جۆرەکانی یەکسانی

له‌لایه‌ن: ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-03-26-02:01:00 - کۆدی بابەت: 3738
جۆرەکانی یەکسانی

ناوه‌ڕۆك

چەند جۆرێکی بنەماکانی یەکسانی 

  1. یەکسانی لەبەردەم شەرع و یاسادا

ئیسلام پێشەنگبووە لە بڕیاردانی مافی یەکسانی لەبەردەم شەرع و یاسادا، خەڵکی هەموویان لە پەیوەندی بە ماف و ئەرکەکانەوە مامەڵەیەکی یەکسانیان لەگەڵدا دەکرێت و لەبەردەم هەمان دادگا و یاسادا دادوەریان لەگەڵ دەکرێت، لە پیادەکردنی حوکمە شەرعی و یاساییەکاندا کەس جیا ناکرێتەوە. هیچ کەسیش بێ بوونی بیانوویەکی شەرعی و یاسایی کە یاسا خۆی دیاری دەکات لە پیادەکردنی یاسا نابوردرێت، لەبەر ئەوە چینایەتی و دەستەگەرایی و تایەفەگەری و ڕەگەزپەرستی لە ئیسلامدا بوونیان نییە و شوێنیان نابێتەوە. پێغەمبەریش (د.خ) لە فەرموودەیەکدا جیاوازی کردن لەنێوان هەژار و دەوڵەمەندەکاندا لەکاتی پیادەکردنی یاسا بە سەرچاوەی تیاچوون و کارەساتی نەتەوە و شارستانیەتەکان دەزانێت و دەفەرموێت: (انما اهلک الذین قبلکم انهم کانوا اذا سرق فیهم الشریف ترکوە و اذا سرق فیهم الضعیف أقاموا علیە الحد، وأیم اللە لو ان فاطمة بنت محمد سرقت لقطعت یدها) واتە: خەڵکانی پێش ئێوە بەوە تیاچوون کە هەرکاتێک پیاوماقوڵ و نەجیب زادەیەک دزی بکردایە وازیان لێدەهێنا، وە کاتێک هرژار و بێدەسەڵاتێک دزی بکردایە یاسایان بەسەردا جێ بە جێ دەکرد، بەڵام با ئێوە بزانن سوێند بەخوا ئەگەر فاتیمەی کچی محەممەد دزی بکات ئەوە یاسای بەسەردا جێ بە جێ دەکەم.
لاپەڕە گەشەکانی مێژووی ئیسلامیش پڕە لەو نمونانەی یەکسانی مرۆڤەکان لەبەردەم یاسادا دەخەنەڕوو، بۆنمونە پێشەوای چوارەمی مسوڵمانان (عەلی کوڕی ئەبەتالیب) جولەکەیەک سکاڵای لە دادگا لەسەر تۆماردەکات بەوە تاوانباری کردووە کە زرێکەی لێ بردووە، ئەویش لەگەڵیدا دەچێتە بەردەم دادگا و ڕازیش نابێت دادوەر هیچ مامەڵەیەکی لەگەڵدا بکات لە بەرامبەرەکەی جیای بکاتەوە، لە سۆنگەی ئەو قەناعەتەی بە دادپەروەری ئیسلام و یەکسانی هەموان لە بەردەم دادگا هەیبووە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت لە ڕوانگەی ئیسلامەوە فەرمانڕەوا و هاوڵاتی وەک یەک یاسان بەسەردا پیادەدەکرێت و هیچ کەسێک بە هیچ پاساوێک لەسەرو شەرع و یاساوە نییە.

