فلۆریدا

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-06-01-14:29:00 - کۆدی بابەت: 8862
فلۆریدا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و شوێنی جوگرافی

فلۆریدا (بە عەرەبی: فلوریدا، بە ئینگلیزی: Florida) ویلایەتێکە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دەکەوێتە بەشی باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەوە و لە 67 ناوچەی کارگێڕی پێکهاتووە، لە ڕۆژئاواوە کەناراوەکانی مەکسیک، لە باکوورەوە هەردوو ویلایەتی ئەلاباما و جۆرجیا دەوریان داوە، هاوکات لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ زەریای ئەتڵەسی و لە باشوورەوە لەگەڵ کەرووی فلۆریدا هاوسنوورە.
ڕووبەری ویلایەتەکە نزیکەی 170,300 کیلۆمەر چوارگۆشەیە، پایەختەکەی شاری تالاهاسییه، هەروەها لەڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە گەورەترین شاری بریتیە لە شاری جاکسۆن فێڵ. درێژترین ڕووباری ویلایەتەکە کە درێژییەکەی 450 کیلۆمەترە بریتییە لە ڕووباری "سانت جۆنز"، هەروەها دەریاچەی "ئۆکیچۆبی" گەورەترین دەریاچەی فلۆریدایە و هاوکات لە ئەمریکا بە دووەم گەورەترین دەریاچە دادەنرێت.
کەنداوی "بسکاین" کە دەکەوێتە سەر کەنار ئاوەکانی زەریای ئەتڵەسی لە باشووری مەیامی لە گرنگترین کەنداوەکانی فلۆریدایە. بە گشتی کەشوهەوای ناوچەکە لە ناوچەکانی باکوور نیمچە گەرمەسێرە، لە باشووریش وشک و گەرمە، هاوینێکی گەرمی هەیە و زستانێکی سارد و وشکی هەیە، ڕێژەی باران بارینی بەرز و زۆرە، هەروەها یەکێکە لەو ناوچانەی کە زۆرترین ڕێژەی گەردەلوول تێیدا ڕوودەدات.

واتای ناوەکەی

بنەچە و واتای وشەی فلۆریدا دەگەڕێتەوە بۆ زمانی ئیسپانی، کە بەپێی ئەو زمانە واتاکەی بریتییە لە "جەژنی گوڵان" یان "جەژنی قیامەت"ـی مەسیحییەکان، هەروەها لە جیهادا ویلایەتەکە بە " ویلایەتی خۆری درەوشاوە" ناودار و ناسراوە.

مێژووی فلۆریدا

ـ ئەم ویلایەتە ساڵی 1513 لەلایەن سەرباز و گەڕیدەیەکی ئیسپانییەوە بە ناوی "خوان بۆسنی دی لیۆن"ـەوە دۆزراوەتەوە و هەر ئەویش ناوی فلۆریدای بۆ ناوچەکە هەڵبژاردووە.
ـ بەهۆی گرنگی و پێگە و شوێنی جوگرافی ناوچەکە، هەریەک لە وڵاتانی زلهێزی ئیسپانیا و فەڕەنسا و بەریتانیا جەنگیان لەسەر داگیرکردنی فلۆریدا کردووە.
ـ لە ساڵی 1763 دوای ئەوەی فلۆریدا لەلایەن ئیسپانیاوە داگیر کرا بوو، دوای جەنگ و دووبەرەکییەکی زۆر لە نێوان هێزە ئیسپانییەکان و هێرەکانی بەریتانیا، دواجار ئیسپانیا لە ناوچەکە کشایەوە و بەریتانیا داگیری کرد.
ـ لە ساڵی 1783 دوای "پەیماننامەی پاریس" دووبارە ئیسپانیا ناوچەکەی داگیر کردەوە.
ـ لە ساڵی 1819 دوای "پەیماننامەی ئادەمز ئۆنز" لەگەڵ ئیسپانیا، ئەمریکا توانی بە تەواوی فلۆریدا بگێڕێتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی. 
ـ لە ساڵی 1845 فلۆریدا وەکوو "ویلایەتی کۆیلەکان"ـی سەر بە ئەمریکا دەستنیشان کرا، بەڵام لە ساڵی 1861 لە ویلایەتەکان کشایەوە  حەوت ساڵ دواتر بە فەرمی گەڕێنرایەوە نێو ویلایەتەکانی ئەمریکا.
ـ لە نێوان ساڵانی 1939 بۆ 1945 بەهۆی گرنگی شوێنی جوگرافییەکەی کە لەسەر زەریای ئەتڵەسیی بوو، هەروەها لە کەناڵی پەنەماوە نزیک بوو، ڕۆڵێکی گرنکی لە جەنگی جیهانیی دووەم گێڕا، ببووە مۆڵگەیەکی سەربازی گرنگ.

