ناوهڕۆك
ناساندن
محەمەد متوەلی ئەلشەعراوی یان شێخ ئەلشەعراوی یان شەعراوی (بە عەرەبی: محمد متولي الشعراوي، بە ئینگلیزی: Muhammad Metwalli al-Sha'rawi) زانا و بانگخوازی ئایینی و نووسەری میسری و ڕاڤەکەری قورئانی پیرۆز بوو، ناسراو بوو بەوەی کە بە شێوازێکی ئاسان و سادە و کاریگەر تەفسیر و لێکدانەوەی بۆ قورئانی پیرۆز کردووە.
زانیاری گشتی
ناو | شێخ محەمەد متوەلی ئەلشەعراوی |
ساڵی لەدایکبوون | ١٥ـی نیسانی ساڵی ١٩١١ |
شوێنی لەدایکبوون | گوندی دەقادووس لە پارێزگای دەقهەلیە لە میسر |
ئایین و بیروباوەڕ | ئیسلامی پەیڕەوی ڕێبازی سوننە |
پیشە | زانای ئایینی، بانگخواز، ڕاڤەکەری قورئان، نووسەر |
زمانی نووسین | زمانی عەرەبی |
نازناو | ئیمامی بانگخوازان، پێشڕەوی بانگخوازان |
کۆچی دوایی | ١٧ـی حوزەیرانی ساڵی ١٩٩٨ |
سەرەتای ژیان و خوێندنی
محەمەد متوەلی ئەلشەعراوی لە ١٥ـی نیسانی ساڵی ١٩١١ لە گوندی دەقادووس لە پارێزگای دەقهەلیە لە میسر لە خێزانێکی سادە لەدایکبووە، لە تەمەنی ١١ ساڵییەوە قورئانی پیرۆزی لەبەرکردووە، هەر لە تەمەنی منداڵییەوە گرنگی بە شعر و نووسینی عەرەبی داوە و لەلایەن باوکیەوە پشتگیری کراوە. لە تەمەنێکی لاوی لەسەر داوای باوکی ژیانی هاوسەری پێکهێناوە. بڕوانامەی سەرەتایی لە پەیمانگای زەقازیقی ئەزهەری بنەڕەتی لە ساڵی ١٩٢٢ بەدەست هێناوە، پاشان چووەتە پەیمانگای ناوەندی دوای تەواوکردنی لە ساڵی ١٩٣٧ چووەتە کۆلێژی زمانی عەرەبی تا لە ساڵی ١٩٤٠ خوێندنی تەواو کردووە، هەروەها بڕوانامەی نێودەوڵەتی ئەو کاتە (کە هاوتای بڕوانامەی دکتۆرای ئێستایە) لەگەڵ مۆڵەتی وانەوتنەوەی لە ساڵی ١٩٤٣ بەدەست هێناوە.
لایەن و ئاراستەی فیکری
شەعراوی لە سەرەتای دەرکەوتنی ئیخوان موسلیمین لە میسر پەیوەندی پێیانەوە کردووە، کە هەر لە سەرەتاوە لایەنی بانگەواز و بنەما فیکرییەکانی و کەسایەتی دامەزرێنەرەکەی سەرنجی شەعراویان ڕاکێشاوە، یەکەم بەیاننامەی دامەزراندنی ئەم گرووپەی بە دەستی خۆی نووسیوە، بەڵام زۆر لەناویان نەماوەتەوە و هەرزوو لێیان جیابووەتەوە و لە ساڵی ١٩٣٩ پەیوەندی بە پارتی وەفدی میسرییەوە کردووە.
