ئیمامی شافیعی

له‌لایه‌ن: - نھاد جلال - به‌روار: 2020-06-14-00:02:00 - کۆدی بابەت: 139
ئیمامی شافیعی

ناوه‌ڕۆك

ژیان و ناساندن

لە سەرزەمینی پان و بەریندا خاكێك هەبوو كە لانەی پێغەمبەران بوو، گۆڕی زۆربەی پێغەمبەران لەوێ بوو، یەكێك لە خۆشەویستترین مزگەوتەكانی موسوڵمانانی تێدابوو كە ئەویش مزگەوتی ئەقصا بوو، بەڵێ ئەو خاكە فەڵەستینە.
لەم خاكە خۆشەویستەدا كە قودسی تێدایەو ئێستا جوولەكەكان داگیریان كردووە، لەشارێكی جوانیدا زانایەكی گەورە لەدایك بوو كە ئەویش ئیمامی (شافیعی)یە.
ئیمامی (شافیعی) ناوی موحەممەدە، باوكیشی ناوی ئیدریسە، دایكیشی ناوی فاتیمە بوو، ئەم زانا خۆشەویستە عەرەبە وەك چۆن لەنەتەوەكانی تری موسوڵماندا زانا دەركەوت وەك (ئیبن مەندە) كە فارس بوو، (ئیبن تەیمیە) كە كورد بوو، یەكێك لەزاناكانی عەرەبیش ئیمامی (شافیعی) بوو، كاتێك دەڵێن مەزهەبی شافیعی مەبەستیان بە شوێنكەوتنی راو بۆچونەكانی ئەم زانایەیە كە لەروانگەی ئیسلامەوە باسی كردوون ،شافیعی لە ساڵی 150 كۆچی لە غەززە لەدایك بوو.

 

