زەکاتی مەڕ و بزن

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-02-00:08:00 - کۆدی بابەت: 4053
زەکاتی مەڕ و بزن
پایەکانی ئیسلام و باوەڕ

لە دووسەد و یەک سەردا، سێ سەر لە زەکات ئەدرێن، لە چوارسەد سەردا، چوار سەر لە زەکات ئەدرێن.

ناوه‌ڕۆك

زەکاتی مەڕ و بزن چۆنە؟

یەکەم ڕادەی زەکاتی مەڕ و بزن، چل سەرە، لەو چلەدا واجبە یەک سەر بدرێت، کاوڕێکی مێی یەک ساڵە، یان بزنێکی دوو ساڵە، لە سەد و بیست و یەک سەردا، دوو سەر لە زەکات ئەدرێن، هەر بەو تەمەنەی گوتمان، لە دووسەد و یەک سەردا، سێ سەر لە زەکات ئەدرێن، لە چوارسەد سەردا، چوار سەر لە زەکات ئەدرێن.

ئینجا لە چوارسەد بەولاوە، لە هەر سەدێکدا کاوڕێکی یەک ساڵە، یان بزنیکی دوو ساڵە لە زەکات ئەدرێت (عن أبی بکر -رضي الله عنه-: فرض رسول الله ﷺ فی صدقة الغنم فی سائمتها: إذا کانت أربعین إلی عشرین ومأة شاة، فإذا زادت علی عشرین و مأة إلی مأتین شاتان، فإذا زادت علی مأتین إلی ثلاثهمأة ففیها ثلاث، فإذا زادت علی ثلاثمأة ففی کل مأة شاة) رواه البخاری، پێغەمبەر ﷺ زەکاتی مەر و بزنی لەوەڕێندراوی بەم جۆرە داناوە: لە چل سەر تا ئەگاتە سەد و بیست، یەک مەڕ، یان یەک بزن زەکاتی تێدایە... هتد.

جیاوازی نیە - بۆ واجببونی زەکات- کارەگەلەکە گشتی مەڕ بێت، یان گشتی بزن بێت، یان لە مەڕ و بزن پێکهاتبێت و بە هەردوکیان بگاتە ڕادەی زەکات، گامێش و مانگاش هەر بەم شێوەیەیە.

لەجیاتی دانان دەكرێ؟

دروستە لەجیاتی بزن، مەڕ لە زەکات بدرێت، وە لەجیاتی مەڕ، بزن لە زەکات بدرێت، بەو مەرجەی تێبینی نرخ بکرێت.
جا بزانە: لە مەزهەبی ئیمامی (حنفی)ـدا دروستە نرخی ئاژەڵەکەی لە زەکات بدرێت.

ئەو ژمارەیەی ئەکەوێتە نیوان زەکاتەکان، وەک نێوان پێنج و دە، لە زەکاتی ووشتردا، وە نێوان چل و سەد و بیست و یەک، لە زەکاتی مەڕ و بزندا، وە نێوان سی و چل، لە زەکاتی ڕەشەووڵاغدا. ئەوە گشتی لێبوردراوە و زەکاتی تێدا نییە.

بێچوو زەكاتی هەیە؟

بێچووی ئەو ئاژەڵانە زەکاتی تێدا نییە، تەنها لە دوو کاتدا نەبێت:

  • ئەگەر دایکەکان بمرن بە گشتی، یان هەندێکیان بمرن پێش سەرەساڵ، ئەوە بێچووەکانیان لە جێ ئەژمێردرێن، بۆ وێنە: ئەگەر سی مانگای لێ مردن و سی بێچوویان لەپاش بەجێ مان، یان لە چل مەڕ پانزەیان مردن و پانزە بەرخیان لە پاش بەجێ مان، ئەوە بێچووەکان کەلیێنی دایکیان پێ پڕ ئەکرێتەوە و ئەبێ زەکات بدا.
  • بۆ تەواوکردنی رادەی دووەمی زەکات و بە سەرەوەتر، بێچووەکان سەرژمێر ئەکرێن. بۆ وێنە: ئەگەر سەد مەڕی هەبوو لەگەڵ بیست و یەک بەرخ، ئەبێ ئەو بیست و یەک بەرخە بخرێتە سەر سەد مەڕەکە، بۆ ئەوەی دوو زەکاتی لێ بدات (عن عمر -رضي الله عنه- أنه قال لساعیه: إعتد علیهم بالسخلة) رواه الإمام مالک، ئیمامی (عمر) بە کرێکارەکەی زەکاتی فەرموو: بەرخە ساوایەکانیش سەرژمێر بکە. بەڵام ڕادەی زەکاتی یەکەم بە بێچوو تەواو ناکرێ، بۆ وێنە: ئەگەر سی مەڕ و سی بەرخی هەبێ و بەرخەکان تەمەنیان نەبووبێتە ساڵێک، ئەوە زەکای لەسەر واجب نییە.


سەرچاوەکان



1499 بینین