هەندێک کێشە کە لە پۆلدا ڕووبەڕووی مامۆستا دەبێتەوە، لەگەڵ چارەسەرەکەی

له‌لایه‌ن: ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-02-02-00:15:00 - کۆدی بابەت: 1887
هەندێک کێشە کە لە پۆلدا ڕووبەڕووی مامۆستا دەبێتەوە، لەگەڵ چارەسەرەکەی

ناوه‌ڕۆك

هەندێک کێشە کە لە پۆلدا ڕووبەڕووی مامۆستا دەبێتەوە، لەگەڵ چارەسەرەکەی

١- داواکاری قوتابی لە پۆل.
وا ڕوودەدات هەندێک جار لە پۆلدا قوتابیەک گرفتێکی دەبێت و داوای یارمەتی لە مامۆستا دەکات، لەم کاتە کە مامۆستا لە ناو پۆلدایە و وانەکەی شی دەکاتەوە، پێویست ناکات بچێتە لای قوتابیەکەو گوێی بۆ بگرێت، چونکە ئەمە کێشەی زیاتر دروست دەکات، چونکە بەم کارە مامۆستاکە پشت لە قوتابیەکانی تر دەکات و هاتو هاوار دروست دەبێت، چاکترین ڕێگا لەم بارەدا قوتابیەکە بانگ بکە بۆ لای خۆت و گوێی بۆ بگرە و بە چاویش سەیری سەجەم قوتابیەکانی تر بکە، تا هەست بکەن تۆ ئاگاداری ئەوانی.

٢- هەڵسوکەوتە ناشرینە شاراوەکان.
کاتێک مامۆستا هەندێک قوتابی دەبینێت لە پۆل ڕەوشت بەرز و گوێگرن، بەڵام هیچ چالاکیەکیان نیە و هەلپەیان نیە بۆ فێربوون، لەم بارەدا کاتێکی زۆریان بۆ تەرخان دەکات، لە خەمیاندا دەبێت بۆ ئەوەی بیانگۆڕێت، ئەمە دەبێتر فرسەتێک بۆ سەرهەڵدانی ئەو ڕەوشتە ناشرینانەی کە هەندێ قوتابی لە کەلێنێک دەگەرێن ئەنجامی بدەن، بۆیە نابێت مامۆستا ئەم کەلێنە بۆ قوتابی بکاتەوە، لە جیاتی ئەم خۆ خەریککردنە بە بەشێک لە قوتابیەکانی، پێویستە بەرنامەی تایبەتی هەبێت بۆیان، ناوەناوە بەبیریان بهێنێتەوە، کە ئێوە پێویستە فێربن، وەکو قوتابیەکانی تر بەشداری وانەکە بکەن.

٣- گاڵتەچیانی پۆل.
هەندێک قوتابی خویان بەوە گرتووە کە گەڵتەجاری بە هاوڕێکانی پۆلەکەیان بکەن، سەرەتا ئاگادارکردنەوە بۆ ئەمانە شتێکی چاک و لەبارە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک نابێت فەرامۆش بکرێن، پێویستە هەنگاوی تری پەروەردەیی بۆیان بگیرێتە بەر، بەڵام ئەگەر بەردەوام بوون پێویستە بەڕێوەبەری قوتابخانەی لێ ئاگادار بکرێتەوە.

٤-کات کوشتن. 
یەکێکی تر لەو کێشانەی کە قوتابی دروستی دەکات لە پۆلدا، وروژاندنی بابەتێکە کە هیچ پەیوەندی بە وانەکەوە نەبێت، پرسیاری لەسەر دروست دەکات و داوا لە مامۆستا دەکات وەڵامی بداتەوە، زۆربەی ئەم کارانەش بۆ کوشتنی کاتی وانەکەیە، بە تایبەتیش ئەگەر قوتابیەکە لە هەستی مامۆستاکە گەیشتبێت و بزانێت بە چ بابەتێک دڵخۆش دەبێت، ئەم دیاردەیە بەربڵاو و زۆرە، مامۆستا دەبێت زوو هەست بەو دیاردەیە بکات داوا لە قوتابیەکە بکات کە ئەمە بۆ کۆتای وانەکە هەڵگرێ، دەست بە شیکردنەوەی وانەکەی خۆی بکاتەوە، ئەگەر هەر بەردەوام بوو، دەبێت بە نەرمی پێی بگوترێت ئەم پرسیارەی تۆ هیچ پەیوەندی بە وانەکەی ئێمەوە نیە چاکتروایە قسەی لەسەر نەکەین.

