چۆنیەتی دروستبوونی پەیوەندی لەنێوان گەورەکاندا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-11-00:55:00 - کۆدی بابەت: 4369
چۆنیەتی دروستبوونی پەیوەندی لەنێوان گەورەکاندا

ناوه‌ڕۆك

چۆنیەتی دروستبوونی پەیوەندی

لە سەرەتادا پێویستە ئاماژە بەوەش بکەین کەوا ئەم هۆکارانە هۆکاری ڕێژەیین، واتە لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکی تر دەگۆڕێن ئەویش بەپێی کاریگەری بەها کۆمەڵایەتییەکان، وە بەپێی پێکهاتەی کەسایەتی تاکەکان، بەڵام دەکرێت بڵێین دروستبوونی هەر پەیوەندیەک لەلایەنی دەروونی وەک بوونی پاداشت سەیردەکرێت چونکە ئەو پەیوەندیە دەبێتە هۆی هەستکردنی تاک بە دڵخۆشی و ئارامی.

(کلور وبیرن ١٩٧٤) سەبارەت بە چۆنیەتی دروستبوونی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان دەڵێت مرۆڤەکان نزیکی یەکتر دەبنەوە کاتێک ئەم نزیکبوونە پاداشتی لێدەکەوێتەوە ئەم پاداشتەش ڕاستەوخۆ دەبێت (لە خودی کەسەکەوە وەردەگیرێت) یان ناڕاستەوخۆ دەبێت (لە کەش و هەوای بارودۆخەکە دەبێت) لەگەڵ ئەوەی پاداشتەکان وەک یەک نین بۆ هەموو کەسەکان بەڵام بەڵام هەندێک هۆکار هەن گرنگی تایبەتی هەیە بۆ دروستبوونی سەرەتای ئەو پەیوەندیانە، هۆکارەکانیش بریتیە لە:

نزیکی

واتە نزیکی جوگرافی، ئەویش بە سەرەتاترین هۆکار دەژمێردرێت بۆ دروستبوونی پەیوەندی کۆمەڵایەتی، چونکە چەند کەسەکان لەیەکتر دووربن ئەگەری دروستبوونی پەیوەندیە کۆمەڵایەتی کەمتر دەبێت. لە یەکێک لە توێژینەوەکانی (فستنجەر) دەریخست کە ئەو قوتابیانەی کە لە ژوورەکانی تەنیشت یەک دەژیان پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکانیان بەهێزتربوو بە بەراورد لەگەڵ ئەو قوتابیانەی کە ژوورەکانیان لێک دوورە، ئەو قوتابیانەی لە یەک نهۆم دەژیان پەیوەندیەکانیان بەهێزتر بوو بە بەراورد لەگەڵ قوتابیەکانی نهۆمەکانی تر، ئەو قوتابیانەی نزیک دەرگا سەرەکیەکان دەژیان پەیوەندیان بەهێزتربوو لەگەڵ قوتابیەکانی تر بە بەراورد لەگەڵ ئەو قوتابیانەی لە ژوورە دوورەکان دەژیان.

لە توێژینەوەیەکی تر کە (سومەر) ئەنجامیدا، بۆی دەرکەوت مرۆڤ هەست بە نائارامی دەکات کاتێک یەکێکی بێگانە لە تەنیشتی دادەنیشێت چونکە سنوری تایبەت بە کەسەکە دەبەزێنێت ناوی لێنا پێگەی تایبەت (الحیز الشخسی)، واتە سنور بۆ ئەو کەسانە دادەنێین کە ڕۆژانە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەین، قبوڵیشمان نییە بە بێ ڕەزامەندیان هیچ کەسێک ئەم سنورە ببەزێنێت بۆیە کەسی بێگانە مافی هاتنە ناو ئەو بازنەیەی نییە کە بۆ خۆمانمان داناوە.

دووبارەبوونەوەی بینین

ئەگەر چی ئەم بۆچوونە لامان باوە کە ئەوەی بەردەوام لە بەرچاومانە هەردەم دێنە بیرمان کاتێک نیازی ئەنجامدانی هەر چالاکیەکی کۆمەڵایەتی دەبێت، ڕەنگە یەکێک لە هۆکارەکان بگەڕێتەوە بۆ هەستکردنی تاکەکان بە ئاشنایی لەگەڵ ئەو کەسانەی کە زۆر پەیوەندیان لەگەڵدا دەکەن و ئامادەبوونیان لە بیر. بۆیە دەکرێت بڵێین ئەم دووبارە بینینە دەبێتە هۆی ئەوەی کارلێکردن بەهێزتربێت لەنێوان تاکەکان، ئەمەش وا دەکات سۆز و خۆشەویستی بەردەوام لە زیادبووندا بێت.

