شێرزاد عەبدولڕەحمان

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-05-09-01:10:00 - کۆدی بابەت: 8570
شێرزاد عەبدولڕەحمان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و ژیاننامەی

قورئانخوێنی ناوداری کوردی و جیهانی شێرزاد عەبدولڕەحمان تاهیری شافیعی (بە عەرەبی: شیرزاد عبدالرحمن)، لەدایکبووی ساڵی 1968ـی شاری مووسڵە، ڕچەڵەکی دەگەڕێتەوە بۆ خێزانێکی کوردی دانیشتوی گوندی مەریبا لە شاری مووسڵ و لە هۆزی کووفییە کە کوردن لە بنەڕەتدا دانیشتووی ناوچەی گوندەکانی ژیناوە و ئاشاکان کە دەکەونە باکووری ڕۆژهەڵاتی مووسڵەوە، هەر لە منداڵییەوە زانستی شەرعی لەسەر دەستی زانا گەوەرەکانی مووسڵ وەرگرتووە و باوکی کاریگەرییەکی زۆری لەسەر هەبووە.
لە ساڵی 1991 لە کۆلێجی ئەندازیاری کۆمپیوتەر لە زانکۆی مووسڵ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی بەدەستهێناوە، هەروەها لە ساڵی 2011 بڕوانامەی ماستەری لە بانگەوازیی ئیسلامی لە زانکۆی ئوردن بەدەستهێناوە.
زمانی ئینگلیزی و عەرەبی بە باشی دەزانێت و لە ئێستادا پێشنوێژ و ووتارخوێنی مزگەوتی شاریقەی وڵاتی ئیماڕاتە، بەهۆی لێهاتوویی و دەنگخۆشییەوە نازناوی مانگی قورئانخوێنان - "بدر القراء"ـی پێبەخشراوە.

ئەزموونی قورئانخوێنی

سەرەتای ئەزموونی هەر لە منداڵییەوە بووە،  لەسەر دەستی باوکی کە بەڕێوبەری قوتابخانەیەک بووە و مامۆستای ئایین و زمانی عەرەبی بووە شێواز و یاساکانی جوان خوێندنەوەی قورئان و بابەتە ئایینییەکانی خوێندووە، بەهۆی لێهاتوویی و دەنگخۆشییەوە لەنێو هاوڕێکانی نازناوی "مەنشاوی بچووک"ـیان پێدا بوو.
لە تەمەنی لاوی لەسەر دەستی گەورە شێخ و زاناکانی مووسڵ وانەی ئایینی و شەرعی خوێندووە، نموونەی "شێخ سەیفەدینی کوڕی هادی" و شێخ عیمادەدین شەمسەدین" و چەندانی تر. لە ساڵی 1988 لەلایەن گەورە زانای مووسڵی ئەو سەردەمە "شێخ عەبدولـلەتیف خزڕ سۆفی" ڕێگەپێدان و مۆڵەتی خوێندنەوەی قورئانی بە شێوازی "حفص عن عاصم" وەرگرت، پاشان لە ڕێگەی هەمان زاناوە مۆڵەتی خوێندنەوەی قورئانی بە هەر حەوت شێوازەکە وەرگرت و نازناوی "بدر القراء"ـی پێبەخشرا. لە ساڵی 1995 گەشتی وڵاتی یەمەنی کرد و سێ ساڵ لەوێ مایەوە، لەلای گەورە قورئانخوێنی ناوداری ئەو وڵاتە "عەبدولڕەزاق محەمەد" مۆڵەتی سێ شێوازی تری جوان خوێندنەوەی قورئانی وەرگرت.
کاری پێشنوێژی و ووتارخوێنی لە مزگەوتەکانی شاری مووسڵ کردووە، لە سەردەمی خۆی یەکەم قورئانخوێنی عێراقی بووە کە بە هەموو شێوەکان قورئانی خوێندووەتەوە، هەروەها کاری پێشنوێژی و قورئانخوێنی لە وڵاتی یەمەن و ئیماڕات کردووە. 

چالاکییە ئایینییەکانی

کاری وانەوتنەوەی قورئان و لەبەرکردن و جوانخوێندنەوەی قورئانی کردووە، زۆرێک لە قورئانخوێنە لاوەکانی ئێستا مۆڵەتی قورئانخوێندن لەسەر دەستی ئەو وەردەگرن، دادەوەری چەندان پڕۆگرام و پێشبڕکێی قورئانی تەلەڤیزیۆنی ناودار بووە، هەروەها چەندان خەتمەی تەواوی قورئانی بە شێوازە جیاوازەکانی خوێندنەوەی قورئان بە دەنگی خۆی تۆمارکردووە.


سەرچاوەکان



311 بینین