قەدەغەی ماوەیەک بۆ شووکردن - (عدة)

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-04-11-04:20:00 - کۆدی بابەت: 4396
قەدەغەی ماوەیەک بۆ شووکردن - (عدة)

ناوه‌ڕۆك

پێناسەی (عدة)

عدة ئەمەیە ئافرەتی مێرد مردوو، یان تەڵاقدراو، ماوەیەک چاوەڕوان بکا، واتە تا کۆتایی ئەو ماوەیە نابێ شوو بکا
خوای گەورە فەرموویەتی (وَلاَ تَعْزِمُواْ عُقْدَةَ النِّكَاحِ حَتَّىَ يَبْلُغَ الْكِتَابُ أَجَلَهُ) مارەی ئافرەت مەبڕن تا ئەو ماوەیەی خوا لەسەر ئافرەتی نووسیوە کۆتایی دێ.

ئەو ئافرەتانەی (عدة)یان لەسەر واجبە

ئافرەتێک مێردەکەی مردبێت.

جا ئەو ئافرەتەی مێردی مردووە ئەگەر لە مێردەکەی خۆی دووگیان بوو، ئەوە (عدة)ـی تەواو ئەبێ بە دانانی باری ناو زگی، جیاوازی نییە منداڵێکی زیندوو بێ، یان مردوو بێ، وێنەی تەواو بووبێ یان پارچە گۆشتێک بێ و وێنەی نهێنی کرابێ جا لە دامێنی بێتە دەرەوە، یان زگی هەڵبدڕن و بیهێننە دەرەوە، خوای گەورە فەرموویەتی: (وَأُولاتُ الْأَحْمالِ أَجَلُهُنَّ أَنْ يَضَعْنَ حَمْلَهُنَّ) ئافرەتانی دووگیان (عدة)ـیان تەواو ئەبێ بە دانانی باری ناو زگیان وە ئەگەر ئەو ئافرەتەی مێردی مردووە، دووگیان نەبوو لە مێردەکەی خۆی، ئەوە (عدة) تەواوبوونی بە چوار مانگ و دە ڕۆژە، جیاوازی نییە جیماعی لەگەڵ کردبێ یان نا گەورە بن یان منداڵ بن خوای گەورە فەرموویەتی: (وَالَّذِينَ يُتَوَفَّوْنَ مِنْكُمْ وَيَذَرُونَ أَزْوَاجًا يَتَرَبَّصْنَ بِأَنْفُسِهِنَّ أَرْبَعَةَ أَشْهُرٍ وَعَشْرًا) ئەو پیاوانەی لە ئێوە ئەمردن و ژنیان لە پاش بەجێ ئەمێنێ ئەبێ ژنەکانیان لە چوار مانگ و دە ڕۆژ چاوەڕوان بکەن.

ئافرەتێک مێردی نەمردبێت.

ئەو ئافرەتەی مێردی نەمردووە، بەڵام تەڵاقدراوە، یان مارەبڕینی هەڵوەشاوەتەوە، ئەگەر لە مێردەکەی خۆی دووگیان بووبێ، ئەوە (عدة)ـی تەواو ئەبێ بە دانانی منداڵی ناو زگی بەو شێوەی کە باسمان کرد وە ئەگەر ئافرەتەکە لە مێردەکەی خۆی دووگیان نەبوو وە لەو جۆرە ئافرەتانەش بوو کە حەیز ئەبینن، تەواوبوونی (عدة)ـکەی بە دیتنی سێ قوڕئە، ئەو سێ قوڕئە پاکبوونەوەی نێوان دوو حەیزە، واتە هەر کاتێک سێ پاکبوونەوەی تەواو کردن، (عدة)ـکەی تەواو ئەبێ، کەواتە ئەگەر ئافرەتێک لەکاتی پاکبوونەوەدا تەڵاق درا، ئەو پاکیەی بە یەکێک لەو سێیانە بۆ ئەژمێردرێ و کە جاری سێیەم لە دوای ئەو پاکییە حەیزی بینی، (عدة)ـکەی تەواو ئەبێ، خوای گەورە فەرموویەتی: (وَالْمُطَلَّقاتُ يَتَرَبَّصْنَ بِأَنْفُسِهِنَّ ثَلاثَةَ قُرُوءٍ) ئەو ئافرەتانەی تەڵاق دراون، با چاوەڕوان بکەن تا سێ پاکبوونەوە تەواو ئەکەن. ئەگەر ئافرەتێک حەیزی نەما لەبەر نەخۆشی، یان لەبەر شیردانی منداڵ، ئەبێ هەر چاوەڕوان بکا، تا حەیز ئەبینێ، یان تا ئەگاتە تەمەنی لە حەیز وەستان، ئینجا سێ مانگ (عدة) ئەباتە سەر، بەڵام ئەگەر هۆی وەستانی حەیز نەزاندرا، ئەوە لە فەرموودەی کۆنی ئیمامی شافعي و لە مەزهەبی ئیمام مالك و ئیمام (أحمد) ئەفەرمووێ با نۆ مانگ چاوەڕوان بکا، ئینجا ئەگەر حەیزی نەدیت، با سێ مانگی تریش بە ناوی (عدة) دابنیشێ، بەم ساڵە (عدة)ـی تەواو ئەبێ. ئەگەر ئافرەتی تەڵاقدراو منداڵ بوو حەیزی نەبینیبوو، یان لەبەر پیری لە حەیز وەستابوو، تەواوبوونی (عدة)ـی بە سێ مانگی تەواوە، خوای گەورە فەرموویەتی: (وَاللَّائِي يَئِسْنَ مِنَ الْمَحِيضِ مِن نِّسَائِكُمْ إِنِ ارْتَبْتُمْ فَعِدَّتُهُنَّ ثَلَاثَةُ أَشْهُرٍ وَاللَّائِي لَمْ يَحِضْنَ) ئەو ئافرەتانەی لەحەیز وەستاون، (عدة)ـی ئەوان سێ مانگە، هەروەها ئەوانەی حەیزیان نەبینیوە، هی ئەوانیش سێ مانگە. ئەو ئافرەتەی تەڵاقدراوە، یان مارەی هەڵوەشاوەتەوە پێش ئەوەی مێردەکەی خۆی جیماعی لەگەڵ بکا هیچ (عدة)ـی لەسەر نییە، خوای گەورە فەرموویەتی: (إِذَا نَكَحْتُمُ الْمُؤْمِنَاتِ ثُمَّ طَلَّقْتُمُوهُنَّ مِنْ قَبْلِ أَنْ تَمَسُّوهُنَّ فَمَا لَكُمْ عَلَيْهِنَّ مِنْ عِدَّةٍ تَعْتَدُّونَهَا) هەر کاتێ ئافرەتانی موسوڵمانتان مارە کردن و پێش جیاع لەگەڵ کردنیان تەڵاقتان دان، هیچ (عدة)ـتان لەسەر ئەوان نییە ئەگەر تەنها یەک جار جیماعی لەگەڵ کردبێ، (عدة)ـی ئەکەوێتە سەر، هەرچەند پێش تەڵاقدانیش زۆر لەیەکتری دوور بووبن و چەند ساڵیکیش جیماعی لەگەڵ نەکردبێ، چونکە (عدة) لایەنی خواپەرستیشی تێدایە. 

