ئەسکەندەرییە

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2022-03-10-23:00:00 - کۆدی بابەت: 7958
ئەسکەندەرییە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەسکەندەرییە (بە ئینگلیزی: Alexandria، بە عەرەبی: الإسكندرية)، ئەسکەندەرییە سێیەم گەورەترین شاری میسرە لە دوای شارەکانی قاهیرە و گیزەوە، هەروەها نۆیەم گەورەترین شاری ئەفریقایە و ناوەندێکی گەورەی ئابووریە، ئەم شارە لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە بە "بووکی دەریای سپی ناوەڕاست" ناو دەبرێت، شاری ئەسکەندەرییە گەورەترین شاری سەر دەریای سپی ناوەڕاستە و چوارەم گەورەترین شاری جیهانی عەرەبییە، شارەکە نزیکەی 40 کیلۆمەتر لە کەناری باکووری میسر بە درێژایی دەریای سپی ناوەڕاست درێژ دەبێتەوە، ئەسکەدەرییە شوێنێکی گەشتیاری بەناوبانگە و هەروەها بەهۆی گازە سروشتییەکەی و بۆرییە نەوتییەکانی کە لە سویزەوە بۆی ڕاکێشراوە ناوەندێکی پیشەسازی گرنگە.

مێژووی شارەکە

شاری ئەسکەندەرییە لە ساڵی 331ی پێش زایینی و لەلایەن ئەلێکساندەری مەزنەوە لە جێگیرگەیەکی تەنیشت میسرەوە بە ناوی ڕاکۆتیس دامەزراوە، ئەم شارە بەخێرایی گەشەی کرد و بوو بە ناوەندێکی سەرەکی شارستانی، هەروەها شوێنی مەمفیسی وەکوو پایتەختی وڵاتی میسر گرتەوە، نزیکەی هەزار ساڵ لەم پێگەیەیدا مایەوە، لە ماوەی فەرمانڕەوایی ڕۆمانی و ڕۆژهەڵاتی ڕۆمانی (بیزەنتی) هەتا داگیرکردنی موسڵمانەکانی میسر لە ساڵی 641ی زایینی، شاری ئەسکەندەرییە زیاتر بە منارەی ئەسکەندەرییە، پەرتووکخانە مەزنەکەی و گۆڕستانەکەی ناسراوە، ئەم شارە سەنتەری ڕۆشنبیری و کولتووری دەریای سپی ناوەڕاستی کۆن، ناوەندێکی سەرەکی مەسیحییەت و هەروەها ناوەندی پەتریارکی ئەسکەندەرییە بوو، کە یەکێک بوو لە ناوەندە گەورەکانی مەسیحییەت لە ئیمپراتۆریەتی ڕۆمی ڕۆژهەڵات، لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، هەمیشە ئایین لە ناو شاردا گرنگی خۆیی هەبووە، هەر لە بوون بە ناوەندی هێلینیزمەوە تا بوونی بە نیشتیمانی گەورەترین کۆمەڵگەی جوولەکەکان لە جیهاندا، هەروەها بۆ چەند ساڵێکیش وەکوو پایتەختی وڵاتی میسر خزمەتی کردووە، لە مێژووی کۆنی ناوچەکەدا هاتووە کە چەند جەنگێک لەم ناوچەیەدا ڕوویداوە و شاری ئەسکەندەرییە کەوتۆتە ژێر دەسەڵاتی چەند فەرمانڕەوایەتییەکی جیاوازەوە، لە ساڵی 1517دا ئەم شارە لەلایەن تورکەکانی دەوڵەتی عوسمانییەوە دەستی بەسەردا گیرا و هەتا نزیکەی ساڵی 1800کان لەژێر فەرمانڕەوایی ئەواندا بوو، لە ئێستادا شاری ئەسکەندەرییە شوێنی چەندین شوێنەواری کۆن و مێژووییە، هەروەها نیشتیمانی چەندین تەلاری ئایینی و کۆلێجی خوێندنی باڵا و چەندین زانکۆیە. شارەکە خاوەنی دوو فڕۆکەخانە، چەند ڕێگایەکی گشتی، هێڵی شەمەندەفەری هاتووچۆی ناوەکی، چوار بەندەر و مۆزەخانەی جۆراوجۆرە، هەروەها شوێنێکی گەشتیاری بەناوبانگیشە.

