ئەرستۆ تاڵیس

له‌لایه‌ن: - ئاکار قطب الدین - به‌روار: 2020-12-30-14:23:00 - کۆدی بابەت: 989
ئەرستۆ تاڵیس

ناوه‌ڕۆك

ئەرستۆتاڵیس ٣٨٤-٣٢٢ پ.ز

  بۆچوونەکانی ئەرستۆ دەربارەی فیزیای و زانستی گەردوونی تا سەردەمی دەرکەوتنی گالیلۆ لە سەدەی شانزە و نیتون لە سەدەی هەژدەدا، بەسەر فیکری خۆراوادا سایەیان کردبوو. ئەرستۆ کاری بەو بنچینە سەرەکیەک دەکرد کە دەڵێت: هەموو شتەکانی جیهان لە چوار توخم پێک هاتوون، ئەوانیش :ئاو، هەوا، خاک، ئاگر ـن. ئەو پێی وابوو هەریەک لەو توخمانە دەیانەوێت بگەڕێنەوە شوێنی سروشتی خۆیان. ئاو لەسەر پشتی زەوی دەڕوات، هەوا بەسەریدا بەرز دەبێتەوە، ئاگر دەیەوێت لە سەرووی هەموان بەرز بێتەوە.

  ئەو باوەڕی بەو قسەیەبوو کە دەڵێت: زەوی چەقی گەردوونە، مانگ و هەسارە و ئەستێرەکان بە دەوریدا دەسوڕێنەوە.

