ڕەوشتی پێغەمبەر (دخ)

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-26-01:44:00 - کۆدی بابەت: 3737
ڕەوشتی پێغەمبەر (دخ)

ناوه‌ڕۆك

پێغەمبەر (دخ) ـی سەرمەشق

پێغەمبەر (دخ) مەزنترین سەرمەشقی ڕەوشتی باوەڕداران و بەڵکو سەرجەم ڕەوشت دۆستانە. قورئان دەربارەی پێغەمبەر (دخ) دەفەرموێت: (لَقَدْ كَانَ لَكُمْ فِي رَسُولِ اللَّهِ أُسْوَةٌ حَسَنَةٌ لِمَنْ كَانَ يَرْجُو اللَّهَ وَالْيَوْمَ الْآخِرَ وَذَكَرَ اللَّهَ كَثِيرًا) الاحزاب:٢١، واتە: ئێوە لە پطغەمبەردا (دخ) سەرمەشقێکی باش و پێشەنگتان هەیە چاکەخوازە بۆ هەموو ئەوانەی ئومێدیان بە خوا و ڕۆژی دوایی بەستووە و یادی خوا زۆر دەکەن.
کەواتە بەگوێرەی دەقی قورئان جێکەوتی ژیاننامەی پێغەمبەر (دخ) خۆشی (..پێغەمبەری مەزن سەرمەشقێکی ڕەوشتی مەزنی باوەڕداران و بەڵکو تەواوی مرۆڤایەتییە).

ژیانی ڕۆژانەی پێغەمبەر (دخ) مامەڵە و هەڵسوکەوتی لە ناو خێزان و کۆمەڵگە و لەگەڵ هاوەڵ و دوژمنەکانیدا بەگشتی، ئەوەمان بۆ دەردەخەن کە لە هەموو کاتێکدا بە گوێرەی بنەماکانی ڕەوشتە بەرزەکان جوڵاوەتەوە و مامەڵەی کردووە، بە کردەوە ناوەڕۆکی ئیسلامی لەڕێی ژیانی خۆیەوە بەرجەستە کردووە و نیشانداوە، بەجۆرێک کە دەتوانین بڵێین وەکو قورئانێکی زیندوو وابووە لەناو خەڵکیدا.
هەربۆیە کاتێک دەربارەی ڕەوشتی پێغەمبەر (دخ) لە خاتوو عائیشەی خێزانیان پرسی، لە وەڵامدا وتی: (کان خلقە القران) واتە: ڕەوشتی ئەو قورئان بوو، واتە بەرجەستە کردنی ناوەڕۆکی قورئان بوو. ڕەوشتی بەرزی پێغەمبەر (دخ) بەڵگەیەکی بەهێزی ڕاستی پێغەمبەرایەتی ئەوە، خودای گەورەش لە قورئاندا شایەتی ئەم ڕەوشتە مەزنەی بۆ دەدات و سەبارەت بە ئەو دەفەرموێت: (وَإِنَّكَ لَعَلَىٰ خُلُقٍ عَظِيمٍ) القلم:٤، واتە: ئەی (محمد) بەڕاستی تۆ لەسەر ڕەوشتێکی یەکجار مەزنی.

لەم ئایەتە و هەندێک لە ئایەتەکانی دوای ئەمیشدا بە جوانی تێدەگەین کە ململانێکی پێغەمبەر (دخ) لەگەڵ نەیارە هاوبەشی پەیداکەر و بێباوەڕەکانی سەردەمی خۆیدا ململانێ بووە لەنێوان دووجۆر لە ڕەوشت، ڕەوشتی باوەڕ و پێغەمبەرایەتی، لەگەڵ ڕەوشتی بێباوەڕی و هاوبەشی پەیداکردن و نەفامی‌دا. هەروەها ڕوندەبێتەوە کە جەنگی پێغەمبەر (دخ) لەڕوبەرێکی گەورەیدا جەنگ و جیهادێکی ئەخلاقی بووە.
لەم سۆنگەشەوە پێغەمبەر (دخ) پەیام و ئەرکی پێغەمبەرایەتی خۆی بەوە پێناسە دەکرد و لێکدایەوە کە هاتووە ڕەوشتە بەرزەکان بەرەو تەواوی بەرێت: (إنما بعثت لأتمم مکارم الأخلاق) لێرەشدا جێی خۆیەتی ئاماژە بەوە بکەین کە (مکارم الاخلاق) تەنها بسی هەندێک ڕەوشتی کۆمەڵایەتی ئاسایی ناکات بەڵکو لە ناوەڕۆکدا ئاماژەیە بە هەموو ئەو بەها و بنەمایانەی کە کەرامەتی مرۆڤ دەپارێزن.
هەر لەبەر ئەوەشە کە خودای مەزن خۆی پێغەمبەری پێگەیاندبوو لەژێر چاودێری خۆیدا بووبووە نموونەی کەسێتیەکی مەزن و سەرمەشقێکی گەورە بۆ هەموو مرۆڤایەتی بە گشتی و بە تایبەتیش بۆ شوێنکەوتووان و خۆشەویستانی.
هەر لە چوارچێوەی ڕێنوێنیەکانی خودای گەورە بۆ ئامادەکردنی پێغەمبەر (دخ) بۆ ئەو ئەرک و سەرمەشقییە، لە قورئاندا ڕووبەڕووی دەفەرموێت: (خُذِ الْعَفْوَ وَأْمُرْ بِالْعُرْفِ وَأَعْرِضْ عَنِ الْجَاهِلِينَ) الاعراف:١٩٩، واتە: چاو لە هەڵە و کەموکوڕیەکانی خەڵکی بپۆشە، بۆ نمونە سەر لەو خزم و دۆزتانە بدە کە سەردانت ناکەن، لوانە ببورە ستەمت لێدەکەن، دیارە لە مەسەلە کەسایەتیەکاندا و لە شوێنێکدا تۆ دەتوانیت لێیان خۆش نەبیت و دەساڵاتی ئەوەت هەیە مافی خۆتیان لێ بسەنیتەوە. فەرمان بە چاکە بکە و ڕوو لە کەسانی نەفام وەڕگێڕە و بایەخیان پێ مەدە، بێنە و بەرەیان لەگەڵ مەکە و مەچۆرە ئاستی ئەوانەوە. یەکێک لە ڕەوشتە هەرە بەرزەکانی پێغەمبەریش (د.خ) لێبووردەیی بووە، کە یەکێکە لە مەزنترین فەزیلەتە ڕەوشتییەکان.

