تێکچوونی پەیوەندیەکان لەنێوان گەورەکان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-11-00:16:00 - کۆدی بابەت: 4367
تێکچوونی پەیوەندیەکان لەنێوان گەورەکان

ناوه‌ڕۆك

تێکچوونی پەیوەندیەکان

بێگومان پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان بە هەموو شێوەکانی پەیوەندیەکی زۆر ئاڵۆزە، لەکاتی دروستبوونی و بەردەوامبوونی تا دەگاتە نەمانی، چونکە خودی پەیوەندیەکان بە چەند پڕۆسەیەکی جیاجیادا دەڕۆن و چەندین گۆڕانکاری بەسەردادێت، بەتایبەتی کاتێک دەگاتە دوایین قۆناغی ئەویش تێکچوونی پەیوەندیەکانە هەر بۆ ئەم مەبەستەش (دک ١٩٨٨) دەڵێت: پچڕانی پەیوەندیەکان بە تەنها کارێکی زەحمەت نییە، بەڵکو چەندین توخم و فاکتەری جیاجیای لێ دروستدەبێت، لە کۆتایی هەموویان پێکەوە دەبنە پچڕان لە پەیوەندییەکان، لە دەرئەنجامەکەی بۆ هەردوو لا دەبێتە مایەی ئازار.

تیۆرەکانی تایبەت بە هۆکارەکانی تێکچوونی پەیوەندیەکان لە نێوان گەورەکاندا

زاناکانی بواری دەروونزانی چەندین تیۆر و بۆچوونی تایبەتیان دانا بۆ هەنگاوەکانی تێکچوونی پەیوەندیەکان، مەبەست لە دانانی ئەم تیۆرانە زانینی قۆناغەکانە بۆ ئەوەی ڕێگە چارە بۆ کێشەکان دابنرێت ڕێنمایی گونجاو بدرێتە هاوسەرەکان و هەوڵی بنیادنانەوەی پەیوەندیەکە بکرێت، لەم تیۆرانەش:

تیۆری (لی ١٩٨٤)

زانا (لی ١٩٨٤) وای بۆ دەچێت تێکچوونی پەیوەندیە ڕۆمانسیەکانی پێش پێکهێنانی پڕۆسەی هاوسەرگیری بە پێنج قۆناغدا تێدەپەڕن ئەوانیش:

أ- هەردوو لا درک بە نزمبوونی ئاستی پەیوەندیەکانیان دەکەن.

ب- دەربڕینی ناڕەزایی هەردوولا بۆ پەیوەندیەکانیان.

ت- ئاڵوگۆڕی بۆچوونەکان دەبارەت بە خراپی پەیوەندیەکان.

پ- هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

ج- کۆتایی پێکهێنانی پەیوەندیەکان لە کاتی سەرنەکەوتنی گفتوگۆ.

لە دەرئەنجامی راپرسیەک کە لەسەر (١١٢) کەس ئەنجام درابوو لەو کەسانەی لە پەیوەندیەکانیان تێکچووە، دەرکەوت قۆناغی دەربڕینی ناڕەزایی هەردوو لا بۆ پەیوەندیەکانیان لە ناخۆشترین قۆناغەکان بووە چونکە هەردوو لا دووچاری گرژیەکی زۆر بوونەوە.

تیۆری (دک ١٩٨٨)

زانا (دک ١٩٨٨) بۆچوونێکی تایبەتی هەیە بۆ تێکچوونی پەیوەندیەکان، پێی وایە تێکچوونی پەیوەندیەکان بە چەند قۆناغێکدا دەڕوات، قۆناغەکانیش بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

أ- قۆناغی شاراوە: لەو کاتەوە دەست پێدەکات کاتێک یەکێک لە هەردوولا هەست دەکات ناتوانێت چیتر بەردەوام بێت لە پەیوەندیەکەی، لە ئەنجامدا وای لێدێت هەموو ڕەفتارەکانی کەسی بەرامبەر دەخاتە ژێر چاودێری و جەخت لەسەر لایەنی نێگەتیڤی ڕەفتارەکان دەکات، کاتی بیرکردنەوەی لە کۆتایی پێهێنانی پەیوەندیەکەی بیر لە ڕادەی زیان و سوودەکانی جیابوونەوە دەکات، (دک) ناوی لەم قۆناغە ناوە قۆناغی شاراوە، چونکە هەموو لێکدانەوەکانی کەسەکە تەنها لە هزری خۆی دەبێت و لە ڕەفتاری دەرناکەوێت.