  توخمی پێنجەم

  کاتێک ئەرستۆ گوتی دەبێ هەموو شتەکان بڕۆنەوە شوێنی سروشتی خۆیان، توشی گرفتێک هات، چونکە ئەستێرە و هەسارەکان ڕێڕەوی نەگۆڕیان هەیە، ناتوانن بەرەو زەوی ڕێ بکەن. خۆ ئەگە بێت و بەرەو زەوی ڕێ بگرن لەگەڵیدا پێکدا دەدەن. لە کاتێکدا سەرچآوەی سروشتی خۆیانە. بۆ ئەمە ئەرستۆ بیری کردەوە و توخمی پێنجەمی داهێنا، کە بریتی بوو لە توخمی شتە جوڵەدارەکان، ئەمە بەسەر هەموو ئەو شتانەدا جێبەجێ دەکرێت کە لە مەودایەکی چەسپاودا جوڵە دەکەن، وەک: ئەستێرە و هەسارە و ...تاد.  هەرچەندە ئەم تەرزە تەفسیرانە بۆ مرۆڤی نوێ جێگەی قبووڵ نین، بەڵام دەبێ ئەوە بزانین کە ئەو لێکدانەوانەی ئەرستۆ بۆ دوو هەزار ساڵ جێگەی باوەڕ بوون. ئەرستۆ دەربارەی فیزیا زۆر ورد بووە، جەختی لەسەر قسەی فیساگۆرس کردووەتەوە کە دەڵێت: زەوی خڕە. ئەرستۆ ئێژێت: کاهێک بەرەو باکوور یان باشوور دەڕۆین، دەبینی چەند ئەستێرەیەک لە ئاسۆدا ڕەوت دەکەن تا بە تەواوی ئاوا دەبن.
  لە زانستی زیندەزانیدا ڕەخنەی لێ گیراوە، بە نموونە دەڵێت: عەقڵ لە نێو دڵە، نەک لە مێشک. ئەمەیش هەڵەیەکی زەق و زۆپە، یان دەڵێت: هەر لە چرکەی پیتاندنەوە کۆرپەی نێو سک دەڕسکێت...
  ئەرستۆ دەربارەی دەوڵەت و سیاسەتی قسە و بۆچوونی خۆی هەبووە، لە سەرەتای کتێبی سیاسەت بەم شێوەیە دەدوێت:
  ئاشکرایە هەموو دەوڵەتێک لە کۆمەڵگە پێک دێت، هەموو کۆمەڵگەیەکیش بەرژەوەندیی گشتی کۆیان دەکاتەوە. کەواتە هەموو لایەک بۆ چاکە کۆشش دەکەن. زۆر ڕوونە، هەموو کۆمەڵگاکانیش بۆ لایەنی چاکە لە هەڵپەدان، کۆمەڵگا باڵاکان بۆ باشترین خێر و خۆشی لە هەوڵ دان: ئەم تەرزە کۆمەڵگایانە پێیان دەوترێت دەوڵەت یان کۆمەڵگەی مەدەنی.
  ئەوانەی پێیان وایە پیاوی دەوڵەت، پاشا، خێزاندار، مەولا، لە یەک ئاستدان هەڵەن. ئەو کەسانە پێیان وایە هەریەک لەمانە بەهۆی کەمینە و زۆرینە لە یەکتر جیا دەبنەوە، نەک بەهۆی جوداوازیی جۆرایەتی. گوایە ئەگەر ژمارەی دەستوپێوەندی کەم بوو، ئەوە پێی دەوترێت مەولانا، ئەگەر ژمارەی دەستو پێوەندی زیادی کرد، پێی دەوترێت خێزاندار، ئەگەر لە خێزانیش ژمارەیان زۆرتر بوو، پێی دەگوترێت پاشا. هەر وەک ئەوەی هیچ جیاوازیەک لە نێوان خێزانێکی گەورە و دەوڵەتێکی بچووکدا نەبێت. پیاوی دەوڵەت و  پاشای وڵات. یەک شت بن! تەنی جوداوازیان ئەوەیە پاشا بە شێوەیەکی سەربەخۆ حوکمڕانی دەکات، بەڵام پیاوی دەوڵەت جاربەجار خۆی فەرمانڕەوایی دەکات و ناوناوەش فەرمانڕەوایی بەسەردا دەکرێت.
  بەڵام هەموو ئەم تیۆریانە ناڕاست و ناتەواون، هەرکەسێک لەم بارەوە ئاشنای نەخشەی ئێمە بێت بۆ لێتوێژینەوە، ڕاستیی  ئەم باس و خواسەی بۆ دەردەکەوێت. وا پێویست دەکات لە شتەیلی دیکەی بەدەر لەم باسە، هەموو شتە ئاوێتەکان بۆ بەشە نائاوێتەکانیان کە وردترین  گەردەکانی ئاوێتەن، بگەڕێنەوە. لە پێکهاتەی دەوڵەتشاریش ئەمە ڕوونتر دەردەکەوێت، دەشێ بۆ ئەو هەریەک لەو کەسانەی کە پێشتر لەبارەیانەوە دواین، چەند پرەسیپێکی زانستی دەست بخەین. کەواتە دەکرێ لەم بوارە و بوارەکانی دیکەش کەسێک کە زانیاری لەبارەی سەرهەڵدانی شتەکانەوە هەبێت. بە وردترین و جوانترین شێواز توێژینەوەیان  لە مەڕەوە بکات.
