ئاسانترین ڕێگا بۆ تەواوکردنی قورئان لە ڕەمەزاندا

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2024-04-24-17:28:00 - کۆدی بابەت: 12675
ئاسانترین ڕێگا بۆ تەواوکردنی قورئان لە ڕەمەزاندا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا    

ئاسانترین ڕێگا بۆ تەواوکردنی قورئان لە ڕەمەزاندا (بە عەرەبی: اسهل طریقة لختم القران في شهر الرمضان، بە ئینگلیزی: The easiest way to complete the Qur’an during the month of Ramadan)، باش وایە موسوڵمان قورئانی پیرۆز بخوێنێت لە هەمان کاتدا بیر لە واتای ئایەتەکانی بکاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی بەدیهێنانی یەکێک لە فرمانەکانی خودای گەورە هەروەک دەفەرمووێت: (پەرتووکێکی پیرۆزە کە ئێمە بۆتانمان دابەزاندووە، تا بیر لە ئایەتەکانی بکەنەوە و ئەوانەی تێگەیشتوون لەبیریان بێت)، واتە بیرکردنەوە لە ئایەتەکانی قورئان یەکێکە لە ئەو مەبەستانەی کە قورئان بۆی دابەزیوە، هەروەها خوێندنەوەی قورئان پاداشتێکی گەورەی هەیە کە بە خوێندنەوەی هەر پیتێک چەندین چاکە بۆ خوێنەرەکە دەنووسرێت، هەروەک لە فەرموودەی پێغەمبەر باسکراوە کە بە خوێندنەوەی هەرپیتێک چەندین چاکە دەنووسرێت.

تەواوکردنی خوێندنەوەی قورئان یەکجار لە مانگی ڕەمەزاندا

موسوڵمان دەتوانێت لە مانگی ڕەمەزاندا جارێک قورئانی پیرۆز تەواو بکات، بەڵام بۆ ئەوەی ئاسان و ڕێکخراوبێت باشترە هەموو ڕۆژێک بەشێکی بخوێنێتەوە، کە هەر بەشێکی قورئان بە نزیکەیی بیست لاپەڕەیە، بۆ تەواوکردنی بەشەکە دەتوانرێت دابەشبکرێت بەسەر چوار جاردا، پاشان لە چوار کاتی جیاوازدا بخوێنرێتەوە، هەر جارێکیش پێنج پەڕە بخوێنرێت لە دوای نوێژەکان، پێنج پەڕەی یەکەم دوای نوێژی بەیانی و دووەم پێنج لاپەڕە دوای نوێژی نیوەڕۆ، پاشان پێنج لاپەڕە دوای نوێژی عەسر یان مەغریب، پاشان پێنج لاپەڕەی کۆتایی دوای نوێژی تەراویح دەخوێنرێتەوە، یانیش لە کاتی پارشێو.

بەم شێوەیە موسوڵمان لە مانگی ڕەمەزاندا یەک جار قورئانی تەواو کردووە بە شێوەکی ئاسان، یان دەکرێت دابەش بکرێت بۆ پێنج جار و لەهەر جارێکیاندا چوار لاپەڕە بخوێنرێت، دواتر هەر چوار لاپەڕەیەک لە دوای نوێژێکەوە بۆ یەکێکی تر بخوێنرێت، لە ئەنجامدا کەسەکە لەماوەی مانگەکەدا جارێک خوێندنەوەی قورئان تەواو دەکات.

تەواوکردنی خوێندنەوەی قورئان دووجار لەمانگی ڕەمەزاندا

مرۆڤی موسوڵمان دەتوانێت لە مانگی ڕەمەزاندا دوو جار قورئان تەواو بکات، بۆ ئەم مەبەستە دەبێت دوو بەش بخوێنێتەوە لە ڕۆژێکدا، بە خوێندنەوەی دە لاپەڕە لە چوار کاتی جیاوازی ڕۆژدا، یان بە خوێندنەوەی هەشت لاپەڕە لەنێوان نوێژێک بۆ یەکێکی تر.

