کۆی جەنگ: شوگەن ٢

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-08-11-13:42:00 - کۆدی بابەت: 13974
کۆی جەنگ: شوگەن ٢

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کۆی جەنگ شوگەن ٢ (بە عەرەبی: الحرب الشاملة شوغون ٢، بە ئینگلیزی: Total war shogun 2) یارییەکی ستراتیجی لەسەر بنەمای کاتیی ڕاستەقینەیە، یەکێکە لە بەشەکانی زنجیرەی Total war کەوا ساڵی ٢٠١١ لەلایەن ستۆدیۆی Creative Assembly پەرەی پێدراوە و لەلایەن کۆمپانیای Sega بڵاوکراوەتەوە. یارییەکە پێکدیت لە بەشێکی سەرەکی و دوو زیادکراو، بەشە سەرەکییەکە سەردەمی شوگەنەیت و ململانێ ناوخۆییەکانی نێوان هۆزەکانە بۆ گەیشتن بە هەرێمی کیۆتۆ پایتەختی یابان و بوون بە شوگەن. زیادکراوێکیان کە پێی دەڵێن age of samurai بریتییە لە سەرەتای دروست بوونی سامورایەکان لە یابان، زیاد کراوی دووەمیش کۆتایی هاتنی سامورایەکانە. 

یارییەکە لەسەر ئامێرەکانی کۆمپیوتەر وەک microsoft windows و macOS و Linux بەردەستە. ئەگەر کۆمپیوتەرەکەت RAMـەکەی 4GB یان زیاتر بێت ئەوا کاری پێ دەکات. 

شێوازی یاریکردن

یارییەکە لە نەخشەی تەواوەتی یاباندایە، هۆزەکان ململانێیانە بۆ گەیشتن بە پلەی شوگەن و کورسی دەسەڵات لە کیۆتۆی پایتەخت. تۆ وەکو یاریکەر هۆزێک هەڵدەبژێریت لەسەر بنەمای ململانێی کورت مەودا، یاخود جەنگی درێژخایەن. 

پاش هڵبژاردنی هۆزێکی دیاریکراو دەست دەکەیت بە یارییەکە، ئەم بەشەی زنجیرەکە گرنگی زۆر بە وردەکاری دراوە، گۆڕانی کات و وەرز هەیە لە هەر خولێکی یارییەکە وەرزێک تێپەڕدەبێت. 

گرنگترین داواکارییەکان کە یاریکەر دەبێت جێبەجێی بکات

یاریکەر، بۆ ئەوەی بگاتە ترۆپکی هێز و دەسەڵات پێویستە لەسەری ئابووری لە هەرێمەکانی ژێر دەستی بەهێز بکات، ئەمە گرنگترین لایەنی ناو یارییەکەیە کە سیستمی باج ڕێک بخات و گەشە بە ئابووری بدات.

گرنگیدان بە کشتوکاڵ و زەخیرە کردنی برنج بۆ وەرزی سەرما، ئەمەش لایەنێکی ترە کە پێویستە لە هەموو هەرێمەکانی ژێر دەستتدا گرنگی پێ بدەیت، تاوەکو لە وەرزی زستاندا خەڵکەکەت لە برسا نەمرن.

خواست بۆ ژیان، هەر هەرێمێک لە شار و گوند پێکدێت، شارەکان دەور دراون بە شورا بەڵام گوندەکان وا نیین، بۆیە دەبێت تۆڕی ئاسایش و پۆلیسی هەرێمی دابمەزرێنیت تاوەکو ڕێگری بکرێت لە تاوان و کوشتن. بەمەش خەڵک هەست بە پارێزراوی دەکەن و دانیشتووان زیاتر دەبن.

بەندەری بازرگانی، ئەگەر خاکەکەت لەسەر دەریا بوو، ئەوا دەتوانی بازرگانی بکەیت لەگەڵ هەرێمەکانی دراوسێ، ئەمەش سوودی دوو لایەنی دەبێت. 

پەیوەندییەکان، لە یارییەکەدا ژمارەیەکی زۆر پەیوەندی هەیە، وەک هاوپەیمانی، دیبلۆماسی، پەیوەندی خزمایەتی دروستکردن، گۆڕینەوەی بارمتە و دیلکراو، بازرگانی، ئاشتی. ئەگەر سەرۆکی هۆزەکەت کچ یان کوڕی هەبێت ئەوا بۆ پرسی ئاشتی و بەهێزکردنی پەیوەندی لەگەڵ هۆزێکی تردا دەتوانیت خزمایەتی دروست بکەیت و هاوسەرگیری دروست بکەیت لەگەڵ کوڕ یان کچی هۆزێکی تر. یاخود کچەکەت دەتوانی بدەیتە یەکێک لە جنڕاڵەکانت بۆ ئەوەی دڵسۆزیان بۆت زیاد بکات.

دروستکردنی سوپا

دروستکردنی سوپا لە شارەکانەوە دەکرێت دوای ئەوەی کلیکی لای چەپ دەکەیت، دەچیتە بەشی Reqruitment، هەر شار و هەرێمێک جۆرێکی سەربازیان هەیە. پێویستە ئاگاداری سوپاکەت بیت لە ڕووی چەندێک سەربازت دەوێ بۆ ئەو جەنگە.

دەتوانیت چەند سوپایەک بکەیتە یەک، دوای ئەوەی سوپاکەت ئامادەبوو، کلیک لە Army دەکەیت پاشان کلیکی لای ڕاست لەو جێگەیە دەکەیت کە دەتەوێت بۆی بچن، پاشان لە جێگەیەکی ترەوە سوپایەکی تر بهێنە بۆ لای ئەمان و نیشانەی ماوسەکە بهێنە سەریان نیشانەی ئاڵوگۆڕ دروست دەبێت کلیکی لای ڕاست بکە ڕاستەوخۆ یەکدەگرن، بەمەش سوپایەکی گەورەتر دروست دەبێت. 

چالاکییە نهێنییەکان

چالاکی نهێنی، مەبەست لێی ئەو کارانەیە کە بۆ مەبەستی دەستکەوتنی زانیاری ئەنجام دەدرێن، یاخود بۆ کوشتنی سەرکردە گەورەکان ئەنجام دەدرێن. بۆ ئەمەش دوو لایەن هەیە، بۆ چالاکی سیخوڕی دەتوانیت کەڵک لە سەماکەرەکان وەربگریت کە زانیاری کۆ دەکەنەوە. بۆ کاری کوشتنیش دەتوانیت سوود لە نینجا وەربگریت. 

بۆ ئەوەی هەلیەکانیان لە دەست نەدەن دەتوانیت کارامەییان بەرز بکەیتەوە بە کلیک کردن لە نینجا یان سەماکەرەکە، پاشان لە دەستە چەپەوە کلیک لە ناوەکەی بکە کە لە خوار وێنەکەیەتی، درەختی کارامەیی کارەکتەرەکە دەکرێتەوە، ئەوەی بە پێویستی دەزانیت چالاکی بکە و بە چەند خولێک ئەو کارامەیە بە دەست دەهێنیت.


سەرچاوەکان



74 بینین