  بەر لە هەموو شتێک دەبێ بزانین کە هەندێک تێکەڵبوون و یەکگرتن دەبنە شتێکی حەتمی، وەک: ژن و مێرد، کە بۆ مانەوەی ڕەچەڵەک تێکەل بە یەکتر دەبن، لەمەشدا بژاردە (خیار) نییە، چونەک ویستی مرۆ ئەوەیە کە بە شێوەیەکی سروشتی وەچەیەکی هاوشێوەی خۆی بخاتەوە، ئەم ویستە بە هەمانشێوە لە ڕووەک و گیانلەبەرانیشدا هەیە. هەەروەها خواستنی مانەوە لە نێونا کەسانی فەرمانڕەوا و کەسانی ملکەچ، کردەیەکی سروشتییە: کەسی مشوورخۆر بەهۆی بەکارهێنانی توانستی هۆشەکی بە شێوەیەکی سروشتی، دەبێتە سەرۆک و فەرمانڕەوا، کەسانی ملکەچ بە فەرمان و بەندەش، بە بەکارهێنانی توانستی جەستەییان بە شێوەیەکی سروشتی دەبنە فەرمانبەر و بەندە، کەواتە هەردولا یەک جۆرە بەرژەوەندییان هەیە.
  بە وردبوونەوە لەم باسە بۆمان دەردەکەوێت ژن و بەندە بە شێوەیەکی سروشتی جوداوازیان لەگەڵ یەکدا هەیە، چونکە سروشت لە ئافراندنددا وەک مسسازانی (دلفیە) وایە و  هیچ شتێک بە ڕژدی و دەستقووچاوی ناخولقێنێت، ئەوان گەر شتێکیان دروست کردبا، بۆ یەک مەبەست دروستیان دەکرد. بە تێڕامان لەم قسەیە دەتوانین بڵێین هەر کەرەستەیەک ئەگەر بۆ یەک مەبەست بەکارهات، نەک چەند مەبەستێکی جۆربەجۆر، ئەوە بە شێوەیەکی تێر و تەسەل دروست دەکرێت.
  لە کن عەجەمەکان ژن و بەندە بە یەک تەرازوو پێوانە دەکران، ئەمەش بۆ ئەوەی دەگەڕایەوە کە ئەوان بۆ فەرمانڕەەوایی هیچ لێوەشانەوەیەکی سروشتیان نەبوو، لە گۆشەنیگای ئەوانە دەبێ ژنی کۆیلە لەگەڵ پیاوی کۆیلە هاوسەرگیری بکات. هەر لەبەر ئەمەش شاعیران ئێژن: ''یۆنانییەکان بۆ فەرمانڕەوایی عەجەمەکان شیاون' . وەک ئەوەی بەندە و عەجەمەکان لە سروشتدا یەک چشت بن.
  بەم پێودانگەی باسمان کرد، یەکەم یەکگرتن، تێکەڵبوونی نێوان ژن و پاو و بەندە و مەولا بووە، سەرەتای پەیدابوونی خێزانە سەرەتاییەکان، بۆ ئەم یەکگرتنە دەگەڕێتەوە.
  زۆر ڕوون و ئاشکرایە کە مرۆڤ زیاتر لە هەنگ و گیاندارە خۆماڵییەکان، شایەنی ژیانی کۆمەڵایەتییە، چونکە وەک باسمان کرد، سروشت هیچ چشتێکی گاڵتەجاڕی کەکردووە، مرۆڤ لە نێو هەموو گیاندارەکانی دیکە بەهۆی هۆشەوە جودا کراوەتەوە.
  لەم دەرچەوە دەڵێین: دەوڵەت بە شێوەیەکی سروشتی پێش خێزان و تاک کەوتووە چونکە پێویستە گشت، پێش بەش، بکەوێت. هەر کاتێک جەستەی مرۆڤ لە بەینچوو، قاچ و دەست هیچ باس و خواسێکیان نامێنێت، وەک ئەوەی بڵێیت دەستێکی بەردین، ئەگەر دەستیش ئیفلیج بوو، وەک دەستی بەردینی لێ دێت. هەموو چشتەکانی گێتی کردکۆش و هێزیان دیاری دەکرێن، ئەگەر وانەبوون ئەوە ناکرێت بڵێین ئەو شتانە خۆیانن، بەڵکوو تەنیا ناوێکی ڕووتەڵەن.
  بەم ئەندازەیەی ڕابرد ئەوە ڕوون بووەوە، کە شار پێش تاک کەوتووە، چونکە ئەگەر تاک لە کۆمەڵ دابڕا، دەستەوسان دەبێت و ناتوانێت هیچ ئاتاجێکی هۆی بەجێ بهێنێت، ناچار دەبێت پێوەندیی بە بەشە دابراوەکنای گشت ـەوە بکات. هەرکەسێک لەگەڵ بەشەکانی دیکەی کۆمەڵ توانای یەکگرتنی نەبێت و لەبەر پشت بەخۆبەستن باکتی بە هیچ حاجەتێک نەبێت، ئەو کەسە هیچ پێوەندییەکی بە دەوڵەتشارییەوە نییە، هەبێ و نەبێ ئەو کەسە دێو و درنجە. یاخود''خواوەندە''
  بە هەمەحاڵ، ئەرستۆ هەرچەند قوتابیێکی زیرەک و بەتوانای ئەکادیمیای ئەفلاتوون بووە، بەڵام ڕاستیەکەی لە زۆر شت بۆچوونی لەگەڵ جوداواز بووە.

 کورتەیەک لە ژیانی ئەرستۆ

  - لە ساڵی ٣٦٧ پ.ز دەچێتە ئەکادیمیای ئەفلاتوون لە ئەسینا.
  - دوای مردنی ئەفلاتوون ئەکادیمیا جێ دەهێڵێت.
  - سالی ٣٣٦ پ.ز، دەبێتە مامۆستای ئەسکەندەری گەورە.
  - هەر لە ٣٣٥ دەگەڕێتەوە ئەسینا و قوتابخانەیەک لەوێ دەکاتەوە.
  - لە ٣٢١ پ.ز کۆچی دوایی دەکات.


سەرچاوەکان



3330 بینین