خۆڕازاندنەوەی ئافرەت

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-04-05-12:50:00 - کۆدی بابەت: 4161
خۆڕازاندنەوەی ئافرەت

ناوه‌ڕۆك

ئافرەت و ڕازاندنەوە

خوای گەورە هەر لە خۆڕسکەوە ئارەزووی خۆ ڕازاندنەوە، خۆ جوانکردن، ڕۆشتن بە لەنجەولاری لەناو ناخ و دەروونی ئافرەتان خولقاندووە، ئەوەتا دەبینین هەر لەسەرەتای ژیانی هێلکەی مێینە کە خۆی دەنوێنێت لە ئافرەتدا، کاتی هاتنەدەرەوەی لەناو هێلکەدان و ڕۆشتنی بۆناو جۆگەی هێلکەدان و منداڵدان تاوەکو بگات بەو سپێرمەی کە خوای گەورە بۆی داناوە ببێ بە هاوبەشی ژیانی، هەر لەو کاتەوە دەبینین بە جوانترین شێوە خۆی ڕازاندووەتەوە، کڵاوەی زێڕینیی پۆشیوە کە هەر لەدوورەوە دەدرەوشێتەوە، کاتی بەڕێ کەوتنی زۆر لەسەرخۆ دەڕوات و لەنجە و لاری پێوە دیارە، بە ژمارەیەکی زۆر لە خانەی پارێزەر دەورەدراوە بۆ پاراستنی لە مەترسیەکانی ڕێگە و دەورووبەر، گەر سەرنجی ئەو دیمەنە بدەین دەبینین خۆی لە شاژنێکی جوان و ناسک و نازدار دەنوێنێت، تاجی زێڕینی بە سەوەرەوەیە و بە خزمەتکار دەورەدراوە بۆ پاراستنی، ئەو خانانە پێیان دەوترێت خانەی کڵاوەی درەوشاوەی دەنکۆڵەدار کە لە جوانی هێلکە و ئەو دیمەنە زیاد دەکەن (Corona Radiala granulose cells).

ئایا ئەو دیمەنەی هێلکە و خانەکانی دەورووبەری بە جوانترین شێوە لە ژیانی ئافرەت ناچێت، کە هەردەم ئارەزووی جوانی و خۆ ڕازاندنەوە دەکات؟ بە دایک و باوک و برا و خوشک و کەس و کاری دەورەدراوە، کە بە هەموویان خزمەتی دەکەن و دەیپارێزن، تاوەکو دەگاتە هاوبەشی ژیانی خۆی و هاوسەری و ئەوکات هەردووکیان پێکەوە ژیان دەبەنە سەر، هەروەک چۆن هێلکە دوای گەشتن بە سپێرمی دیاریکراو دەست دەکەن بە ژیانی هاوبەشی خۆیان و ناهێڵن هیچ سپێرمێکی تر بێتە ناو هێلکەوە هەرچەندە گەر ژمارەی سپێرمە هێرشبەرەکان ملیۆنەها بێت.

ئەو دیمەنە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کەوا ئافرەت هەر لە خالیقەوە ئارەزووی جوانی و خۆ ڕازاندنەوەی هەیە، هەر بۆیە ئاینی ئیسلام گرنگی بەم باسە داوە و فەرمانی نەکردووە بەوەی ئافرەت بە تەواوی دووربکەوێتەوە لەو شتانە، یان لێیان قەدەغە بکات، چونکە ئاینی ئیسلام ئاینی خودایە، چۆن لەلایەک هەر لە خالیقەوە ئارەزوویەک لە ئافرەتدا دروست دەکات و پاشان لە ژیانی دونیا لێی قەدەغە دەکات، ئەوە لە زانایی و دانایی و حەکیمی خوای گەورە ناوەشێتەوە، هەروەک فەرموویەتی: لە دروستکراوانی خودا هەرگیز دژایەتی و نەگونجان نییە (ما تری فی خلق الرحمن من تفوت)، بەڵام ئاینی ئیسلام بەرنامە و مەرجی تایبەتی بۆ داناوە هەروەک چۆن بۆ گشت کاروبارەکانی تری ژیان پەیڕە و بەرنامە و ئاسانکاری بۆ داناوە، بۆ ئەوەی ،بزانن چۆن ئەو شتانە بەکاردەهێنن تاوەکو تووشی گومڕای و سەرلێ شێواوی لە ژێر کاریگەری ئارەزووەکانی خۆیان و شەیتانی جنی و ئادەمیزاد نەبن.

خۆڕازاندنەوە حەڵاڵە بۆ ئافرەت هەروەک بەدەنگەوە چونێک بۆ ئارەزووە فیترییەکانیان، هەموو ئافرەتێک حەز دەکات بەوەی کە جوان بێت و جوان خۆی بنوێنێت و خۆی بڕازێنێتەوە، ئاینی ئیسلامیش دەیەوێت سروشتی ئافرەت تایبەتمەندی خۆی هەبێت لەو بوارەوە، هەر بۆیە قەدەغەی کردووە بەوەی ئافرەت لە کار و کردەوە و پۆشاک و دیمەن و هەڵسوکەوت و ڕۆشتن و گفتووگۆدا لاسایی پیاو بکاتەوە.

لە کۆتاییدا بۆمان دەردەکەوێت کەوا جوانی و ڕازاندنەوە سیفەتی خۆڕسكی ئافرەتانە هەر لە سەرەتای دروست بوونیەوە کاتێ لە قۆناغی هێلکەیە، دوای تەمەنی منداڵی و پێگەشتوویی و تاوەکو دەگاتە پیری و پەککەوتەیی.


سەرچاوەکان



2187 بینین