ئەزموونی پیشەیی و پلە و پۆستەکانی
سەرەتای ئەزموونی پیشەیی شەعراوی بە وانەبێژی و مامۆستایی لە پەیمانگاکانی ئەزهەر لە تەنتا و ئەسکەندەرییە و زەقازیق دەستی پێکردووە. لە ساڵی ١٩٥٠ گەشتی وڵاتی سعودیە دەکات بۆ کارکردن وەکوو مامۆستا لە کۆلێژی شەریعە لە زانکۆی (أم القرى) لە شاری مەککە. دواتر گەڕایەوە میسر و لە ساڵی ١٩٦٠ وەک بریکار و جێگر لە پەیمانگای تانتای ناوەندی کاری کردووە، لە ساڵی ١٩٦١ پۆستی بەڕێوەبەری دەعوەی ئیسلامی لە وەزارەتی ئەوقافی میسر وەرگرتووە، دواتر لە ساڵی ١٩٦٢ بووەتە پشکنەری زانستە عەرەبییەکان، هاوکات لە ساڵی ١٩٦٤ لەلایەن شێخی ئەو کاتەی ئەزهەر حەسەن مەئموون وەک بەڕێوەبەری نووسینگەکەی هەڵبژێردراوە.
لە ساڵی ١٩٦٦ سەرۆکایەتی ئەرکی ئەو کۆمەڵە زانایەی ئەزهەری کرد کە چوون بۆ وڵاتی جەزائیر بۆ ئەوەی یارمەتی حکوومەتەکەی بدەن لە کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی داگیرکاری فەرەنسی لەسەر خوێندنی ئەو وڵاتە، لەوێ سەرپەرشتی پەرەپێدانی نوێی ئەکادیمی داڕشتنەوەیان بۆ سیستمی خوێندن بە زمانی عەرەبی کرد. لە ساڵی ١٩٧٠ وەکوو مامۆستا لە کۆلێژی شەریعە لە زانکۆی مەلیک عەبدولعەزیز کاری کرد و پاشان کرایە سەرۆکی خوێندنی باڵا لە هەمان کۆلێژی زانکۆکە.
لە سەردەمی دەسەڵاتی سەرۆکی میسر ئەنوەر سادات لە ساڵی ١٩٧٦ کرا بە وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی وڵاتی میسر، بەڵام لە ساڵی ١٩٧٨ دەستی لەکارەکەی کێشایەوە. لە ساڵی ١٩٨٠ وەک ئەندامی ئەکادیمیای توێژینەوەی ئیسلامی ئەزهەر و ئەنجوومەنی شوورای میسری دەستنیشان کرا، پاشان لە ساڵی ١٩٨٧ وەک ئەندامی ئەکادیمیای زمانی عەرەبی لە قاهیرە هەڵبژێردرا.
ئەزموونی زانستی
شێوازی بانگخوازی و نووسینی شەعراوی سادە و ئاسان بووە، زۆر بە ڕوونی و بە سادەیی تەفسیری قورئانی پیرۆزی کردووە و لێکدانەوەی بۆ ئایەتەکان کردووە. شەعراوی پێی وابووە کە قورئان بۆ هەموو مرۆڤایەتییە و هەموو کەس پێویستە بە ئاسانی لە قورئان تێبگات. لە ساڵی ١٩٧٣ شەعراوی وەک بانگخوازێکی ئیسلامی زیاتر ناسرا کاتێک تەلەڤزیۆنی میسری بەرنامەیەکی تایبەتی ئایینی بە ناوی (نور على نور) بۆ تەرخان کرد و تێێدا بۆ ماوەی دە ساڵ تەفسیر و ڕاڤەی قورئانی لەو بەرنامەیە پێشکەش کرد.
دوای دەست لەکارکێشانەوەی وەکوو وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە میسر، بەردەوامی دا بە وتاری ئایینی و تەفسیرکردنی قورئان لە مزگەوتەکان بە شێوەی وانەی ئایینی پێشکەشی دەکرد و لە بەرنامەیەک بە ناوی (خواطر إيمانية) وتارەکانی دەگوازرانەوە.
بە مەبەستی وتاردانی ئایینی گەشتی بۆ نیویۆرک کردووە و لە بارەگای کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان وتارێکی پێشکەش کرد و وتاری هەینی لە مزگەوتی پەیوەست بە بینای نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکەش کردووە، هەروەها گەشتی بانگخوازی لە ئەمریکا و کەنەدا و چەند وڵاتێکی ئەورووپی ئەنجامداوە. هاوکات لە میسر ڕۆڵی هەبووە لەدامەزراندنی بانکە ئیسلامییەکان.
