نەوت وەکوو نموونەیەکی سووتەمەنییە بە بەردبووەکان

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2024-06-10-15:06:00 - کۆدی بابەت: 13139
نەوت وەکوو نموونەیەکی سووتەمەنییە بە بەردبووەکان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

نەوت وەکوو نموونەیەکی سووتەمەنییە بە بەردبووەکان (بە عەرەبی: النفط هو مثال على الوقود الأحفوري، بە ئینگلیزی: Oil is an example of a fossil fuel). سووتەمەنییە بە بەردبووەکان ھەموو ئەو سەرچاوانە دەگرێتەوە کە لە ژێر زەویدا دەردەھێنرێن، وەکوو (خەڵووز و نەوت و گازی سروشتی)، ھۆکاری دروستبوونی ئەم سووتەمەنییانە دەگەڕێتەوە بۆ مانەوەی پاشماوە ڕووەکی و زیندەوەرییەکان لە چینەکانی ژێرەوەی زەوی کە بەسەر یەکتر کەڵەکەبوونە لە پلەیەکی بەرزی گەرمی و دواتر ساردبوونەتەوە لە یەکێک لە سەردەمە جیۆلۆجییەکان، بەپێی تێپەڕبوونی کات ئەم نیشتەنییانە بوونەتە ماددەی ئەندامی و لە ئێستادا مرۆڤ وەکوو سەرچاوەیەکی سەرەکی وزە سوودیان لێ وەردەگرێت.

نەوت وەکوو نموونەیەکی سووتەمەنییە بە بەردبووەکان

زاراوەی نەوت بۆ ناونانی یۆنانییەکان دەگەڕێتەوە کە بە (Napta) یان (Naphta) ناونراوە، ئەم وشەیەش وەرگیراوە لە دانیشتوانی ڕۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست، بەڵام ئەورووپییەکان بە (Petroleum) ناویان بردووە کە ئەم زاراوەیەش لە زمانی یۆنانییە کۆنەکان وەرگیراوە و لە دوو بڕگە پێکھاتووە (Petr) بە واتای بەردەڵان دێت، (Oleum) بە واتای زەیت دێت، کەواتە ئەم زاراوەیە بە مانای (زەیتی بەردەڵان) دێت.

  • مێژووی زانینی و بەکارھێنانی لەلایەن مرۆڤەوە دەگەڕێتەوە بۆ ٥٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا لەلایەن دانیشتوانی دەریای ناوەڕاست و حەوزی ڕووباری فوڕات و دیجلە بە گشتی و (سۆمەڕی و ئەکەدییەکان) بە تایبەتی بەکاریانھێناوە بە شێوەیەکی سەرەتایی.
  • ئەورووپییەکان لە سەدەی ھەژدەم بەم سەرچاوەیە ئاشنا بوونە و بەکاریانھێناوە.
  • مێژووی بەکارھێنانی نەوت لە بواری بازرگانی دەگەڕێتەوە بۆ ڕێکەوتی (٢٧-٦-١٩٥٦).
  • لە ناوەڕاستی سەدەی ١٩ نەوت بە شێوەیەکی سەرەکی بەکارھێنراوە بە مەبەستی بەدەستھێنانی کیروسین بۆ ڕووناکی.
  • دوای داھێنانی بزوێنەری ئۆتۆمبێل پشت بە سەرچاوەکانی وزەی نەوت بەستراوە بۆ ئامرازەکانی گواستنەوە.

جۆرەکانی سەرچاوەی نەوت

١- (الغازولین - بەنزین): بەکاردێت بۆ بزوێنەری سووتانی ناوخۆیی ئۆتۆمبێل.
٢- (کیروسین - گازی سپی): بەکاردێت بۆ ڕووناکی کورە و ئاگردان.
٣- دیزڵ: بەکاردێت بۆ جوڵێنەری شەمەندەفەر و کەشتی و پیشەسازی ھاڕینی دانەوێڵە و ئاشەکان.
٤- گازی سروشتی: بەکاردێت وەکوو سەرچاوەی وزەی گەرمی و ساردی نێوماڵان.
٥- قیر: بۆ داپۆشینی ڕێگا و بانەکان بەکاردێت.
٦- (گریس - ڕۆن): بەکاردێت بۆ چەورکردنی ئامێرەکان و پاراستنیان لە داخوران.

جگە لە ھەموو ئەم بورانە نەوت لە ئێستادا وەکوو سەرچاوەیەکی سووتەمەنی بۆ گەرمکردنەوە لە وەرزی زستان و پیشەسازی دروستکردنی بۆیاغ و لایلۆن و وەکوو سەرچاوەیەکی گرنگی پڕۆتین لە خۆراکە لە قووتوو نراوەکان بەکاردێت.

