ناوهڕۆك
ناساندن
شێخ عەبدولحەمید کشک (بە عەرەبی: عبدالحميد كشك، بە ئینگلیزی: Abdal-Hamid Kishk) بانگخواز و زانا و وتارخوێنێکی ئیسلامی و عەرەبی و میسری بوو، بە ناودارترین و دیارترین وتارخوێنی ئیسلامی سەدەی بیستەم ناسراوە و بە وتارخوێنە کاریگەرەکان دانراوە. زانایەکی ڕەخنەگری بوێر بووە کە سەرەڕای نابینایی بەڵام زۆر لێهاتوو و چاونەترس بووە و بەوە ناسراوە کە بە ئاشکرا ڕەخنەی توندی لە ستەمکاران و دەسەڵاتداران گرتووە.
زانیاری گشتی
ناو | عەبدولحەمیدی کوڕی عەبدولعەزیز کشک |
ساڵ و شوێنی لەدایکبوون | ١٠ـی ئازاری ساڵی١٩٣٣، گوندێ شوبراخت لە پارێزگای بوحەیڕا، میسر |
نازناو | سوارچاکی مینبەرەکان/فارس المنابر، پارێزەری جووڵانەوە ئیسلامییەکان، دیارترین وتارخوێنی ئیسلامی سەدەی بیستەم |
ئایین | موسڵمانی سوننە مەزهەب |
پیشە | بانگخوازی ئیسلامی، وتارخوێنی ئایینی، زانای ئایینی |
ناسنامە | عەرەبی میسری |
کۆچی دوایی | شەشی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٩٦، قاهیرە، میسر |
ژیانی سەرەتا و ئەزموونی خوێندنی
عەبدولحەمیدی کوڕی عەبدولعەزیز کشک لە ١٠ـی ئازاری ساڵی ١٩٣٣ لە گوندی شوبراختی هەژارنشینی دوورەدەست لە پارێزگای بوحەیڕا لە میسر لەدایکبووە. لە تەمەنی شەش ساڵی تووشی نەخۆشی دەبێت بەهۆی ئەوەی بە هەڵە چارەسەر وەردەگرێت چاوێکی لەدەست دەدات و چاوێکیشی کز دەبێت، دوای لەدەستدانی چاوێکی و کەمبوونەوەی توانای بینینی گرنگی بە لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز داوە و تەواوی قورئانی پیرۆزی لەبەرکردووە.
پاشان چووەتە پەیمانگای ئەزهەری لە ئەسکەندەرییە بۆ خوێندنی ئایینی، لە پشووەکانی کە هاتووتەوە بۆ گوندەکەی ئەوەی فێری ببوو بۆ گوندنشینانی ناوچەکەی وەکوو وتار بۆیانی باس دەکرد. لە کاتی تاقیکردنەوەکانی بەدەستهێنانی بڕوانامەی سەرەتایی لەوسەردەمەدا، ئەو چاوەشی که بینایی کز ببوو نابینابوو و بۆ هەمیشە بینایی تەواوی چاوەکانی لەدەستیدا، بۆیە بۆ ماوەی دوو ساڵ لە خوێندن دابڕا، پاشان چووەتە قاهیرە و دواناوەندی ئەزهەری خوێندووە و پاشان چووەتە کۆلێجی بنەماکانی ئایین و پلەی یەکەمی تێدا بەدەستهێناوە، دوو بژاردەی دراوەتی کە ببێت بە مامۆستا و وانەبێژ لە ئەزهەر یان وتاربێژ، شێخ عەبدولحەمید وتاربێژی هەڵبژاردووە.
