەسەر بنووسن.

بەپێی توێژینەوەیەک کە لە ساڵی 2014 بڵاوکرایەوە ٪44 بەکارهێنەران هەرگیز تویتیان نەکردووە.
یەکەم تویت کرا لەلایەن دامەزرێنەری تویتەرەوەبوو کە تێیدا وتی "تویتەرەکەی خۆم دادەنێم (just setting up my twttr)" بەڵام ئەو کاتە ناوی تویتەر نەبوو بەڵکو ناوی (twttr) بوو، هەروەها یەکەمین تویت کە لەدەرەوەی هەسارەی زەوی کرا لە ساڵی 2009 بوو کە لەلایەن جێف ویلیامسەوە بوو.

پاش سەدەیەک لە ئەنجامدانی یەکەم تویت، جاک دۆرسی تویتەری دانا بۆ فرۆشتن کە زۆرترین پارە کە پێشکەشکرا لە زیادکردنێکدا بریتیبوو لە 2.5 ملیۆن دۆلار کە لەلایەن بارزگان و بەڕێوبەری کۆمپانیای (Bridge Oracle)ـەوە بوو بەناوی سینا ئێستاڤی.


سەرچاوەکان



4131 بینین