٥- کەمکردنەوەی ئەرک.
گەلێک جار ڕێک دەکەوێت ئەو ئەرکەی مامۆستا دیاری دەکات، قوتابیان بە زۆری دەزانن و ناڕازیی دەردەبڕن، پێداگری مامۆستا لەم حاڵەتە شتێکی باش نیە، چونکە لەوانەیە هەرای بەدواوە بێت، پێویستە گوێ بۆ قوتابیەکان بگیرێت و هەندێ گۆڕانکاری ئەنجام بدات، ئەگەر کەمیش بێت، لە هەمان کاتیشدا نابێت مامۆستا ئەوەندە نەرم بێت بە بچوکترین داوای قوتابیەک بەشێکی زۆری ئەرکەکەی کەم بکاتەوە.

٦- گوازتنەوەی قوتابی.
مامۆستایان بۆ چارەسەری هەندێ کێشە قوتابی لە شوێنێک دەگوازنەوە بۆ شوێنێکی تر، گرفتەکە لەوێوە سەر هەڵدەدات کاتێک قوتابیەکە لەبەردەم هاوڕێکانی ڕەتی بڕیارەکەی مامۆستا دەکاتەوە و ئامادە نابێت شوێنەکەی خۆی جێبهێڵێت. بۆ ئەوەی ئەم کێشەیە سەر هەڵنەدات، دەبێت ئەم هەنگاوانە بنێین.
‌‌أ- ئاگارکردنەوەی قوتابیەکە کە دەیگوازیتەوە.
ب- ئەو شوێنەی نیشان بدە کە بۆی دیگوازیتەوە.
ت- بیخە نێوان دوو بڕیار (دەچیتە ئەوێ یان بێدەنگ دەبیت و وازدێنیت).

٧-هێنانی کەلوپالی نایاسایی.
بە پێی یاسا هێنانی ئامێری مۆبایل و ئانگوستیلە و ملوانکەو لەبەر نەکردنی یەکپۆشی لە زۆربەی قوتابخانەکان قەدە‌غەیە. ئەرکی مامۆستا ئەوەی لە سەرەتای وانەکە بە نەرمی قوتابیەکان ئاگار بکاتەوە و ناوەکان لای خۆی تۆمار بکات، هەروەها یارمەتی دەستەی ڕێککاری قوتابخانە بدات ئەگەر هەوڵی بنەبڕکردنی ئەمانەیاندا، بەڵام ئەگەر بەرێوەبەر و لیژنەی ڕێکاری بێدەنگ بوون لە ئاست سەرپێچیەکانی قوتابی، پێویست ناکات مامۆستا خۆی سەنگەر لە قوتابیان بگرێت و لەگەڵیان توند بێت، بەڵکو پێویستە وەکو پێشنیار بەڕێوەبەری لێ ئاگار بکاتەوە.

٨- توانج لێدان.
هەندێ جار قوتابی توانج لە مامۆستاکەی دەگرێت بۆ ئەوەی بێزاری بکات و وانەکەی پێ رابگرێت، ئەم دیاردەیەش جۆراوجۆرە، مامۆستا پێویستە بیر بکاتەوە و سەیر بکات، ئایا توانجەکە دووبارە و سێ بارە دەبێتەوە، لم حاڵەتە بێ دەنگی و پشت گوێ خستن باش نیە، دەبێت چارە بکرێت، بەڵام ئەگەر تەنها یەک جار ڕوویدا، باشتر وایە بەدوایدا نەچێت و قسەی زۆری لەسەر نەکرێت.

