ئەڵماس

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-05-18-21:43:00 - کۆدی بابەت: 8696
ئەڵماس

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەڵماس (بە ئینگلیزی: Diamond) (بە عەرەبی: الألماس) خاوێکی دەگمەنە کە لە کاربۆنی خاوێن پێکهاتووە، بە بەهێزترین ماددەی سروشتی ناسراوە و بەنرخترین گەوهەری بەناوبانگە. لە ئەڵماسدا هەر گەردیلەیەکی کاربۆن بە چوار گەردیلەی تر دەورەدراوە، کە ئەم کاربۆنانە بە بەندی هاوبەشی بەهێز بەیەکەوە پەیوەستن. ئەم ڕێکخستنە سادە و چونیەک و توندە بووەتە هۆی دروستکردنی یەکێک لە ناسراوترین و هەمەکارەترین ماددەکانی سەر زەوی کە ئەڵماسە. بەهێزی و درەوشاوەیی و بریقەداری ئەڵماس وای لێکردووە وەک گەوهەرێکی بێ‌هاوتا بەکاربێت. لە هێمای گەوهەرەکاندا ئەڵماس دەرخەری خۆشەویستییەکی قووڵ و جێگیرە. بەردی ئەڵماس بە سەنگی قیرات (عەیارە) دەپێوەرێت (1 قیرات = 100 میلیگرام) و بە خاڵیش دەپێورێت (1 خاڵ = 0.01 قیرات).

مێژوو

ناوی ئینگلیزی ئەڵماس لە دەستەواژەی کۆنی یۆنانی (داماوۆ – damáō) هاتووە کە بە واتای بەهێزی لەڕادەبەدەر دێت. باوەڕ وایە کە بۆ یەکەمجار نزیکەی 6000 ساڵ پێشتر لە هیندستان ئەڵماس دۆزراوەتەوە و ناسێنراوە، ئەڵماس لەو کاتەی کە وەک هێمایەکی ئایینی لە هیندستان بەکاردەهات وەک گەوهەرێک ناسێنرا، هەروەها مێژووی کۆنی هەیە لە بەکارهێنانی وەک ئامڕازێک بۆ هەڵکەندنی گۆڕ. لە سەدەی 19 لەبەر زۆری بەکارهێنان، توانا ناوازەکەی بۆ بڕین و ڕووپۆشکردن، گەشەکردنی ئابووری جیهان و خەباتی داهێنەرانە و پێشکەوتووی بانگەشە و ڕاگەیاندن ناوبانگی زۆری پەیدا کرد.
لە ساڵی 1772 زایینیدا زاناری فەڕەسی (ئەنتۆنی لاڤۆزێر) هاوێنەی بەکارهێنا بۆ چڕکردنەوەی تیشکی خۆر لەسەر ئەڵماس لە ناوەندی ئۆکسجیندا، لە ئەنجامدا بۆی دەرکەوت تاکە بەرهەمی ئەم سووتانە دووانە ئۆکسیدی کاربۆن بووە، ئەمەش بوو بە سەلمێنەری ئەوەی کە ئەڵماس لە کاربۆن پێکهاتووە. 
دواتر لە ساڵی 1797 کیمیاگەری ئینگلیزی (سیمسۆن تێنانت) ئەم ئەزموونەی ئەنتۆنی دووبارەکردەوە و فراوانتری کرد، ئەم کارەشی لە ئەنجامی ئەوە بوو کە بۆی دەرکەوت بەرهەمی سووتانی ئەڵماس و گرافیت هەمان بڕی گازە، ئەمەش بووە دەرخەری ئەوەی کە ئەم دوو ماددەیە لە ڕووی کیمیاییەوە هاوشێوەن.

ئەڵماس چۆن دروست دەبێت؟

ئەڵماس لە ڕووکاری زەویدا دروست نابێت، بەڵکوو لە پلەی گەرمی و پەستانی بەزری چینی ناوەوەی زەویدا لە نزیکەی ١٠٠ میل لە خوارەوەی ڕووکاری زەویدا دروست دەبێت. زۆربەی ئەو ئەڵماسانەی کە لە ڕووکاری زەویدا دۆزراونەتەوە بەهۆی تەقینەوەی قووڵی سەرچاوەی گڕکانەوە هاتوونەتە سەرزەوی. ئەم تەقینەوانە لە چینی ناوەوەدا دەست پێدەکەن و لە کاتی هاتنیان بەرەو ڕووی زەوی پارچە بەردی چینی ناوەوەی زەوی دەهێننە سەر ڕووی زەوی بەبێ ئەوەی بیانتوێننەوە. ئەم خشتۆکانەی کە لە چینی ناوەوەی زەوییەوە دێن پێیان دەوترێت بەردەبێگانە (بە ئینگلیزی: xenoliths)، ئەم بەردەبێگانانە لە ئەو ئەڵماسانە پێکهاتوون کە لە ناوەندی پلەی گەرمی و پەستانی بەرزی چینی ناوەوەی زەویدا دروست بوون.