دانیشتوانی ئەسکەندەرییە

شاری ئەسکەندەرییە لەڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە دووەم گەورەترین شاری وڵاتەکەیەتی، هەروەها یەکێکە لە گرنگترین ناوەندە ئابوورییەکانی وڵات، ژمارەی دانیشتوانەکەی لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2017دا نزیکەی 5.17 ملیۆن کەس بوو، هەروەها چڕی دانیشتوانی ئەم شارە 4,800 کەسە بۆ هەر میلێکی چوارگۆشە و ڕووبەری ڕووی شارەکە دەگاتە نزیکەی 2,679 کیلۆمەتری چوارگۆشە.

شارەکە لەڕووی دیمۆگرافییەوە

ئەو ئایینە سەرەکییانەی کە لە شاری ئەسکەندەرییەدا پەیڕەو دەکرێن بریتین لە: ئیسلام، مەسیحییەت و یەهودی. زۆربەی زۆری دانیشتوانی شارەکە موسڵمانی سوننەن، شارەکە بە درێژایی مێژوو گەشەسەندنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە و ئەم گەشەسەندنی دانیشتوانەش بە شێوەیەکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ ڕێژەی لەدایکبوون و هاتنی هاوڵاتیان لە گوندەکانەوە بۆ ناو شارەکە، هەروەها کولتوور، مێژوو و کاری بازرگانی لە شارەکەدا هۆکارێکی تری گەشەی بەردەوامی شارەکەن، هەروەها زۆربەی دانیشتوانی شاری ئەسکەندەرییە بە زمانی عەرەبی قسە دەکەن و زۆرینەی ئەو کەسانەی کە لە شارەکەدا دەژین خەڵکی ڕەسەنی میسرن، هەرچەندە لە بنەڕەتدا هاوڵاتیانی وڵاتانی ئەڵمانیا، ئیتالیا و وڵاتە ئەورووپییەکانی تریشی لێ نیشتەجێیە.

کەشوهەوای ئەسکەندەرییە

بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، شاری ئەسکەندەرییە کەشوهەوایەکی بیابانی گەرمی هەیە، بەنزیکەیی زستانی ساردە و هاوینی گەرم و وشکە، وەکوو هەموو کەنارەکانی باکووری میسر، بای باکووری زاڵ، کە بەسەر دەریای سپی ناوەڕاستدا هەڵدەکات وا لە کەشوهەوای شارەکە دەکات کەمتر تووند بێت بە بەراورد بە ناوچەکانی پشت کەناری بیابانی، شارەکانی ڕەفح و ئەسکەندەرییە تەڕترین ناوچەی میسرن و بارانیان زۆر لێ دەبارێت، کەشوهەوای شارەکە دەکەوێتە ژێر کاریگەری دەریای سپی ناوەڕاستەوە، پلەکانی گەرما مامناوەند دەکات و دەبێتە هۆی گۆڕینی بارانی وەرزی زستان و مامناوەند کردنی گەرمای هاوین، مانگەکانی کانوونی دووەم و شوبات ساردترین مانگن، کە بەرزترین پلەی گەرمای ڕۆژانەی بە شێوەیەکی ئاسایی 12 بۆ 18 پلەی سەدییە و نزمترین پلەی گەرمی دەگاتە 5 پلەی سەدی، هەروەها مانگەکانی تەمووز و ئاب گەرمترین و وشکترین مانگەکانی ساڵن، تێکڕای بەرزترین پلەی گەرمی ڕۆژانە لە شارەکەدا 30 پلەی سەدییە، ڕێژەی باران بارینی ساڵانە نزیکەی 200 ملیمەترە، بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە 30ی ئایاری ساڵی 1961دا 45 پلەی سەدی بوو، نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراویش لە 31ی کانوونی دووەمی 1994دا 0 پلەی سەدی بوو.

چەند شوێنێکی گەشتیاری شارەکە

  • مۆزەخانەی نەتەوەیی ئەسکەندەرییە
  • قەڵای قەیتبای
  • کۆم ئەلدیکە
  • گۆڕستانی کۆم ئەل شوقافە
  • منارەی ئەسکەندەرییە
  • باخچەکانی مونتەزە
  • شاری ئەسکەندەرییە
  • شاری ڕۆزیتا یان ڕەشید لە میسر
  • پەرتووکخانەی ئەسکەندەرییە
  • ئامفیتیاتری ڕۆمانی


سەرچاوەکان



686 بینین