١٥ ئامۆژگاری گرنگ بۆ وێنەکێشان بە شێوازێکی دروست

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2024-06-14-21:26:00 - کۆدی بابەت: 13188
١٥ ئامۆژگاری گرنگ بۆ وێنەکێشان بە شێوازێکی دروست

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

١٥ ئامۆژگاری گرنگ بۆ وێنەکێشان بە شێوازێکی دروست (بە عەرەبی: ١٥ نصيحة للرسم بالطريقة الصحيحة، بە ئینگلیزی: tips for drawing in the right way15).

ئامۆژگاری گرنگ بۆ وێنەکێشان

هەنگاوی ڕاست وگونجاو بنێ

وێنەکێشانێکی (سکێچ) باش بە هەنگاونانی دروستەوە دەست پێدەکات,  سەرەتا  پێویستە ئەو بۆردەی ئیشی لەسەر دەکەیت گەورەتر بێ لە کاغەزەی وێنەی لەسەر دەکێشی. پاشان دڵنیابە لەوەی کە پێش ئەوەی دەست بکەیت بە وێنەکێشان، هێڵی بینینەکەت ستوونی بێت لەسەر بۆردی وێنەکێشانەکە.

ئەگەر بۆردی وێنەکێشان لە هەر گۆشەیەکی دیکە بێت جگە لە هێڵی بینین، ئەوا سکێچەکە شێواو دەبێت، چونکە بەشێک لە کاغەزەکە لە نزیکترە لە چاوەکەی تر. بۆ ئەوەی گۆشەیەکی ڕاست بەدەست بهێنیت، هەوڵبدە بۆردی وێنەکێشانەکە لەسەر ئەژنۆکانت دابنێیت و لەسەر لێواری مێزێک جێگیری بکەیت.

وێنەکە بەسەر چەند شێوەیەکی ئەندازەیی دابەشبکە

هەر شتێکی گەورە یان بچووک دەتوانرێت دابەش بکرێت بۆ شێوە ئەندازەییەکان. زۆرێک لە وێنە ئاڵۆزەکان لە شێوە ئەندازەییەکان دروست دەکرێن، ئەمەش لەبەر هۆکارێکە، ئەویش شێوەکان بەڕاستی دەتوانن یارمەتیمان بدەن وێنەکان دابەش بکەین بۆ بەشە سادەکان، وایان لێدەکات کەمتر ئاڵۆز ونامۆ دەربکەون بۆ وێنەکێشان.

بۆیە ئەگەر دەتەوێت وێنەکەت باشتر بکەیت، لە نزیکەوە سەیری وێنەکان بکە بۆ زانینی ئەو شێوانەی کە وێنەکەیان پێکهێناوە. فێربوونی ئەم شێوازە زۆر گرنگە بەتایبەت ئەگەر زیاتر گرنگی بە نموونەی ڕاستەقینە دەدەیت، هەروەها ڕێگایەکی یارمەتیدەرە بۆ ڕێکخستنی بەشەکانی وێنەکە لەسەر کانڤاس.

دواتر ڕاهێنانیان لەسەر بکە

لەوانەیە لەو کاتەوەی کە منداڵ بوویت شێوە سادەکانت کێشابێت. بەڵام بەگوێرەی Eviston، هێشتا نەتوانیوە ڕاهێنانی پێویستی شێوە ئاسانەکان بکەیت. Eviston دەڵێت "من هێشتا بە بەردەوامی ڕاهێنان دەکەم بۆ کێشانی شێوەی بازنە، هێلکەیی و هێڵە ڕاستەکان تەنها لەبەر ئەوەی زۆر باون لە وێنەکێشاندا". هەروەها دەڵێت: “لە ماوەی ژیانی هونەریمدا، بە دەیان هەزار لە شێوە ئەندازەییەکانم کێشاوە و بە دەیان هەزاریتریش دەکێشم، تەنها لەبەر ئەوەی گرنگن بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش"

ئەوە بکێشە کە دەیبینیت نەک ئەوەی کە دەیزانیت

کاتێک دەستمان کرد بە وێنەکێشانی شتێکی ئاشنا، زۆرجار لە یادەوەرییەکانمانەوە وێنە دەکێشین نەک ئەو تەنە ڕاستەقینەیەی لەبەردەمماندایە. بۆ نموونە ئەگەر تۆ وێنەی سێوێک یان فیلێک دەکێشی ، سەیری ئاڵۆزی تەنەکە مەکە وەک خۆی، بەڵکو سەرەتا وەک یەکگرتنی چەند پارچەیەکی ئەندازەیی سەیری بکە، دواتر بە وردی سەیری بکە و پێکهاتەکانیتری بکێشە. چونکە کاتێک گوێمان لە ناوی ئەو شتانە دەبێت کە پێشر ئاشنایان بووین، چیتر ئێمە بە هۆشیارییەوە سەیری تەنەکە ناکەین. ئێمە ئەوە دەکێشین کە دەیزانین نەک ئەوەی دەیبینین.