هەڵوێستەکانی
شەعراوی بە بوێری ناسراو بووە و هەڵە و کاری ناڕەوا و ستەمی قبوڵ نەبووە، لە ساڵی ١٩٥٤ بڕیاری گواستنەوەی مەقامی ئیبراهیم دوور لە کەعبە لەلایەن سعودیەوە دەرکرا، دەسەڵاتدارانی سعودیە و مەلیک سعوود بە بیانووی فراوانکردنی حەرەم بڕیاری دوورخستنەوەی مەقامی ئیبراهیم درا بۆ بەشی پشتەوەی کەعبە و دوور لە حەرەم و ڕۆژی گواستنەوەکەش دیاری کرا.
لەو سەردەمەدا شەعراوی لە کۆلێجی شەریعە لە مەککە مامۆستا بوو، کاتێک هەواڵەکەی بیست پەیوەندی بە چەند زانایەکی میسر و سعودیەوە کرد کە ئەم کارە دژی ئایینە و نابێت ئەنجام بدرێت، بەڵام وترا کە کارەکە لە تەواوبوونە و هیچیان لەدەست نایەت، بۆیە شەعراوی نامەیەکی پێنج لاپەڕەیی بۆ مەلیک سعوود نووسی و تێیدا لەڕووی ئایینی و بە بەڵگەی فیقهی، شەرعی، مێژوویی، ئایینی، ئەنجامدانی گواستنەوەی مەقامی ئیبراهیمی بەناشەرعی لەقەڵەم دا، بۆیە مەلیک سعوود ڕاستەوخۆ بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی گواستنەوەکەی دا و مەقامی ئیبراهیم لە شوێنی خۆی مایەوە.
بەرهەمەکانی نووسینی
شەعراوی چەندین کتێب و بەرهەمی نووسینی بەجێهێشتووە، کە زۆربەیان لەسەر پەیامی قورئانی پیرۆز و پرسەکانی باوەڕ و بیری ئیسلامی و بڕگەکانی فیقهی ئیسلامییە. گرنگترین بەرهەمەکانی بریتین لە:
- المنتخب في تفسير القرآن الكريم
- الفتاوى
- نظرات في القرآن الكريم
- الطريق إلى الله
- على مائدة الفكر الإسلامي
- الإسلام والفكر المعاصر
- الشورى والتشريع في الإسلام
- مائة سؤال وجواب في الفقه الإسلامي
خەڵات و ڕێزڵێنانی
چەندین خەڵاتی ڕێزلێنانی وەرگرتووە کە گرنگترینیان بریتین لە:
- خەڵاتێ شایستەیی ساڵی ١٩٧٦ کە بە بۆنەی خانەنشینبوونییەوە پێی بەخشرا.
- خەڵاتی زانست و هونەری پلە یەک لە ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی هەزارەی ئەزهەر ١٩٨٣.
- خەڵاتی کۆماری و پێزانینی دەوڵەت لە ساڵی ١٩٨٨ پێی بەخشرا.
چیرۆکی ژیانی لە زنجیرەیەکی تەلەڤزیۆنیدا بە ناوی “ئیمامی بانگخوازان” لە ساڵی ٢٠٠٣ پێشکەش کرا، هەروەها لە فیلمێکی دیکۆمێنتاریدا کە لەلایەن کەناڵی دۆکیۆمێنتاریی ئەلجەزیرە لە ساڵی ٢٠١٢ بەرهەم هێنرا بە ناوی شەعراوی کە لێکدانەوەی کرد و بینی” لەسەر ژیانی پێشکەش کراوە.
کۆچی دوایی
شێخ مەتوەلی ئەلشەعراوی لە ١٧ـی حوزەیرانی ساڵی ١٩٩٨ کۆچی دوایی کرد و لە زێدی خۆی لە گوندی دەقادووس بە خاک سپێردرا.