واتا لە مۆسیقادا

له‌لایه‌ن: محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2020-12-29-23:05:00 - کۆدی بابەت: 957
واتا لە مۆسیقادا

ناوه‌ڕۆك

واتا لە مۆسیقادا

بۆ ماوەیەکی زۆر دوور و درێژ مانای هونەر بەوە لێکدەدریاوە کە گوایە بریتیە لە لەزەت و شادی بەخشین، وا باوبوو کە ئامانجی گشت جۆرەکانی هونەر ئەوەیە لەزەت یان شادی لە ئینساندا ببزوێنێ، هەڵبەتە ئەگەر مەسەلەکە هەر ئەم دیاریکردنە گشتییە بووایە ئەوا هیچ کێشەیەک نەدەهاتە گۆڕێ، بەڵکو کێشەکە ئەوکاتە سەر هەڵدەدا ئەگەر بمانەوێ مەبەستی هەردوو لەزەت و شادی دیاری بکەین و روون بکەینەوە، چونکە هەندێ کەس بە سێوەیەکی سەلبی لە لەزەت تێدەگەن، حاڵەتێ دێتە کایەوە کە ئینسان دەکەوێتە ژێر کاریگەری دەرەکی و زۆر بە خاوی بەرەو پیری دەچێ و ڕادەی هەرە کەمی چالاکیی پێویست بۆ تێگەیشتنێکی سادە بەکار دەهێنێ، دیارە ئەم چەمک و تێگەیشتنە دەربارەی لەزەتی هونەری لە گشت بوارەکانی هونەردا ناڕەزایی لەسەرە، لێرەدا هەر ئەوەندەمان لەدەست دێ کە ئیشارەت بۆ ئەو ناڕەزاییانە بکەین کە لە بواری مۆسیقادا ئاڕاستەی دەکرێ.

لەزەتی سەلبی لە بواری مۆسیقادا ئەوەیە کە پێی دەوترێ (الگرب) ئەم وشەیە لەو ئاخر و ئۆخرانەدا لە رۆژنامەکانی میسردا مشت و مڕێکی زۆری لەسەر کرا، بەڵام ئەوەی گومانی تێدا نییە ئەوەیە کە شەقڵی کارتێکردن و هەڵچوونی سەلبی بەسەردا زاڵە، ئامانجی (گرب) یەگەر وەکو ئامانجێک بۆ کارتێکردنی مۆسیقا وەربگیرێ ئەوەیە کە هەڵچوونێک لە ئینساندا دروست دەکات جا چ هەڵچوونێکی ئەوەندە توند بێ کە گیر و گرفتە واقیعیەکانی لە بیر بەرێتەوە و وای مژول بکا کە کەم و زۆر بە لای کاروبارە جدییەکانی ژیاندا نەچێ، ئەلهەقی زۆر کەس پێیان وایە ئەمە ئەرکی ڕاستەقینەی مۆسیقایە و ئەرکەکەی تەنیا سەرگەرم کردنە.