هەوڵ مەدە ناو لە تەنەکان  بنێیت, تەنها وەکوو شێوە، هێڵەکان و گۆشەکان تەماشایان بکە. پێویستە زۆر بە وردی سەیری تەنەکان بکەین و پاشان بە گوێرەی ئەوە وێنە بکێشین.

سکێچی هەڵگەڕاوە

وێنەکێشان لە سەرەوە بۆ خوارەوە ڕێگایەکی یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی بە تەواوی شتەکان بە شێوەیەکی جیاواز ببینیت. ئەگەر لەگەڵ ئامۆژگارییەکانی پێشوودا کێشەت هەیە، ئەم ڕاهێنانە تاقی بکەرەوە، وێنەیەک هەڵبگێرەوە، و هەوڵ بدە لەو ڕوانگەیەوە بیکێشیت، کە یارمەتیت دەدات کەمتر پشت بە هێماکان ببەستیت و زیاتر پشت بەوە ببەستیت کە بەڕاستی لەبەردەمتە. ئەم ڕاهێنانە هاوکارت دەبێت بە تایبەتی پێش دەستپێکردنی وێنەیەکی نوێ. یارمەتیت دەدات بیرکرنەوەی ئاسایی مێشکت بگۆڕێت بۆ شێوازی داهێنەری لای ڕاستی مێشک.

وێنەی بۆشایی بکێشە

وایدابنێ کورسییەک لە بۆشاییدایە بۆ کێشانی وێنەی کورسییەکە دەتوانی بۆشایی دەوروبەری کورسییەکە نەک خودی کورسیەکە- بکێشیت ئەمەش دەتوانێت سەرنجت باشتر بکات.

یەکێک لە ئامۆژگاریەکانی بریکلی لەسەر وێنەکێشانی تەنێک “بۆشاییەکەی بکێشە لە بڕی خودی تەنەکە، وێنەکێشانی بۆشایی یەکێکە لە فێڵە دڵخوازەکانم بۆ وێنەکێشان بە وردی، کاتێک ئێمە بۆشایی یان شێوەی دەوروبەری تەنەکە دەکێشین، بەشی لای چەپی مێشکمان هیچ هێمایەکی پێشوەختەی نییە. بۆیە ڕێگە بە بەشی لای ڕاستی مێشکدەدات کاری داهێنەرانەی خۆی بکات”

تێکەڵکردنی هەست و سۆز

ئایا هێڵ تەنها هێڵە؟ نەخێر، بەگوێرەی ئێڤیستۆن، لە فێرکارییەکدا داوا لە قوتابییەکانی دەکات کە هێڵەکان بە هەستی جیاوازەوە بکێشن - توڕە، دڵتەنگ، ئارام…هتد. دەستپێکردن بە مەبەستی دیاریکراو و لەوەی کە دەتەوێت بیکێشیت ڕێگایەکی ناوازەیە بۆ هاندانی خەیاڵ و داهێنان.

هەروەها دەتوانێت پێکهاتەیەکی تەواو نوێ دروست بکات بۆ وێنەکە. هەرچەندە ئێمە هەرگیز ناتوانین بە تەواوی دڵنیا بینەوە یان پێشبینی بکەین کە بینەر چۆن هێڵێک لێکدەداتەوە، بەڵام ئێمە بە زۆر ڕێگای تر دەتوانین کۆنترۆڵی ئەوە بکەین وەک لەوەی کە بیری لێ دەکەینەوە.

ڕاهێنانکردن لەسەر تەکنیکەکانی دروستکردنی سێبەر

تاقیکردنەوەی چەند جۆرێکی جیاواز بۆ دۆزینەوەی تەکنیکی دڵخواز، تەکنیکەکانی دروستکردنی سێبەر زۆر گرنگن، هەروەها دەتوانن بە ئاسانی شێوازی هونەری دیاری بکەن، بەڵام لەگەڵ چەندین جۆری جیاواز لە هێڵي يەكتربڕی سێبەركاری (cross-hatching)، سێبەرکردن بە هێڵکاری، خاڵخاڵ و تێکەڵکردن…هتد

دیوی پێشنیاری هەموو تەکنیکەکان دەکات بۆ ئەوەی جۆری دڵخوازی خۆت بدۆزیتەوه . هەوڵبدە یەک شت بکێشیت، بۆ نموونە چەند جارێک وێنەی دارێک بکێشە، هەر جارێک ڕاهێنان لەسەر تەکنیکی سێبەرکردنی جیاواز بکە.

ڕووناکی و سێبەر

تێگەیشتن لەوەی چۆن ڕووناکی کار دەکات بەشێکی گرنگی وێنەکێشانە بە ڕاهێنانکردن لەسەر گڵۆپی سەر مێز دەتوانی باشتر تێبگەیت. بێگومان سێبەرکردن وا لە وێنەکە دەکات زیاتر لە ڕاستی بچێت، کاتێک تێگەیشتنێکت هەبێت لەسەر ڕووناکی و سێبەر.