ئەوەی جێگای سەرنجە لەم بارودۆخە ئەوەیە دووبارە بینینی کەسەکە پەیوەستە بەو هەستەی کە لەگەڵیدا دروستدەبێت واتە ئەگەر سەرەتای ئەم پەیوەندیە بە ڕق لێبوونەوە دەستی پێکرد، ئەوا دووبارە بینین کاریگەری نێگەتیڤی دەبێت لەسەر پەیوەندیەکان.

زانا دەروونزانەکان ئاماژە بەوە دەکەن و دەڵێن ئەگەر ئێمە لە سەرەتادا ڕق یان بێزمان لە دیمەنێک بێتەوە ئەوا دووبارەبوونەوەی ئەو دیمەنە ڕق و قێزمان زیاتر دەکات، پێچەوانەش ڕاستە ئەگەر کەسێک یان دیمەنێکمان لا خۆشەویستبوو دووبارەبوونەوەی دەبێتە مایەی نزیکبوونەوە و خۆشەویستی بۆی.

لە یەکێک لە تاقیکردنەوەکان وێنەی هەندێک لە کەسانی ناسراو پیشانی کۆمەڵێک درا، وە هەمان وێنەیان نیشاندا بەڵام چۆن لە ئاوێنە دەردەچن، بینرا کۆمەڵەکە مەیلی بینینی وێنەی کەسەکانیان دەکرد چۆن خۆیان لە ڕاستیدا دەیانبینن، نەک چۆن لە ئاوێنە دەردەچن.

لێکچوون

یەکێک لە هۆکارەکانی نزیکبوونەوە لەنێوان کەسەکان ڕێژەی لێکچوونیانە، ئەو لێکچوونەش دەبێتە هۆی دروستبوونی مەیلێک لەنێوان کەسەکان. لێکۆڵینەوەکان هەندێک دەرئەنجامیان خستۆتەڕوو لەوانە (ئێمە لەو کەسانە نزیک دەبینەوە کە لە جۆری نزیکبوونەوەمان نزیکن، ئێمەش هەرچەند سووربین لەسەر ئاڕاستەکانمان ئەوا هەوڵی دوورکەوتنەوە دەدەین لەو کەسانەی ڕای جیاوازیان هەیە لەگەڵمان، ئەگەر هەست بکەین سیاسەتمەدارەکان هەمان ئاڕاستەی ئێمەیان هەیە چاوپۆشی لە قسەکانیان دەکەین کە جیاوازە لەگەڵ ئاڕاستەکانمان).

لێکچونیش دەبێتە ئامڕازێکی هاندەر بۆ دروستبوونی پەیوەندییەکان لەبەر ئەو هۆیانەی خوارەوە:

أ- لێکچوون ڕێ خۆشکەرە بۆ چالاکی هاوبەش.

ب- ئەو کەسانەی هاوڕان لەگەڵمان وامان لێدەکەن ڕێزمان بۆ خودی خۆمان زیاتربێت.

پ- لەبەرئەوەی مرۆڤ لوتبەرزی تێدایە وا هەست دەکات ئەو کەسەی هاوڕایە لەگەڵی کەسێکە شایەنی ڕێز و ستایشە.

ت- ئەو کەسانەی هاوڕان لەسەر پرسە جیاجیاکان بە ئاسانی کۆک دەبن.

ج- گریمانەی ئەوە دادەنێین ئەوانەی لەگەڵمان هاوڕان ئێمەیان خۆشدەوێت، بەرامبەر بەمەش ئێمەش ئەوانمان خۆشدەوێت.

سەرنج ڕاکێشانی جەستەیی

زۆر بەڵگە هەن جەخت لەسەر بیرۆکەی گشتی سەبارەت بە کاریگەری جەستە لەسەر سەرنج ڕاکێشان، و هەندێک بۆچوونی گشتی هەیە لەسەر کەسی (جوان) بۆچوونەکانیش بۆ نمونە (نەرم و نیان، بەهێزن، کراوەن، قسەخۆشن و هتد).

هەندێک لە لێکۆڵینەوەکان دەریانخست ئەو کەسانەی ڕوخساریان جوان و سەرنج ڕاکێشە و لە دادگا بە تاوانێک دادگایی دەکرێن هەلی دەرچوونیان زیاترە لەو کەسانەی شێوە و ڕوخساریان جوان نییە، بەڵام کاتێک بە تاوانی فێڵ و قۆڵبڕین دادگایی دەکرێن سزایان لەسەر دەسەپێنرێت.