تەواوکردنی خوێندنەوەی قورئان سێجار لەمانگی ڕەمەزاندا

موسوڵمان دەتوانێت لە مانگی ڕەمەزاندا سێ جار قورئانی پیرۆز تەواو بکات، بەڵام بە تەرخانکردنی کاتژمێر و نیوێک ڕۆژانە بۆ خوێندنەوە، کاتەکە بە سێجار تەواودەکرێت کە هەر کاتێکبێت لە تەواوی ڕۆژەکەدا، هەر جارێکیان نیو کاتژمێر تەرخان بکرێت و لەو ماوەدا بەشێکی قورئانی پیرۆز بخوێنرێت، لە نیو کاتژمێری یەکەمدا بەشێک دەخوێنرێتەوە و بەشی دووەم لە نیوەی دووەمدا دەخوێنرێتەوە، پاشان بەشی سێیەم لە کۆتا ماوەدا و بەم شێوەیە سێ بەش لە یەک ڕۆژدا تەواو دەبێت.

تەواوکردنی خوێندنەوەی قورئان چوارجار لەمانگی ڕەمەزاندا

موسوڵمان دەتوانێت لە ماوەی حەوت ڕۆژدا قورئانی پیرۆز تەواو بکات، بە شوێنکەوتنی نموونەی ئەو کەسە ڕاستگۆیانەی لە ڕابردوودا دەیانکرد، ئەوان قورئانیان دەکردە حەوت بەش، و لە حەوت ڕۆژدا دەیانخوێندەوە، ڕۆژی یەکەمیان بە خوێندنەوەی سێ سورەتی یەکەمی قورئان دەستپێدەکرد، دووەم ڕۆژ پێنج سورەتەکەی دواتر، سێیەم ڕۆژ حەوت سورەتی دواتر، لە چوارەم ڕۆژدا نۆ سورەتیان دەخوێند، دواتر لە ڕۆژی پێنجەمدا یازدە سورەتەکەی دواتریان دەخوێند، ڕۆژی شەشەمیش سیازدە سورەت، کۆتا ڕۆژ کە حەوتەم ڕۆژە هەتاکوو کۆتا سورەتی قورئانی پیرۆزیان دەخوێند کە بریتییە لە سورەتی الناس.

تەواوکردنی خوێندنەوەی قورئان دەجار لەمانگی ڕەمەزاندا

موسوڵمان دەتوانێت هەر سێ ڕۆژ جارێک قورئانی پیرۆز تەواو بکات، بە دابەشکردنی کاتەکانی خوێندنەوە بۆ پێنج جار لە شەو و ڕۆژێکدا، بۆ ئەم مەبەستە دەبێت کەسەکە لە ماوەی ڕۆژێکدا دە بەشی قورئانی پیرۆز بخوێنێت، دەتوانرێت بە گوێرەی کاتەکانی بانگ بەشەکانی قورئانەکەش بخوێنرێت، بە جۆرێک لە دوای هەر نوێژێک یان پێش بانگدان و نوێژکردن چەند بەشێک لە قورئانەکە بخوێنرێت. 

ئامۆژگاری بۆ تەواوکردنی قورئان لە ڕەمەزاندا

هەر موسوڵمانێک کە دەیەوێت لە مانگی ڕەمەزاندا چەند جارێک قورئانی پیرۆز تەواوبکات، ئامۆژگاری دەکرێت چەند کارێک بکات، لەوانە ڕێکخستنی کاتەکانی بۆ خوێندنەوە لە هەردوو ڕۆژ و شەودا، تەرخانکردنی کاتی تایبەت و دیاریکراو بۆ خوێندنەوەی قورئان و تێڕامان لە واتاکەی، جگە لەئەمانەش پێویستە لەسەر مرۆڤی موسوڵمان کە بە درێژایی ساڵ بەردەوامبێت لە خوێندنەوەی قورئان و تەنها تایبەت نەبێت بە مانگی ڕەمەزان، کە ئەمەش هاوکاری کەسەکە دەکات ئاشنابێت بە قورئانەکە و وشە و واتاکانی.