هەروەها (عدة)ـی ئافەرتی کۆیلە، ئەگەر دووگیان بوو بە دانانی منداڵەکەی ناو زگیەتی، وەکو (عدة)ـی ئافرەتی ئازاد، کە باسمان کرد، وە ئەگەر دووگیان نەبوو و حەیزیشی ئەبینی ئەوە (عدة)ـی تەواو ئەبێ بە تەواوبوونی دوو پاکبوونەوە لە حەیز، ئەگەر (عدة)ـی بە مانگ بوو، چونکە حەیزی نەئەبینی، ئەگەر (عدة)ـی مێرد مردنی بوو، (عدة)ـی تەواو ئەبێ بە دوو مانگ و پێنج شەو، ئەگەر (عدة)ـی تەڵاقدان بوو، (عدة)ـی تەواو ئەبێ بە مانگ و نیوێک، بەڵام ئەگەر (عدة) ببینێ بە ماوەی دوو مانگ، ئەوە باشترە.

ئافرەتێک بە هەڵە جیماعی لەگەڵ کرابێت

ئەو ئافرەتەی بە هەڵە جیماعی لەگەڵ کراوە، واتە پیاوەکە وا تێگەیشتبوو ژنی خۆیەتی، ئەویش واجبە (عدة) ببینێ وەکو ژنی تەڵاقدراو، وە ئەو منداڵەی لەو جیماعە دروست ئەبێ، ڕێزی هەیە و هی ئەو پیاوەیە کە جیماعی بە هەڵەی کردووە، واتە هی مێردی ژنەکە نییە، هەروەها حەرامە مێردی خۆی ڕابواردن و جیماعی لەگەڵ بکا تا (عدة)ـی ئەو پیاوە (بەهەڵەداچووە) تەواو ئەبێ.

ئەو ئافرەتانەی (عدة)یان لەسەر واجب نییە

ئەو ئافرەتەی بە زینا جیماعی لەگەڵ کراوە، هیچ (عدة)ـی لەسەر نییە، چونکە زینا ڕێزی بۆ دانەندراوە، جا لەبەر ئەوە ئەگەر لە زینا دووگیان بوو، دروستە هەر با دووگیانی شوو بکا بە زیناکەرەکە، یان بە پیاوێکی تر، وە ئەو منداڵەی لە زینا دروست ئەبێ، (بێژی)ـیە، واتە تەنها هی ژنەکەیە و نابێتە هی مێردی ژنەکە و ناشبێتە هی پیاوە زیناکەرەکە، هەرچەند لەمەودوا ژنەکەش مارە بکا، کەوابوو: ئەگەر (مەنی)، واتە: تۆوی پیاوێکیان هێنا و بە لولکەیەک، یان بە هەر هۆیەکی تر خسیتیانە ناو منداڵدانی ژنەکە، ئەمەش وەک منداڵی (بیژی) ئەژمێردرێ و نابێتە هی خاوەن تۆوەکە و ناشبێتە هی مێردی ژنەکە (عن أبی هریرة -رضي الله عنه-: قال النبی ﷺ: الولد للفراش وللعاهر الحجر) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی منداڵ هی میردی ئەو ژنەیە کە بە حەڵاڵی سەرجێیی کردووە، بۆ بێناموسیش سەرشۆڕی داندراوە.


سەرچاوەکان



777 بینین