ئەسكەندەری گەورە

له‌لایه‌ن: محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-14-22:52:00 - کۆدی بابەت: 2260
ئەسكەندەری گەورە

ناوه‌ڕۆك

ئەسکەندەری گەورە

ئەسکەندەری گەورە، کە بەناوبانگترین جیهانگیر بوو لە جیهانی کۆندا، ساڵی ٣٥٦ز لە شاری (بیلا)، پایتەختی مەکدۆنیان سەر بە وڵاتی یۆنان لەدایک بووە. (فیڵیپ)ی دووەمی باوکی کە پاشای مەکدۆنیا بوو مەردێکی زۆر جەربەزە و دووربین بوو، بە لێهاتوویی سوپای مەکدۆنیای ڕێکخستەوە و باربۆی کرد و کردیە هێزێکی نەبەز و یارا.
لە سەرەتادا سوپای خستە گەڕ بۆ گەمارۆدانی هەندێ لەو ناوچانەی باکووری یۆنان، ئینجا ئاڕآستەی کردە باشوور و زۆربەی ناوچەکانی تر. لە دواییدا یەکانگیرییەکی تەواوی سازاند لە نێو وڵاتی یۆناندا و خۆی کردە سەرۆکی. هەر بەمەشەوە دانەمركا، کەوتە پیلان گێڕان بۆ داگیرکردنی پارس، بەڵام بە نائومێدی لە تەمەنی ٤٦ ساڵیدا کوژرا.
ئەسکەندەر لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا بوو باوکی مرد، لەبەر ئەوە بەبێ هیچ کۆسپ و کێشەیەک هەروا بە ئاسانی هاتە سەر تەختی دەسەڵات. باوکی بەر لە مردنی تا ڕآددەیەک هەموو پێویستییەکی ئامادە کرد بۆ جێنشینیی کوڕەکەی. بێگومان ئەسکەندەریش هەر لە منداڵییەوە شارەزاییەکی چاکی پەیدا کردبوو لە کاروباری جەنگدا، سەرەڕای ئەوەیش تەواو سەرقاڵ بووبوو و بیر و هۆشی کرابووەوە لە ژێر چاودێری مامۆستا بلیمەتەکەی (ئەرەستۆ فەیلەسووف.
جا هەر کە فیلیپ شآ مرد گەلانی یۆنان زۆر شاد و خۆشنوود بوون، بە دەرفەتیان زانی کە خۆیان لە جەور و ستەم ئازاد بکەن، بەڵام ئەسکەندەر کە هاتە سەر تەخت لە ماوەی دوو ساڵدا توانی هەموو دوژمنان و بەرەنگارانی سەرکوت بکاتەوە. پاش ئەو کارانەی ناوخۆ مڕی خۆشکرد لە دەرەوە بۆ هێنانەدی نیاز و ئارەزووەکانی باوکی. لەبەر ئەوە تەواو خۆی تەرخان کرد بۆ هێرش بردن بۆ سەر شاشانی پارس. شاکانی پارس ناوچەیەکی فراوان و بەرینیان بەدەستەوە بوو لە دەریای سپییەوە هەتا هیندستان. هەرچەندە ئەوەندە هێز و توانایان نەمابوو بەڵام هەر کۆسپ و مڵۆزمێکی سەهەند بوون بۆ ئەسکەندەر.
لە ساڵی ٣٣٤ز لەشکری بەڕێخست بۆ پەلاماردانی ئیمپراتۆرییەتی پارس، ثۆردویەکیشی لەو لەشکرەی هێشتەوە بۆ پاراستنی تەخت و ناوچە داگیرکراوەکانی ئەوروپا.
ئەویتر کە خۆی ئەدا لە ٣٥ هەزار جەنگاوەر لە تەک خۆیدا بەڕێی کرد. ئەگەرچی هێزەکانی بە ژمارە کەمتر بوون، بەڵام هەر چۆنێک بێت بە لێهاتوویی خۆی توانی سەرکەوتنێکی دیار بە ئەنجام بدات و سوپاکانی پارس ببەزێنێت.
سێ هۆی سەرەکی بوونە پاڵپشتی ئەو سەرکەوتنانەی.

یەکەم: ئەو لەشکرەی کە باوکی بۆی ئامادە کردبوو تەواو ئازا و ڕێکخراوتر بوو لە لەشکری پارس.

دووەم: بە تایبەتی دەگەڕێتەوە بۆ سالاری و زرنگی خودی ئەسکەندەر بە ڕادەیەکی وا کە ڕەنگ بێت چەرخی ڕۆژگار یەکێکی وەهای بەخۆیەوە نەدیبێت.

سێهەم: ئازایەتی و سڵ نەکردنەوەی ئەسکەندەر کە بە تەواوی شیرازەی جەنگی سەرانسەر گۆڕی. هەر خۆی سەرکردە و پێشەنگی لەشکرەکەی دەکرد و خۆیشی دەخستە مەترسییەوە، داوای لە هیچ کەسێک نەدەکرد بە کارێک هەستێت ئەگەر خۆی لەگەڵدا نەبایە، هەتاوەکو چەند جار لەو شەڕ و شۆڕآنەدا بریندار دەبوو، سوپاکەیشی کە ئەمەیان لێ دەبینی ئەوەندەی تر گورج دەبوونەوە و وورەیان بەتینتر دەبوو. بێگومان ئاکامی ئەو خۆش ڕەفتارییەی بوو بەهۆی سەرکەوتنی ئەو نەخشە و پیلانانەی.