دابەشبوونی قورئانی پیرۆز

قورئانی پیرۆز بەسەر سی بەشدا دابەشکراوە و هەر بەشێکی بە نزیکەیی بە بیست لاپەڕە مەزەندە دەکرێت، هەر بەشێکی دوو حیزبە و حیزبیش لە چوار چارەک پێکدێت، سەرچاوەی دابەشبوونی قورئانی پیرۆز ئەوەیە کە لە سوننەتی پێغەمبەردا ئاماژەی پێکراوە، وەک ئەوەی گێڕدراوەتەوە کە پێغەمبەر جارێکیان فەرموویەتی: (بەشێک لە قورئانی پیرۆزم خوێندەوە).

لە فەرموودەیەکدا کە لە عوسمانی کوڕی عەبدوڵڵای کوڕی ئەوس الثقافی گێڕدراوەتەوە، تیایدا فەرموویەتی: پێغەمبەر دوای نانخواردن لەگەڵیان بووە و ماوەتەوە، شەوێک نەهاتە لایان، تا دوای نانخواردن و کاتێکی زۆری پێچوو، وتی: ئێمە وتمان: ئەی پێغەمبەری خودا چیبوو؟ وتی: حیزبێک لە قورئان هاتە پێش چاوم، بۆیە حەزم کرد نەچمە دەرەوە تا تەواو بووم، کە بەیانی هات ئێمە گوتمان بە هاوەڵان: چۆن قورئان دابەش دەکەن، وتیان: ئێمە دابەشی دەکەین بۆ سێ سورەت، پێنج سورەت، حەوت سورەت، نۆ سورەت، یازدە سورەت، سیازدە سورەت، و بەشی کۆتایی.

دابەشکردنی قورئان لە سەردەمی پێغەمبەر و هاوەڵان

لە فەرموودەی عەبدوڵڵا ألثقافی کە پێشتر باسمان کرد، ڕوونی کردۆتەوە کە چۆن قورئان لە سەردەمی پێغەمبەردا و هاوەڵانی خوا لێیان ڕازی بێت، قورئانیان دابەش کردووە بەسەر حیزبەکاندا بۆ حەوت لایەن، کە بەم شێوەیە ڕوون کراوەتەوە:  

  • حیزبی یەکەم: البقرة ، ال عمران، و النساء.
  • حیزبی دووەم: المائدە، الانعام، الاعراف، الانفال، و التوبە.
  •  حیزبی سێیەم: یونس، هود، یوسف، الرعد، ئیبراهیم، ​​الحجر، و النحل.
  • حیزبی چوارەم: ئەو حزبەیە کە لە سەرەتای سورەتی الاسراء دەست پێدەکات ، تا کۆتایی سورەتی الفرقان.
  • حیزبی پێنجەم: لە سورەتی الشعراء دەست پێدەکات، تا کۆتایی سورەتی یس.
  • حیزبی شەشەم: لە سورەتی الصافات دەست پێدەکات، تا کۆتایی سورەتی الحجرات.
  • حیزبی حەوتەم: لە سورەتی قافەوە دەست پێدەکات، تا کۆتایی و سورەتی الناس.

دابەشکردنی قورئان لە دوای سەردەمی هاوەڵان

دابەشبوونی قورئان بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕی، لە حەوت بەشەوە بۆ بیست بەش، هەتاکوو لە کۆتاییدا لەسەر سی بەش جێگیر بوو، ڕەنگە مەبەست لە دابەشکردنی قورئان بۆ سی بەش پەیوەندی هەبێت بە گونجان لەگەڵ ژمارەی ڕۆژەکانی مانگ، بەم شێوەیەش مرۆڤی موسوڵمان دەتوانێت هەموو ڕۆژێک بەشێک تەواو بکات بە هەردوو خوێندنەوە و تێڕامان لە واتاکەشی، لە ئەنجامدا لە کۆتایی هەموو مانگێک جارێک هەموو قورئانی خوێندووەتەوە.


سەرچاوەکان



332 بینین