خۆ ئەگەر ئەمە ئەرکی ڕاستەقینەی مۆسیقا بێ ئەوا بۆمان نییە باسی چ مانایەکی ئەم هونەرە بکەین، چونکە بوار و مەیدانی واتاکان باڵاترە لە بوار و مەیدانی ئەو هەڵچوون و داچوونە سەلبیانەی کە بە شێوەیەکی یەکجار کەم بەهرە هۆشیارەکان تێیدا ڕآدەبێ، باشە بەڕآستی مۆسیقا خاڵییە لە هەموو مانایەک؟ دیارە ئەم جۆرە هەڵەیە دەربارەی تێگەیشتن لە مۆسیقا دەگەڕێتەوە بۆ ڕاهاتن لەسەر جۆرە مۆسیقایەکی تایبەتی کەوا لە مرۆڤ دەکا پێی وابێ ئەرکی مۆسیقا تەنیا ئەوەیە بە جۆرێکی لسببی کەیفمان پێ ببەخشێت، ئەگەر ئەزموونی مۆسیقای مرۆڤ دەوڵەمەند ببێ و جۆرە ناس و بەرزەکانی مۆسیقا تێبگات، ئەوا بۆی دەرەدەکەوێ کە مۆسیقا بە ڕاستی مانای خۆی هەیە و مانایەکی تەواو ئیجابی هەیە، هەر بەوەندە ناوستێ هەستی مرۆڤ ببزوێنێ و سۆز و گودازەکانی بوروژێنێ. بەڵکو وێڕای ئەمانە لە ڕێگای هەستەکانەوە ئەقڵ بێدار دەکاتەوە و هەست و بەهرە هۆشیارەکان وە ئاگا دێنێتەوە و هەندێ حەقیقەتی نوێ کەشد دەکات کە دەروون لەوەوبەر لێی بێ خەبەر بووە، ئەلهەقی ئەرکی باڵا و پیرۆزی هونەر ئەوەیە کە هەر بەوەوە نەوەستێ کاری سەلبیمان تێبکا، بەڵکو شتێکی ئیجابیمان پێشکەش بکا و پتر بە ژیانی خۆمان ئآشنامان بکا و زانیاریمان دەربارەی ژیان زیاد بکات، هەڵبەتە هەر هونەرێک بە شێوازێک خۆی ئەو شێوازەی کە جیایە لە شێوازی فێرکردن و تەلقین دادانی ئەقڵی ڕاستەخۆ، دەبێ مۆسیقا تەنیا بەم مانایە وەربگرین و لێی تێبگەین.

ئەرکی ئێستامان ئەوەیە کە لە شێوازە تایبەتییەکانی گوزارشتی مۆسیقا بکۆڵینەوە، ئەگەر پێشتر بە شێوەیەکی تەحلیلی لە ڕەگەزەکانی زمانی مۆسیقامان کۆڵییەوە، ئەوا هەنووکە دەبێ لەو ڕێبازە بکۆڵینەوە کە مۆسیقا لە دوا شێوەیدا دەگەیەنێتە هزرمان، لە ڕێبازی تایبەتی نەقڵکردنی واتاکانی مۆسیقا بکۆڵینەوە، زۆر کەس وا ڕاهاتوون کە شاعیرانە لە مۆسیقا تێبگەن، واتە وەختێ گوێ لە ئاوازێ دەگرن بە دوای چەمکی ئەدەبی و وێنەی حسیدا دەگەڕێن، هەندێ لە تیرۆریستەکان بەوە پاساو بۆ ئەم دیاردەیە دێننەوە کە مۆسیقا دابەش دەکەن بەسەر دوو جۆردا:


جۆرێکی خاڵیسە یا موجەرەد و جۆرێکی بابەتدار یا بەرنامەدار، جۆری یەکەم هیچ وێنەیەک لە هزر و بیردا چێ ناکا، بەڵکو کۆمەڵە نموونەیەکی دەنگی جوان و ناسکە و دەبێ بۆ خودی خۆی گوێی لێ بگیرێ و نموونەی ئەمەش لە مۆسیقای بتهۆڤندا کوارتیستەکانە (الرباعیات)، بەڵاام جۆری دووەم بریتیە لە وێنەگرتنی بابەتێکی دیاریکراو، نمونەی ئەمەش هەر لە مۆسیقای بتهۆڤندا سەمفۆنیای شەشەمە، بەمجۆرە خاوەنانی ئەم دابەشکردنە هەنجەت و بیانوو بۆ ئەوانە دەدۆزنەوە کە هەرچیەکیان گوێ لێدەبێ پڕی دەکەن لە خەیاڵاتی لەفزی یان تەسویری، بەڵکو هەندێ کەس وێنەی دیاریکراو بۆ مۆسیقای خاڵیسە و موجەرەد دروس دەکەن کە ئەم وێنانەش لە خۆیانا وێنەی هەندەسی موجەڕەدن، وەکو ئەو هێڵە یەک لە دوای یەکانەی کە وڵت دیزنی لە فیلمە مۆسیقاییەکەدا (فانتازیا) پارچەی باخی (توکاتاوفیوج) بێ وێنەکێشان.