ئەزموونی وتاربێژی
شێخ عەبدولحەمید کەسایەتییەکی بەهێزی هەبووە و قسەکەرێکی زۆر باش بووە، لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا یەکەمین وتاری ئایینی لەسەر مینبەری مزگەوتی گوندەکەیان پێشکەش کردووە، یەکەم وتاری لەسەر خراپ بەڕێوەبردنی نەخۆشخانەکان و بوونی بەرتیل بووە لە ناوچەکەی، بۆیە لەو تەمەنە و بۆ یەکەم جار لەسەر وتاردان دژایەتی کرا و لەلایەن بەڕێوبەری نەخۆشخانەکە لەلای پۆلیس شکایەتی لێکرا. دوای دامەزراندنی بە شێوەیەکی فەمی لە چەند مزگەوتێک وتاربێژی کردووە،
لە پێنجی مانگی ئایاری ساڵی ١٩٦٤ لەگەڕەکی دیر مەلاک لە ناوچەی باخچەکانی قوبە لە مزگەوتی (عین الحياة) بووە وتارخوێن، کە بە گەڕەکی ڕۆشنبیران و دەوڵەمەندەکان ناسراو بوو، دوای دەسبەکاربوونی گرنگی تەواوی بە وتاردان دەدا، مزگەوتەکەی بە "مدرسة محمد/قوتابخانەی موحەمەدی پێغەمبەر" ناوزەد دەکرد. لەو سەردەمە زۆر ناسرا و گوێگران و نوێژخوێنانی مزگەوتەکەی زۆر بوون.
تایبەتمەندی وتارەکانی
شێخ عەبدولحەمید کشک چەند تایبەتمەندییەکی هەبوو کە یارمەتی دەدا خەڵکی زیاتر گوێی لێگرن، ئەو خاوەن دەنگێکی بەرز و کاریگەر بوو، شێوازێکی کارای هەبوو لە باوەڕهێنانی گوێگر بە وتەکانی، کەسایەتییەکی بوێر و لێهاتوو و نەترس بوو و دژی زۆرداری و ستەم بە ئاشکرا قسەی دەکرد و ناوی ستەمکارانی بە ئاشکرا دەهێنا.
وتارەکانی بۆ هەموو چینەکانی کۆمەڵگا بووە و لە سەر زۆرێک لە بابەتەکان نموونەی بابەتە شەرعی و ئیسلامییەکان، هاوکات زیاتر لەسەر بابەتە گرنگەکانی ڕۆژ وتاری داوە. شێخ عەبدولحەمید بە شێوازی وتاردانی و شێوازی قسەکردنی گرنگی بە گوێگر داوە، گوێگرەکانی لەگەڵ وتەکانی کارلێک و کاردانەوەی ڕاستەوخۆیان هەبووە، زیاتر وتارەکانی بەستووەتەوە بە هەست و سۆزەوە.
زمانی وتارەکانی تێکەڵەیەک بووە لە زمانی پاراو و ڕێزمانی عەرەبی لەگەڵ شێوەزرای میسری بە شێوەیەکی ئاسان مەبەستی وتارەکانی ڕوون کردووەتەوە و زمانی قورسی بەکارنەهێناوە. ڕەخنەگرێکی بوێر بووە و بە ئاشکرا ڕەخنەی لە هەرکارێک گرتووە کە پێچەوانەی ئایین و خواستی خەڵک بووە، ڕەخنەی لە شێخەکانی ئەزهەر گرتووە، ڕەخنەی لە دەسەڵاتدار و حکوومەتی میسر و وڵاتانی عەرەبی گرتووە نموونەی موعەمەڕ قەزافی و سەدام حسێن، ڕەخنەی لە یاسای نەگونجاو گرتووە، ڕەخنەی لەو نووسەرانە گرتووە کە دژی ئیسلام نووسینیان هەبووە نموونەی ئەنیس مەنسووڕ و نەجیب مەحفوز، ڕەخنەی لە هونەرمەندان و گۆرانیبێژاە ناودارەکانی میسر نموونەی ئوم کەلسووم و عەبدولحەلیم حافز گرتووە.
لە وتارەکانی سەرەڕای ئەوەی هەندێک کات ڕەخنەی توندی گرتووە، بەڵام هیچ کات سووکایەتی بە کەس نەکردووە و لە ئاستی کەسی کەم نەکردووەتەوە و هیچ کەسێکی بە تەکفیری تۆمەتبار نەکردووە، کێشەی تایبەتی لەگەڵ هیچ کەسایەتییەک نەبووە و تەنها ڕەخنەی لە بیروبۆچوونەکان گرتووە.