٩- دەست بڵندکردن.
پرسیار کردنی مامۆستا و دەست بڵند کردنی قوتابیان بۆ وەڵام دانەوە، گەلێك جار کەش و هەوای پۆل لە سنوری خۆی دەترازێنێ و بەرەو هاوار و غەڵبە غەڵب دەچێت، چونکە قوتابیان بەبێ مۆڵەت وەرگرتن هەموو پێکەوە دەست بڵند دەکەن، بۆیە دەبێت مامۆستا قوتابیەکانی فێربکات، کە بە هیچ شێوەیەک لە کاتی پرسیارکردن بەبێ مۆڵەت وەرگرتن لە شوێنی خۆیان هەڵنەستن و هاوار نەکەن، دەبێت قوتابی لەم بەرەیەوە فێربکرێت و لایەنە باش و خراپەکانی ئەم دیاردەیە بزانێت، هەروەها نابێت مامۆستا ئەو کەسانە هەڵبسێنی کە مۆڵەت وەرناگرن و لە سنور دەردەچن، بەڵکو پێویستە بەردەوام ئاگاداربکرێنەوە، لە هەمان کاتدا هانی ئەو کەسانە بدرێت کە بەبێ دەنگی دەست بەرز دەکەنەوە و مۆڵەت وەردەگرن. بەخشینی کات بۆ قوتابیان بۆ بیر کردنەوە لە کاتی پرسیارکردن لێی شتێکی پێویستە. بۆ ڕزگار بوون لەوەی هەر تەنها چەند کەسێک دووبارە نەبنەوە لە پۆل، دەکرێت ئاراستەی پرسیارەکان هەر جارەی بۆ ڕیزێکی پۆلەکە بێت.

١٠- پرسیاری دەرەکی.
کاتێک مامۆستا قوڵ دەبێتەوە لە گوتنەوەی وانەکە و دەچێتە ناو وردەکاریەکان، لە بەرامبەریشدا قوتابیان بێدەنگن، لەم ساتەدە قوتابیەک دەست هەڵدەبڕێت و پرسیارێکی دەرەکی  دوور لە وانەکە دەکات، خۆگرتن لەم هەڵوێستە لەلایەک زۆر پێویستە، لە لایەکی تر دان بە خۆداگرتنێکی زۆری دەوێت، تاوەکو هەم مامۆستاکە نەکەوێتە هەڵەوە، هەمیش کەسایەتی قوتابیەکە نەشێوێندرێت، چونکە لەوانەیە بە ئەنقەستی نەبێت، لە لایەکی تر نابێت مامۆستا هەڵبچێت و واز لە گوتنەوەی وانەکە بهێنێت، بەڵکو پێویستە:
أ- بە خێرایی وەڵامی قوتابیەکە بدرێتەوە و زوو بۆ خودی وانەکە بگەڕێینەوە.
ب- داوا لە قوتابیەکە بکرێت پرسیارەکە لە بیر نەکات و هەڵی بگرێت بۆ کۆتایی وانەکە.
ت- فێربکرێت، کە ئەم جۆرە پرسیارانە پێویستە لە دەرەوەی پۆل بکرێت.