ئارەزووی هاوبەش

بەپێی بۆچوونی هەندێک لە دەروونزانەکانی بواری پەیوەندی، مرۆڤ حەز دەکات کە پەیوەندیان لەگەڵ ئەو کەسانەدا هەبێت کە ستایشیان دەکات لە شوێنە جیاجیاکان، دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکان وای بۆ دەچن (ئێمە ئەو کەسەمان خۆشتردەوێت کە یەکەمجار ڕقمان لێبوو دواتر خۆشمان ویستووە بەراورد بەو کەسەی کە لە یەکەم جارەوە خۆشمان ویستووە، بە هەمان شێوە ڕقمان لە کەسێک زیاتر دەبێتەوە کە یەکەم جار خۆشمان ویستووە پاشان ڕقمان لێبووەتەوە، بە بەراورد لەگەڵ کەسێک لە سەرەتاوە ڕقمان لێبووە).

تەواوکردن

هەستکردن بە کەمی بەپێی بۆچوونی ئەدلەر حاڵەتێکی سروشتیە وە مرۆڤ پێویستە هەست بە کەمی بکات بۆ ئەوەی بەردەوام لە هەوڵی پڕکردنەوەی ئەم هەستەدا بێت، هەر بۆیەش مرۆڤ بەردەوام لە هەوڵداندایە بۆ ئەوەی قۆناغێکی باشتر لە ژیاندا بەدەستبێنێت. ڕەنگدانەوەی ئەم حاڵەتەش لە ژیانی کۆمەڵایەتی تاک هەست پێدەکرێت، لە دەرئەنجامی ئەو هەستە پەیوەندیمان لەگەڵ کەسانی تر دروستدەبێت لەسەر بنەمای تەواوکردنی یەکتر. واتە کاتێک مرۆڤ هەوڵی دۆزینەوەی هاوبەشەکەی ژیانی دەدات هەوڵ دەدات ئەو کەسە بدۆزێتەوە کە پێی وایە ئەو دەبێتە تەواوکەری ژیانی، وە ئەم حاڵەتە هەردوو ڕەگەز دەگرێتەوە، بۆ نمونە ئەو ئافرەتانەی حەزیان لێیە کۆنترۆڵی خێزان بکەن و بە شێوەیەکی دایک سالارانە مامەڵە بکەن شوو بەو پیاوانە دەکەن کە حەزیان لە ژێردەستییە، پێچەوانەش ڕاستە.

لێهاتوویی

ڕێزگرتن لە خود وەک پێویستیەک لە پێویستیەکانی مرۆڤ گرنگی تایبەتی خۆی هەیە بۆ تێڕوانینێکی پۆزەتیڤ بۆ خود، بۆیە تاکەکان هەوڵدەدەن ئەم ڕێزە بەدەستبێنن لەڕێگەی ئەنجامدانی هەڵسوکەوتی جیاجیا کە لەلایەن کەسانی تر جێگای ڕێز و سەرنجە، ئەم حاڵەتەش پەیوەندیەکانمان دەگرێتەوە. واتە مرۆڤ بە سروشتی کۆمەڵایەتی خۆی حەز دەکات لە کەسانی جێگای بایەخ بن لە بوارە جیاجیاکان، چونکە بوون لەگەڵ ئەو جۆرە کەسانە هەستکردن بە شانازی لە ناخ دروستدەکات وە ڕێزی خودی کەسەکە زیاد دەکات، ڕەنگە هۆکارەکەی ئەوە بێت مادەم ئەو لەگەڵ کەسانی تایبەت پەیوەندی هەیە کەواتە ئەویش کەسێکی تایبەتە. بۆیە دەتوانین بڵێین ئێمە حەز و مەیلمان بۆ ئەو کەسانە زیاترە کە لە کەسە ئاساییەکان بەتواناترن، و ئێمە خۆشەویستی و مەیلمان زیاتر دەبێت کاتێک کەسەکە هەڵە دەکات چونکە ئەو هەڵەیە بۆمان دەسەلمێنێت کە ئەو کەسە مرۆڤە و قابیلی هەڵە کردنە، ئەمەش بە پێچەوانی کەسی ئاساییە چونکە کاتێک کەسێکی ئاسایی هەڵە دەکات هەڵەکەی بە لاوازی و بێتوانایی دەژمێرین، ئەوەی شایەنی باسە ئەم بۆچونە زیاتر پیاو دەگرێتەوە بە بەراورد لەگەڵ ئافرەت.


سەرچاوەکان



1475 بینین