جۆرەکانی فڵچە و بەکارهێنانیان بۆ وێنەکێشان

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2024-05-12-21:30:00 - کۆدی بابەت: 12885
جۆرەکانی فڵچە و بەکارهێنانیان بۆ وێنەکێشان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

جۆرەکانی فڵچە و بەکارهێنانیان بۆ وێنەکێشان (بە ئینگلیزی: Types of brush and their use for painting، بە عەرەبی: نوع الفرشاة واستخدامها للرسم) بۆ وێنەکێشێک فڵچەکان ڕۆڵی دارێکی سیحراوی بۆ دانانی ڕەنگەکان لەسەر کانڤاس دەبینن. فڵچەکان ئامڕازێکی خۆشەویستی وێنەکێشانن، کاتێک زیاتر وێنە دەکێشیت زیاتر و زیاتر بە فڵچەکان ئاشنا دەبیت و دەزانیت فڵچەکان دەتوانن چی بکەن. کاتێک سەرەتا دەست بە وێنەکێشان دەکەیت، هەڵبژاردنی فڵچەکان کارێکی قورس دەبێت و ئەگەر زانیاریت دەربارەیان نەبێت ڕەنگە تووشی هەڵە لە هەڵبژاردنی فڵچەکان ببیتەوە. بەڵام پێویست ناکات ئەمە تووشی دوو دڵیت بکات، ئەگەر دەربارەی جۆری فڵچەکان و چۆنییەتی کارکردنیان زانیاریت هەبێت ئەوا دەتوانیت فڵچەی گونجاو بۆ وێنەکانت هەڵبژێریت. فڵچەکان چەندین شێوە و قەبارەی جیاوازیان هەیە، هەڵبژاردنی قەبارە و شێوەکان پشت بەوەی دەتەوێت چەندێک کارەکەت گەورە بێت یان چەندێک وردەکاری بەکاربهێنیت دەبەستێت. بۆ وێنەکێشان بە بۆیەی ئەکریلیک ٨ جۆری سەرەکی هەیە و هەر یەکێکیان بەکارهێنانیان جیاوازە. فڵچەکان لە چوار بەشی سەرەکی پێکدێن کە بریتین لە:

  • بەشی یەکەمی فڵچەکان بریتییە لە موو، دەکرێت ئەم بەشە سروشتی یان دەستکرد یان تێکەڵەی هەردوو جۆرەکە بێت.
  • بەشی دووەم بریتییە لە پارچەیەک زیو، مووەکانی فڵچەکە بە شوێنی هەڵگرتن دەبەستێتەوە.
  • بەشی سێیەم بەشێکە لە پارچە زیوەکە، پارچە زیوەکە بە شوێنی هەڵگرتنی فڵچەکەوە دەبەستێت.
  • بەشی کۆتایی پێی دەوترێت Handle، بۆ هەڵگرتنی فڵچەکە بەکاردێت.

ئەو فڵچانەی بۆ وێنەکێشان بە بۆیەی ئەکریلیک بەکاردێن

بریتین لە:

  • فڵچەی خڕ (Round)
  • Pointed round
  • فڵچەی تەخت (Flat)
  • فڵچەی ڕووناک یان ڕۆشن (Bright)
  • Filbert brush
  • Fan brush
  • فڵچەی گۆشە تەخت (Angular flat)
  • فڵچەی هێڵەکان (Liner brush)

فڵچەی خڕ

ئەم جۆرە فڵچەیە بۆ دروستکردنی سکێچ، چێوە و کاری وردەکاری بەکاردێت.

Pointed round

لە فڵچەی خڕ باریکترە هەروەها تیژە. بۆ هێڵەکان و وردەکاری زۆر بەکاردێت.

فڵچەی تەخت

کۆتایی فڵچەکە چوارگۆشەیە و مووەکانی مامناوەند بۆ کەمێک درێژ دەبێت. بۆ پڕکردنەوەی ناوچە فراوانەکان، بەکارهێنانی ڕەنگەکان بەشێوەیەکی ئەستوور، قەراغی ڕاست و هێڵەکان بەکاردێت. هەروەها لە کاتی بەکارهێنانی ڤارنیشیش بەکاردێت.

Bright brush

سەری فڵچەکە تەختە، بەڵام لایەکانی بەرەو ناوەوە کەمێک چەماونەتەوە و درێژییەکی کەمی هەیە. بۆ بەکارهێنانی ڕەنگ بەشێوەیەکی ئەستوور و ڕەنگە قورسەکان بەکاردێت. باشترە لە نزیکەوە کار لەسەر کانڤاسەکە بکەیت، لە جیاتی لە دوورەوە فڵچەکە بگریت.

Filbert brush

جۆرێکە لە فڵچە تەختەکان کە مووەکانی مامناوەند یان کەمێک درێژن. بەشی سەرەوەی مووەکان بازنەیی یان هێلکەییە. تایبەتمەندی هەردوو جۆری فڵچەی خڕ و تەختیشی هەیە. دەتوانێت وەک فڵچەی خڕ وردەکارییەکی زۆر بە وێنەکە بدات و بەهەمان شێوەی فڵچەی تەختیش ناوچەیەکی فراوان ڕەنگ بکات.

Fan brush

ئەم جۆرە فڵچەیە مووەکانی تەختن و بڵاو بوونەتەوە. بۆ وێنەکێشانی پێکهاتەکانی سروشت وەک گوڵ و گەڵاکان هەڵبژاردەیەکی گونجاوە. هەروەها بۆ ڕەنگکردنی بەشی پشتەوەی وێنەکان و زیادکردنی خاڵی ورد بۆ ناوچە تاریکەکان بەکاردەهێنرێت.

فڵچەی لار (Angular flat)

سەری فڵچەکە گۆشەی لاری هەیە، هەر لەبەر ئەمەش پێی دەوترێت فڵچەی لار. بەهۆی نەرمییەکەیەوە بۆ پڕکردنەوەی ناوچە بچووک و گەورەکانیش بەکاردێت. بۆ پڕکردنەوەی گۆشەکان و چەماوەکان فڵچەیەکی گونجاوە.

فڵچەی هێڵەکان (Liner brush)

فڵچەیەکی باریکە و مووەکانی بەبەراورد بە فڵچەکانی تر درێژترە. دەکرێت مووەکانی ئەم فڵچەیە تەخت یان چوارگۆشە بن، بۆ دروستکردنی هێڵە زۆر باریکەکان بەکاردێت. بەهۆی باریکی مووەکانی زۆرجار بۆ نووسینی ژمارە و وشەکان بەکاردێت. وێنەکێشەکان ئەم فڵچەیە بۆ دروستکردنی ئیمزا لەسەر وێنەکانیان بەکاردەهێنن.


سەرچاوەکان



3856 بینین