فێربوون و پێگەشتنی

لە تەمەنی دوو ساڵیدا بوو كە دایكی بردوویەتی بۆ مەككە، ئیتر لەوێ گەورە بوو، پاشان لەتەمەنی حەوت ساڵییدا هەموو قورئانی پیرۆزی لەبەركردووە، كە تەمەنی گەیشتووەتە دە ساڵ كتێبی (الموگأ)ی لەبەر كرد، كە ئیمامی مالیك نووسیویەتی، ئیتر بەردەوام سەرقاڵ بوو بە وانە خوێندن و زانست وەرگرتنەوە تا هێندە زانستی پەیدا كرد، كە بگاتە ئەو ئاستەی پێش ئەوەی  تەمەنی بگاتە بیست ساڵ مۆڵەتی پێبدرێت فەتوا بدات.
هەروەها ئیمامی شافیعی چوو بۆ شاری مەدینە تا لەوێ لەلای ئیمامی مالیك زانست وەربگرێت، پاش ئەوەش هەر لەپێناو وەرگرتنی زانستدا رووی كردووەتە یەمەن، لەوێ ئیش وكاریشی دەكرد، دوای ئەوەش لەتەمەنی 34 ساڵیدا ئیمامی شافیعی دێت بۆ بەغداد كە ئەو كات پایتەختی دەوڵەتی ئیسلامی بوو و خەلیفەی موسوڵمانان لەبەغداد بوو، دوای ئەوەش جارێكی تر گەڕایەوە بۆ مەككەو نزیكەی نۆ ساڵ لەوێ مایەوە، لەو ماوەیەشدا خزمەتی گەورەی پێشكەش بەخەڵك دەكرد، لە ناو مزگەوتی كەعبەدا وانەی دەوتەوە بەموسوڵمانان، كێشەی خەڵكی چارەسەر دەكرد و سەرقاڵی كاروباری موسوڵمانان دەبوو.
جارێكی تر ئیمامی شافیعی بریاریدا بچێت بۆ بەغداد، ئەوەبوو لەساڵی 195 كۆچییدا جارێكی تر چوو بۆ بەغداد، پاش ئەوەی لەوێ‌ ماوەیەك مایەوەو خزمەتی موسوڵمانانی كرد بەو زانستە زۆرەی هەیبوو، وانەی بەخوێندكاران دەوتەوە، یەكێك لە خوێندكارەكانی بریتی بوو لە ئیمامی ئەحمەدی كوڕی حەنبەل، هەروەها بۆ چارەسەری كێشەی موسوڵمانان دەچوو بۆ لای خەلیفە و كێشەكانی دەگەیاند، بەڵام خۆی هەرگیز رازی نەبوو پۆست و دەسەڵات وەربگرێت، ئینجا بڕیاری دا بچێت بۆ میصر، ئەوەبوو لەساڵی 199 كۆچیدا واتە دوای چوار ساڵ مانەوە لەبەغداد چوو بۆ میصر و لەوێ دەستی كرد بەوانە وتنەوەو بڵاوكردنەوەی زانست لەناو خەڵكیدا، هەر لەوێ‌ مایەوە تا ئەوەی لەدوای پێنج ساڵ مانەوە لەساڵی 204 كۆچی لەمیصر وەفاتی كرد، هەر لەوێش تەرمەكەی بەخاك سپێردرا.
ئیمامی شافیعی لە مەككە زۆر بە هەژاری دەژیا، ژیانی پڕ لەناڕەحەتی و برسێتی و نەبوونی بوو، بەڵام ئەوەی نەدەكرد بەگرفت بۆ ژیانی، بەڵكو بیری لای ئەوە بوو بەردەوام بەدوای زانستدا بگەڕێت، ژیانی زۆربەی زانایانی ئیسلامیش وابووە كە بەهەژاریی ژیانیان بەسەر بردووە و زۆر گرنگییان بەماڵ‌و سامانی دونیایی نەداوە چونكە زانیویانە ژیانی دونیا كاتییەو باشتر وایە لەبری خۆشی دونیایی سەرقاڵبن بە زانستەوە.
ئیمامی شافیعی دەچوویە خزمەت مامۆستایان و فەرموودەی وەردەگرت لێیان و لەبەری دەكرد، ئینجا ئەو فەرموودانەی دەنووسییەوە، ئەمەش نیشانەی ئەوپەڕی تامەزرۆیی شافیعی بووە بۆ زانستی فەرموودە.
شافیعی بۆ ئەوەی زمانی پاراوی عەرەبی وەربگرێت ماوەیەك مەككەی جێهێشتووە و چووە بۆ لادێكانی ئەو ناوچەیە، چونكە لەوێ بەجوانی زمانی عەرەبی وەردەگرت، لەوێ بەشێكی زۆر شیعری بڵاوی ناو هۆزەكانی لەبەر كرد.
كاتێك ئیمامی شافیعی هەواڵی ئیمامی مالیكی بیست لەمەدینە بڕیاری دا بچێت بۆ لای تا لەخزمەتیدا زانست وەربگرێت، ئەو كات تەمەنی 14 ساڵ بوو، ئیتر بەڕێكەوت و لەو ماوەیەشدا قورئانی پیرۆزی دەخوێندو تا گەیشتووەتە مەدینە شانزە جار هەموو قورئانی پیرۆزی خوێندووەتەوە.
