قۆناغەکانی دروستبوونی نەوت

له‌لایه‌ن: - شانیا سەردار شانیا سەردار - به‌روار: 2024-05-12-15:06:00 - کۆدی بابەت: 12875
قۆناغەکانی دروستبوونی نەوت

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

قۆناغەکانی دروستبوونی نەوت (بە ئینگلیزی: The Process Of Oil Formation، بە عەرەبی: عملية تكوين النفط) نەوت بە ئاڵتوونی ڕەش ناسراوە، سووتەمەنییەکی بەردینە کە بە ئاسانی دەسووتێت، بە شێوەیەکی سەرەکی لە کاربۆن و هایدرۆجین پێکهاتووە و بەم شێوەیە بە هایدرۆکاربۆن ناسراوە. لە سەردەمە کۆنەکانەوە مرۆڤ ناسیویەتی و بەکاری هێناوە بۆ گەلێ مەبەست. قیر یەکێکە لە بەروبوومی نەوت کە میسرییە کۆنەکان بەکاریان هێناوە بۆ مۆمیاکردنی لاشە مردووەکان، بابلییەکان و ئاشوورییەکان بۆ خانوو بەکاریان هێناوە و هەروەها هیندییە سوورەکان و دانیشتوانی میانمار دواتر دەستیان کردووە بە بەکارهێنانی.

بە پێی بیردۆزی پەسەندکراوی نەوت، بیردۆزی ئەندامی دەڵێت کە لە پێش مێژووەوە و ملیۆنان ساڵ پێش ئێستا، نەوت و گاز و سووتەمەنییە بەبەردبووەکان لە زیندەوەری وردەوە دروست بوون و بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕدەبێت تا بووە بەو بەرهەمەی کە ئێستا بەکاری دەهێنین وەکوو سەرچاوەیەکی سەرەکی وزە.

دروستبوونی نەوت ملیۆنان ساڵ لەمەوبەر دەستی پێکردووە. ٧٠٪ی ئەو نەوتەی کە ئێستا هەیە لە سەردەمی میسۆزۆیک (۲٥٢ بۆ ٦٦ ملیۆن ساڵ پێش ئێستا) دروست بوون، ٢٠٪ی لە سەردەمی سینۆزۆیک (٦٥ ملیۆن ساڵ پێش ئێستا) دروست بوون و تەنها ١٠٪ لە سەردەمی پالێۆزۆیک (٥٤١ بۆ ٢٥٢ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر) دروست بوون. بە تێکڕای خەمڵاندنی ٥٠ مەتر لە هەر ملیۆن ساڵێکدا، ٦٠ ملیۆن ساڵی دەوێت بۆ ئەوەی ئاژەڵە مردووەکان ببنە هایدرۆکاربۆنی شل. بۆیە نەوت وەک وزەیەکی نوێ نەبووەوە پۆلێن دەکرێت.

قۆناغەکانی دروستبوونی نەوت

ئەو پرۆسەیەی کە نەوت دروست دەکات بە شێوەیەکی گشتی لە زۆربەی ناوچەکاندا هەمان پرۆسەیە، هەرچەندە لەوانەیە جۆری جیاوازی پاشماوەی ڕووەک و ئاژەڵ هەبێت کە لە بارودۆخی کەمێک جیاواز دروست بووبن. بۆ دروستبوونی نەوت، پێویستە ئەم هەنگاوانەی خوارەوە ڕووبدات:

پلانکتۆنی مردوو (پاشماوەی ئەو زیندەوەرانەی کە لە سەردەمی پێش مێژوو کە تاکە زیندەوەر بوون لەوکاتەدا هەبن کاتێ زەوی زۆربەی بە ئاو داپۆشرابوو) - هەردوو فیتۆپلانکتۆن و زووپلانکتۆنەکان دەگرێتەوە - هەروەها لەگەڵ قەوزە و بەکتریا دەکەونە ژێر زەریا و تێکەڵ دەبن لەگەڵ ماددەی نائەندامی وەک قوڕ کە لە جۆگە و ڕووبارەکانەوە دەچنە ناو زەریاکان. ئەمەش دەبێتە هۆی پێکهێنانی قوڕێکی ئەندامی. ئەم قوڕە تەنها دەتوانێت لە ژینگەی ئاویدا دروست بێت.

ئەم قوڕە نابێت ئۆکسجینی بەربکەوێت، چونکە بە ئۆکسجین ماددەی ئەندامی ناو قوڕەکە لەلایەن بەکتریاوە تێکدەچێت و بەخێرایی لەناودەچێت. بۆیە ئەو ژینگەیەی کە نەوت دەتوانێت دروست بکات بە ژینگەی ئەنۆکسی ناسراوە (قووڵایی زەریاکان ئۆکسجینی تیا نییە). دواتر ماددە و چینی لمی نیشتووی تری لەسەر کۆدەبێتەوە و لەدوای چەند ملیۆن ساڵێکدا، بەهۆی پەستان دەبێتە بەردی نیشتەنی و بەردی قوڕی ئەندامی.

ئەگەر ئەم شیلەیە لە نێوان ٢ بۆ ٤ کیلۆمەتردا نێژرابێت، ئەوا پلەی گەرمی بەرز دەبێتەوە بەهۆی شوێنەکەی لە ناوەوەی زەوی. ئەم بەرزبوونەوەی پەستان و پلەی گەرمییە ماددە ئەندامییەکە بە پڕۆسەی دایاجێنسس، دەگۆڕێت بۆ ماددەیەکی نیمچە شلی ناسراو بە کیرۆجین. 

پاشان دوای پەستان و گەرمکردنی زیاتر، کیرۆجینەکە پڕۆسەی کاتاجێنسسدا دەڕوات و گۆڕاوە بۆ نەوت و گازی سروشتی. جیاوازی پەستان و پلەی گەرمی و جۆری ئەو زیندەوەرەی کیرۆجینەکەی پێکهێناوە دەبێتە هۆی دروستبوونی جۆری جیاوازی هایدرۆکاربۆن. بۆ نموونە ئەگەر پلەی گەرمی کیرۆجین لە ٩٠ پلەی سیلیزی زیاتر بێت بەڵام لە ١٦٠ پلەی سیلیزی کەمتر بێت، ئەوا کیرۆجین دەگۆڕدرێت بۆ نەوت و گازی سروشتی، ئەم مەودای پلەی گەرمییە بە "پەنجەرەی نەوت" ناسراوە. لە پلەی گەرمی بەرزتر لەمە، تەنها گازی سروشتی یان گرافایت دروست دەبێت. بەڵام ئەگەر پلەی گەرمییەکە نزمتر بێت ئەسفاڵت (قیر) دروست دەبێت. 

ئەو بەردەی کە هایدرۆکاربۆنی تێدا دروست دەبێت پێی دەوترێت بەردی سەرچاوە، دوای ئەوەی هایدرۆکاربۆنەکە دروست دەبێت، بەناو کونە بچووکەکاندا دەجوڵێت و لە ناوچەیەکی پەستانی بەرزەوە بۆ پەستانی نزم دەگوازرێتەوە، تا دەگاتە بەردێکی کونیلەدار کە جۆری بەردی نیشتەنین. ئەگەر لەسەروو هایدرۆکاربۆنەکەوە چینە بەردی بێ کونیلە هەبێت ئەوا هایدرۆکاربۆنەکە بەشێوەی یەدەگ کۆدەبێتەوە و یەدەگی نەوت پێکدەهێنێت.


سەرچاوەکان



10279 بینین