باوەڕ (ئیمان)

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-23-01:30:00 - کۆدی بابەت: 3575
باوەڕ (ئیمان)

ناوه‌ڕۆك

باوەڕ (ئیمان) چییە؟

باوەڕ یاخود (ئیمان) هەستێکە لە دڵدا چەسپیوە و شوێنەوارەکەی لە ڕەفتار و گوفتاری مرۆڤی باوەڕداردا دەردەکەوێت. باوەڕ مەرجی وەرگرتنی کردەوەی چاکە و کلیلی کردنەوەی دەرگای بەهەشتە.
وشەی (ئیمان) لە زمانی عەرەبیدا لە ڕیشە (أمن)ەوە هاتووە، کە ئاماژەیە بەو ئارامی و ئاسایشە دەرونیەی مرۆڤ لەسایەی باوەڕدا هەستی پێدەکات و ئاسایشی دەرونی بۆ مرۆڤ دابین دەکات و، ترس  و نائارامی و دوودڵی و دڵەڕاوکێی لێ دووردەخاتەوە و، بەرەو کەناری ئارامی و خۆشبەختی ڕێنوێنی دەکات. وشەی (مؤمن)ـیش لە بەشێ لە ماناکەیدا ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە باوەڕدار دوای ئەوە خۆی دەگات بە ئاسودەیی و ئاسایشی دەرونی ئەویش لەڕێی خۆیەوە هەوڵدەدات خەڵکانی تریش لەم نیعمەتە بەهرەمەند بن. هەروەها لە ژیاندا کەسێکە ئاسودەیی و خێر و خۆشی بۆ کەسانی دیکە و کۆمەڵگە دەوێت.
لە ڕوانگەی ئیسلامیشەوە (ئیمان) هەڵقوڵاوی بڕیاری ئازادی مرۆڤەکانە و بەزۆر ناسەپێنرێت هەروەک خودای گەورە دەفەرموێت: (لَا إِكْرَاهَ فِي الدِّينِ...) البقرة:٢٥٦، واتە: زۆرکردن لە ئایندا نییە، هەموو کەس دەبێت بە ویستی خۆی ڕێگای باوەڕ و خواناسی و باوەڕداری هەڵبژێرێت. چونکە ئەگەر زانست و زانیاری بەتەنها ناسینی شتەکان بێت، ئەوا باوەڕ جگە لە ناسین (معرفة) – کە دیارە زۆر گرنگە چونکە قوڵترین باوەڕ لە ناسینیکی قوڵەوە سەرهەڵدەدات، پێویستی بە خۆشەویستی ئەو کەسەیە بۆ ئەو شتەی کە باوەڕی پێیەتی، بۆیە دەبێت جگە لە (ناسین) دوو بنەمای دیکەش لە پەیوەندی بە باوڕبوونیان هەبێت، کە ئەوانیش بریتیە لە:
ئـ- خۆشویستن.
ب- پشتبەستن و (اعتماد) لەسەرکردن.
بەمشێوەیە باوەڕداری ڕاستەقینە تەنها باوەڕێکی وشکی ئەقڵی بە خودا نییە، بەڵکو خودای گەورە لەڕوانگەی ناو و سیفەتەکانی و بەو جۆرەی خۆی پێناساندوین دەناسێت و هەست بە گەورەیی و نیعمەت و میهرەبانی و بەخششەکانی ئەو دەکات و پەی پێدەبات و دەیشیکات بە شوێنی ڕاز و نیازی. هەروەها خودای گەورە دەفەرموێت: (إِنَّمَا الْمُؤْمِنُونَ الَّذِينَ إِذَا ذُكِرَ اللَّهُ وَجِلَتْ قُلُوبُهُمْ وَإِذَا تُلِيَتْ عَلَيْهِمْ آَيَاتُهُ زَادَتْهُمْ إِيمَاناً وَعَلَى رَبِّهِمْ يَتَوَكَّلُونَ ٢) الَّذِينَ يُقِيمُونَ الصَّلَاةَ وَمِمَّا رَزَقْنَاهُمْ يُنْفِقُونَ (٣) أُولَئِكَ هُمُ الْمُؤْمِنُونَ حَقّاً لَهُمْ دَرَجَاتٌ عِنْدَ رَبِّهِمْ وَمَغْفِرَةٌ وَرِزْقٌ كَرِيمٌ(٤) الأنفال: ٢-٤