كاتێك ئیمامی شافیعی گەیشتووەتە مەدینە چووە بۆ مزگەوتی پێغەمبەر(د.خ) و لەوێ نوێژی كردووە، ئینجا ئیمامی مالیكی بینیوە لای گۆڕی پێغەمبەردا(د.خ)   كەفەرموودەی دەگێڕایەوە، ئینجا چووە بۆ لای ئیمامی مالیك، ئەویش پێی وتووە لەخوا بترسەو خۆت دوور بگرە لە تاوان چونكە تۆ كەسێكی گەورە دەردەچیت، خوا رووناكییەكی خستووەتە ناو دڵتەوە تۆیش وریابە بەتاوان ئەو رووناكییە نەكوژێنیتەوە، ئیتر ئیمامی شافیعی لەخزمەت ئیمامی مالیكدا دادەنیشت و وانەی دەخوێند.
ئیمامی شافیعی لەكاتی قورئان خوێندندا دەنگی زۆر خۆش بوو، هەمووان كە لە دەوری دەبوون سەرسام دەبوون بەو دەنگە خۆشەی، تەنانەت ئیمامی مالیك كە مامۆستای بوو سەرسام ببوو بەدەنگی خۆشی شافیعی لەكاتی قورئان خوێندندا.
جارجارە ئیمامی شافیعی دەگەڕایەوە بۆ لای دایكی بۆ مەككەو سەردانی دەكرد و دواتر دەگەڕایەوە بۆ لای ئیمامی مالیك، هەروەها جارجار دەچوو بۆ شوێنانی تر و دەگەڕایەوە بۆ لای مامۆستاكەی تا ئەوەی لە ساڵی 179 كۆچییدا مامۆستاكەی كە ئیمامی مالیك بوو كۆچی دوایی كرد، دوای ماوەیەك دەسەڵاتداری موسوڵمانان لە یەمەن هات بۆ مەككە، ئەوەبوو ئیمامی شافیعی بڕیاریدا لەگەڵیدا بچێت بۆ یەمەن، هەم بۆ ئەوەی ماوەیەك لەوێ ئیش بكات، هەم بۆ ئەوەی زانست وەربگرێت و زانستیش ببەخشێت، بۆیە چوو بۆ یەمەن و لەوێ ماوەیەك بوو بە بەرپرسی ناوچەی نەجران.
بەڵام لەوێ دەسەڵاتدارێكی خراپ هەبوو كە بەردەوام پیلانی لە دژی ئیمامی شافیعی دەگێڕا.
پرسیار بۆچی ئەو دەسەڵاتدارە وای دەكرد؟
وەڵام: چونكە ئەو دەسەڵاتدارە ستەمكار بوو، ستەمی لەخەڵك دەكرد، ئیمامی شافیعیش هەموو جار ئامۆژگاری دەكرد و بێداری دەكردەوە لەوەی ستەم حەرامەو جاری وایش هەبوو لێی توڕە دەبوو، كاتێك دەیزانی هەر لەسەر ستەم بەردەوامە.
بۆیە ئەو دەسەڵاتدارە كەوتە پیلان دانان بۆ ئیمامی شافیعی تا دواجار خەلیفەی موسوڵمانانی واتێگەیاند كەئیمامی شافیعی دژی خەلیفەی موسوڵمانانە، خەلیفەش داوای كرد ئیمامی شافیعی بهێنن بۆ بەغداد، كاتێك شافیعی چوو بۆ لای خەلیفە بەبەڵگە پێی سەلماند كە بێتاوانە، یەكێك لە دادوەر و زانا گەورەكانیش شایەتییدا بۆ ئیمامی شافیعی، ئیتر باش بوو ئیمامی شافیعی پارێزراو خوای گەورە رزگاری كرد و پیلانەكەی ئەو دەسەڵاتدارە ستەمكارە سەری نەگرت.
ئیتر ئیمامی شافیعی نەگەڕایەوە بۆ یەمەن، بەڵكو هەر لەبەغداد مایەوەو كەوتە وەرگرتنی زانستی زیاتر، لەگەڵ ئەوەشدا وانەی دەوتەوەو چەندین خوێندكاری پێگەیاند كە ئەوانە زۆرێكیان بوون بەكەسی گەورەو هەڵكەوتەی ناو موسوڵمانان.
دوای ئەوە ئیمامی شافیعی گەڕایەوە بۆ مەككەو لەمزگەوتی كەعبەی پیرۆز دەستی كردەوە بە وانەوتنەوە ، لەوێ موسوڵمانانێكی زۆر لە وانەكانیدا ئامادە دەبوون، جگە لەوەی ئەوانەی دەچوون بۆ حەج، دەچوونە خزمەتی و زانستیان لێوەردەگرت، ئەوەش هۆكارێكی گەورە بوو تا ئەو ئیمامە گەورەیەی ئیسلام زانستی خۆی ببەخشێت بە بەشێكی زۆری موسوڵمانان.

