بەیەکداچوونی شەپۆلەکان

له‌لایه‌ن: - سومەیە بێستون سومەیە بێستون - به‌روار: 2024-06-01-16:19:00 - کۆدی بابەت: 13080
بەیەکداچوونی شەپۆلەکان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بەیەکداچوونی شەپۆلەکان (بە عەرەبی: تصادم الأمواج، و بە ئینگلیزی: The collision of waves)، بەیەکداچوون ڕوودەدات کاتێک دوو شەپۆل بە ئاراستەی پێچەوانەدا دەڕۆن و پێکدادان ڕوودەدات و ئەو پێکدادانەش بریتییە لە پێکدادانی مامناوەند کە فراوانبوونی شەپۆلەکە دەبێتە کۆی دوو شەپۆلی سەرەتایی کە پێی دەوترێت (دەستێوەردان).

بەیەکداچوون چییە؟

ئەگەر دوو شەپۆل کە هەمان درێژی شەپۆلیان هەبێت و بەیەکدابچن ئەوا بەرئەنجام شەپۆلێک پێکدەهێنن کە هەمان درێژە شەپۆلی هەریەکە لە دوو شەپۆلەکەی هەیە، بەڵام بەپێی (بنەمای سەریەک چوون) فراوانی شەپۆلە بەرهەم هاتووەکە لەهەر ساتێکدا دەکاتە سەرەنجامی کۆکردنەوەی ئاڕاستە بڕانی فراوانی هەردوو شەپۆلە یەکگرتووەکە لە هەمان ئاستدا.

جۆرەکانی بەیەکداچوون

یەکەم/ بەیەکداچوونی دروستکەر:
لە کاتێکدا ڕوودەدات کە جیاوازی ڕەوگەی نێوان (دوو شەپۆلەکە سفر) بێت و فراوانی شەپۆلی بەرەنجام لە فراوانی هەریەکە لە دوو شەپۆلەکە گەورەترە، لە ڕووناکیدا بەرەنجامی شەپۆلە دروستکەرەکان توندی ڕۆشناییەکان لە توندی ڕۆشنایی هەریەکە لە دوو شەپۆلەکە زیاترە و برژۆڵەیەکی ڕووناک پەیدادەبێت.

دووەم/ بەیەکداچوونی لاوازکەر:
لە کاتێکدا ڕوودەدات کە جیاوازی ڕەوگەی نێوان دوو شەپۆلەکە (١٨٠پلە) بێت، و فراوانی دوو شەپۆلەکە جیاواز بێت بەمەش بەرەنجام فراوانییەکەی لە فراوانی شەپۆلە گەورەکە کەمترە بە واتای ئەوەی کە توندی ڕۆشناییەکەشی لاواز دەبێت. 

سێیەم/ بەیەکداچوونی لەناوبەر:
لە کاتێکدا ڕوودەدات کە جیاوازی ڕەوگەی نێوان دوو شەپۆلەکە (١٨٠پلە) بێت، و فراوانی دوو شەپۆلەکە یەکسان بێت و بەمەش فراوانی شەپۆلی بەرەنجام سفر دەبێت و لە ڕووناکیدا ناوچەی تاریک یان پرژۆڵەی تاریک دروست دەبێت.

ناوەڕۆکی بەیەکداچوونی شەپۆلەکان

 ١- کاتێک لە بەیەکداچوونی شەپۆلەکاندا دەڵێین جیاوازی ڕەوگە سفر بێت واتا دوو شەپۆلەکە هەمان ڕەوگەن، بەڵام کە دەڵێین جیاوازی ڕەوگە (١٨٠پلەیە) واتا ڕەوگە پێچەوانەن.
٢- ئەگەر سەری شەپۆلێک لەگەڵ سەری شەپۆلێکی تردا جوون بوون (یان بنەکەی لەگەڵ بنی شەپۆلێکی تر جووت بوون) ئەوا جیاوازی ڕەوگەی نێوانیان سفر دەبێت واتا هاوڕەوگەن، بەمەش بەیەکداچوونی دروستکەر ڕوودەدات و برژۆڵەی ڕووناک دروست دەبێت.
٣- ئەگەر سەری شەپۆلێک لەگەڵ بنی شەپۆلێکی تر جووت بوو ئەوا جیاوازی ڕەوگەی نێوانیان (١٨٠پلە) دەبێت واتا پێچەوانەن، بەمەش بەرەنجام بەیەکداچوونی لەناوبەر ڕوودەدات و برژۆڵەی تاریک دروست دەبێت.
٤- هەموو جۆرەکانی شەپۆل بە شەپۆلی میکانیکی و شەپۆلە کارۆموگناتیسییەکانەوە توانای بەیەکداچوونیان هەیە.
٥- بۆ ئەوەی سەریەکچوونی بەردەوام لەنێوان دوو شەپۆل یان زیاتردا ڕووبدات پێویستە ئەم مەرجانە بێنە دی: 

