گەردوون لە دیدی ئیسلامەوە چۆنە؟

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-24-21:17:00 - کۆدی بابەت: 3667
گەردوون لە دیدی ئیسلامەوە چۆنە؟

ناوه‌ڕۆك

گەردوون لای باوەڕدار چۆنە؟

تێڕوانینی تایبەت

ئیسلام خاوەنی تێروانینێکی تایبەت بە خۆیەتی بۆ بوونەوەر و ژیان و مرۆڤ کە لە هەندێک ڕووەوە لە ئاین و بیروباوەڕەکانی دیکە جودای دەکاتەوە. هەرکەسێک قورئان بخوێنێت هەست دەکات کە خودای گەورە بونەوەری کردووە بە کتێبێکی کراوە، مرۆڤ دەتوانێت لەڕێی بیرکردنەوە لە دیمەن و بەڵگە و نیشانەکانی پەی بە مەزنی و تەاوی خودای گەورە بەرێت. یاسا و ڕاستییەکانی ئەم بونەوەرە بەڵگەن لەسەر وردەکاری و پتەوی و بەیەکەوە گونجانی بەش و پارچەکانی، قورئان سروشت و پێکهاتە و هەندێک لە تایبەتمەندیەکانی گەردوونی باسکردووە، هەروەک هەندێک لە یاساکانی و ئامانج لە بەدیهاتنی و بنەڕەتی بەدیهێنانی ڕوون کردۆتەوە: (إِنَّ رَبَّكُمُ اللَّهُ الَّذِي خَلَقَ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضَ فِي سِتَّةِ أَيَّامٍ ثُمَّ اسْتَوَىٰ عَلَى الْعَرْشِ يُغْشِي اللَّيْلَ النَّهَارَ يَطْلُبُهُ حَثِيثًا وَالشَّمْسَ وَالْقَمَرَ وَالنُّجُومَ مُسَخَّرَاتٍ بِأَمْرِهِ ۗ أَلَا لَهُ الْخَلْقُ وَالْأَمْرُ ۗ تَبَارَكَ اللَّهُ رَبُّ الْعَالَمِينَ) الاعراف:٥٤، واتە: بەڕاستی پەروەردگارتان کە ئاسمان و زەوی لە شەش ڕۆژدا بەدی هێناوە و دواتر لەسەر عەرش دانیشت، شەو دێنێت بەسەر ڕۆژدا و هەریەکەیان دەڵێی پێشبڕکێ دەکات لەگەڵ ئەوی دیکەیاندا، هەروەها خۆر و مانگ و ئەستیرەکان سەرجەم ملکەچی فەرمانی دەکەن، ئایا سەرچاوەی بەدیهێنان و فەرمانڕەوایی ئەم گەردوونە هەر ئەو نییە، پاکی بۆ ئەو خودایەی پەروەردگاری جیهانیانە.

مەبەستی دروستبوون

کەواتە مەبەست لە بەدیهاتنی بونەوەر بەم جۆرەی ئێستا خزمەت کردنی مرۆڤ و دابینکردنی پێداویستیەکانی ژیانیەتی: (... أَنَّ اللَّهَ سَخَّرَ لَكُمْ مَا فِي السَّمَاوَاتِ وَمَا فِي الْأَرْضِ ...) لقمان:٢٠. لە ڕوانگەی بیروباوەڕی ئیسلامیەوە مرۆڤ دوای خودای گەورە سەرداری ئەم بوونەوەرەیە، هەموو بەدیهێنراوەکانی دیکە تیایدا لە خزمەتی ئەمدان، بۆ ئەوەی لە ڕوویەکەوە بتوانێت بە ئەرکی بەندایەتی بۆ خودای گەورە هەڵسێت و لە ڕوویەکی دیکەشەوە سوود لە خێر و بێرەکنای وەربگرێت بۆ ئەوەی ژیانێکی خۆشگوزەرانی لەسەر بەرێتە سەر.
لە ڕوانگەی ئەم بۆچونەشەوە بۆ بوونەوەر و پێگەی مرۆڤ لە ناویدا، مرۆڤ ملکەچی هیچ شتێک لە سروشتدا نابێت و لە دیاردە سروشتیەکان ناترسێت و لێکدانەوەی نازانستییان بۆ ناکات.