لە کاتێکدا فێربوون لە وێنەکێشانەکانی تر دەکرێت یارمەتیدەر بێت، ئێڤیستۆن پێشنیاری نموونەیەکی ڕاستەقینە دەکات: بۆ نموونە شتێک لەسەر مێزێک دابنێ، دواتر گڵۆپێک ئاڕاستەی بکە و سەیری ئەنجامەکە بکە. هەروەها دەکرێت دەست بە تاقیکردنەوە و تێبینی کاریگەرییەکانی ڕووناکی لەسەر تەنێک بکەیت و ببینیت چی ڕوودەدات کاتێک ڕووناکیەکە دەجوڵێنیت بۆ ئەوەی ببینیت چۆن شێوەکە دەگۆڕێت.

خۆت رابهێنە لەسەر وێنەکێشانی قەبارە جیاواز

فێربوونی چۆنیەتی سەیرکردنی تەنەکان، شیکردنەوەی چۆنیەتی دەرکەوتنیان لە بۆشاییدا، و دروستکردنی ئەو شێوەیە لەسەر لاپەڕەکە یەکێکە لە بەهێزترین تەکنیکەکان کە دەتوانێت تەنێکی دروستکراو وەکوو تەنێکی راستەقینەی سێ دووری لە بۆشاییدا پیشان بدات.

لە شتی سادەوە دەست پێبکە پێش ئەوەی بەسەریدا تێپەری

دۆزینەوەی ئەو بابەتانەی کە نوێن بۆ دروست کردن، بەڵام زۆر ئاڵۆز نین باشترین ڕێگایە بۆ باشترکردنی وێنەکان بە خێرایی. ئەگەر پێش ئەوەی ئاماددە بیت بە شێوەیەکی ناروون و ئاڵۆز دەست پێبکەیت، لەوانەیە فێری خووی وێنەکێشانی نا دروست ببیت. کاتێک لە پرۆسەی وێنەکێشاندا فێری نەریتێکی خراپ بوویت، زۆر زەحمەتە ڕزگارت ببێ لێی.

وێنەکێشان بە خێرایی

لە کاتێکدا دروستکردنی وێنە لەوانەیە چەند کاتژمێرێکی بوێت، وێنەکێش ئۆین مار وین پێشنیاری ڕێگای پێچەوانە دەکات. لەوانەیە سەیربێت، بەڵام پابەندبوون بە وێنەکێشان لە سێ خولەکدا هەندێک لە فشارەکە لادەبات کە پەیوەستە بە وێنەکێشانەوە.

لەم بارودۆخەدا مێشکت تەنها جەخت لەسەر دروستکردنی وێنەکە دەکات زیاتر لەوەی نیگەران بێت بە ئەنجامی کۆتایی، بەم شێوەیە دەتوانی ڕاهێنان بکەی بە دانانی ئەو شتەی کە دەتەوێ وێنەی بکێشی لەگەڵ ڕاگرتنی سێ خولەک.

لەبەرگرتنەوە

لەبەرگرتنەوەی تەکنیکەکانی هونەرمەندانی تر ئامرازێکی بەهێزە بۆ فێربوون. لەبەرگرتنەوەی وێنەیەک لەلایەن یەکێک لە هونەرمەندە دڵخوازەکانت دەکرێت ڕێگایەکی سەرسوڕهێنەر بێت بۆ فێربوون. لە بڕی ئەوەی خۆت بە هەندێک ڕێگای ترەوە ماندوو بکەیت، دەتوانیت لە ئیشی هونەرمەندەکە ورد ببیتەوە، دواتر ئەو تەکنیکانە لە ئیشی خۆتدا بەکار بهێنیت.

بەم شێوەیە تەکنیک و شێوازی نوێ فێر دەبیت کە دواتر دەتوانیت بۆ لیستی شارەزاییەکانت زیادی بکەیت. هەروەها فێری بنیاتنانی باشتر دەبیت. لەبڕی ئەوەی تەنها سەیری تەنێک بکەیت بۆ ماوەی چەند خولەکێک لێی ورد بیتەوە، لەبەرگرتنەوە ناچارت دەکات بە شێوەیەکی جووڵەیی بەناو هەستەکاندا بڕۆیت و یارمەتیت دەدات بۆ بەدەستهێنانی زانیاری زیاتر و  و بەهێز بوونی مێشک.

تێکەڵکردنی ڕەنگ

کاتێک فێری هەندێک لە بنچینەکان دەبیت، وێنەیەک بە قەڵەم دار دەکێشیت لەوانەیە حەز بە تێکەڵکردنی ڕەنگەکان بکەیت. بۆ ئەم مەبەستە دەتوانیت سود لە چەرخەی ڕەنگ ببینیت. ئەمە ڕێگایەکی باشە بۆ ئەوەی بزانیت چۆن ئەم ڕەنگانە بەیەکەوە کار دەکەن لە کاتێکدا کارامەیی تێکەڵبوونت باشتر دەکات. کاتێکی زۆری دەوێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە شایەنی ئەوەیە.

بەردەوام بە لە ڕاهێنان

ڕیا شارۆن دەڵێت "یەکێک لە گرنگترین وانەکان کە فێری بووم ئەوەیە کە ئەنجامدانی کردارەکان بە پراکتیکی بەڕاستی نهێنییەکی گرنگە بۆ بوون بە هونەرمەندێکی ناوازە".


سەرچاوەکان



53 بینین