ئەزموونی سیاسی و زیندانی
هەڵوێستی لەگەڵ ڕەوتە ئیسلامییەکان و ئیخوان موسلیمین
شێخ عەبدولحەمید کشک سەر بە هیچ حیزب و لایەنێک نەبووە بەڵام داکۆکی لە زۆرێک لە ڕەوتە ئیسلامییەکان کردووە کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی میسر تووشی ستەم بوونەتەوە، لە نیوەی پەنجاکان تاکوو کۆتایی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو بواری سیاسی میسر ئاڵۆز بووە، دوای ئەوەی لەلایەن جەمال عەبدولناسڕەوە ئیخوان موسلیمین بە هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی و دروستکردنی پشێوی تۆمەتبار کران، بۆیە زۆرێک لە ئەندام و لایەنگرانی ئیخوان زیندانی کران و دوورخرانەوە و بەشێکیش لە سەرکردەکان ڕاستەوخۆ بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوو.
عەبدولحەمید کشک بە فەرمی ئەندامی حیزبی ئیخوان موسلیمین نەبوو، بەڵام دژی ئەو ستەمە بوو کە لەلایەن جەمال عەبدولناسڕ ڕووبەڕوویان کرایەوە، پەیوەندی هاوڕێیەتی لەگەڵ چەندان ئەندامی ئیخوان هەبوو، بۆیە بە ئاشکرا و بە بێ ترس سەرەڕای بوونی چاودێری توند شێخ عەبدولحەمید دژایەتی جەمال عەبدولناسڕی کرد و ڕەخنەی توندی دەگرت لەسەر بڕیارەکانی ئەو سەردەمە، بەهیچ جۆرێک پەیوەست نەبوو بە داواکانی دەوڵەت بۆ سنووردارکردنی وتاردان. لە سەرەتاکانی ساڵی ١٩٦٥ دوای هەر وتارێکی ڕۆژی هەینی عەبدولحەمید ڕاپێچی لێکۆڵینەوە دەکرا. لەسەر زیندانیکردن و لەسێدارەدانی سەید قوتب هەڵوێستی هەبووە و دژی بڕیارەکە بووە.
تەنانەت لەلایەن دەسەڵاتدارنی میسرەوە نموونەی (موشیر عەبدولحەکیم عامر) کە وەزیری جەنگی ئەو کاتەی میسر بوو و یەکێک بووە لە ئەفسەرە ئازدیخوازەکانی میسر، داوای لە شێخ کرد بە بەڵگەی شەرعی خوێنی سەید قوتب حەڵاڵ بکات، بەڵام بە توندی بڕیارەکەی ڕەت کردەوە، بۆیە لە ئەنجامدا دوای ئەو ڕەتکردنەوەیە لە نیسانی ساڵی ١٩٦٥ بە شێوازێکی نامرۆڤانە هێرشکرایە سەرماڵەکەی و لە زیندانی (القلعە) زیندانی کرا، دواتر بۆ ماوەی دوو ساڵ لە نێوان چەند زیندانییەک دەگوازرایەوەو دوای دوو ساڵ لە زیندانیکردنی لە ساڵی ١٩٦٨ لە زیندان ئازاد کرا.
هەڵوێستی لە سەردەمی ئەنوەر سادات
لەم سەردەمە کە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو بوو شێخ عەبدولحەمید لەنێو خەڵکی زۆر زیاتر ناسرا، وتارەکانی ڕۆژی هەینی لەسەر کاسێت تۆمار دەکرا و بڵاودەکرایەوە، ناوبانگی گەیشتە دەرەوەی میسر و زیاترلە وڵاتە عەرەبییەکانی تر ناودار بوو، کاسێتە تۆمارکراوەکانی لە زۆر وڵاتی عەرەبی قەدەغەکران. لەم سەردەمەدا میسر بەڕووی لایەنی هونەری و ڕۆشنبیری کرایەوە و زۆر پەرەی سەند، بۆیە بۆچوون و کەسایەتییەکانی میسر دژی ئایین زۆر بوون.