ڕێسا

ئیسلام بۆچونێکی ڕاست و دروستمان دەربارەی بوونەوەر پێدەبەخشێت، ئەویش ئەوەیە کە ئەم بوونەوەرە خودایەکی هەیە و بەدیهێناوە و بە گوێرەی کۆمەڵێک ڕێسا و یاسا ڕێکخراوە و کاردەکات. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە بوونەوەر بابەت و شوێنی بیرکردنەوە و تێڕامانی زانستی و دۆزینەوەی نهێنیەکان و یاساکانیەتی، بۆ ئەوەی زیاتر خزمەتمان بکات. هەر لەم ڕوانگەشەوە لەدیدی بیروباوەڕی ئیسلامییەوە بوونەوەر دوژمنمان نییە، تا هەوڵبدەین بەسەریدا سەربکەوین و تۆڵەی خۆمانی لێبکەینەوە، چونکە ئەو جۆرە تێڕوانینە دەبێتە هۆی ئەوەی ژینگە وێرانبکەین و سروشت لە سەرچاوەی خێر و بەخششەوە لە هەندێک ڕووەوە بگۆڕێت بۆ سەرچاوەی هەڕەشە و ترس بۆسەر ژیان و مرۆڤایەتی، هەروەک ئەوەی ئێستا بەهۆی زیادەڕەوی لە پیسکردنی ژینگە بەهۆی خۆرئاواییەکان و هەندێک وڵاتی پیشەسازی دیکە مەترسی لەسەر چینی گازی ئۆزۆن دروست بووە، کارەساتە سروشتیەکان بە جۆرێکی بەرچاو زیادیان کردووە، کە ئەگەر مرۆڤایەتی سنورێک بۆ ئەو خراپ مامەڵەکردنە لەگەڵ سروشتدا دانەنێت، ئەوا دەبێت چاوەڕێی خراپەی زیاتر بکات. سروشت و بوونەوەر لە ڕوانگەی جیهانبینی یەکتاپەرستی و بیروباوەڕی ئیسلامییەوە وەک پێشانگایەکی ڕازاوەی خودایی وایە و مرۆڤ دەبێت هەست بە نزیکی و خۆشەویستی بکات لێیەوە و لەپاڵ هەوڵدان بۆ سوودوەرگرتن لە خێر و بێرەکانی هەوڵبدات جوانییەکانی نەشێوێنێت.
بۆ ئەوەی هەل و مەرجەکانی ژیان تیایدا بەردەوام بێت و پێشکەوتنی زانستیش لە هۆکارێکە بۆ خۆشتر کردنی ژیانی ئێمە، نەگۆڕێت بە هۆیەک بۆ وێرانکردن و مەترسی.