ئەسکەندەر یەکەم جار سوپاکانی بەرەو ئاسیای بچووک بەڕێ کرد، هەرچی خێڵ و میرنشینە بچووکەکانی ئەو هەرێمانە بوو هەمووی تێکشکاند، ئینجا ڕووی کردە باکووری سوریا و بەرەنگاری سوپاکانی پارس بووەوە. هەر لە کارزاری (ئیسوس) دا توانی سوپاکانی پارس ببەزێنێت. پاشان بەرەو باشوور بووەوە و گەمارۆی شآری (شور)ی فنیقیەکانی دا بۆ ماوەی ٧ مانگ تا توانی داگیری بکات. لەو کاتەی کە لە گەمارۆدانی (سور) دابوو نامەیەکی لە پاشای پاریسەوە بۆ هات، داوای لێ کرد کە واز لە نیوەی ئیمپراتۆریەکەی دەهێنێت گەر دۆستایەتی لەگەڵدا مۆر بکات، جا یەکێک لە یاوەرە نزیکەکانی ئەسکەندەر (بارمینۆ)ی ناوبوبوو ئەو داخوازیەی پاشآی پارسی لا پەسەند بوو دەیگوت ''ئەگەر ئەسکەندەر بوومایە ئەم داخوازییەم پەسەند دەکرد''  ئەسکەندەریش ئەمەی بیستەوە و گوتی ''منیش ئەگەر بارمینۆ بوومایە ئەم داخوازییەم پەسەند دەکرد''.
پاش داگیرکردنی سور ڕوویکردە ناوچەی غەززە، ئەمیش لە پاش گەمارۆدانێکی دوو مانگی داگیر کرا، (میسر)یش بێ بەرهەڵستی خۆیدا بە دەستەوە. ماوەیەک لە میسر پشویدا بە لەشکرەکەی. لەوێ... کە تەمەنی لە ٢٤ ساڵیدا بوو تاجی فرعەونی کردە سەر و خۆی دانا بە خواوەند، ئینجا لە ئاسیاوە ملی گەڕانەوەی نا، بەڵام لە ڕێ تووشی جەنگێکی تر بوو لەگەڵ پارسەکاندا، ئەوە بوو لە کارزاری (ئەربێلا) لە ساڵی ٣٣١ پ.ز توانی بە یەکجاری تێکیان بشکێنێت. لەو دەمەی کە چووە نێو ناوچەکانی (بابل)ەوە هەواڵی کوشتنی داریۆشی سێهەم پاشآی پارسی پێ گەشت بە دەستی یەکێک لە ئەفسەرەکانی لەبەر ئەوەی خۆی نەئەدا بەدەستەوە. هەرچەندە ئەسکەندەریش جێنشینی داریۆشی سێهەمی کوشت بەڵام ئەو کارەی پێ پەسەند نەبوو کە ئەفسەرەکەی سەرکێشانە پێی هەستا.
هەر لە ماوەی ٣ ساڵدآ توانی سەرانسەری خۆرهەڵاتی ئێران بخاتە ژێر ڕکێفییەوە، ئینجا گوڕی دایە خۆی بەرەو ئاسیای ناوەڕآست، لەوێش چەند سەرکەوتنێکی بەدەست هێنا. تیپە سەربازییەکانی کە هەر لە جەنگ و پەلاماردانێکی بێ وچاندا بوون، تەواویش ماندبوو بووبوون، بەرە بەرە کەوتنە سەرکێشی و بێزاری لە ئەسکەندەر تا لە دواییدا ناچار کرا کە بگەڕێتەوە.
ئەسکەندەر ساڵ و قنچکێکی مابوو لە ژیانیدا، خۆی تەرخان کرد بۆ بەڕێوەبردن و ڕێکخستنی دەسەڵات لەسەر بناغەی ڕۆشنبیری یۆنانی کە تاکە ڕۆشنبیرییەکی بێ هاوتای ئەو سەردەمە بوو. ئەوانەی تر کە هەبوون ڕۆشنبیری بەربەری بوون، بەڵام ئەسکەندەر کە ڕاوێژی خۆی کردەوە هاتە سەر ئەو بڕوایەی کە (ڕۆشنبیری پارسی)ش جێی هێژا و ڕێزە، هاتە سەر ئەو نیازەی کە یەکانگیرییەک بپۆرێنێت لە نێوان هەردووکیاندا بە سەرکردایەتی خۆی.
کاتێکیش بە گرانەتا لە ساڵی (٣٢٣پ.ز) مرد، کەسێکی دانەنا لە دوای خۆی، لەبەرئەوە هەر بە مردنی بەرە بەرە ئیپمراتۆرێتەکەی پەرت و بڵاو بووەوە لە نێو یاوەرەکانیدا.
ئەسکەندەر لە مێژوودا بە گەورەترین مەردێکی درامی دادەنرێت، گرنگترین ئەنجامی داگیرکردنی ئەوە بوو کە ژیاری یۆنانی و ژیاری خۆڕەڵاتی لە یەک نزیک کردەوە. ئەمەیش بووە هۆی تەنینەوەی ڕۆشنبیری یۆنانی بە خێرایی لە ئێران، میاندواو، سوریا و میسردا.
هەر لە دەمی دەسەڵاتیدا زیاتر لە ٢٠ شآری گەرە دروست کرا، گرنگترینیان شاری (ئەسکەندەرییە) بوو لە میسر کە بووە یەکێک لە شآرە پێشکەوتووەکانی جیهان، بووە مەڵبەندێک لە مەڵبەندە گەشاوەکانی زانست و ڕۆشنبیری.


سەرچاوەکان

26 بینین