سەلەم لە مامەڵەدا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-04-13:35:00 - کۆدی بابەت: 4137
سەلەم لە مامەڵەدا

ناوه‌ڕۆك

(سَلَم)

واتە: فرۆشتنی شتێک کە لەبەرچاو نەبێ و ناوونیشانی بگوترێ و هەر لەم دانیشتنەشدا پارەکەی بدرێ، وەک بڵێ: ئەم پانزە دینارەم دا بەتۆ بە سەلەمی ڕبە گەنمێکی قەندەهاری لە فڵانە ڕۆژە و لە فڵانە شوێنە بمدەرێ. ئەوەیش وەری بگرێ و ڕازی ببێ.

سەلەمی كاتی لەمەودوا

سەلەم دروستە هەر بۆ ئەم کاتە، ئەگەر شتە سەلەم تێکراوەکە دەست بکەوێ، واتە: بتوانێ یەکسەر لەدوای پارە وەرگرتن بچێ بیهێنێ.
هەروەها سەلەم بۆ کاتی لەمەودواش دروستە، واتە: لەمەودوا لەکاتی دیاریکراودا شتەکە بداتە کڕیارەکە (عن ابن حباس -رضي الله عنهما-: قدم النبی ﷺ المدینة وهم یسلفون فی الثمار السنة والسنتین، فقال ﷺ: من أسلف فی شیء فلیسلف فی کیل معلوم ووزن معلوم الی أجل معلوم) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ کۆچی کرد بۆ مەدینە، لەو کاتی خەڵکەکە لە ئێستاوە پارەیان ئەدا بۆ میوەی ساڵێکی تر، یان دوو ساڵی تر، ئەویش فەرمووی: هەر کەسێک سەلەم ئەکات، با پێوانە و کێشانەکە دیار بێ چەندە، ماوەکەیشی دیار بێ.

مەرجەكانی دروستبوونی سەلەم لەم كاتەدا

سەلەم لە شتێکی وەهادا دروستە کە تێیدا پێنج مەرج کۆ ببێتەوە :

 

یەکەم: ئەو شتەی سەلەمی تێدا ئەکرێ ناوونیشانی بە تەواوی بگوترێ.

دووەم: شتەکە یەک ڕەگەز بێ، شتی تری تێکەڵ نەبووبێ، کەوابوو: سەلەم لە گەنم و جۆی تێکەڵکراودا دروست نییە.

سێیەم: ئەو شتەی سەلەمی تێدا ئەکرێ، نابێ ئاگر کاری تێکردبێ بۆ گۆڕینی، کەوابوو: سەلەم لە چێشت و ستی برژاو و کوڵێندراودا دروست نییە، بەڵام ئەگەر ئەندازەی ئاگرەکە دیار بوو، وەک خشت و گەچ و ساوار، ئەوە دروستە.

چوارەم: ئەو شتەی سەلەمی تێدا ئەکرێ، نابێ لە بەرچاو و دیارکراو بێ، بەڵکو ئەبێ پەنهان بێ قەرز بێ، کەوابوو: دروست نییە بڵێ: ئەم پارەیەم دایە تۆ بە سەلەمی ئەم گەنمە.

پێنجەم: نابی ئەو شتەی سەلەمی تێدا ئەکرێ هی شوێنێکی دیاریکراوبێ، کە مەترسی دەست نەکەوتنی لێبکرێ، وەک بڵێ: ئەم پارەیەم دایە تۆ بە مەبەستی سەلەمی گەنمی فڵان زەویە، بەڵام ئەگەر بڵێ: بە سەلەمی گەنمی فڵان شارە ئەوە دروستە.

هەروەها ئەبێ ئەو شتەی سەلەمی تێدا ئەکرێ، لەو جۆرە شتانە بێ کە فرۆشتنیان دروستە، کەوابوو: سەلەم لە سەگ و زبڵدا دروست نییە.

مەرجەكانی دروستبوونی سەلەم

ئینجا بۆ دروستبوونی سەلەم لە هەموو شتێکدا پێویستە هەشت مەرج بێنە جێ:

یەکەم: ناوونیشانی بڵێ پاش دیاریکردنی ڕەگەز و جۆرەکەی بەو ناوونیشانانەی کە نرخەکەیان پێ ئەگۆڕێ، وەک بڵێ: گەنمەکەم گەنمە بەهارییە و هی مەهابادە.

دووەم: ئەندازەکەیشی بڵێ بەو جۆرەی نەزانی و فێڵبازی ڕوونەدا، وەک بڵێ: ئەوەندە کیلۆیە، یان ئەوەندە ڕبەیە بە ڕبەی فڵانە شوێن.

سێیەم: ئەگەر سەلەمەکە بۆ ماوەیەکی دواخراو بوو، ئەبێ کاتی هاتنی ماوەکە دیاری بکات، وەک بڵێ: لە مانگی رەمەزان بۆم بێنە.

چوارەم: شتەکە دەست بکەوێ لەکاتی دیاریکراودا، بەزۆری وەک سەلەمی گوێز لە کاتی پایزدا.

پێنجەم: شوێنی وەرگرتنی بۆ دیاری بکات، وەک بڵێ: بۆم بێنە خانوی خۆمان لە گەڕەکی ئازادی.

شەشەم: پارەکە ئاشکرا بێ بۆ هەردوو لا، کە چەندە و هی کام ووڵاتە.

حەوتەم: پارەکە بداتە دەست فرۆشیارەکە و ئەویش وەری بگرێ و قبوڵی بکات پێش ئەوەی لەو دانیشتنەدا لێک جیا ببنەوە، واتە: ئەگەر گوتی: بەیانی دە دینارت ئەدەمێ بە سەلەمی ربە گەنمێک، ئینجا ڕۆیشت، ئەوە دروست نییە.

هەشتەم: پێکهاتنەکەی سەلەم بە یەکجاری ببڕێتەوە، واتە: نابێ مەرجی پەشیمانبوونەوە دابنێن، بەڵام تا لەو دانیشتنە لێک جیا ئەبنەوە، بۆ هەردوولا دروستە لێک جیا ببنەوە.

كۆتایی

یەکەم: ئەگەر شوێنی دیاریکراو کەڵکی نەما بۆ ئەوەی ماڵە سەلەم تێکراوەکە بێنێ و بیداتە کڕیارەکە، ئەبی بیهێنێتە شوێنێکی تر کە لەوێ نزیک بێ.

دووەم: ئەگەر پێش هاتنی کاتی دیاریکراو ماڵەکەی هێنا، ئەوە تێبینی ئەکرێ: ئەگەر کڕیارەکە بە وەرگرتنی ئەم شتە زەرەری لی ئەکەوت، واجب نییە وەری بگرێ، ئەگەر نا، واجبە وەری بگرێ.

سێیەم: ئەگەر لەکاتی دیاریکراودا شتەکە برایەوە و دەست نەکەوت، کڕیارەکە بۆی دروستە ڕێککەوتنەکە هەڵبوەشێنێتەوە و پارەکەی وەربگرێتەوە، یان با چاوەڕوان بکات تا دەست ئەکەوێ.


سەرچاوەکان



717 بینین