١١- نەزانینی وەڵام لای قوتابی.
پرسیارکردن لە قوتابی لە پۆلدا و نەزانینی وەڵامەکەی، هەندێک جار مامۆستا توڕە دەکات و ئاڕاستەی وانەکە تێک دەچێت و کێشەی تر دروست دەکات، گەلێ جار لەسەر ئەم هەلوێستە ڕووداو گەلێکی زۆر ڕوویانداوە، لەوانەشە هۆکارەکەی مامۆستاکە خۆی بێت، چونکە نەیتوانیوە بە جوانی پرسیارەکە ئاراستەی قوتابیەکەی بکات، دەبێت لە کاتی پرسیار کردن ڕەچاوی ئەم خاڵانە بکەین.
أ- پرسیارەکە ڕوون بێت و لە ئاستی قوتابیەکەدا بێت.
ب- پرسیارەکە لە چوارچێوەی وانەکە دەرنەچێت و شتێکی نوێ نەبێت لای قوتابی.
ت- کورت و پوخت بێت.
پ- ورد و دیاریکراو بێت.
ج- پرسیارەکە بۆ بیرکردنەوە بێت نەک بۆ هەڵبژاردن.
ح- ئامانج لێی فێرکردنی قوتابی بێت نەک بەهانەگرتن پێی.

١٢- ئاستی زمان.
گەلێ جار مامۆستا گفتوگۆ لەگەڵ قوتابی دەکات، بەڵام قوتابیەکە تێناگات و هیچ وەڵامێک ناداتەوە، ئەم دیاردەیە زۆر جار دەبێتە سەرهەڵدانی کێشە لە نێوان مامۆستا و قوتابی، بەبێ ئەوەی هۆکارەکەی بزانرێت. کە لەوانەیە زۆربەی جار هۆکارەکەی بگەڕێتەوە بۆ ئەو ئاستەی کە مامۆستا لە قسەکردندا دەریدەبڕێت. قوتابی سەرەتایی زمانێکی سادە و ساکاری پێویستە کە دوور بێت لر وشەی قورس و دەربڕینی گران، بە پێچەوانەوە قوتابیانی ئامادەیی پێویستە زمانێکی ئەدەبی پوخت و خێرا لەگەڵیان بەکار بهێنرێت.

١٣- پشتکردن لە قوتابی.
ئەو مامۆستایانەی زۆر پشت لە قوتابی دەکەن کێشەیان لە ناو پۆلدا زیاترە، چونکە زیاتر دەدابڕێن لە سەیرکردنی قوتابیان و جوڵە و ڕەفتارەکانیان نابینرێت، ئەوانیش فرسەت وەردەگرن و حەز و ئارەزووە کپ کراوە و شاراوەکانیان بەبێ ئاگای مامۆستا دەردەخەن، ئەم پشت کردنەش لەو گەڕان و هاتووچۆیەی مامۆستا پەیدا دەبێت کە لە پۆل ئەنجامی دەدات.

١٤- پشکنینی نمرە.
کاتێک مامۆستا کاغەزی تاقیکردنەوە دەداتە قوتابی، ئەوانیش ناڕەزایی دەردەبڕن و مامۆستا توڕە دەکەن و کێشە پەیدا دەکەن، بۆ ئەوەی ئەم کێشانە ڕوونەدەن، ئەم خاڵانە ڕەچاو بکە:
١- پشکنینی وەرەقەی قوتابی بە قەڵەمێک بکرێت، کە جیاواز بێت لەگەڵ ئەو قەڵەمەی قوتابی بەکاری هێناوە.
٢- سایرنەکردنی ناوی قوتابی، چونکە بەم سەیرکردنە وێنەی قوتابی دێتەوە بەر چاو، ئەمەش کار دەکاتە سەر نمرەکانی پشکنین و دادوەرانە نابێت، بەڵکو نمرەکە کەمتر یان زیاتر دەبێت.
٣- هەموو پرسیارەکانی یەک قوتابی بەیەک جار نەپشکندرێت، بەڵکو پێویستە پرسیارێک بۆ هەموو قوتابیەکان تەواو بکرێت، پاشان بچینە سەر پرسیارێکی تر. 
٤- ئەو پرسیارانەی کە قوتابی هەڵەی تێدا کردووە دەستنیشانی بکە، پاشان ئاڕاستەی قوتابیەکانی بکەوە، بۆ ئەوەی وەڵامی ڕاست وەربگرن و لە هەڵەکەیان دڵنیابن.

 


سەرچاوەکان

90 بینین