دیمۆگرافیای دانیشتوان

فلۆریدا خاوەن 30 ناوچەیە گرنگترینیان  مەیامی، ئۆرلاند، تالاهاسی و چەندانی تر.
ژمارەی دانیشتوانی فلۆریدا نزیکەی بیست ملیۆن کەسە، ژمارەی سپی پێستەکان ڕێژەی 78.1% و ڕەش پێستەکان ڕێژەی 16.7%، هاوکات ئاسیاییەکانیش2.7% لە کۆی گشتی دانیشتوان پێکدەهێنن.

کەرتی ئابووری

ئابووریی فلۆریدا بەندە بە لایەنی کشتوکاڵی و گەشتوگوزارییەوە، بەهۆی زۆری سەرچاوە ئاوییەکان و لەباری کەشوهەواکەی بەرهەمی کشتوکاڵی زۆر بەرهەم دەهێنرێت و بایەخی پێ دەدرێت، نموونەی پڕتەقاڵ، قامیشی شەکر، تەماتە، گەنمەشامی، فاسۆلیا و شلیک.
ڕاوەماسی بوارێکی تری بایەخداری فلۆریدایە، کە ساڵانە نزیکەی شەش ملیار دۆلار بۆ ناوچەکە دابین دەکات و نزیکەی 60 هەزار کەس لەو بوارە کار دەکەن.
کەرتی پیشەسازی بوارێکی تری گەشەپێدەری ئابووری فلۆریدایە، بەتایبەتی بواری دروستکردن و بەرهەم هێنانی بەلەمی بچووکی وەرزشی خێرا کە ساڵانە نزیکەی 1.96 ملیار دۆلار بۆ فلۆریدا دابین دەکات، هاوکات بەرهەمهێنانی فۆسفات لە ناوچەی "بۆن فاڵی" بواری پیشەسازی فلۆریدای بووژاندووەتەوە.

کەرتی گەشتوگوزار

ئەم ویلایەتەی ئەمریکا بە کەنار ئاوەکانی ناودارە، نموونەی کەنار ئاوەکانی مەیامی و دایتۆنا کە دەکەونە سەر زەریای ئەتڵەنتی، بەو هۆیەوە گونجاوترین شوێنی ئەمریکایە بۆ ڕاوە ماسی، چونکە ژمارەیەکی زۆر لە ماسی و ئاژەڵی دەریایی لەو کەنار ئاوانە بوونی هەیە.
شاری یاری دیزنی لاند كە گەورەترین شاری یارییە لە جیهاندا لەسەر ڕووبەری 400 کیلۆمەتر دووجا لە ساڵی 1971 بنیاتنراوە لە ویلایەتەکه بووە بە شوێنێکی گەشتیاری ناودار، بۆیە ساڵانە نزیکەی 60 ملیۆن گەشتیار سەردانی فلۆریدا دەکەن و ژمارەی فڕۆکەخانەکانی دەگاتە 131 فڕۆکەخانە.


سەرچاوەکان



535 بینین