ب- قۆناغی دەربڕین: لەم قۆناغەدا کەسی بێزاربوو بڕیار دەدات ناڕەزاییەکانی دەرببڕێت، وە لەم حاڵەتە گفتوگۆ دەستپێدەکات بۆ ئەوەی کۆتایی بە لێک حاڵی نەبوونیان بهێنن و پەیوەندییەکە چاک بکەنەوە، ئەگەر گفتوگۆکان سەرکەوتوو نەبوو ئەوە دەچێتە قۆناغێکی تر.

ت- قۆناغی کۆمەڵایەتی: بۆیە پێی دەوترێت قۆناغی کۆمەڵایەتی چونکە لە کاتی نەهێشتنی پەیوەندیەکە ڕەچاوی بەها کۆمەڵایەتیەکان دەکرێت، لەم قۆناغەشدا هەوڵدەدرێت کێشەکان لەسەر ئاستی خزم و هاوڕێیان چارەسەر بکرێت، تیایدا هەردوولا هۆکاری کێشەکە دەخەنە ئەستۆی کەسی بەرامبەر، هەوڵدەدات خۆی بێتاوان نیشان بدات، لەم کاتەدا (گروپی بەرپرس) دێنە ناو کێشەکە بە مەبەستی دانانی چارەسەری گونجاو بۆ کێشەکان، ئەگەر ئەم گروپە لە چارەسەری کارەکانی سەرکەوتوو نەبوون ئەوا کێشەکە دەچێتە قۆناغێکی تر.

پ- قۆناغی پچڕانی پەیوەندی: ئەم قۆناغە لەو کاتەدا دەستپێدەکات کاتێک هەردوولا باوەڕیان بەوە دەبێت هیچ ئومێد لە پەیوەندیان نەماوە، داوای پچڕانی پەیوەندی نێوانیان دەکەن. دوای جیابوونەوەیان هەر یەک لەلای خۆی هەوڵ دەدات سەبارەت بە هۆکاری جیابوونەوەی چیرۆکێکی تایبەت بۆ خۆی دابڕێژێت، بە جۆرێک کەسی بەرامبەری بۆ ئەم پچڕانە تاوانبار دەکات. هەر یەک لە هەردوو لایەنەکە هەوڵدەدەن بە کەمترین زیان لە بارودۆخەکە دەربازبن و هەوڵدەدەن ڕێز و حورمەتی خۆیان بپارێزن بۆ ئەوەی پێگەی کۆمەڵایەتی خۆیان لەدەست نەدەن. 

ئەوەی شایەنی باسە ئەم چیرۆکانەی لە کۆتایی هەر پەیوەندیەکدا دروستدەبێت، بەشێکی گرنگە لە سایکۆلۆژیای پەیوەندی چونکە یارمەتی کەسەکە دەدات بۆ ئەوەی لە کێشەکە دەربچێت و پەیوەندیەکی نوێ دروستبکات.

تیۆری (ڕازبۆلت ١٩٨٧)

زانا (ڕازبۆڵت ١٩٨٧) بۆچوونێکی دانا بۆ نەمانی پەیوەندی، بە چوار قۆناغ دەستنیشانی کرد:

أ- دەرچوون (واتە وازهێنان لە پەیوەندییەکە)

ب- پشتگوێخستن (واتە پشتگوێخستنی پەیوەندیەکە)

ت- دەربڕین (واتە دەربڕینی خەمەکان)

پ- وەفایی (واتە مانەوە لەسەر پەیوەندیەکە وە قبوڵکردنی بارودۆخەکە و ئارام گرتن لەسەر ڕەفتاری کەسی بەرامبەر)

وە سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردنی لەگەڵ ئەو کێشانەی دووچاری کەسەکان دەبێتەوە لە کاتی پەیوەندیان، (ڕازبۆلت) پێی وایە چەند ستراتیژی هەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکان ئەوانیش:

- دوو ستراتیژی گرنگ بۆ بەرەنگاربوونەوەی کێشەکان ئەویش دەرچوون لە پەیوەندیەکە و ڕەخنە و ناڕەزایی لەسەر ڕەفتاری کەسی بەرامبەر.

- دوو ستراتیژی نێگەتیڤ بۆ بەرەنگاربوونەوەی کێشەکان ئەوانیش ملکەچی و پشتگوێخستنی کێشەکانە.


سەرچاوەکان



998 بینین