لوولەكانی خوێن

له‌لایه‌ن: ڕاوێژ نورالدین - به‌روار: 2020-08-29-15:12:00 - کۆدی بابەت: 430
لوولەكانی خوێن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

دڵە لوولە كۆئەندام بەوە دەناسرێت كە كۆئەندامێكی داخراوە، چونكە خوێن هەمیشە لە دڵ و لوولەكانی خوێندایە، ئەم جۆرە كۆئەندامەش لە كۆئەندامی كراوە جیاوازە كە خوێن تیایدا لوولەكانی خوێن جێدەهێڵێت، بەهەموو شانەكانی لەشدا دەڕوات و پاشان دەگەڕێـتەوە بۆیان هەروەكو لە گیانەوەرە پێ جومگەدارەكاندا. لوولەكانی خوێن بەشێكن لە كۆئەندامی سوڕانی داخراو لە مرۆڤدا، تۆڕێكی فراوان پێكدێنن بەشداری دەكەن لە بەردەوامبوونی ڕۆیشتنی خوێن تەنها بەیەك ئاڕەستەدا.

خوێنبەرەكان و پەستانی خوێن

ئەو لوولە خوێنە ماسولكەییە گەورانەی كە خوێن بۆ دوور لە دڵ دەگوازنەوە ناو دەبرێن بە خوێنبەرەكان ، دیوارە ئەستوورەكانی خوێنبەرەكان لە سێ چین پێكدێن ئەوانیش: چینی ناوەوە ڕووكەشە خانەكانن، چینی ناوەڕاست لووسە ماسولكەكانن، چینی دەرەوە بەستەرەشانەیە. ئەم پێكهاتەیەش بەیەكەوە هێز و جیڕی دەداتە خوێنبەرەكان وە ڕێ بە كشانیان دەدات كاتێك كە خوێنی بەهێز پاڵنراویان لە دڵەوە بۆ دێت. گرژبوونی دڵ دەبێتە هۆی دەرپەڕاندنی خوێن و پاڵنانی بەهێزێكی گەورەوە بە خوێنبەرەكاندا. ئەو هێزەی خوێن دەیخاتە سەر دیواری ناوەوەی لوولەی خوێن بە پەستانی خوێن دەناسرێت. پەستانی خوێن دەگاتە ئەو پەڕی لە دوو خوێنبەرە سەرەكیەی كە لە دڵەوە دەردەچن. پێوانەكەشی ئاسایی لەو خوێنبرەوە دەبێت كە خوێن بە باسك دەدات. پەستانی خوێن لەگەڵ گرژبوونی هەردوو سكۆڵەدا ، لە كەسێكی پێگەیشتووی دروستدا دەگاتە 120 میلیمەتر جیوە لە نێرەدا و 110 میلیمەتر جیوە لە مێیەداو ، پێشی دەڵێن گرژبوونە پەستان. پەستانی خوێن لە كاتی خاوبوونەوەی هەردوو سكۆڵەدا دەگاتە 80 میلیمەتر جیوە لە نێرەدا و 70 میلیمەتر جیوە لە مێیەدا وە پێشی دەڵێن خاوبوونەوە پەستان.

موولوولەكانی خوێن و خوێنهێنەرەكان

بیرت بێتەوە لە كاتی گرژبوونی سكۆڵەی چەپدا خوێن بەهێزەوە بەناو شاخوێنبەردا وروژم دەكات، كە ئەویش گەورەترین خوێنبەری لەشە. لە شاخوێنبەردا لە ڕێی تۆڕێك لە خوێنبەری قەبارە بچووكتر خوێن دەگوازرێتەوە ، و ئەوانیش بەلای خۆیانەوە، دابەشدەبن بۆ لوولە خوێنی بچووكتر پێیان دەڵێن خوێنبەرۆكە. خوێنبەرۆكەكانیش بۆ تۆڕێك لە لوولە خوێنی ورد دابەشدەبن پێیان دەڵێن موولوولەكانی خوێن.

تۆڕی موولوولەكانی خوێن بە فراوانی بڵاوبونەتەوە، بۆیە هەموو خانەكانی لەش دەكەونە نزیك موولوولەكانی خوێن، ئەمەش ڕێگە دەدات بە ئاڵوگۆڕی خێرای ماددەكان بە نێوانیاندا. ئەستووری دیواری موولوولەكانی خوێن تەنها یەك چین خانەیە ، ئەمەش توانای بڵاوبوونەوەی گازەكان و خۆراكە ماددەكان دەدات لە ڕێگەیانەوە. هەرچەندە خەستی ئۆكسجین یان خۆراكە ماددەكان لە خوێندا بەرزتر بێت لە خانەكانی دەوروبەریاندا، ئەوا ماددەكە  لە خوێنەوە بۆ خانەكان بڵاودەبێتەوە. و هەرچەندە خەستی دوانۆكسیدی كاربۆن و پاشەڕۆ لە خانەكاندا بەرزتر بێت لەوەی لە خوێندایە ئەوا ئەو ماددانە لەخانەكانەوە بۆ خوێن بڵاودەبنەوە.

خوێن لە ڕێی ئەو موولوولانەی خوێن تێپەڕدەبێت كە یەكدەگرن بۆ پێكهێنانی لوولە خوێنێكی گەورەتر كە پێی دەڵێن خوێنهێنەرۆكە. ژمارەیەك لەوانەیش یەكدەگرن بۆ پێكهێنانی خوێنهێنەر، خونهێنەریش لوولە خوێنێكی گەورەیە و خوێن ببۆ دڵ دەگوازێتەوە، ئەو خوێنهێنەرانەی كە خوێنی كەم ئۆكسجین لە بەشەكانی خوارووی لەش دەگەڕێنەوە یەكدەگرن بۆ پێكهێنانی كلۆرە خوێنهێنەری خواروو. بەڵام ئەو خوێنهێنەرانەی كە خوێنی كەم ئۆكسجین لە بەشەكانی سەرەوەی لەش دەگەڕێننەوە، یەكدەگرن بۆ پێكهێنانی كلۆرە خوێنهێنەری سەروو.

دیواری خوێنهێنەرەكان كە وەك دیواری خوێنبەرەكان لە سێ چین پێكهاتووە. بەڵام ئەستوریەكەیان كەمترە و بڕێكی كەمتر لە لووسە ماسولكەیان تێدایە. كاتێك خوێن دەگاتە خوێنهێنەرەكان، پەستانی خوێن تێیدا كەمترە لە هی خوێنبەرەكان. لەوانەیە گەڕانەوەی خوێن بۆ دواوەش ببێتە هۆی پەشێوی لە شێوازی جووڵەی خوێن. وە بۆ نەهێشتنی ڕوودانی ئەمە لە خوێنهێنەرەكاندا زمانە هەن، كە بەشداری دەكەن لە مانەوەی جووڵەی خوێن بە یەك ئاڕاستەدا.


سەرچاوەکان

494 بینین