ئامانج

لە ڕوانگەی ئیسلامەوە بوونەوەر ئامانجدارە و بێ هودە و بێ ئامانج دروستنەکراوە: (وَمَا خَلَقْنَا السَّمَاءَ وَالْأَرْضَ وَمَا بَيْنَهُمَا بَاطِلًا ۚ ذَٰلِكَ ظَنُّ الَّذِينَ كَفَرُوا ۚ فَوَيْلٌ لِلَّذِينَ كَفَرُوا مِنَ النَّارِ) ص:٢٧، واتە: ئێمە ئاسمان و زەویمان بە بێ هودە و بێ ئامانج بەدینەهێناوە، بیرکردنەوەیەکی لەو جۆرە گومانی خوانەناسانە.
کەواتە ئەقڵی باوەڕدار لەوە تیگەیشتووە کە ئەم بوونەوەرە بێ ئامانج بەدینەهاتووە، چونکە کاری لەو جۆرە لە حیکمەت و زانست و دانایی بەدیهێنەرەکی کە خودای گەورەیە ناوەشێتەوە و دوورە لێیەوە، لە بوونەوەردا هەموو شتێک بۆ ئامانجێک بەدیهاتووە و ئەرکێکی هەیە ئەنجامی دەدات.
خوای گەورە ئەم مەسەلەیەمان لە قورئاندا لەسەر زمانی کۆمەڵێک باوەڕدارەوە لەو ڕاستیەی سەرەوە گەیشتوون لە تابلۆیەکی پڕ لە هەست و گەرم و گوڕی و جوڵەدا بۆ دەخاتە ڕوو دەفەرموێت: (إِنَّ فِي خَلْقِ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَاخْتِلَافِ اللَّيْلِ وَالنَّهَارِ لَآيَاتٍ لِأُولِي الْأَلْبَابِ) ال عمران:١٩٠، واتە: لە بەدیهاتنی ئاسمانەکان و زەوی و جیاوازی شەو و ڕۆژدا بەڵگە گەلێکی زۆر هەن بۆ مرۆڤە خاوەن ئەقڵ و هۆشمەندەکان، ئەوانەی ئەقڵی خۆیان وەگەڕدەخەن بۆ دۆزینەوەی ڕاستیەکان. ئەم باوەڕدارانە کە لە ئامانجداربوونی بوونەوەرە تێگەیشتوون، مرۆڤیش بۆ ئامانجێک بەدیهێنراوە و دەبێت بەو گیانەشەوە بژی، وەک دۆزینەوە و دەرککردنی ئەو ئامانجەش لەڕێی گوێگرتن لە پەیامی خودا و سروشییەوە دەبێت و دەڵێن: ئەی پەروەردگار ئێمە گوێمان لە بانگخوازێک بوو بانگەوازی دەکرد بۆ باوەڕ، داوای دەکرد کە باوەڕ بە پەروەردگارمان بێنین ئێمەش باوەڕمان هێنا، ئەی پەروەردگار دە تۆش لە تاوان و هەڵەکانمان خۆش ببە و چاوپۆشیمان لێ بکە، وە لەگەڵ چاکەکارانا بمانمرێنە و بمانبەرەوە بۆلای خۆت.

ئەی پەروەردگارمان، ئەو بەڵێنانەمان بۆ ئەنجام بدە کە لەسەر زاری پێغەمبەرانتەوە بە ئێمەت داوە، وە لە ڕۆژی قیامەتدا خەجاڵەت و ڕووزەردمان مەکە، بێگومان تۆ بەڵێن شکێن نیت و بەڵێنی خۆت دەبەیتە سەر، خودای گەورەش پاڕانەوەکەی لێ وەرگرتن و دڵنیای کردنەوە کە من کار و کردەوەی هیچ باوەڕدارێک ژن بێت یاخود پیاو تیانابەم و نافەوتێنم، ئێوە ژنان و پیاوانی باوەڕدار ڕیز و کەرامەتی وەک یەکتان هەیە و هەندێکتان لە هەندێکی دیکەتانن. هەروەها خودای گەورە دەفەرموێت (وَمَا خَلَقْنَا السَّمَاءَ وَالْأَرْضَ وَمَا بَيْنَهُمَا لَاعِبِينَ) الأنبیاء:١٦، واتە: ئێمە ئاسمان و زەویمان بۆ گاڵتە و بێئامانج بەدینەهێناوە. کەواتە ئەگەر مرۆڤ بە گوێرەی ڕێبازێکی دروست و بە جوانی ئەقڵی بەکارهێنا و بیری لە سروشت و ئاسمانەکان و زەوی و بەڵگە و نیشانەکانی خودای گەورە کردەوە دەگاتە ئەو ڕاستیەی کە بوونەوەر ئامانجدارە و هەست بە حیکمەت و وردەکاری و دەستڕەنگینی پەروەردگار لەم بوونەوەرەدا دەکات.


سەرچاوەکان



1834 بینین