تایبەتمەندی

گشتی

ئەڵماس جۆری ڕەقی کاربۆنی خاوێنە کە گەردیلەکانی لە شێوەی کریستاڵدا ڕیزبوون. کاربۆنی ڕەق چەندین جۆری جیاوازی هەیە، کە بە پشت بەستن بە جۆری بەندی کیمیایی بە فرەشێوەکان (بە ئینگلیزی: allotropes) ناسراون. دوو باوترین فرەشێوەکانی کاربۆنی خاوێن بریتیین لە ئەڵماس و گرافیت. لە گرافیتدا جووتبوونی خولگەیی بەندەکان بریتییە لە sp2 و گەردیلەکانیان لە ڕووتەختدان، هەروەها هەریەک لە سێ نزیکترین بەندی گەردیلەکانیان 120 پلە دوورن لە یەکتر. لە ئەڵماسدا جووتبوونی خولگەیی بەندەکان بریتییە لە جۆری  sp3 و بەندی چوار لە نزیکترین گەردیلەکان لە شێوەی چوارڕوودا دروست بوون. بەندی جۆری چوارڕوو (tetrahedra) ڕەق و بەهێزە، هەروەها لەناو هەموو ماددە ناسراوەکاندا ئەڵماس گەورەترین ژمارە گەردیلەی بۆ بەشێک لە قەبارەکەی هەیە، لەبەر ئەم هۆیە بەهێزترینە و توانای پەستاوتنی کەمترینە.
چڕی ئەڵماسی سروشتی بەرزە و دەکەوێتە نیوان 3150 بۆ 3530 کیلۆگرام بۆ مەتر سێجا، کە ئەم چڕییەی سێ ئەوەندەی چڕی ئاوە، هەروەها چڕی ئەڵماسی خاوێن 3520 کیلۆگرام بۆ مەتر سێجایە. لە گرافیتدا بەندی نێوان نزیکترین گەدیلەکان لە ئەڵماس بەهێزترە، بەڵام بەندی نێوان هەر ڕووتەختێکی تەریب لاوازە، لەبەر ئەم هۆیەش ئەم ڕووتەختانە بە ئاسانی لەسەر یەک دەخزێن و هۆکارن بۆ ئەوەی گرافیت زۆر لە ئەڵماس نەرمتر بێت، بەڵام هەرچۆنێک بێت بەندە بەهێزترەکانی گرافیت هۆکارن بۆ ئەوەی توانای گڕگتنی کەمتر بێت.
ئەڵماس لەبەر تایبەتمەندییە فیزیاییە جیاوازەکانی چەندین بەکارهێنانی جیاوازی هەیە. بەرزترین توانای گەیاندنی گەرمی و بەرزترین خێرایی دەنگی هەیە، توانای یەکگرتن و لێکخشانی نزمە، هەروەها هاوکۆلکەی کشانی گەرمیی نزمە.

تایبەتمەندیی ڕووکارەکەی

بەشێوەیەکی سروشتی ئەڵماسەکان ناهۆگری ئاون، ئەمەش بە واتای ئەوە دێت کە ڕووکارەکەی بە ئاو تەڕ نابێت، بەڵام بە ڕۆن و چەوری تەڕ دەبێت، ئەم تایبەتمەندییەش یارمەتیدەرە بۆ بەکارهێنانی ڕۆن بۆ دەرهێنانی ئەڵماس لە کاتی دروستکردنی ئەڵماسی دەستکرددا. هەرچۆنێک بێت کاتێک کە ڕووکاری ئەڵماس بەهۆی هەندێک ئایۆنەوە لە ڕووی کیماییەوە گۆڕانکاری بەسەردا دەهێنرێت، پێشبینی دەکرێت هۆگری بۆ ئاو پەیدا بکات و بتوانێت لە پلەی گەرمی لەشی مرۆڤدا دووانە چینی سەهۆڵ لەسەر خۆی جێگر بکات.
ڕووکاری ئەڵماس دەکرێت بەشێکی بئۆکسێنرێت، ڕووکاری ئۆکسێنراو دەتوانێت بە بەکارهێنانی گەرمی لەژێر تەوژمی هایدرۆجیندا کارلێکی کەمکردنەوەی بۆ بکرێت، ئەم بەکارهێنانی گەرمییە بەشێکی ئەو کۆمەڵە کاریگەرانەی ئۆکسجینیان تێدایە لادەبات. دەبێت بزانرێت کە ئەڵماس (sp3C) لە پلە گەرمییە بەرزەکاندا (سەروو 400 پلەی سیلیزی) و لەژێر پەستانی ئاساییدا ناجێگیرە، لە سەروو ئەم پلە گەرمییەوە پێکهاتەکەی دەگۆڕێت بۆ sp2C. هەر لەبەر ئەم هۆیە لە خوارەوەی ئەم پلە گەرمییەدا ئەڵماس دەبێت کارلێکی کەمکردنەوەی بۆ بکرێت.