 

کۆچی دوایی

دواجار ئیمامی شافیعی لەمانگی رەجەبی ساڵی 204 كۆچی و لە تەمەنی پەنجاو چوار ساڵیدا كۆچی دوایی كرد، مردنەكەشی لەشەوی هەینیدا بوو، بۆ بەیانی كە رۆژ بوویەوە تەرمەكەی نوێژی لەسەر كرا و خەڵكێكی زۆر و بێشومار ئامادە بوون و خرایە ناو گۆڕ.
ئیمامی شافیعی لەمانگی رەمەزاندا زۆر زیاتر خۆی یەكلا دەكردەوە بۆ پەرستشی خوای گەورە و زیاد لە هەموان قورئانی دەخوێند، ئیتر لە شەوو رۆژێكدا خەتمێكی قورئانی پیرۆزی دەكرد. 
ئیمامی شافیعی دوای خۆی چوار منداڵی بەجێهێشت كە ئەوانیش (ئەبوو عوسمان و فاتیمە و ئەبوو حەسەن و زەینەب) بوون.

پەندو وانە

قودس خاكی موسوڵمانانە‌و یەكەم جاریش قیبلەی موسوڵمانان قودس بووە، بۆیە ئەو خاكە یەكێكە لەخۆشەویستترین ناوچەكانی سەر زەوی، لەسەردەمانی پێشوودا لەلایەن سەركردەی موسوڵمانان (سەلاحەدینی ئەییووبی)یەوە كە سەركردەیەكی كورد بوو قودس رزگار كرا، بەڵام ماوەیەكی زۆرە جوولەكەكان ئەو ناوچەیان داگیر كردووەو ئێمەش وەك موسوڵمان  دەبێت لەبیرمان بێت كە هەر دەبێت رۆژێك بێت ئەو شوێنە رزگار بكەین و بیگێڕینەوە بۆ ژێر دەستی موسوڵمانان.
نابێت هەرگیز وا بیر بكەینەوە بڵێین ئێمە منداڵین و ناتوانین زانستی زۆر وەربگرین و نابین بە زانا، بەڵكو وەك دەبینین زۆربەی زانایانی ئیسلام هەر بە منداڵی زانستی زۆریان وەرگرتووە، بۆیە ئێمەش ئەگەر پشت ببەستین بەخوای گەورە دەتوانین ئێمەش زانستێكی زۆر وەربگرین و ببینە كەسی وا كە زانستی زۆرمان پێبێت.
ژیانی زۆربەی زانایانی ئیسلام پڕ بووە لەناڕەحەتی و هەژاری و ئەوان بەنەبوونی ماددی ژیاون، بەڵام هەموویان بەوە رازی بوون‌و شوكری خوایان كردووە، چونكە ماددەو سامانی دونیا بۆ ماوەیەكی كاتییە، هەموو ئەوانەی كاتی زوو پارەو سامانیان هەبوو سامانەكەیان نەماو لەناوچوون، بەڵام ئەوانەی زانا بوون تا ئەمڕۆش زانستەكەیان ماوەو موسوڵمانان رەحمەتیان بۆ دەنێرن و نزای خێریان بۆ دەكەن.
هەمیشە گومانی خێرمان هەبێت بەو رووداوانەی دێنە رێگەمان، چونكە خوای گەورە زۆر جار كارو رووداوێك دێنێتە رێگەمان كە لەوانەیە خۆمان پێمان خۆش نەبێت، بەڵام لەبنەرەتدا ئەوە چاكترین شتە بۆمان، وەك دەبینین كاتێك ئیمامی شافیعی لە یەمەنەوە بانگ كرا بۆ بەغداد تا دەسەڵاتی لێوەربگیرێتوە، بەڵام ئەو رووداوە بوو بەخێر تا بەیەك جارەكی تاو بداتە بواری زانست‌و لایەنەكانی تر پشتگوێ بخات، بەوەش بوو بەو زانا گەورەیەی كە تا ئەمڕۆش هەموومان قەرزاری هەوڵ‌و زانستی ئەوین.
مردن دێتە رێی هەموو كەس و نابێت هەرگیز مردنمان لەبیر بچێت، بەڵكو دەبێت ئەوە بەدەرفەت وەربگرین تا لەژیاندا ماوین خزمەتی چاك بكەین و خێر وچاكە كۆبكەینەوە بۆ رۆژی دواییمان، چونكە كەسی ژیر ئەوەیە چاكە پێش خۆی بخات بۆ رۆژی دوایی تا لەرۆژی دواییدا خوای گەورە بەهەشتی پێ ببەخشێت.


سەرچاوەکان



4743 بینین