دەرکەوتنی زیپکەی سوور لەسەر جەستە لەگەڵ خوران

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2024-08-12-18:05:00 - کۆدی بابەت: 13995
دەرکەوتنی زیپکەی سوور لەسەر جەستە لەگەڵ خوران

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دەرکەوتنی زیپکەی سوور لەسەر جەستە لەگەڵ خوران (بە عەرەبی: ظهور حبوب حمراء في الجسم مع حكة، بە ئینگلیزی: Appearing of red pimples on the body with itching) دەرکەوتنی کتوپڕی لیر و زیپکەی سوور لەسەر پێست لە ڕووی پزیشکییەوە بە (Urticaria) ناسراوە و ئەم حاڵەتە بەزۆری خورانی لەگەڵدایە، ڕەنگە هەندێکجار هەستکردن بە سووتانەوە یان مێروولەکردنی لەگەڵدا بێت. ئەم پەڵەیە دەکرێت لە ناوچە جیاوازەکانی جەستەدا دەربکەوێت، لەوانە دەموچاو، دەم، زمان، قوڕگ و گوێ. دەکرێت تەنها لە بەشێکی دیاریکراوی جەستەدا دەربکەوێت یان لە چەند بەشێکی جەستەدا بڵاوببێتەوە. 

جۆرەکانی لیر

کورتخایەن: بریتییە لە پەڵەی سوور و کەمتر لە شەش هەفتە دەمێننەوە بەڵام لیری درێژخایەن کە بە بەردەوامی یان بەشێوەیەکی پچڕپچڕ بۆ ماوەی زیاتر لە  شەش هەفتە دەردەکەوێت، دەرکەوتنی لیر یان زیپکەی سوور زۆرجار بۆ کەسی توشبوو بێزارکەرە، چونکە کاریگەریی دەروونی و نائاسوودەیی لەسەر کەسی تووشبوو بەجێدەهێڵێت.

هۆکارەکانی دەرکەوتنی لیر 

لیر و زیپکەی سوور کە خورانیان لەگەڵدایە لەسەر جەستە دەردەکەون لە ئەنجامی دەردانی هیستامین لەلایەن (mast cell)ـەکان لەچینەکانی پێستدا. کە دەبێتە هۆی دەردانی شلەمەنی لەخوێنبەرەکانی دەوروبەری و  ئاوسانی پێست. بەزۆری لیرە کورتخایەنەکان لە ئەنجامی کاردانەوەی هەستیاری زۆرەوەیە، لە کاتێکدا لیرە درێژخایەنەکان لەوانەیە هۆکارەکەی ڕوون نەبێت یان لە ئەنجامی تێکچوونی بەرگری خۆکارەوەبێت. 

هۆکارەکانی دەرکەوتنی زیپکەی سوور لەگەڵ خوران

  • هەستیاری: (Allergic Reaction)، لەوانە هەستیاری زۆر بە هەندێک جۆری دەرمان، ئاژەڵ، دەنکە هەڵاڵە هەروەها هەستیاری بە هەندێک جۆری خۆراک وەک: هەندێک جۆری میوە، شیر، هێلکە، گوێز و ماسی.
  • هەوکردن: هەندێک جۆری هەوکردنی بەکتریا و کەڕوو دەگرێتەوە.
  • هۆکارە ژینگەییەکان: (Solar Urticaria)، دەکرێت زیپکەی سوور لە ئەنجامی بەرکەوتن بە تیشکی خۆر، ئاو، پلەی گەرمی بەرز یان نزم دەربکەوێت.
  • فشار: فشار لەسەر ناوچەیەکی پێست، وەک فشارێک کە لە ئەنجامی دانیشتن بۆ ماوەیەکی زۆرەوە دروست دەبێت، لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی دەرکەوتنی لیر.
  • هۆکارەکانی تر: فشاری دەروونی، بەرکەوتن بە هەندێک مادەی کیمیایی لەگەڵ خورانی پێست بە بەردەوامی.

چارەسەری زیپکەی سوور لەگەڵ خوران

دوورکەوتنەوە لەو هۆکارانەی کە دەبنە هۆی دەرکەوتنی لیر باشترین هەنگاوە لە چارەسەرکردندا جگە لەوەش چەندین چارەسەر بە دەرمان و بەبێ دەرمان هەیە کە یارمەتیدەرن لە کەمکردنەوەیان هەروەها پێویستە ڕێگری لەو هۆکارانە بکرێت کە دەبنەهۆی دروستبوونیان، بەزۆری دوای ماوەیەک لیرەکە خۆی نامێنێت.