گرنگترین وڵاتانی بەرھەمھێنەری نەوت لە جیھاندا

گرنگترین وڵاتانی پاشەکەوتی نەوت لە جیھاندا

گرنگترین جۆرەکانی نەوت لە جیھاندا

بە شێوەیەکی گشتی لە جیھاندا زیاتر لە ١٣٠ جۆری نەوت ھەن، بەڵام باشترین و بەھێزترین جۆری نەوت لە ڕووی کواڵیتی و نرخەوە بریتین لە: 

نەوتی خاوی برێنت (Brent Crude Oil)

برێنت ناوی ئەو کێڵگە نەوتەیە کە کەوتۆتە دەریای باکوور لە زەریای ئەتڵەسی، ھەربۆیە ناوی ئەم جۆرە نەوتە ھەر لەم کێڵگەیە وەرگیراوە، دواتر ناوی نەوتی برێنت بۆ ھەموو ئەو نەوتانە دانراوە کە لە ڕووی کواڵیتی و جۆرەوە ھەمان کواڵیتی و جۆری ئەو نەوتەن کە لە کێڵگەی برێنت بەرھەمدەھێنرێت. ھۆکاری سەرەکی کە وایکردووە نرخی نەوتی خاوی برێنت بەرزتربێت لە جۆرەکانی تری نەوت، بریتییە لە: 

  • بەرزی کواڵیتی نەوتەکە بە جۆرێک کە بەرزی کواڵیتی نەوت بە ڕێژەیەکی بەرز یان نزمی گۆگرد گرێدراوە، بەم شێوەیەش ئەگەر ڕێژەی گۆگرد لە پێکھاتە نەوتدا بەرزبوو لە کاتی پاڵاوتنیدا ئەوا کێشی نەوتەکە قوڕس دەبێت و نرخەکەی دادەبەزێت، بە پێچەوانەشەوە ئەگەر ڕێژەی گۆگرد لە پێکھاتەی نەوتدا نزم بوو لە کاتی پاڵاوتنیدا ئەوا  کێشی نەوتەکە سوک دەبێت و نرخەکەشی بەرز دەبێتەوە، ھەربۆیە ڕێژەی گۆگرد لە پێکھاتەی نەوتی برێنت (٣٧٪)، ئەمەش وایکردووە نرخی نەوتی برێنت بە بەراورد بە جۆرەکانی تری نەوت لە بازاڕەکانی جیھاندا بەرزتربێت.
  • نەوتی خاوی برێنت بووە بە بنەمایەک بۆ دیاریکردنی نرخی جۆرەکانی تری نەوت لە جیھاندا، بە جۆرێک دوو لەسەر سێی نەوتی جیھان بۆ دیاریکردنی نرخی نەوت پشت بە نرخی نەوتی برێنت دەبەستن لە بازاڕەکانی نەوتی جیھان. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بەرزی کواڵیتی و کەمی ڕێژەی گۆگرد لە پێکھاتەی نەوتەکە ھەربۆیە بە باشترین جۆری نەوت دادەنرێت کە بەنزینی لێ بەرھەم دەھێنرێت.
  • ھەڵکەوتەی شوێنی جوگرافی و شێوازی بەرھەمھێنان و گواستنەوی ھۆکارێکی ترن بۆ ئەوەی نرخی نەوتی برێنت بەرزتربێت بە بەراورد بە جۆرەکانی تری نەوت لە جیھاندا. نەوتی برێنت لە کێڵگەی برێنت لە دەریایی باکوور کە دەکەوێتە زەریای ئەتڵەسی بەرھەم دەھێنرێت، کەواتە لە ڕووبەری ئاویی بەرھەم دەھێنرێت و دواتر لە ڕێگای لوولەوە بە ڕووبەرە ئاوییەکان دەگوازرێتەوە بۆ بازاڕەکانی نەوت و سووتەمەنی لە ئەورووپا.

نەوتی خاوی تێکساس (WTI

نەوتی خاوی تێکساس کوورتکراوەی (West Texas Intermediate) ھۆکاری ناونانی ئەم نەوتە بە (تێکساس) دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کێڵگەیەی کە نەوتەکەی لێ بەرھەمدەھێنرێت کە دەکەوێتە ویلایەتی تێکساس لە ڕۆژاوای ئەمریکا، ئەگەر چی ئەمریکا کێڵگەی نەوتی زۆرن، بەڵام کێڵگەی ڕۆژاوا لە ویلایەتی تێکساس بە باشترین جۆری نەوت دادەنرێت لە ئەمریکا. نەوتی خاوی تێکساس بە نەوتێکی بەھێز و کاریگەر دادەنرێت لە دیاریکردنی نرخی نەوت لە بازاڕە نەوتییەکانی جیھاندا کە بەشێوەیەکی سەرەکی نوێنەرایەتی دیاریکردنی نرخی نەوت دەکات لە ئەمریکا، ھەربۆیە لە ڕووی بەرزی نرخەوە لە دوای نەوتی برێنت دێت.

ئەم نەوتە لە (تێکساس و لویزانا و داکوتای باکوور) بەرھەم دەھێنرێت، پاشان لە ڕێگەی لوولەوە دەگوازرێتەوە بۆ کوشینغ لە ویلایەتی ئەوکلاھوما. بە نەوتێکی سووک و باش دادەنرێت کە ڕێژەی گۆگرد لە پێکھاتەکەیدا (٠.٢٤٪)  ھەربۆیە بە باشترین جۆری نەوت دادەنرێت بۆ بەرھەمھێنانی بەنزین و گازوایل و سووتەمەنییەکانی فڕۆکە.

  • زۆرترین بڕی ئەو نەوتە لەلایەن دانیشتوانی ئەمریکاوە بەکاردەھێنرێت بە تایبەتیش لە بواری پیشەسازییە گەورەکان بەھۆی کەمی ڕێژەی گۆگرد لە پێکھاتەکەیدا، بەجۆرێک ئەمریکا گەورەترین وڵاتی جیھانە لە ڕووی بەکارھێنانی نەوتی خاو کە بە ڕێژەی (٢٥٪) خواستی جیھانی نەوت لە خۆدەگرێت.


سەرچاوەکان



46 بینین