  • هەمان درێژی شەپۆلیان هەبێت.
  • مەرجە هاوباربن واتا جیاوازی ڕەوگەی نێوانیان نەگۆڕ بێت.

ئەگەر دوو سەرچاوەی ڕووناکی ئاسایی لە نزیک یەکتر دابنرێت چی ڕوودەدات؟

ئەگەر دوو سەرچاوەی ڕووناکی لە نزیک یەکتر دابنرێن ئەوا ناتوانرێت تێبینی بەیەکداچوونی بەردەوام بکرێت، تەنانەت ئەگەر هەمان ڕەنگیشیان هەبێت هۆیەکەشی ئەوەیە کە گۆڕانە هەڕەمەکییەکانی پەیدابوو لە ڕووناکی سەرچاوەی یەکەمەوە ناگونجێ لەگەڵ ڕەوگەی شەپۆلەکانی سەرچاوەی ڕووناکی دووەمدا، لەسەر ئەو بنچینەیە جیاوازی ڕەوگەی نێوان دوو شەپۆلەکە جێگیر نابن و بەردەوام دوو شەپۆلەکە بەیەکدادەچن بەڵام مەرجەکانی بەیەکداچوون لەگەڵ گۆڕانی جیاوازی ڕەوگەی نێوانیان دەگۆڕێت، لەبەرئەوە جۆرەکانی بەیەکداچوون لەو بارەدا نابینرێت یان تێبینی ناکرێت چونکە لەم بارەدا سەرچاوەکان ناهاوبارن.

ئەگەر دوو شەپۆل بەیەکدابچن و هەمان فراوانیان هەبێت

  • لە بەیەکداچوونی دروستکەردا: فراوانی شەپۆلی بەرەنجام دوو هێندەی فراوانی هەیەکە لە دوو شەپۆلە بەیەکداچووەکەیە، لەبەرئەوە برژۆڵەیەکی ڕووناک پەیدا دەبێت.
  • لە بەیەکداچوونی لەناوبەردا: فراوانی بەرەنجام سفرە لەبەرئەوە برژۆڵەیەکی تاریک پەیدا دەبێت.
  • تاک ڕەنگ: بەو سەرچاوە ڕووناکییانە دەوترێت کە ڕووناکییەکانیان هەمان درێژی شەپۆل و هەمان لەرەلەریان هەیە.
  • هاوباری: نەگۆڕانی جیاوازی ڕەوگەیە لەنێوان دوو شەپۆل یان زیاتردا.

پوختەی بەیەکداچوون

  • سێ جۆر بەیەکداچوونمان هەیە کە بریتین لە: (بەیەکداچوونی دروستکەر، بەیەکداچوونی لەناوبەر، بەیەکداچوونی لاوازکەر).
  • هەمیشە بەیەکداچوونی دروستکەر برژۆڵەی ڕووناک دروست دەکات.
  • هەمیشە بەیەکداچوونی لەناوبەر برژۆڵەی تاریک دروست دەکات.
  • هەمیشە برژۆڵەی ناوەند ڕووناکە چونکە هەردوو شەپۆلەکە هەمیشە کە دەگەنە خاڵی مەبەست هەمان دووریان بڕیووە، بەمەش هەمیشە جیاوازی ڕەوگە سفر دەبێت و بەیەکداچوون دروستکەر دەبێت.
  • هەمیشە برژۆڵەی ناوەندی بە هەمان ڕەنگی سەرچاوەکە دەردەکەوێت تەنانەت ئەگەر هەمەڕەنگ بێت یان سپی یان تاک ڕەنگ بێت.
  • جیاوازی ڕێڕەو: بریتییە لە جیاوازی نێوان ئەو دوو دوورییە کە دوو شەپۆلی دەرچوو لە دوو سەرچاوەوە دەیبڕن تا دەگەنە هەمان خاڵ.


سەرچاوەکان



44 بینین