ڕەشە پڵنگ

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-07-05-13:58:00 - کۆدی بابەت: 9282
ڕەشە پڵنگ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕەشە پڵنگ (بە ئینگلیزی: Panther)، گیانەوەرێکی کۆمەڵەی مەمکدارەکانە و بەشێکی دیاری خێزانی گەورەی پشیلەکان دەگرێتەوە، لە بنەڕەتدا تایبەتبووە بە ئاسیا و ئەفریقا لەگەڵ ئەمریکا، نشینگەکەی لە ئێستادا دەکەوێتە هەردوو کیشوەری ئەمریکای باکوور و ئەمریکای باشوورەوە، شوێنی ژیانکردنیشی لە ناوچەی دارستان و لەوەڕگاکاندایە، هەروەها توانای بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ جێگەکاندا زۆر گەورەیە بۆ نموونە دەتوانێت لە زەلکاو و شاخ و تەنانەت بیابانەکانیشدا بژی، شێوازی ژیانکردنی هەر تاکێکی ئەم پڵنگە بەتەنهایە واتە پێکەوە کۆمەڵە دروستناکەن جگە لە وەرزی زۆربوون و پەروەردەکردنی بێچووەکانیان نەبێت کە پێکەوە دەبینرێن، خێراییەکی زۆری هەیە و دەتوانێت لە کاتژمێرێکدا زیاتر لە ١١٤ کیلۆمەتر ببڕێت، هەروەها یەکێک لە جیاوازییە سەرنجڕاکێشەکانی ئەوەیە کە توانای نەڕاندنی هەیە و ئەم توانایەش پشیلەکانی تری خێزانەکەی نییانە، ئەم جۆرە پڵنگە ژمارەیەکی سنوورداری ماوەتەوە و نزیکە لەوەی کە هەڕەشەی لەناوچوونی لەسەر بێت، ڕاوکردنیان لەلایەن مرۆڤەکانەوە و لەدەستدانی نشینگەکانیان سەرەکیترین مەترسیین بۆ لەناوچوونیان، لە ڕووی زانستییەوە ڕەشە پڵنگ خۆی جۆرێکی دیاریکراو و تایبەت نییە  تەنها بە پوما و جاگوارێک کە فەرووەکەی ڕەش بێت دەوترێت ڕەشە پڵنگ، بەڵام دەکرێت خەڵکی ئەم دەستەواژە بۆ هەندێک لە ئەو جۆرە پشیلانەی تریش کە فەرووەکەیان ڕەشە بەکاربهێنن.

شێوەی دەرەوەی

یەکێک لە دیارترین تایبەتمەندییەکانی ئەم جۆرە پڵنگە ڕەنگی چاوییەتی کە سەوزێکی زمڕووتە (زۆر سەوز)، جەستەشی بە فەروو داپۆشراوە کە ڕەنگەی ڕەش یاخود قاوەیی تۆخە، نیشانە و خاڵ یاخود بەڵەکی لە فەرووەکەیدا هەیە بەڵام بەهۆی ڕەشییە تۆخەکەیەوە نیشانەکان نابینرێن، سەری بچووکە و شەویلگەکانی بەهێزن هەروەها پەلەکانی دواوەی کەمێک درێژتر و بەهێزترن بە بەراورد بە پەلەکانی پێشەوەی، ڕەشە پڵنگ قەبارەیەکی گەورەی هەیە درێژییەکەی لە نێوان ١.١-١.٩ مەتر دەبێت و کێشی لە نێوان ٣٦-١٦٠ کیلۆگرام دەبێت، هێز و توانایەکی زۆری هەیە و بە یەکێک لە باشترین ئەندامەکانی خێزانی پشیلەکان ناودەبرێت بۆ توانای سەرکەوتنی بەسەر شتەکاندا.

خۆراک

ڕەشە پڵنگ هاوشێوەی پڵنگەکانی تر گۆشتخۆرە و گیانەوەرێکی ڕۆژەکی نییە بەڵکو شەوانەیە، واتە ڕاوچییەکی لێهاتووە کە چالاکییەکانی بە شەودا ئەنجام دەدات، لە کاتەکانی ڕۆژدا لە بەرزایی درەختەکاندا ڕادەکشێت و پشوو دەدات، دواتر بۆ بەدەستهێنانی ژەمە خۆراکییەکانی بە شەودا دەگەڕێت، ڕەنگە ڕەشەکەی هاوکاری دەکات لەوەی خۆی حەشاربدات و بەئاسانی نەبینرێت، زۆرینەی جارەکان ئاسک و تاپیر یاخود بزنی کێوی و بەرازە کێوییەکان ڕاودەکات، هەندێکجاریش گیانەوەری قەبارە بچووکتری وەک کەروێشک و باڵندەکان ڕاودەکات، هەروەها ئەم جۆرە پڵنگە توانای مەلەکردنیشی هەیە و کات لە مەلەکردن و پشوودانی نێو ئاو و ڕاوکردنی ئاویشدا بەسەردەبات، جگە لە ئەمانە ڕەشە پڵنگ جۆرێکی شەڕانگێزە بەتایبەتی کاتێک کە نێرینەیەک لە ناوچە دیاریکراوەکەی نزیک دەبێتەوە ئەوا زیاتر مەترسیدار دەبێت، لەهەندێک جاری دەگمەنیشدا ڕەشە پڵنگ خۆشی دەبێت بە نێچیر بۆ گیانەوەری بەهێز و گەورەی وەک شێرەکان یاخود کۆمەڵەی کەمتیارەکان.

یەکگرتن و زۆربوون

ئەم جۆرە پڵنگانە لە تەمەنی سێ ساڵیدا دەگەنە قۆناغی پێگەیشتنی تەواو و توانای زۆربوونیان دەبێت، ماوەی سکپڕی مێینەکان ٩٠-١٠٥ ڕۆژ دەخایەنێت، پاشان ناوەندە ڕێژەی ژمارەی ئەو بێچووانەی کە لە زۆرینەی جارەکاندا لەدایکدەبن دەگاتە نزیکەی ٣ دانە، دوای لەدایکبوونیان بێچووەکان نابینان و هەتا تەمەنیان نەبێت بە دوو هەفتە چاوەکانیان ناکەنەوە، خۆراکیان شیری دایکیان دەبێت بەڵام کاتێک دایکەکە جێیاندەهێڵێت بۆ گەڕان بەدوای خۆراکی خۆیدا، ئەوا بێچووەکان بە ئاسانی دەبنە نێچیری ژمارەیەکی زۆری گیانەوەرە ڕاوکەرەکان، پاشان لە تەمەنی سێ مانگیدا لە شیر دەبڕدرێنەوە و لەگەڵ دایکیاندا دەستدەکەن بە ڕاوکردن، هەتاکوو تەمەنیان نەبێت بە دوو ساڵ دایکیان جێناهێڵن بەڵام دواتر ناوچە و جێگەی تایبەت بە خۆیان دروستدەکەن و پشت بە خۆیان دەبەستن، هەروەها ماوەی تەمەنی ڕەشە پڵنگ لە نێوان ١٢-١٥ ساڵ دەبێت.


سەرچاوەکان



1289 بینین