ڕەنگ

ئەڵماسی خاوێن هەموو ڕووناکییە بینراوەکانی پێدا تێپەڕ دەبێت و وەک کریستاڵێکی بێ‌ڕەنگ دەردەکەوێت. ئەڵماسی بێ‌ڕەنگ زۆرترین خواستی لەسەرە و گرانبەهاترینە. ڕەنگە جیاوازەکانی ئەڵماس بەهۆی لادان یان ناخاوێنی تۆڕی کریستاڵەکەیەوەیە. تۆڕی کریستاڵیی ئەڵماس زۆر بەهێزە، تەنها گەردیلەکانی نایترۆجین و بۆڕۆن و هایدرۆجین دەتوانن لەماوەی گەشەکردنی کریستاڵەکەدا بە خەستییەکی دیاریکراو بچنە ناو ئەڵماسەکەوە. کانزا گۆڕاوەکانی وەک نیکڵ و کۆباڵت، کە بەشێوەیەکی باو بۆ گەشەکردنی ئەڵماسی دەستکرد بەکاردێن بە تەکنیکی پەستانێکی زۆر و پلەی گەرمییەکی بەرز، لەناو ئەڵماسدا وەک گەردیلەی تایبەت دەبینرێن، ئەوپەڕی خەستی نیکڵ لە ئەڵماسدا بریتییە لە 0.01% و بۆ کۆباڵت ئەم خەستییە کەمترە. لە ڕاستیدا بە ڕێگای چاندنی ئایۆنی دەتوانرێت هەر توخمێک بۆ ئەڵماس زیاد بکرێت.
ئەڵماس بە ڕەنگەکانی سوور، پەمەیی، زەرد، پرتەقاڵی، مۆر، شین، سەوز و قاوەیی بوونی هەیە. نایترۆجین باوترین توخمە کە لە ئەڵماسی دەستکرددا دۆزراوەتەوە، ئەم توخمە بەپێی خەستییەکەی بەرپرسە لە ڕەنگی زەرد و قاوەیی ئەڵماس. توخمی بۆڕۆن بەرپرسە لە ڕەنگی شینی ئەڵماس. 

بەکارهێنانەکان

ئەڵماس مەودایەکی فراوان لە بەکارهێنانی هەیە، بۆ نموونە:

خشڵ

بەهۆی بریقە درەوشاوەکەی و بە‌هێزییەکەی لە خشڵدا وەک: گوارە، لووتەوانە، ئەڵقەی هاوسەرگیری و ملوانکە) بەکاردێت. 

پیشەسازی

ئەڵماس بۆ مەبەستی پێشەسازیش بەکاردێت، بەهۆی ڕەقی و بەهێزییەکەیەوە بەسوودە بۆ هەڵکەندن و وردکردن و بڕینی ماددەکان. هەر لەبەر ئەم هۆیەش هەندێک جۆری چەقۆ و بڕەر کە لە پیشەسازیدا بۆ بڕین و هەڵکەندن بەکاردێن، لە نووکەکەیان یان گۆشەی بڕینەکەیاندا بە قەبارەی بچووک ئەڵماسی تێدایە.

لە بەرهەمەکانی جوانکاریدا

هەندێک جۆری ئەو ئارایشتانەی کە بۆ پاککردنەوەی ڕووخسار بەکاردێن تۆزی ئەڵماسیان تێدەکرێت، لە ئەنجامدا نرخێکی تەواو بەرزیان دەبێت. بەکارهێنانی ئەڵماس بۆ مەبەستی کەمکردنەوەی چرچ و لۆچی و خەتەکانی تەمەن و بە گەنجی هێشتنەوەی پێستە.

دەنگ و تۆماکردن

لە ئامێرەکانی دەنگدا بۆ بەرەو پێشبردنی کوالیتی دەنگ بەکاردێت، چونکە ئەڵماس ڕەق و بەهێزە و لە خێراییە زۆرەکاندا بە ئاسانی دەلەرێتەوە، توانای بەرهەمهێنانی دەنگێکی کوالیتی بەرزی هەیە.
ئەڵماس لە ئامێری دی جەی (DJ) و تۆمارکەری دەنگی کوالیتی بەرزیشدا وەک دەرزی ئەڵماسی تۆمارکەر بەکاردێت.


سەرچاوەکان



2349 بینین