بەڵام ئەم دابەشکردنە چ کێشەیەک چارەسەر ناکات '' زۆر دانراوی مۆسیقا دەمێنن کە نازانین دەچنە خانەی کام بەشیانەوە، بۆ نموونە-هەر لە مۆسیقای بتهۆڤندا- سەمفۆنیای نۆیەم، ئاتا سەمفۆنیای نۆیەم مۆسیقایەکی موجەڕەدە؟ مەحاڵە بتوانین بڵێین ئەم مۆسیقایە تەنیا نموونەیەکی دەنگی جوان و ناسکە و چ هەست و واتا و بیرێکمان پێ نابەخشێت، ئەدی ئایا مۆسیقایەکی بابەتدار و بەرنامەداری دیاری کراوە؟  ئەلهەقی ئەگەر بمانەوێ ئەم بابەتداری و بەرنامە دارییە دیاری بکەین بە هیچ جۆرێ ناتوانین هێڵ و سنوری ئاشکرای بەدەورا بکێشین سەیر دەکەین دەتوانین گەلێ لە لێکچوون و بیرەکانی بگۆڕێن بە لێکچوون و بیری دیکەی ئەوتۆ کە لەوانی پێشوو کەمتر نەبن لە ڕووی تەتبیق بوونیانەوە بەسەر مۆسیقادا.

ئەوەی دەتوانین بە ئەرخەیانییەوە پێی لەسەر دابگرین ئەوەیە کە جیاوازی بەینی مۆسیقای موجەڕەدەوە مۆسیقای بابەتدار تەنیا لە پلەدایە، دەتوانین بڵێین هەموو مۆسیقایەک بە شێوەیەک لە شێوەکانی مۆسیقای بابەتدارە، لەو ڕووەوە کە بەرهەمێکی هونەری ڕآستگۆیە، پەیوەستە بە ژیانی دانەرەکەی و کۆمەڵەکەیەوە و هەر دەبێ گوزارشت لە واتا گەلێک بکا کە بتوانین پەیان پێ بەرین، هەڵبەتە ئەمە شتێک نییە کە بتوانین بە تێکڕایی لەسەری ڕێک بکەوین، چونکە وەکو پێشتر گوتمان مۆسیقا سنووری جزئیات دەبەزێنێ و دەچێتە  مەیدانی کولیاتەوە، هەر بۆیە بۆمان هەیە بڵێین هەموو مۆسیقایەک-بە واتا و شێوەیەکی دی- مۆسیقایەکی موجەڕەدە مادامێکی لە تەفسیراتی جزئی تایبەتی باڵاترە، کەواتە ئەم دوو سیفەتە، واتە مۆسیقا یا بابەتدارە یا موجەڕەدە، بناغە نین بۆ دابەشکردنی مۆسیقا، بەڵکوو دوو ڕووی جیاوازی خودی گوزارشتی مۆسیقان، بەڵام ئەمەس نابێ بە کۆسپ لە ڕێگای ئەوەدا کە دانراوی مۆسیقا بکەونە ئەم خانەیە یا ئەو خانەیانەوە، کوارتستەکان دەکەونە ئەم خانەیەوە کە مانا تیایدا لەوپەڕی بەرزییە، سەمفۆنیای شەشیش دەکەوێتە خایەکەی دیکەوە، ئەو خانەیەی کە دانەر سنورێک بۆ دانراوەکەی دادەنێ تا چوارچێوەیدا لە پارچەکەی بگەن- بەهەرحاڵ مۆسیقای بابەتدار و ئاشکرا کەمن، زۆربەی دانراوەکان هەردوو سیفەتەکە دەگرنەخۆ، واتە سیفەتی بابەتداری لە شێوەی واتای گشتیدا و سیفەتی تەجرید کە دەگەڕێتەوە بۆ گشتێتی خودی ئەو مانایە.