هاوکات لە سەرەتای سەردەمی دەسەڵاتی ئەنوەر سادات بەراورد بە سەردەمی جەمال عەبدولناسڕ ئیسلامییەکانی میسر تاڕادەیەک ئازادتر بوون، تاکوو واژۆکردنی پەیماننامەی ئاشتی لەنێوان ئیسڕائیل و میسر دووبارە ئاڵۆزی و گرژی لەنێوان ئیسلامییەکان و دەسەڵاتی میسر دروست بووەوە.
لە دووی ئەیلوولی ساڵی ١٩٨١ دووبارە داواکاری فەرمی دەرکرا بۆ زیندانی کردنی شێخ عەبدولحەمید کە لەگەڵ زیاتر لە ١٦٠٠ کەسایەتی ئیسلامی و سیاسی تری میسر دەزگیرکران بە بیانووی جیاجیا، لەسەر بڕیارێکی ئەنوەر سادات دەزگیرکران کە لە ساڵی ١٩٨١ بە بڕیارێک بە بێ بوونی هیچ هۆکارێکی ڕوون ناوی ١٦٠٠ کەسایەتی چالاکوانانی سیاسی چەپڕەو و چەندان کەسایەتی ئیسلامی میسری ئاڕاستەی زیندان کرد. هەر ئەم بڕیارەی سادات بووە هۆی تیرۆرکردنی.
له سەردەمی حوسنی موبارەک
شێخ عەبدوحەمید لە سەردەمی دەسەڵاتی حوسنی موبارەک لە زیندان ئازاد کرا، بەڵام لە وتاردان دوورخرایەوە و بەزۆر ناچارکرا لە ماڵەکەی کرایە ژێر چاودێری چڕەوە، چیتر بۆی نەبوو وتار بدات و تەنیا لە چەند بۆنەیەکی تایبەتی دەیتوانی و دەیکردە دەرفەت تاکوو وتاری ئایینی پێشکەش بکات. بۆیە دوای ئەم بڕیارە هەندێک لە وڵاتانی کەنداو پارە و ماڵی خەیاڵیان پێشکەش کرد تاکوو لە میسر دەربچێت و بچێت لە وڵاتانی تر کاری وتاربێژی بکات، بەڵام هەموو شتێکی ڕەت کردەوە و هەرگیز وڵاتی میسری بەجێنەهێشت.
بەرهەمەکانی
شێخ عەبدولحەمید کشک نزیکەی دووهەزار وتاری تۆمارکراوی لەسەر کاسێت بەجێهێشت و لە هەموو وڵاتانی دونیا کاسێتە دەنگییەکانی بڵاوبووەوە، هاوکات نزیکەی ١٠٠ بەرهەمی نووسین و کتێب و تەفسیری قورئان و یاداشتنامەیەکی ژیانی خۆی هەیە.
کۆچی دوایی
کەسە نزیکەکان و هاوڕێ و قوتابییەکانی پشتڕاستی دەکەنەوە کە شێخ عەبدولحەمید هەمیشە پاڕاوەتەوە کە لە سوجدەیا کۆچی دوایی بکات، لە وتارێکی تۆمارکراویشی هەیە کە شێخ دەپاڕێتەوە کە لە سوجدەیا کۆچی دوایی بکات و بەو شێوەیە زیندوو ببێتەوە و حەشر بکرێت.
شێخ عەبدولحەمید کشک لە ڕۆژی هەینی لە بەرواری شەشی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٩٦، دەستنوێژی گرتبوو بۆ نوێژی هەینی خۆی ئامادە کردبوو، پێش هەرنوێژێکی ڕۆژی هەینی نەریتی وابووە کە چەند ڕکاتێک نوێژی چێشتەنگاوی لە ماڵەکەی خۆی کردووە، بۆیە لەکاتی نوێژکردن و لە ڕکاتی دووەم و لە کڕنووشی دووەم کۆچی دوایی کردووە. لەدوای مردنیشی دەسەڵاتدارانی حوسنی موبارەک فرمانیان بە خێزانی شێخ کرد کە ڕاستەوخۆ بنێژرێت و پرسەکەی لە کاتژمێر سێی ئێوارە تاکو ١٢ـی شەو بوو و ڕێگە نەدرا کەس پرسەی بۆ دانێت.