پوش بە قنگە

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-08-21-13:56:00 - کۆدی بابەت: 9932
پوش بە قنگە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پوش بە قنگە یان پوشکە بە قنگە (بە ئینگلیزی: Dragonfly، بە عەرەبی: الیعسوب یان ذبابة التنين)، جۆرێک مێرووی کۆمەڵەی بێ بڕبڕەکانە و هەزاران جۆری جیاوازی هەیە، نشینگەکەی وڵاتە جیاوازەکانی هەموو کیشوەرەکان دەگرێتەوە جگە لە بەستەڵەکی باشوور، جێگەی ژیانکردنیشی لە ناوچە تەڕەکان و نزیک سەرچاوە ئاوییەکاندایە، شێوازی ژیانکردنی تاکەکانی بەتەنهایە بەڵام دەکرێت پێکەوە کۆمەڵەش دروستبکەن.

هەروەها بوونەوەرێکی خێرایە و لە کاتژمێرێکدا دەتوانێت نزیکەی ٥٦ کیلۆمەتر ببڕێت، جگە لە ئەمانەش نێرینەکان شەڕانگێز دەبن کاتێک هەست بە مەترسی دەکەن لەلایەن نێرینەی ترەوە، بۆ نموونە کاتێک نێرینەیەک دەچێتە جێگەی دانەیەکی ترەوە ئەوا نێرینەکە شەڕانگێزی دەنوێنێت بۆ پارێزگاریکردن لە جێگەکەی، بەڵام ئەم بوونەوەرە ناتوانێت زیان بە مرۆڤەکان بگەیەنێت و توانای گازگرتن و گەستنی نییە.  

شێوەی دەرەوەی

جەستەی پوش بە قنگە شێوەیەکی وەک دەرزی هەیە و بە پێستێکی ساف داپۆشراوە، چەند ڕەنگێکی جیاوازی هەیە وەک زەرد، پرتەقاڵی، سوور، شین، قاوەیی، سەوز یان ڕەش، هەروەها قەبارەی جەستەی بەگوێرەی جۆرەکانی دەگۆڕێت بۆ نموونە درێژی گەورەترین دانەی دەگاتە نزیکەی ١٣ سانتیمەتر، جۆرەکانی تریشی زۆرینەیان دەگەنە ٢.٥ سانتیمەتر یاخود درێژتر، مەودای نێوان باڵەکانی دەگاتە ١٥ سانتیمەتر، کێشی ئەم مێرووە زۆر کەمە و تەنها ٢٨ گرام دەبێت و شەش پێی هەیە، شێوەی چاوەکانی بەجۆرێکە کە دەتوانێت ٣٦٠ پلە لە دەوروبەری خۆیدا ببینێت، شێوەی باڵەکانیشی درێژکۆلەن و چەند ڕەنگێکی جیاوازیان هەیە.  

خۆراک

ئەم جۆرە مێرووە بوونەوەرێکی گۆشتخۆرە و نێچیرە سەرەکییەکانی بریتین لە مێش و مێشوولە لەگەڵ هەنگەکان، لەناویشیاندا مێشوولەکان خۆراکی پەسەند و دڵخوازییەتی، هەروەها لەبەر ئەوەی ئەم جۆرە مێرووە ئارەزووی خواردنی مێشوولەکان دەکات، بەیەکێک لە بوونەوەرە گرنگەکانی ڕاگرتنی هاوسەنگی ژینگەیی دادەنرێت، بە دیاریکراویش دەبێتە هۆی هێشتنەوەی گونجاوی ئاستی مێشوولەکان، بەڵام خۆشی دەبێت بە خۆراکی گیانەوەری تری وەک ماسی و مارمێلکە لەگەڵ بۆق و باڵندەکان یاخود جاڵجاڵۆکە گەورەکان، بۆ خۆپاراستنیش دەتوانێت لە کاتی فڕیندا بە ئاسانی ئاڕاستەکەی بگۆڕێت و هەڵبێت.  

یەکگرتن و زۆربوون

پاش هەڵبژاردنی هاوبەشێک و ئەنجامدانی یەکگرتن، مێینەکە هێلکەکانی لە ئاوێکی وەستاو و مەنگدا دادەنێت، نابێت ئاوێکی خێرای وەک ڕووبارەکان بێت بۆ ئەوەی هێلکەکان پارێزراوبن لە ڕاماڵین و بوون بە خۆراکی ماسییەکان، بەگشتی بێچووی مێرووەکان بە چوار قۆناغدا تێدەپەڕن، کە بریتین لە هێلکە، کرمۆکە، قۆزاخە لەگەڵ تاکی پێگەیشتوو، بەڵام بێچووی پوش بە قنگە تەنها بە سێ قۆناغدا تێدەپەڕێت کە بریتین لە هێلکە و کرمۆکە لەگەڵ تاکی پێگەیشتوو.

ناوەندە ڕێژەی ژمارەی هێلکەکانی مێینەکە لە هەر وەرزێکی زۆربووندا دەگاتە نزیکەی ٦٠ دانە، پاش دانانیان هێلکەکان هەفتەیەک یاخود چەند هەفتەیەکیان پێویستە هەتاکوو هەڵدێن، دواتر دەبێتە کرمۆکە و هەموو سوڕی ژیانی کرمۆکەکەی لە ئاودا دەبێت، کە دەکرێت زیاتر لە سێ ساڵ بخایەنێت، پاشان کرمۆکەکە ڕاهێنان دەکات کە چۆن لە دەرەوەی ئاودا هەناسەبدات، پێش هاتنە دەرەوەشی بەرگەکەی لادەبات، دوای گەشتنی بە قۆناغی پێگەیشتن پوش بە قنگە تەنها شەش مانگی تر دەژی.  

جۆرە سەرەکییەکان

  • پوش بە قنگەی مەزنی گارنەر
  • پوش بە قنگەی ڕەش
  • پوش بە قنگەی کلک ئاڵتوونی
  • پوش بە قنگەی ئوستوڕالی
  • پوش بە قنگەی داشری شین


سەرچاوەکان



513 بینین