کە تەجرەبەی جوان کراوە بۆ زانینی ڕادەی تێگەیشتنی گوێگرانی جیاواز لەمۆسیقا (ماکس شوان) لە کتێبی (کاریگەرییەکانی مۆسیقا) دا بڵاو کردۆتەوە، چەند پارچە مۆسیقایەکی جیاواز پێشکەش بە جەماوەر کراوە، جەماوەرەکە کەسانێکی تێدا ببوە و موزیشین نەبوون بەڵام ڕوشنبیرییەکی هونەری باڵایان هەبووە. کەسانێک تیا بووە هەروەکو گوێگرتن کەیفیان بە مۆسیقا هاتووە هەروەها کەسانێکی تێدا بوووە بە هیچ جۆرێ زەوقیان لەسەر مۆسیقا نەبووە. پاش بەراورد و هەڵسەنگاندن دەرکەوتووە کە ئەوانەی ڕۆشنبیری باڵایان هەبووە، ئەوانەی موزیشن نەبوون و پرانسیپەکانیان نەزانیوە بۆ تێگەیشتنی مۆسیقا پەنایان بردۆتە بەر لێکچوون و ئەو پەیوەنییانەی یارمەتیانی داوە بۆ تێگەشتنی مۆسیقا، بەڵام موزیشن یا ئەوەی شارەزایی لە پرانسیپەکانی مۆسیقادا هەبووە لە کاتی گوێ گرتندا تەنیا وەکو مۆسیقا بیری لە مۆسیقا کردووەتەوە و لەزەتێکی ئەستاتیکی دوور لە گشت وێنەیەکی خەیاڵی یا لێکچواندنێک لێ وەرگرتووە، لە ئاکامی ئەم ئەزموونانەوە دەتوانین بگەینە ئەو ئەنجامەی  کە تەجرەبەی زۆر وا لە مرۆڤ دەکا بە دروستی لە مۆسیقا تێبگا و تێکەڵ بە مانا لاوەکییەکانی نەکا. ئەو مانا لاوەکییانەی مۆسیقا زۆریان هەڵدەگرێ، بەڵکوو هەر لەو کەوشەنەدا بوەستێ کە لەزەت لە مۆسیقا وەربگرێ بێ ئەوەی پەنا بۆ خەیاڵی شیعری یان تەسویری بەرێ.

ڕەنگە مرۆڤ لێرەدا بپرسێت، باشە کە پارچە مۆسیقایەک لێکدانەوەی جایواز و جۆراوجۆر هەڵبگرێ ئەمە بەو مانایەیە کە مۆسیقا هیچ شتێک ناگەیەنێ و هەرکەسەو چۆنی بوێ وا لێی تێبگا؟ تێگەیشتنەکەش لە هەموو حاڵەتێکدا بەتاڵە؟ ڕاستییەکەی ئەم ئەنجامگیریە زۆر دوورە لەو شتەوە کە ئێمە مەبەستمانە. وەکو پێشتر دووپاتمان کردەوە مۆسیقا بە زەرورەت مانای هەیە. بەڵام سروشتی مۆسیقا وایە کە ئەم واتایە باڵاتر بێ لەو لێکچوونە لاوەکیانەی کە خاوەن مزێجە شاعیری یا ڕۆماتیکی یەکانی دەرەوەی بازنەی پسپۆرانەی مۆسیقا پەنای بۆ دەبەن. ئەوانەی تاکید دەکەن کە (بۆ وێنە) ئەم بزاڤەی سیمفۆنیای پێنجەمی بیتهۆڤن ئیشارەتە بۆ لێدانەکانی قەدەر، ئەوەیان مانای تەسلیم بوونە بە قەدەر، ئەمەیان ململانێ لەگەڵ قەدەردا دەگەیەنێ و ئەمەی دواییانە واتای سەرکەوتن بەسەر قەدەردا دەگەیەنێ، تا کۆتایی ئەم لێکچوونە ئەدەبیانەی کە پتر زیان لە لەزەت وەرگرتنی ئەستاتیکی دەدات یا یارمەتی بەدیه هاتنی بدات، چونکە مۆسیقا ئەوپەڕەکەی دەتوانێ بە جۆرێ ناخمان بوروژێنێ کە کۆمەڵە واتا و هەستێکی گشتیمان لە لا زیاد بکا واتە (جەوێکی) تایبەتی وامان لە لا دەخولقێنێ کە بتوانین شەپۆلە گشتیەکەی دەرک بکەین. بەڵام ناتوانین وردە شتە لاوەکیەکانی دیاری بکەین. خۆ ئەگەر توانیشمان چ سوودێک نابینین.


سەرچاوەکان

261 بینین