  1. یەکسانی لەبەردەم دادگادا

ئەگەر یەکسانی مانایەکی دادپەروەری بێت، وە دادپەروەریش مەبەستی هەرە باڵای ئیسلام بێت، ئەوا یەکسانی سەرچەم هاوڵاتیان لەبەردەم دادگادا بەرەنجامێکی سروشتی بنەمای یەکسانیانە لەبەردەم شەرع و یاسادا. ئەم بنەمایەش ئەوە دەگەیەنێت کە سەرجەم هاوڵاتیان دەبێت مل کەچی دادگا بن و کەس نابێت لەم ڕووەوە مافی تایبەتی هەبێت و لەم ڕێسا گشتییە جیا بکرێتەوە ، لە جۆری لێکۆڵینەوە لە تاوان و دەتەبەرییە یاساییەکان و لە سەپاندنی یاساشدا دەبێت هەمووان یەکسان بن، لە وتەی پێشەوا (عومەری کوڕی خەطاب)ـیشا کە بۆ دادوەری ئەبو موسا ئەشعەری ناردووە هاتووە (اس بین الناس في مجلسک ووجهک حتی لا یطمع شریف في حیفک ولا یخاف ضعیف من جورک) واتە: لە دادگادا لە کۆڕ و دادپەروەری و جۆری سەیرکردندا بە یەکسانی مامەڵە لەگەڵ خەڵکیدا بکە بۆ ئەوەی ناودار و پیاو ماقوڵێک چاو نەبڕێطە بێ عەدالەتیت و زەبونێکیش لە دادپەروەریت نائومێد نەبێت.
دادور دەبێت دەرفەتی یەکسان بە لایەنەکانی کێشەیەک بدات بۆ ئەوەی هەوڵی سەلماندنی بۆچوون و داواکانیان بدەم لەم ڕووەوە پێغەمبەر (دخ) کاتێک (عەلی کوڕی ئەبی تالیب)ـی مامی بە دادوەر نارد بۆ یەمەن پێی فەرموو (فاذا جلس بین یدیک خصمان فلا تقضین حتی تسمع کلام الأخر کما سمعت کلام الأول) واتە: هەرکاتێ دوو کەس سکاڵایان دژ بە یەک هە لەبەردەمتا وەستان پێش بیستنی قسەی هەردووکیان دادوەری لە نێوانیاندا نەکەیت.

  1. یەکسانی لە گرتنە دەستی پلە و پایە گشتییەکاندا 

ئیسلام لێهاتویی و دەستپاکی دڵسۆزی کردۆتە پێوەری گرتنە دەستی پلە و پایە گشتیەکان و ئەم مافەش مافی تایبەتی هیچ توێژ و چین و گروپێکی دیاریکراو نییە، گرنگ ئەوەیە کەسی شیاو لە شوێنی شیاودا بێت و دادپەروەری پیادە بکرێت و خزم خزمێنە و نایەکسانی و گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لە ئارادا نەبێت، خودا دەفەرموێت: (إِنَّ خَيْرَ مَنِ اسْتَأْجَرْتَ الْقَوِيُّ الْأَمِينُ) القصص ٢٦، قورئان لەسەر زمانی کچەکانی شوعەیب پێغەمبەر (سڵاوی خوای لێ بێ) سەبارەت بە موسا پێغەمبەر دەفەرموێت: باشترین کەسە بە کرێی بگریت چونکە بەتوانا و دەست پاک و سەر ڕاستە. پێشەوا عومەری کوڕی خەطابیش دەربارەی مەرجەکانی دیاریکردنی هەندێک لە کارەدەستەکانی دەوڵەت دەڵێت: من کەسێکم دەوێت بیکەم بە کاربەدەست کە پێش کاربەدەست بوونی وەک کاربەدەست وابێت و دوای کاربەدەستبوونی وەک هەر کەسێکی تر لە هاوڵاتیان وابێت، هەروەها لە نامەیەکدا بۆ سەعدی کوڕی ئەبی وەقاص‌دا نوسیویەتی: خودا خزمایەتی لەگەڵ کەسدا نییە، بە پەرستن و گوێڕایەڵی نەبێت، خەڵکی ئەشراف و ناودار و بێ کەس و نەناسراو لەبەردەم خودادا یەکسانن.

  1. یەکسانی لە عیبادەت و ئەرکە گشتیەکاندا

ئیسلام لە ڕووی عیبادەت و ئەرکە گشتییەکانەوە جیاوازی لەنێوان خەڵکیدا ناکات، دەوڵەمەندەکان جۆرێک خوداپەرستیان نییە و هەژارەکان جۆرێکی دیکە، یاخود پیاوان بە جۆرێک و ژنان بە جۆرێکی دیکە، هێندە هەیە هەندێک ئاسانکاری بۆ هەندێک کەس و توێژ کراوە بۆ چەسپاندنی دادپەروەری لەوانەش هەڵگرتنی زەکات و حەج لەسەر کەسانی هەژار.


سەرچاوەکان

123 بینین