بەمجۆرە ئێمە لە بوارە جۆراوجۆرەکانی ژیانمانا دەتوانین بە شوێنکەوتنی ئەم سەرمەشق و ڕابەرە ڕەوشتییە گەورە خۆمان بە چاکەخوازی بڕازێنینەوە و ژیانێکی ئارام و بەختەوەر بەسەربەرین، لێرەشەوە خوێندنەوەی ژیاننامەی پێغەمبەر (دخ) و ناسینی کەسایەتی ئەو بە درێژایی تەمەنی و بەتایبەتیش سەردەمی پێغەمبەرایەتییەکەی دەبێتە ئەرکی سەرشانی هەموو باوەڕدار و شوێنکەوتوویەکی، چونکە ئێما تا باشتر و قوڵتر لە ژیاننامەکەی شارەزابین و ڕەفتار و ئاکاری بەرزی بناسین، کاریگەری بۆ سەرمان زیاتر دەبێت و دەتوانین زیاتر سود لە سەرمەشقی و نمونەیی ئەو وەربگرین و لەڕووی ڕەوشتییەوە بەرەو بەرزی و پێگەیشتوویی زیاتر بچین، ئەویش تەنها ڕەنگدانەوەیەکی ئە ئایەتە قورئانییەیە کە لە وەسفی پێغەمبەردا (دخ) دەفەرموێت: (وَمَا أَرْسَلْنَاكَ إِلَّا رَحْمَةً لِلْعَالَمِينَ) الأنبیاء:١٠٧، واتە: ئێمە تۆمان بۆ ئەوە ڕەوانە کردووە ببیتە سەرچاوەی سۆز و بەزەیی بۆ جیهانیان.

ئەو تەنها لەگەڵ شوێنکەوتوانی خۆیدا سینەفراوان و لێبوردە نەبووە، بەڵکو لەگەڵ شوێنکەوتوانی ئاینەکانی دیکە و بە گشتی هەموو مرۆڤەکاندا بە هەمان ڕۆحەوە مامەڵەی کردووە، هەر لەم پێناوەشدا جەختی لەسەر ڕەوشتی یەکسانی دەکردەوە زۆر هەوڵی دەدا مرۆڤەکان لەوە تێبگەیەنێت کە هەموویان نەوەی یەک دایک و باوکن و لەیەک بنەڕەتەوە هاتوون، بۆیە دەبێت لەگەڵ یەکدیدا بەگیانی برایەتی و لێبووردەییەوە بجوڵێینەوە.
بۆیە دەبینین لە وتاری حەجی ماڵئاواییدا ڕوو دەکاتە هاوەڵەکانی و دەفەرموێت: ئەی خەڵکینە مال و سامانم لە هەرکەسێک ستاندبێت ئەوە ماڵەکەم و با بێت مافی خۆی وەربگرێتەوە، وە قامچیەکم لە پشتی هەرکەسێک دابێت ئەوە پشتم با لێی بداتەوە، ئەی خەڵکینە هەمووتان لە ئادەمن و ئادەمیش لە خۆڵە، نە عەرەب ڕێزی هەیە بەسەر غەیری عەرەبدا نە غەیری عەرەبیش ڕێزی هەیە بەسەر عەرەبدا، تەنها بە لەخودا ترسان و کردەوەی چاک نەبێت.


سەرچاوەکان

1567 بینین