توندوتیژی خێزانی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-16-21:07:00 - کۆدی بابەت: 2315
توندوتیژی خێزانی

ناوه‌ڕۆك

توندوتیژی خێزانی

ناساندنی توند و تیژی

ئەگەر هاتوو پێناسەی توند و تیژی بکەین، دەتوانین بڵێین: هەر جۆرە فشارێک، جەستەیی لەسەر لەشی مرۆڤ یان مەعنەوی لەسەر دەروونی مرۆڤ پێی دەوترێ توند و تیژی، ئینجا لە جنێودان و سووکایەتی پێکردن تاکو کوشتن و نەهێشتن، هەر هەمووی توند و تیژییە، بەڵام بە پلەی جیاواز و جیا، زۆر گرنگە بزانین کە توند و تیژی دەروونی سوکتر و کەمتر نییە لە توندوتیژی جەستەیی کە دەبێتە هۆی بریندارکردن و خوێن ڕشتن، هەروەکو پەندی پێشینان دەڵێ: (ساخ دەبن شوێنی خەنجەرا، لێ ساخ نابن شوێنی خەبەرا) واتە: برینی شوێنی خەنجەر ساڕێژ دەبێت و چاک دەبێتەوە، بەڵام برینی دەروونی (مەبەست لە جنێودان و سووکایەتی پێکردن) کاریگەری لە پاش خۆی بەجێ دەهێڵێ و تیمار و چاک نابێتەوە.

هۆکارەکانی توند و تیژی

سەبارەت بە هۆکارەکانی بەکارهێنانی توندوتیژی دەتوانین هۆکارەکانی بەکارهێنانی توندوتیژی دیاری بکەین بە:

  • هۆکاری یەکەم
    بریتیی بێت لە بوونی نەخۆشی، جا ئەو نەخۆشییە جەستەیی (عەقڵی) بێت یان دەروونی.
  • هۆکاری دووەم
  • لەوانەیە ئەو کەسەی توندوتیژی بەکار دەهێنێ لە ناو خێزان ئالوودەی ماددەی هۆشبەر بێت.
  • هۆکاری سێیەم
  • لاوازی توانای کۆمەڵایەتی، ئەو کەسەی توندوتیژی بەکار دەهێنێت، دەتوانین بڵێین توانای کۆمەڵایەتیی لاوازە، بۆیە پەندا دەباتە بەر بەکارهێنانی توند و تیژی، چونکە ئەگەر هاتوو ئەو کەسە توانای کۆمەڵایەتی بەهێز بێت و گوێ لە بیر و بۆچوونی کەسی بەرامبەر بگرێت و گفتوگۆی لەگەڵدا بکات، ئەوا پەنا ناباتە بەر بەکارهێنانی توندوتیژی.
  • هۆکاری چوارەم
  • خۆ کۆنترۆڵ نەکردن لە کاتی تووڕەیی، ئەو کەسەی توندوتیژی  بەکار دەهێنێ، توانای خۆ کۆنترۆڵ کردنی نییە لە کاتێک کە تووڕە دەبێ.

توند و تیژی خێزانی

دیاردەی توند و تیژی خێزانی یەکێکە لەو دیاردە ترسناکانەی کە لە هەموو کۆمەڵگا و کەلتوورە جیاوازەکاندا هەیە، هەروەها دەبێتە هۆی خراپی ڕەوشتی خێزان لە ڕووی جەستەیی و خۆشەویستی و کۆمەڵایەتییەوە.
بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی خێزان لە توندوتیژی لە هەرێمی کوردستان-عێراق توندوتیژی خێزانی: بریتییە لە هەر کردارێک یان ووتەیەک یان هەڕەشە لێکردنێک لەسەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی لە چوارچێوەی پەیوەندیی خێزاندا کە لەسەر بنەمای هاوسەرگیری یان خزمایەتی تا پلەی چوارەم بنیات نرابێ و ئەوانەی بەپێی یاسا هاتوونەتە ناو خێزانەوە ئەشێ لە باری جەستەیی و جنسی و دەروونییەوە زیانیان پێ بگەیەنێ و ماف و ئازادییان لەدەست بدات.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش پێناسەی دەکات بەوەی بریتییە لە: نواندنی هەڵس و کەوتێکی توند و تیژ بەرامبەر هەر تاكێکی خێزان، جا ئەم هەڵس و کەوتە لە ڕووی جەستەیی یاخود جنسی بێت یاخود دەروونی بێت یان کۆمەڵایەتی بێت.
توند و تیژی خێزانی وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا، خاوەنی کۆمەڵێک سیما و پێکهاتە و ڕەهەندە، توندوتیژی جەستەیی دژ بە ئافرەت و دژ بە منداڵ لە ناو خێزانی کوردەواریماندا، بە شێوەیەکی بەرفراوان بەرقەرارە، خۆشبەختانە کوشتنی منداڵ لە ناو کوردستان بە کوڕ و کچەوە، لەبەر هەر هۆیەک بێت باو نییە و پەسەند نەکراوە، بەڵام جۆری توندوتیژی دەروونی، سێکسی و جەستەیی دژ بە ژنان بەربڵاو و پەسەندکراوە لە ناو کۆمەڵگەماندا.


سەرچاوەکان

3504 بینین