پشکنینی فرۆکتۆسامین

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2024-05-29-22:27:00 - کۆدی بابەت: 13056
پشکنینی فرۆکتۆسامین

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پشکنینی فرۆکتۆسامین (بە ئینگلیزی: Fructosamine test) ئەم پشکنینە ڕێژەی ماددەی فرۆکتۆسامین لە خوێندا دیاری دەکات. ماددەی فرۆکتۆسامین ماددەیەکە کاتێک جۆرێکی شەکر کە پێی دەوترێت گڵوگۆز بە پڕۆتینەوە دەبەسترێت دروست دەبێت. زۆرترین ئەو پڕۆتینانەی شەکرەکانیان پێوە دەنوسێت بریتین لە ئەلبۆمین و هیمۆگلۆبین ئەم پشکنینە ڕێگایەکە بۆ دەستنیشانکردنی ڕێژەی شەکر لەو نەخۆشانەی نەخۆشیی شەکرەیان هەیە. پزیشک بۆ دیاریکردنی ڕێژەی شەکری چەند هەفتەیەکی پێشوو لەو نەخۆشانەی نەخۆشیی شەکرەیان هەیە، ئەم پشکنینە ئەنجام دەدات. بۆ ئەنجامدانی پێویستی بە خوێنی خوێنهێنەرەکان دەبێت. ئامانجی ئەنجامدانی پشکنینی فرۆکتۆسامین بریتییە لە بەدەستهێنانی بیرۆکەیەک کە ئایا چۆن شەکرەکەت لەژێر کۆنتڕۆڵدایە، ئەمەش بە خەمڵاندنی ئاستی گڵوگۆزی خوێن لە ماوەی دوو بۆ سێ هەفتەی ڕابردوودا. چاودێریکردنی ئاستی گڵوگۆز بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشیی شەکرە گرنگە. بۆ چاودێریکردنی نەخۆشیی شەکرە، چەند جۆرێک پشکنین وەک (Hemoglobin A1c) هەیە کە بە پشکنینی شەکرەی سێ مانگی ناسراوە و ڕێژەی شەکر لە سێ مانگی ڕابردوودا دەستنیشان دەکات. بەڵام کاتێک پزیشکەکان بیانەوێت ڕێژەی شەکر لە ماوەیەکی کەمتردا وەک دوو بۆ سێ هەفتەدا دیاریبکەن ئەم پشکنینە ئەنجام دەدەن. پشکنینی فرۆکتۆسامین بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشیی شەکرە بەکارنایەت تەنها بۆ چاودێریکردن بەکاردێت. گڵوگۆز لە ڕێگەی خواردنەوە وەردەگیرێت، تاکوو ڕێژەی گڵوگۆزەکە زیاتر بێت بڕێکی زیاتر گڵوگۆز بە پڕۆتینەکانەوە دەبەسترێت. پڕۆتینەکان بۆ ماوەی ١٤ بۆ ٢١ ڕۆژ لە خوێندا دەمێننەوە، بەهۆی ئەمەش ئەم پشکنینە بۆ دیاریکردنی ڕێژەی شەکر لە ٢ تاکوو ٣ هەفتەی پێشوودا بەکاردێت.

چ کاتێک ئەم پشکنینە ئەنجام دەدرێت؟

کاتێک کەسێک نەخۆشیی شەکرە و یەکێک یان زیاتر لەم کێشانەی هەبێت پشکنینەکە ئەنجام دەدرێت:

  • نەخۆشیی هیمۆگلۆبین
  • نەخۆشیی خانەی داسی (sickle cell disease)
  • کەمخوێنی
  • لەدەستدانی خوێن ماوەیەکی کەم پێش ئەنجامدانی پشکنینەکە
  • کێشەکانی تر کە کاریگەرییان لەسەر خڕۆکە سوورەکان یان تەمەنی خڕۆکە سوورەکان دەبێت.

هەروەها لە کاتی گۆڕانی شێوازی ژیانکردن یان گۆڕانی دەرمانەکان بەکاردێت، تاکوو بزانرێت کاریگەرییان لەسەر کەسەکە چۆن بووە.

ڕێژەی ئاسایی پشکنینەکە

  • بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشیی شەکرەیان نییە ڕێژەی ئاسایی فرۆکتۆسامین لەنێوان ١٧٥-٢٨٠ میللیمۆڵ / لیتر دەبێت.
  • ئەو کەسانەی شەکرەکەیان کۆنتڕۆڵ کراوە ڕێژەکەی لەنێوان ٢١٠-٤٢١ میللیمۆڵ / لیتر دەبێت.
  • بۆ ئەو کەسانەی شەکرەیان کۆنتڕۆڵ نەکراوە ڕێژەی ئاسایی ئەم پشکنینە پێویستە لەنێوان ٢٦٧-٨٧٠ میللیمۆڵ / لیتر بێت.

گۆڕینی ڕێژەی فرۆکتۆسامین بۆ A1C  

یەکێک لە هاوکێشەکان کە بۆ گۆڕینی فرۆکتۆسامین بۆ A1C  بەکاردێت، بریتییە لە (ڕێژەی فرۆکتۆسامین بە میللیمۆڵ / لیتر  0.017+1.61 بەم هاوکێشەیە ڕێژەی hemoglobin AIc بە ڕێژەی سەدی دەردەچێت.

لێکدانەوەی ئەنجامەکەی

ئەگەر ڕێژەی فرۆکتۆسامین بەرز بۆوە، واتە ڕێژەی گلوگۆز لە دوو بۆ سێ هەفتەی پێشوودا بەرز بۆتەوە. بەشێوەیەکی گشتی ڕێژەیەکی زیاتری فرۆکتۆسامین واتای ڕێژەیەکی بەرزی گلوگۆزە. یان چارەسەرەکان و دەرمانەکان بەپێی پێویست نەیان توانییوە کۆنتڕۆڵی ڕێژەی شەکر بکەن. ڕەنگە بەهۆی کەمی ڕێژەی پڕۆتینەکانەوە هەڵە لە ئەنجامی پشکنینەکەدا بکرێت، کاتێک بەهۆی لەدەستدانی پڕۆتین ڕێژەی پڕۆتین لە لەشدا دادەبەزێت ئەو کاتە ڕێژەی گلوگۆزیش لە ڕێگەی ئەم پشکنینەوە بەهەڵە بە کەم هەژمار دەکرێت. لەبەر ئەوە پێویستە لەم کاتەدا بەراورد لەنێوان ڕێژەی گلوگۆزی ڕۆژانە و ئەم پشکنینەش بکرێت.  


سەرچاوەکان



91 بینین