چارەسەر بە دەرمان

بەزۆری مرۆڤ دەچێتە لای پزیشکی پسپۆڕ بۆچارەسەرکردنی زیپکەی سوور کە خورانی لەگەڵدایە، لەوێ پزیشک پشکنینی پێویست بۆدەستنیشانکردنی نەخۆشیەکە ئەنجام دەدات، پاشان چارەسەری پێویست دەدات، هەروەها پێویستە ئاماژە بەوەبکرێت کە هەندێک دەرمان هەیە دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ پێست؛ وەک ئەو کرێمانەی کە کاردەکەن بۆ نەهێشتنی خوران. 

دیارترین چارەسەرەکانی زیپکەی سوور و خوران

  • دژە هیستامین: دژە هیستامین بەزۆری لە کاتی هەبوونی لیردا بەکاردەهێنرێت بۆ نەهێشتنی خوران و ئەو پەڵەیەی کە لەئەنجامی زیپکەدا دروست دەبێت. بەکارهێنانی هەندێک جۆری دەرمانی دژە هیستامین لەوانەیە ببێتە هۆی خەواڵوویی، پێویستە شەوانە پێش خەوتن بخورێن، بەڵام هەندێک جۆری ئەم دەرمانانە نابنە هۆی ئەم نیشانەیە: وەک لۆراتادین و فێکسۆفێنادین.
  • کۆرتیکۆستیرۆید: لە هەندێک حاڵەتی سەختی لیردا، دەکرێت پزیشک پێشنیاری خواردنی کۆرتیکۆستیرۆیدەکان بکات وەک: پرێدنیسۆلۆن، بەڵام ئەم جۆرە چارەسەرە تەنها بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بەکاردێت. چونکە زۆر بەکارهێنانیان دەکرێت مەترسی دروست بکات.
  • Omalizumab: ئەم دەرزییە بنەمای کارکردنی بریتییە لە ڕێگریکردن لە (immunoglobulin E) کە ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە حاڵەتەکانی هەستیاری زۆردا، ئەم دەرمانە لە حاڵەتی لیردا بە کاریگەر دادەنرێت، بەتایبەت ئەوانەی کە درێژخایەنن.
  • دژەزیندەیی: دەکرێت پزیشک پێشنیاری هەندێک جۆری دژە زیندەیی بکات. وەک دەرمانی (Dapsone) بۆنەهێشتنی سووربوونەوە و ئاوسان.
  • ئێپینفرین: لەوانەیە نەخۆشەکە پێویستی بە دەرزی ئێپینفرین هەبێت ئەگەر ئەو هەستیاری زۆرەی کە بووەتە هۆی پەڵەی پێست ببێتە هۆی ئاوسانی زمان، لێو و کێشەی هەناسەدان. ئەمەش بۆ ڕێگریکردنە لە ئەنافیلاکسس.
  • چارەسەری پێست: لەوانە ئەو کرێمانەی کەکۆرتیزۆنیان تێدایە، هەروەها چەند چارەسەرەسەرێکی تر: وەک camphor، menthol، diphenhydramine و pramoxine.
  • چارەسەرەکانی تر: وەک مۆنتیلوکاست، چارەسەری تیشکی سەروو بنەوشەیی، immunosuppressant, دژە خەمۆکی tricyclic antidepressant.

چارەسەرکردن لە ماڵەوە

بەگشتی، زیپکە سوور و خوران دەکرێت کاریگەری لەسەر خەوتن، کارکردن و ئەنجامدانی چالاکییەکانی ڕۆژانەی کەسی تووشبوو هەبێت، هەروەها ڕەنگە لیرە درێژخایەنەکان بۆ چەند مانگ و ساڵێک بمێننەوە بەبێ ئەوەی لابچێت. هەندێک لەو ئامۆژگارییانەی کە یارمەتیدەرن لە خۆپاراستن و کەمکردنەوەی خوران و سوربوونەوەی پێست:

  • جل و بەرگی نەرم و سووک لەبەر بکە.
  • دوور بکەوەرەوە لە خورانی پێست.
  • بەکارهێنانی سابونی تایبەت بە پێستی هەستیار.
  • نەهێشتنی خوران بە خۆشۆردن و دانانی پارچەیەکی سارد لەسەر پێست.
  • بەدواداچوون بۆ خورانی لەناکاو و هۆکارەکەی، بۆ دەستنیشانکردنی ئەو هۆکارانەی کەدەبنە هۆی دەرکەوتنی زیپکە و دواتر دوورکەوتنەوە لێیان.
  • پێش چوونە دەرەوە دژەخۆر بەکاربهێنە.
  • دوور بکەوەرەوە لە فشاری دەروونی.


سەرچاوەکان



113 بینین