واتە: باوەڕدارانی ڕاستەقینە ئەو کەسانەن کە کاتێک یادی خودا دەکرێت و ناوی ئەو دەبرێت دڵیان دادەخورپێت و ناسکدەبێت، وە کاتێک بەڵگە و ئایەتەکانی خودایان بەسەردا دەخوێنرێتەوە باوەڕیان بەهێزتر دەبێت و پشت بە خودای خۆیان دەبەستن. ئەوانەی نوێژ بەرپادەکەن و لەو ماڵەی هەیانە دەبەخشن، بەڕاستی ئەوانە باوەڕداری ڕاستەقینەن، لای پەروەردگاریان پلە و پایەیەکی بەرز و لێخۆشبوون و ڕۆزیەکی زۆری بێمنەتیان هەیە.

بۆ ئەوەی مرۆڤیش بگات بەو ئاستە لە چێژ و سوودوەرگرتن لە باوەڕ و بەرهەمە شیرینەکانی، دەبێت باوەڕەکە بەرەنجامی خواناسین بێت و لە دەرگای خۆشەویستییەوە بچێتە ناو ناخی باوەڕ و تێگەیشتنێکی ڕاست و دروستی دەربارەی ئاینی خودای گەورە و ڕێگاکانی گەیشتن بە خودا و بەدەستهێنانی لێخۆشبوون و یارمەتیدانی ئەو هەبێت.

لە ئایەتەکەوە ڕووندەبێتەوە باوەڕی ڕاستەقینە جۆش و خرۆشێکی زۆر لە دڵ و دەرونی خاوەنەکەیدا پەیدا دەکات، هەروەها ڕوونی دەکاتەوە کە یەکێک لە بەرهەمەکانی باوەڕ و نیشانەیەک لەسەر قوڵی و ناوەڕۆکداری ئەو ئەنجامدانی نوێژەکان بە گەرم و گوڕی، چونکە ئایەتەکە باس لە نوێژ بەرپاکردن دەکات کە مانای شۆڕشێکی ڕۆحی لێدەخوێنرێتەوە. هەروەها وا لە مرۆڤ دەکات فێری بەخشین و هاوسۆزی دەربڕین لەگەڵ مرۆڤەکانی دیکەدا بێت و تەنها بۆ خۆی نەژی.

لە قورئاندا کە باسی (باوەڕ) دەکرێت لە زۆربەی هەرە زۆری کاتەکاندا باسی کردەوەی چاکیشی بەدوادا دێت.
واتە قورئان بە گشتی باسی باوەڕداری چاکەکار دەکات، ئەمەش پەیوەندی توندوتۆڵی نێوان باوەڕ و کار و ڕەفتاری چاکی مرۆڤ دەردەخات، وە دەیسەلمێنێت باوەڕدار و چاکەخوازی و ڕەوشتبەرزی بەقوڵی بەناو یەکدا چوون و بە ئاسانی لەیەکتر جیاناکرێنەوە، چونکە باوەڕدار باوەڕی بە ژیان و جیهانێکی دیکە هەیە کە تیایدا زیندوو دەبێتەوە و لەوێدا لەسەر ژیانی ئەم جیهانەدا لێی دەپرسرێتەوە، تاقیکردنەوەشی لەسەر کاری چاک ئەنجامدان و چاکەخوازییە. هەروەها باوەڕ سەرچاوەی چەندین هەست و سۆزی پاکە و ئەم هەستانەش مرۆڤ لەسەر چاکەخوازی هاندەدات و چاکەکردن دەکەن بە بەشێکی جیانەکراوە لە کەسێتی باوەڕدار.


سەرچاوەکان



3747 بینین